ژیان بەهێزترە!
 
بەناوبانگە کە دەگوترێ لە دووای شەڕی یەکەمی جیهان باوەڕی مرۆڤ لە بابەت ئینسانی عاقڵ و باش لەناو چوو و، دوواتر لە پاش کۆتایی شەڕی دووهەمیش بڕوای مرۆڤ بە عەقڵ و بە چاکە و بە مەیلی ئینسان بە ئازادی بە تەواوی لەناوچوو.
 
 بەواتایەکی تر ئەو دوو سەردەمە، سەردەمی زاڵبوونی رەش بینی بووە.
 
بێگومان مەرگ، زامار و برینداربوونی سەدان میلیۆن مرۆڤ هۆکاری ئەمە بووە. شەڕ، کە باشترین وێنا و دەرکەوتەی لایەنە ناعەقڵانییەکانی مرۆڤە، لەو کاتەدا وەها بەجوانی خۆی نیشان دا و کارەساتی وەهای لەدووای خۆی بەجێ هێشت کە مرۆڤ تەنانەت بڕوایشی بەخۆی نەما.
 
رەنگە وەها حاڵەتێکمان پێ سەیر بێت، چونکە لانیکەم ئاکامی گەورەی شەڕی دووهەم شکستی فاشیزم بوو کە ترسناکترین ئایدیۆلۆژیای سەدەی بیستەم بوو. شکستی فاشیزم لانیکەم بەمانای توانای مرۆڤ بوو لە سەرکەوتن بە سەر هێزێکی ئەهریمەنی دا. جا بۆچی نەدەکرا ئەم لایەنە پۆزیتیفە ببینرێ و وەکو خاڵێکی گرینگ و جوانی ئەو سەردەمە لێک بدرێتەوە، وەها کە بێ باوەڕی بە ئەقڵ و با چاکەی مرۆڤ یەکجار ئاوا بە سەر نەوەی ئەو سەردەمەدا زاڵ نەبێ؟
 
رەنگە هۆکار، بەربڵاوی و قوڵایی ئەو کارەساتە بووە کە شەڕ بە سەر مرۆڤی دا سەپاند. هۆکار رەنگە دریابوونی ئەو خوێنەی بێ وا لە جەستەی مرۆڤ تکا. کاتێک مرۆڤ باجێکی زۆر بۆ سەرکەوتن دەدا، ئیتر سەرکەوتن لەدووای وەدیهاتنیشی تام و چێژی سەرکەوتن نادا و، لەخۆی بەتاڵ دەبێتەوە!
 
مرۆڤی ئەو سەردەمە ئەم حاڵەتەی بەسەردا هات.
 
بەڵام ئەم رەش بینییە نەبووە هۆی لاوازیی و دەستەوەستانیی مرۆڤ لە ئەرکەکانیدا. کۆمەڵگا پێشکەوت و سەرلەنوێ خۆی بیناکردەوە. واتە دەکرێ لەعەینی زاڵبوونی دەروونناسییەکەی وەهادا دیسان ژیان بە گوڕ بەردەوام بێت. ئەمەیش نەک لە ئیرادەی مرۆڤەوە، بەڵکو زیاتر لە لۆژیکی خودی ژیانەوە دێت کە مرۆڤە رەش بین و ناهومێدەکانیش راپێچ دەدا و تەسلیمی مەنتقی خۆی دەکا.
 
ژیان بەهێزترە!
 
سایتی قەڵەم
٢٢ نۆڤێمبری ٢٠١٦ 
 
Image result for livet

گەڕان بۆ بابەت