چیرۆک

دەنگی بلوێر

فەڕۆخ نێعمەتپوور

 دەمەوێ پێی بڵێم نوێژەکانی بە بێ باسی ئەم بلوێرە، چەندە بەتاڵ و بێ دەنگ و رەنگن. ئەوەیکە چیتر خوا گوێی لە نوێژ نەماوە و تەنیا لەبیری ئەوەدایە لە دەست ئەو دەنگە ناخۆشە رزگاری بێت و بەس. بەڵام زۆر زوو پەشیمان دەبمەوە. 

 

دەنگی بلوێر

فەڕۆخ نێعمەتپوور

خودا کە دەنگی بلوێرەکە دەهاتەوە گوێی، وەک هەمیشە توڕە دەبوو، هەر چی لەبەردەستدا بایە فڕێی دەدا، هەر لە گۆی زەوییەوە بگرە، هەتا هەتاو و ئەستێرە و کاکەشانەکان. کە فڕێیشی دەدان، دونیا بۆ چەند ساتێک وەها دەشێوا کە بۆ وێنە من لە جیاتی ئەوەی لە ماڵی خۆمان وەک هەمیشە لە بەر پەنجەرەکەدا بم، دەمبینی لەسەر مانگم و لەوێ لە سەر رووبەری وشک و بێ ئاوی، سەیری ئەو هەتاوەی دەکەم وا لە ملی دیکتاتۆرێک ئاڵابوو.

من نازانم خودا بۆچی بە بیستنی ئەو دەنگە توڕە دەبوو،... داخۆ بیری چی دەخستەوە؟  لەداخی مرۆڤ بوو (ئەوەیکە لە رەگەزی خۆی دروستی کردبوو و کەچی بە کردەوە هیچی لەو نەدەچوو)، لە بێتاقەتی، یاخود بە هۆی ئەوەی 'توڕەیی' یەکێک لە خەسڵەتە ئەبەدی و ئەزەلییەکانی بوو و دەبا جارجارە وەک هەموو خەسڵەتەکانی تری دەریبخات. بە راستی من نازانم، بەڵام حەزم لە توڕەییەکەی بوو. هەربۆیە کاتێک دایکم دەیویست نوێژ بخوێنێ و لە سەر بەرماڵەکەی وەک هەمیشە دەست بۆ ئاسمانەکان بڵیندبکاتەوە، بە گوێیدا دەمچرپاند "داوا لە خودا بکە ئەمڕۆیش توڕە بێت،... با وەک هەمیشە دونیا بەیەکدا بدات!"

هەڵبەت دایکم بەقسەی نەدەکردم. وەک هەمیشە ناوچاوانی تێکدەنا و بە روویەکی گرژەوە پێی دەگوتم "خودا پێش ئەوەی کەسێکی توڕە و تەوسەن بێت، میهرەبان و دلۆڤانە، بۆیە هەمیشە دەبێ داوای رەحم و شەفەقەتی لێ بکەین!" من کە لە کاری دونیادا هیچ رەحم و شەفەقەتێکم بەدەی نەدەکرد، دەمگوت "دایە گیان، دەزانم لە دڵ و دەروونی خۆتەوە دەڕوانیتە خودا، بەڵام بەڵکو بە توڕەیی ئەو زاتە، دونیا بە بارێکی تردا بکەوێ!" دایکم پێی وابوو داوای میهرەبانی لە خودا، بیری خودایشی دەهێنێتەوە کە پێش لە هەر شتێک دەبێ میهرەبان بێت!

یەکێک لەو شتانەی من لە ژیانمدا هەستم پێکردووە بەڵام لێی تێنگەیشتووم، دووپاتبوونەوەیە: دووپاتبوونەوەی خەوتن، بەئاگابوونەوە، خواردن و...،... هەروەها دووبارەبوونەوەکانی میهرەبانی و... توڕەییەکانی خودا. وەک بڵێی خودا کاتێک دونیای دروست کردووە، یەکەم کەرەسە کە لەبەر دەستیدا بووە 'دووبارەبوونەوە' بووە. نا، ببورن! کەرەسە نا! رەنگە باشترە بڵێم فۆرم، واتە چوارچێوەیەک وا هەموو شتەکانی لەودا چەپاندووە.

 شت کە دووبارە کرایەوە، مانای ئەوەیە نە خۆی کۆتایی پێ دێت و نە ئەو دۆخەیش لەگەڵ خۆی دەیهێنێ، یەک جار بۆ هەمیشە دادەمەزرێ و سەقامگیر دەبێ. هەربۆیە لە دووای ئەوەی خوا هێور دەبووەوە، زەوی و هەسارە و ئەستێرەکان دەگەڕانەوە شوێنی خۆیان و من دیسان دەچوومەوە بەر پەنجەرەکەمان و، هەتاوەکەیش لە ملی دیکتاتۆرەکە دەبووەوە. ئیتر دونیا وەک جارانی خۆی لێدەهاتەوە، وەک بڵێی هیچ شتێک نەقەومابێ!

