چیرۆک

ماڵی تارمایی

 

    لە ئینگلیزییەوە: شاهۆ حەسەنپوور 

پاشماوەیەک رووناکییەکە نەما. بڵێی لە باخەکە بێ؟ بەڵام دارەکان سێبەریان بە دەوری تیشکێکی هەتاوی وێلدا تەنی بوو. چەنە جوان، چەند نایاب، بە ئارامی نووقمی عەرزەکە بوو، ئەو تیشکەی من پێموابوو بۆ هەمیشە لە پشتی شووشەکەوە دەرەوشایەوە. 

 

ماڵی تارمایی

ڤریجینیا وۆڵف

و. شاهۆ حەسەنپوور

هەر کاتێک لە خەو هەڵستابای دەرگایەک پێوەدەدرا. لە ژوورێکەوە بۆ ژوورێکی دیکە، دەست لە نێو دەستی یەکتریدا، ئێرەو ئەوێیان دەپشکنی ژن و پیاوێکی تارمایی ئاسا.

" لێرەمان بەجێ هێشت" ژنەکەیان وتی. و پیاوە لێی زیاد کرد "ئێرەش ڕێی تێدەچێت!" ژنە لە بەرخۆیەوە وتی: "لە قاتی سەرەوە بوو." پیاوەکە بە ئەسپایی گووتی "لە حەسارەکە بوو."، "بە بێدەنگی دەنا وەخەبەریان دێنین."

دیارە لە بەر ئەوە نیە کە ئێوە ئێمەتان وەخەبەر هێنا. ئای، نا "ئەوان ئەوە بەدوایدا دەگەڕێن، پەردەکە لا دەدەن، "لەوانەیە دڵنیا بی، لاپەڕێک یان دوودانەی لێ خوێندبێتەوە." هەروەها ئێستا دڵنیا بی لەوەی دۆزیبێتیانەوە و نووکی قەلەمەکەیان لە سەر قەراغی پەڕەکە ڕاگرتبێت و هەوڵی خوێندنەوەیان دابێت، بەڵام پاشان لە خوێندنەوە ماندوو بوو بن و هەستابن بە ماڵەکەدا گەڕابن و ماڵەکایان بەدەرگای لە سەرپشتەوە بە چۆلی دیبێ. تەنیا گمەی کۆترەکانی دارستان و دەنگی خەرمان کووتەکەی کێڵگەکە دەهات. "لە بەر چی هاتمە ئێرە؟"، "بە دوای چی دا دەگەڕێم؟"، "هیچم دەست نەکەوتووە"، "بێ شک دەبێ لە قاتی سەرەوە بێ؟" سێوەکان لە ژێر هەورەبانەکە بوون. جارێکی دیکە بە پلیکانەکاندا بەرەو خوارێ. باخچەکە هەر وەک جاران بێدەنگ بوو، تەنیا کتێبە نەبێ لە سەر چەمەنەکە کەوتبوو.

بەڵام ئەوان لە ژووری دانیشتن دییانەوە. لە بەر ئەوە نەبوو کەس شکی بینینیان بکات. جامی پەنجەرەکان وێنەی سێوەکان و گوڵەڕۆزەکانی عەکس دەکردەوە؛ گەڵای دارەکان لە شیشەی پەنجەرەکەدا سەوز دەیانواند. ئەگەر لە ژووری دانیشتنەکەدا هاتووچیان کردبا تەنیا لای زەردی سێوەکان دەردەکەووت. بەڵام ئەگەر ساتێک دواتر، دەرگاکە کراباوە شتێک بە سەر عەرزی ژوورەکەدا بڵاو دەبووەووە، شتێک بەدیوارەکاندا هەڵداوەسرا و شتێک بە میچی خانوەکەوە جۆلانەی دەکرد؛ بەڵام ئەوە چ بوو؟ هیچم دەست نەکەوتووە. سێبەری باڵندەیەک بەسەر فەڕشەکەوە فڕی. لە قووڵای بێدەنگییەوە گمەی کۆتری دارستان بە نەرمی لێدانی ترپەی ماڵەکەی تەنیەوە، "ئارامی، ئارامی، ئارامی."

