هەڵبژاردن بە بێ مێژوو
هەڵبژاردن بە بێ مێژوو فەلسەفەی بوونگەرایی یان ئیگزیستانسیالیزم، کاتی خۆی پێی لەسەر ئەو داگرت کە مرۆڤ ناتوانێ لە رێگای گەڕانەوە بۆ مێژوو، مانا بۆ ژیانی خۆی پەیدابکا. بۆ وێنە 'سارتەر' دەیگوت مرۆڤ فڕێدراوەتە ناو ژیان و دونیایەکەوە کە لە بنەڕەتدا بێ مانایە. جا بۆیە ئەرکی مرۆڤ خۆیەتی مانا لەم دونیا بێمانایەدا بدۆزێیەوە، کە ئەمەیش لە رێگای 'هەڵبژاردن' و 'کردەوە'وە دەگونجێ. هەروەها ئەو پێی وابوو مرۆڤ لەئاست هەڵبژاردنەکانی خۆی بەرپرسیارە. با بگەڕێینەوە سەر رستەی سەرەتا، واتە ئەوەیکە مرۆڤ ناتوانێ لە رێگای گەڕانەوە بۆ مێژوو، مانا بۆ ژیانی خۆی پەیدا بکا. ئەمە مانای چییە؟ ئەمە بەو مانایە کە 'مانا' دەبێ شتێ بێ کە مرۆڤ لە رێگای تێگەیشتن و بیرلێکردنەوەی خۆی پێی بگا، لە رێگای ئازادییەوە، نەک ئەوەی لەوە پێش کەسانێ هەبن بۆیان دیاری کردبێ. لای سارتەر، ئەو مانایەی لە رێگای گەڕانەوە بۆ مێژوو، واتە رابردوو، دەستەبەر دەکرێ، لە راستیدا مانا نیە و ناتوانین وەک هەڵبژاردن ناوی لێ ببەین. لای ئەو، تەنیا ئەو هەڵبژاردنەی کە بە دەستی مرۆڤ خۆی دیاریدەکرێ، دەتوانێ مانای راستەقینە بە ژیانی مرۆڤ بدات. کاتێک ئەم وتەیەی ئیگزیستانسیالیستەکان لە گەڵ دۆخی باو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو نەهامەتی و نەگبەتیانەی تێیدا روودەدەن، هەڵدەسەنگێنین، دەبینین کە بەڕاستی ئەم بۆچوون و تیۆرە روونکەرەوەی زۆر لایەنە. تەنیا بۆ چەند چرکەیەک بیر لەو دەسەڵات و لایەن و گروپانە بکەوە کە مانا تەنیا لە رابردوو و لە مێژووەوە هەڵدەهێنجن و بە زۆری چەک و سەرکوت و کوشتن، زۆرینە ناچاردەکەن ملکەجی بن. ئەوانەی وا رێگا بە هەڵبژاردنی سەربەستانەی مرۆڤەکان دەگرن و ناهێڵن لە رێگای ئەقڵ و لێکدانەوەی خۆیان، لە دۆخی ئازاددا، رێگای ژیانی خۆیان دیاری بکەن. نەگبەتی و نەهامەتیی ژیانی هەنووکە لای ئێمە، دەگەڕێتەوە بۆ قورسایی رابردوو و مێژوو لە ژیانی مرۆڤەکاندا. رابردوویەک کە بەرگری دەکا لە سەرهەڵدانی شتە نوێیەکان. سایتی قەڵەم١٥ ئۆکتۆبەری ٢٠١٦
- توضیحات
- بازدید: 1178