بەڵام سەرەڕای ئەمە، من هەمیشە پێم وابوو سەرئەنجام یەکێک لە توڕەییەکانی خودا، دوواتوڕەبوونی دەبێ و، ئیتر دونیا بە لایەکدا دەکەوێ. هۆکاری ئەمەیش نەک من، بەڵکو جۆری هەڵچوونەکانی ئەو بوو. دەبا لەوێ بی و بیبینی، راستەوخۆ، جا ئەوسا تێدەگەی دەڵێم چی! توڕەییەکانی خودا لە هەبوونی منداڵ و ئاشق بوون دەچێ، تا مرۆڤ بۆ خۆی نەیبێ و نەبێ، نازانێ چین. دەبێ گێژەڵووکەی هەناسە و نەعرەتەی بێ وێنەی ببیستی بۆ ئەوەی لە من تێبگەی. ئەو هەناسەی، وا دونیا بۆ خوڵقانی خۆی، ودمێکی لێ بەقەرزگرت و، ئەو نەعرەتەیەی، شەیپووری ئیسڕافیل تەنیا یەک نۆتی لێ دزیوە. من لەم توڕەبوونانەدا بوو زانیم ئەو شتەی هەسارە و ئەستێرەکانی ناو کاکەشانەکانی بە شێوەیەکی نادیار بەیەکترەوە بەستووەتەوە، ئەم هەناسە و نەعرەتەیەیە. ئەوەیکە هەموو شتێ لەم دونیایەدا حەزی بە سوڕخواردنەوە لە ناو بازنەیەکی دایرەئاسادایە، هی ئەوانە.

خودا کە هەموو شتێ پێکەوە و لە یەک کاتدا دەبینێ، نازانم چ بەشێکی ئەو دیمەنە گشتییە وا توڕەی دەکرد،... تەنیا بەشێکی بچوکی بوو، یان هەر هەموو دیمەنەکە؟ داخۆ ئەوە توڕەی دەکرد من وازم لە دانیشتنی پشت پەنجەرەکە نەدەهێنا، یان ئەوەیکە دیکتاتۆرەکە سەرەڕای ئەوەی بۆ ماوەیەکی کورتیش هەتاوی لەمل کردبوو، کەچی دوواتر زۆر ئاسان خۆی دەدایەوە دەست تاریکاییەکانی ژیانی. یان رەنگە لەوە توڕە بوو کە بۆچی دەبێ زەوی، بێکۆتایی بە دەوری هەتاودا بسوڕێتەوە، بێ ئەوەی بتوانێ هاوکات هەر دوو بەشی روون بێت.

من زۆر جار هەست دەکەم خودا لە خۆی توڕەیە، ئەوەیکە ناتوانێ ئەم جیهانەی وا خوڵقاندوویەتی، بیکاتەوە بە شتێکی تر. لەوەیکە پلان و نەقشەی تری بە دەستەوە نیە. وا تێدەگەم جیهان لە دووای خوڵقانی، وەها خۆی بە سەر خوڵقێنەرەکەیدا سەپاندووە کە خۆی لە راستیدا بووە بە نیوەخودا، یان خودایەکی تەواوی تر. دیاردەیەک کە بۆ هەمیشە خوڵقاوەو ئیتر دەستکاری ناکرێتەوە. وەک دەزانین کە خودایش بوو بە دوو، ئیتر ژیان و 'بوون' سەرتاسەر دەبێ بە شەڕ.

من پێم وایە لە گەڵ ئەوەی خودا دەیزانی ئادەم و حەوا دەخەڵەتێن و لە بەهەشت وەدەردەنرێن، بەڵام بڕوای بە ئەقڵی مرۆڤ هەبوو، ئەوەیکە سەرئەنجام رۆژێک لە رۆژان دەتوانێ بەکاری بێنێتەوە و بگەڕێتەوە بۆ ئەو جەننەتەی وا هەمیشە لە دووای جێهێشتنی تاسەی دەکرد. بەڵام چی بینی؟ لەوێ لە سەر کورسییەکەیەوە زەوییەکی بینی پڕ لە دووکەڵ و خوێن و دەنگی گریان و مەراق. ئەو مێروولە ـ مرۆڤانەی وا لە ترسی یەکتر ئەوەندەیان کون لە زەوی چێکردبوو کە زەوی وەک بلوێرێکی ناو بەتاڵ بە دونیادا دەسوڕایەوە و دەنگی، وەک لورەی گورگی برسی گوێی گەردوونی تەنیبوو. خودا رقی لەو دەنگە بلوێرە بوو.