 "گەنجینە شاردراوەکە؛ ژوورەکە... ترپەکە ڕاوەستا. تۆبڵێی ئەوە گەنجینە شارداوەکە بووبێ؟"

پاشماوەیەک رووناکییەکە نەما. بڵێی لە باخەکە بێ؟ بەڵام دارەکان سێبەریان بە دەوری تیشکێکی هەتاوی وێلدا تەنی بوو. چەنە جوان، چەند نایاب، بە ئارامی نووقمی عەرزەکە بوو، ئەو تیشکەی من پێموابوو بۆ هەمیشە لە پشتی شووشەکەوە دەرەوشایەوە. مەرگ شووشەی پەنجەرەکە بوو: مەرگ لە نێوانماندا بوو؛ یەکم جار مەرگ بەرۆکی ژنەکەی گرت، سەد ساڵ لەوەپێش، ماڵەکەی بەجێهێشت، هەموو پەنجەرەکان گاڵەدران؛ ژوورەکان تاریک بوون. پیاوەکە بەجێی هێشت، ژنەکەی بەجێهێشت، بەرەو باکوور رۆیشت، بەرەو رۆژهەڵات رۆیشت، ئەستێرەکانی دەدی کە لە ئاسمانی باشووردا دەدرەوشێنەوە، بە دوای ماڵەکەدا دەگەرا، لە داوێنی بەرزاییەکانی داون(Downs) پەیدای کردەوە. "ئارامی، ئارامی، ئارامی،" دڵی ماڵەکە بە شادییەوە لێیدەدا. "گەنجینەکە ئی تۆیە."

گڤەی با جادەکە دەتەنێتەوە. دارەکانی سەر جادەکە بەولاو ئەولادا لار دەبوونەوە. تریفەی مانگەشەو شێتانە و شڵپە شڵپ ئاسا تێکڵەی نمەی باران دەبێ. بەڵام شۆقی چراکە بێ جووڵە بە نێو پەنجەرکەدا دەدروشایەوە. مۆمەکە راست و جێگر دایسا. سەرمەست وحەیران و نووقمی خۆشیی، ماڵەکە دەگەڕان و پەنجەرەکانیان دەکردەوەو، ئەو دوو مرۆڤە تارمایی ئاسایە.

"لێرە دەخەوتین" ژنەکە گوتی. و پیاوەکە درێژەیدا، "و بێ ئەژمار ماچ."، "ترووسکەیەکی زیوین بە نێوان دارەکاندا -" " لە قاتی سەرەوە" لە باخچەکە - "کاتێ کە بەهار دادەهات" کاتێ زستانان بەفر دەباری -". دەرگاکان لە دوورەوە پێوەدەدران وەک ترپەیەکی نەرمی دڵئاسا.

نزیک و نزیکتر بوونەوە، لە بەردەرگەکە وەستان. باکە کەوت، دڵۆپە بارانەکان زیویین بە سەر شووشەکەدا دەخلیسکان. بەر چاوەکانمان تاریک بوو؛ گوێمان لە دەنگی هەنگاوەکان نەدەوبوو. ژنەکەمان نەدەدی بە عەباکەیەوە بەسەر عەرزی ژوورەکەدا بەلامندا تێپەرێ. دەستی پیاوەکە سێبەری لە سەر فانۆزەکە کردووە. "چاولێکە" پیاوەکە بە هەڵکێشانی هەناسەیەوە. "چەند بە ئارامی خەوتوون". "و خەندە لە سەر لێوان."

ماوەیەکی چاک بە فانۆسە زیوییەکەی دەستایانەوە خۆیان بەسەردا شۆرکردبوینەوە و بە قووڵی تێمانەوە ڕامان. قەیرێکی چاک لەوەێ مانەوە. باکە ڕاست دەهات، ئاورەکە لە سەرەخۆ دەشەکایەوە. تریفە سەر کێشەکانی مانگ لە دیوارەکان و ئەرزی ژوورەکە ڕەد دەبوون و لە سەر رووخساری چەماوەیان دەکەوت، لە سەر ئەو رووخسارانەی کە بەدوای خەوتووەکاندا دەگەڕان، بە دوای شادی شاراوەیانەوە بوون.

"ئارامی، ئارامی، ئارامی،" دڵی ماڵەکە بە شانازییەوە لێی دەدا. "ساڵانێکی دوور و درێژ -" ئەو (پیاوەکە) حەسرەتی کێشا. ، ژنەکە لە بەر خۆیەوە دەڵێ، "دوبارە منت دۆزییەوە." لێرە ". خەوتن لە باخچەکە، خوێندنەوە، پێکەنینەکان، بەردانەوەی سێوەکان. گەنجینەکەمان لێرە بجێهێشت –" جارێکی دیکە دانەوێنەوە و رووناکی فانۆسەکە لە چاوەکانم دەدا. "ئارامی! ئارامی! ئارامی!" دڵی ماڵەکە شێتانە لێدەدا. پیاسە کردن، هاوار دەکەم، "ئۆی ئەوە گەنجینە شاردراوەکەتانە؟" رووناکیک کە لە دڵەوە دێ.

