وادەی بەهەشت
وادەی بەهەشتتا هەنووکە خەونی دروستکردنی کۆمەڵگایەکی دادپەروەرانە لە سەرگۆی زەوی وەک خەون ماوەتەوە. نە ئاینە جۆربەجۆرەکان و نە تەواوی ئەو ئایدیۆلۆژە سیاسیانەی (لە چەپ و راست) کە ئەم وەعدەیان دابوو، بە سەرکەوتن نەگەیشتن. مرۆڤ بەردەوام لە گشتیەتی خۆیدا لە ناو بێ عەداڵەتی و شەڕ و ئاژاوەدا دەژی. دینە گەورەکان لە رێگای کتێبەکانیانەوە و لە رێگای وتەکانی ئەو خوایەی باوەڕیان پێیەتی، هەوڵیاندا شتێک بکەن، بەڵام نەک تەنیا هیچی لێ بەرهەم نەهات، بەڵکو دین لە باشترین حاڵەتدا بوو بە ئامرازێک لە دەست مرۆڤەکاندا (وەک تاک) کە ئاگایان لە یەکتر بێت، ئەگینا وەک سیستم، دین لەو جێگایانەی وا دەسەڵاتی سیاسی بەدەستەوەیە و هەڵیداوە بە گوێرەی یاساکانی ئەو کتێبەی وا باوەڕی پێیەتی کۆمەڵگایەکی بەهەشت ئاسا دروست بکا، ئەوا پڕکێشەترین کۆمەڵگای پێشکەش کردووە! لە راستیدا دۆزەخ بەرهەمی کاریان بووە. لە ناو ئایدیۆلۆژییە زەمینیەکانیش دۆخ تا رادەیەکی زۆر هەر ئەمە بووە. کۆمۆنیستەکان نەیانتوانی ئایدیاکەیان سەرتاسەری بکەنەوە و بگرە لە زۆر شوێن شکستیان خوارد و تەنیا لەو وڵاتانەی چەپی مامناوەندی دەسەڵاتی و نفوزیان هەبوو، توانیان دەوڵەتی خۆشگوزەران دروست بکەن و تا رادەیەک وەڵامی خەونەکانی مرۆڤ بۆ سازکردنی بەهەشت لە سەر زەوی بدەنەوە. ئایدیای مارکس وەک کۆمۆنیزم سەری نەگرت، بەڵام تیۆری مارکس کاریگەری خۆی هەبوو و توانی سیاسەت بە گشتی لە ئەورووپای رۆژهەڵاتدا لەمەڕ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی باشتر بخاتە ژێر سریمەی خۆیەوە. تەواوی ئەم ئەزموونانە، زۆر کەسی بەوە گەیاندووە کە لە بنەڕەتدا چێکردنی بەهەشت لە سەر زەوی نامومکینە. ئەو بەڵگەیەیش دەیهێننەوە ئەوەیە کە مرۆڤ لە ئەساسدا بوونەوەرێکی خۆویستە و هەربۆیە لە دووا پێناسەدا لەبیری خۆیایەتی، نەک لە بیری کۆمەڵگادا. لای ئەوان ئەم خەسڵەتەی مرۆڤ، خەسڵەتێکی سەرەکییە و بە هیچ سیستمێک گۆڕانی ئەوتۆی بەسەردا نایەت. ئەوان دروستکردنی سیستمێکی تا رادەیەک عادڵانە بە مومکین دەزانن، بەڵام سازکردنی بەهەشت وەک خەون و وەک یۆتۆپیایەکی یەکجار دوورەدەست و بەگشتی ناعاقڵانە لێکدەدەنەوە. بەڵام ئایا مرۆڤ دەبێ ئەو کۆمەڵگا دادپەروەرانەیەی بیری لێدەکاتەوە، ناوی بنێ بەهەشت؟ بەهەشت کە وشە و مانایەکی ئاینییە و تەعبیر لە شوێنێکی یەکجار تەواو لەهەر بارێکەوە دەکا، ناتوانێ وشیەکی شیاو بێت بۆ وەسفی کۆمەڵگایەکی دادپەروەرانە لەسەر زەوی. چونکە کۆمەڵگای دادپەروەرانە مانایەکی نسبی و دینامیکە (بگۆڕە) و دەتوانێ بەردەوام گۆڕانی بەسەردا بێت، کە هەر ئەم تایبەتمەندییە دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤ نەتوانێ تەواوی سنوورەکانی دیاری بکا. تەنانەت گەر مرۆڤ بتوانێ لە سەر زەوی بەهەشتیش دروست بکا، ئەوا ئەم بەهەشتە بەردەوام گۆڕانی بەسەردا دێ و خەسڵەتەکانی خۆی نوێ دەکاتەوە. کەواتە بەهەشت ئەو وشە و دەستەواژەیە نیە کە خەونی مرۆڤ لەمەڕ کۆمەڵگایەکی عادڵانە بتوانێ دەببڕێ.جا با بەو ناوەوەی کە گوایا بەهەشت لەسەر زەوی دروست ناکرێ، نەچینە شەڕی خەونی چێکردنی کۆمەڵگایەکی عادڵانە. بەتایبەت کە ئێستاکە مرۆڤ لە هەر کاتێکی تر زیاتر پێویستی پێیەتی. رەنگە سڕینەوەی وشەی "بەهەشت" لە زەینماندا ئومێدەوارترمان بکا بەوەی کە دروستکردنی ژیانێکی باشتر بۆ هەمووان دەکرێ و، دەست دەدا. چیکردنی بەهەشت لەو سۆنگەوە نامومکینە چونکە بەهەشتی سەر زەوی مانایەکی بەردەوام بگۆڕە، بەڵام چێکردنی کۆمەڵی دادپەروەرانە دەکرێ. بگرە رەنگە وەها کۆمەڵگایەک زۆر واوەتر لەو بەهەشتەیش بڕوات کە دەقە ئایینیەکان وەعدەیان داوە! لەبیرمان نەچێ نەبوونی باوەڕ بە کۆمەڵگایەکی عادڵانە، فاکتەرێک بە هەڵگیرسانی شەڕەکان زیاد دەکا کە ئەویش ئینسان زیاتر بەرەو جەهەننەم پاڵ پێوە دەنێ. باوەڕ بە کۆمەڵگای دادپەروەرانە و هەوڵدان بۆی، لانیکەم خەسڵەتی مرۆییانەی ئیێمە زیاد و زیادتر دەکا. سایتی قەڵەم٣ ی نۆڤێمبری ٢٠١٦
- توضیحات
- بازدید: 1246