جاری وایە بۆ ئەوەی دایکم هان بدەم بەگوێم بکا، حەزدەکەم باسی بلوێرەکەی بۆ بکەم. باسی ئەوەی خودا بۆ ئەوەی گوێی لەو دەنگە ناخۆشە نەبێ، دەست بە گوێیەوە دەگرێ و چاوەکانی دەقونجێنێ و بێزێکی سەیر دایدەگرێ. دەمەوێ پێی بڵێم نوێژەکانی بە بێ باسی ئەم بلوێرە، چەندە بەتاڵ و بێ دەنگ و رەنگن. ئەوەیکە چیتر خوا گوێی لە نوێژ نەماوە و تەنیا لەبیری ئەوەدایە لە دەست ئەو دەنگە ناخۆشە رزگاری بێت و بەس. بەڵام زۆر زوو پەشیمان دەبمەوە. دایکم ئەوەندە سەرقاڵی نوێژەکانیەتی کە جاری وایە پێم وایە تەنانەت خودایشی لەبیر چووەتەوە! نوێژ وەها دونیای دایکمی تەنیوە، کە بە خەیاڵدا نایەت. نوێژ، خڵقەتە و خڵقەت نوێژ،... نوێژ خودایە و خودا نوێژ. تەنانەت بگرە چونکە نوێژ بە دەستەوە دێت و لە جەستەی دایکم دەئاڵێ و لەسەر بەرماڵەکە راست و نەوی دەکاتەوە، دەبێ بە سێبەرێکی وەها گەورە و زەبەلاح کە هەموو 'بوون' دەگرێتەوە. دەمەوێ بڵێم دایە گیان! گوێت لە بلوێرەکەیە؟ بەڵام ناپرسم. دەزانم دایکم گوێی لێیە. ئەو لەمێژە گوێی لێیە، بەڵام دەیەوێ بە نوێژەکانی فەرامۆشی بکات. پێم وایە دایکم لەمێژە ئاگای لە دەستەوەستانی و دۆخی دژواری خودایە. ئا! ئیستا دەزانم. ئەو نوێژ بۆ خودایش دەکا، ئەوەیکە خودا رەحم بە خودا بکا! دایکم لە دڵ و دەروونی خۆیدا (ئەگەرچی قەت نایدرکێنێ) باوەڕی بەوەیە جیهان لە راستیدا پڕی خودا تاقانەکانە. ئەو پێی وایە گەر وانەبێ ئەوا لەمێژ بوو دونیا ئاداری بە سەر پادارەوە نەدەما.

باوکم لەم کاتانەدا ورتەیەکی لێوە دێت کە من هەتا ئەم تەمەنەی ئیستایشم نەمزانی چی بووە.

کچە دراوسێیەکمان هەیە کە ماوەیەکە لە ژێرزەمینییەکەیاندا تەشییەکەی نەنکی هێناوەتەوە دەرەوە و رۆژ تا ئێوارە خەریکی رستنیەتی. چونکە باڵابەرزیشە، یەکجار لێی جوانە. بۆ خۆی دەڵێ، شەوێ نەنکی هاتووەتە خەوی و داوای لێکردووە تەشییە لەمێژینەکە بێناز نەکا، بەڵام من دەزانم کە ئەمە تەنیا چیرۆکە و بەس. من دەزانم ئەو کچە شەوێک لە شەوەکان بە هەڵکەوت، وەک خودا، گوێی لە دەنگی بلوێرەکە بووە و ئیتر بڕیاری داوە جگە لە تەشی رستن، هەتا دەمرێت، چیتر نەکا. ئەو پێی وایە تەنیا خۆخەریک کردن بە شتە بچوکەکان دەتوانێ ئەو دەنگە گەورە و سامناکانەت پێ لەبیر بباتەوە.

خودا چاوی لە کچە تەشی رێسەکەیە و دیمەنەکەی ئەوەندە لەبەرچاودا جوانە کە بۆ چەند ساتێک دەست لە سەر گوێیەکانی هەڵدەگرێ و مەحوی دیمەنەکەی بەردەمی دەبێ. ئەوسا بزەیەک دێتە سەر لێوەکانی. لەبیری نایێ کەی و چۆن بیری خوڵقانی تەشی هاتووەتە زەینییەوە، بەڵام هەرچی بێت، لای، خڵقەتێکی جوانە. سەیری لەش و لاری کچەکە دەکا. چەند جوان بە دەم رەستنەوە بە ئاستەم دەلەڕیتەوە. سەیری تەوێڵی دەکا. خورییەکە چەند ئاسان خۆ دەدا بە دەست "بەبەنەوە بوونەوە". تەنیا ئەوەندە بەسە هەڵی چەرخێنی!

خودا بە پەلە رادەبێ. ئەگەرچی بڕیارێکی دژوارە، بەڵام دەیدا! دونیا لەیەک چاوتروکانا دەکا بە خوری،... سەرتاپا و سەرتاسەر خوری. ئەوسا خۆی لە سەر کورسییەکەی رادەبێ و گەورەترین تەشیی دونیا بە دەستەوە دەگرێ و دەست دەکا بە رێسانی.

دایکم ئاگای لەم بەزمە نیە. ئەو وەک هەمیشە خەریکی نوێژکردنە. من ئاگام لێیە بەرماڵەکەی بەردەمی نوێ دەبێتەوە، بەڵام لە دەرەوە، بەردەوام دەنگی بلوێر دێتە گوێ.

بیردەکەمەوە تۆ بڵێی بتوانرێ دەنگ بکرێ بە خوری،... بڵێی؟!   

  

 Image result for GUD KUNST