لێکدانەوەیەکی کورت لە سەر چیرۆکی ماڵی تارمایی لە لایەن وەرگێڕەوە

بۆ لێکدانەوەی هەر ژانرێکی ئەدەبی پێویستە بگەڕینەوە سەر ئەو تکنیکانەی کە کارێکی ئەدەبی پێ نووسراوە. نووسینی چیرۆک لە سەدەی نۆزدەدا و هەتا ئیستاش، چەند تکنیکی نووسین لە خۆ دەگرێت. لەم چیرۆکە دا ئێمە ژینگە، کارەکتەر، رووانگە، پەیام، تۆنی نووسینمان هەیە. دیاری کردنی ئەم تکنیکانە یارمەتی باشتر لێتێگەیشتنی چیرۆک ئاسانتر دەکات.

کورتەی داستانەکە: چیرۆکەکە باسی ژن و پیاوێکە کە ئێستا لە ماڵەکە دەژین. ئەوان گوێیان لە دەنگی دوو تارمایی کە ژن و پیاوێکن دەبێ کە بە دوای گەنجینەیەکدا دەگەڕێن کە لەوە دەچێ لێیان ون بووبێ. بە پێی داستانەکە دەبێ ئەوان پێشتر خاوەنی ماڵەکە بووبن. لە چیرۆکەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ژنەکە دەمرێ و پیاوەکەش دەڕوا ماڵەکە بەجێ دێڵێت و ئێستا پێدەچێت کە تارماییەکان، ژن و پیاوەکە کە مردوون، دوبارە لێرە لەم ماڵەدا کە ئێستا  ژن و پیاوێکی دیکەی تێدا دەژین، یەکتریان گرتۆتەوە و بە دوای گەنجینەیەک دادەگەڕێن. فلاشبەکی ئەم داستانە ئەوەیە کە ئەم دوو تارماییەی کە سەردانی ماڵەکەیان دەکەنەوە بیرەوەرییەکانی سەردەمی ژیانیان دێتەوە بیر.      

ژینگە: شوێنی روودانی داستانەکە ئینگلەندە؛ لە قەراغەکانی بەرزاییەکانی داونە (Downs) کە راستەوە خۆ لە چیرۆکەکەدا ناوی هاتووە. ماڵەکە کە شوێنەگەی جوغرافییەکەی دیاری نەکراوە لە گەڵ ئەوەشدا دەزانین لە نزیک کێڵگەیەک هەڵکەوتووە.

کارەکتەرەکان: ژن و پیاوێک کە ئێستا لە ماڵەکەدا دەژین و ژن و پیاوێکی تارمایی ئاسا.

رووانگە: جۆری گێرانەوەکە کەسی یەکەمە و داستانەکە لە دەمی ژن و پیاوەکە کە لە ماڵەکە دەژین دەگێردرێتەوە.

تۆن: تۆنی داستانەکە شادە، و دەقەکە ریتمێکی شاعیرانەی هەیە. "دارەکان سێبەریان بە دەوری تیشکێکی هەتاوی وێلدا تەنی بوو. چەنە جوان، چەند نایاب، بە ئارامی نووقمی عەرزەکە بوو... ."  

پەیام: خۆشەویستی ژن و پیاوێک، هەر لە سەرەتای چیرۆکەکە دەخوێنینەوە کە تارماییەکان دەستیان لە دەستی یەکتری دایە و و بە دوای خەزێینەیەکدا دەگەڕێن. دیارە لەوانەیە هەر لە سەرەتاوە تووشی ئەو هەڵەیە بین کە گەنجەکە لە جۆری مادی بێت بەڵام دوایە کە زیاتر دەخوێنینەوە ئەم دوو تارماییە باسی ژیانیان دەکەن. "لێرە دەخەوتین" ژنەکە گوتی. وە پیاوەکە درێژەیدا، "وە بێ ئەژمار ماچ." "ترووسکەیەکی زیوین بە نێوان دارەکاندا -" " لە قاتی سەرەوە" لە باخچەکە -" کاتێ کە بەهار دادەهات" کاتێ زستانان بەفر دەباری -". دەرگاکان لە دوورەوە پێوەدەدران وەک ترپەیەکی نەرمی دڵئاسا.

لووتکەی داستان: کۆتای چیرۆکەکەیە بەڕای من کە هەموو پەیامەکە کۆدەکاتەوە کاتێ باس لە ئەو رووناکییە کە لە دڵەوە هات دەکات. "ئۆی ئەوە گەنجینە شاردراوەکەتانە؟ رووناکیک کە لە دڵەوە دێ."

لە پێوەندی لە گەڵ وەرگێرانی دەقێکی ئەدەبی کە بە تۆنێکی ئەدەبی و بە تایبەتی ستایلی وۆلف کارێکی ئاسان نیە. هەوڵم داوە کە ئەم تۆنە کە لە دەقە ئینگلیزییەکەدا هەیە بە دەقە کوردیەکەشەوە دیار بێت. هیوادارم کە چێژ لە چیرۆکەکە ببینن.    

     

         

     

 

         Image result for memory kunst