شێعر و پەخشان

بێپەروایى

نەژاد عزیز سورمێ

لەشەوى ئەم ڕۆژگارەدا
هەموو شتێک وەکو یەکە
مرۆڤ لە چۆلەکە دەکا
چۆلەکەیش وەک مرۆڤ وایە

 

بێپەروایى

 

نەژاد عزیز سورمێ

 

دەنوویەوە؟

لە ئاژاوە و سەرگەردانى ئاسۆى لێڵ بوو و

ڕۆژگارى تووش و بابردووى

تەمەنى تارماییبەند و شکۆفەڕێژت

کەی لە شەوى پڕ ئەستێرە و هێمنى وا هەڵدەنگوی؟

 

دەنوویەوە؟

سبەى کە ڕۆژ دەبێتەوە

ئەم تەنیاییەت

لە کوێ دەست دەکەوێتەوە؟

(تۆ و ئەستێرە و دنیاى کپ بوو

تۆ و گلۆپە چاوزیتەکانى سەر شەقام

تۆ و هەواى خوا و

بۆنى گوڵەکانى بەهەشت

تۆ و خۆت و

تونێڵە گوشادەکانى

خوێنى گڕگرتووى بێ پەروات..

تۆ و غوربەتى دوا نەهاتوو..

تۆ و تۆ و.. و.

        ..........

       ..........

      ...........)

بە ڕۆژ لە کوێ؟

لە ئاسمانى بەرتەنگ و

زەوى هەوەسبازی سوڵتان

یا ڤڕەڤڕى فڕەى داڵە زیوکفتەکان

سمکوڵ و

سەرەسم و

تیلاکى خوار و سمێڵى بریقەدار

 چى دەبینى و

چى دەبیەى؟!

سبەى کە ڕۆژ دەبێتەوە

ئەم تەنیاییەت

لە کوێ دەست دەکەوێتەوە؟

 

دەنوویەوە؟

(نووستن

مردن)

لێ ڕامینە!

بەینیان تاڵە موویێکە

لەشەوى ئەم ڕۆژگارەدا

هەموو شتێک وەکو یەکە

مرۆڤ لە چۆلەکە دەکا

چۆلەکەیش وەک مرۆڤ وایە،

تنۆکێکى نەڕژاوە

لەچاوى ئەوانەى تەنیا بەدڵ دەگرین

لێ ڕامینە!

لە خۆشبەختى شەوە یا

بەدبەختى ڕۆژ

گزنگى خۆر بەسەر تاوانەکانى شەو دادەڕژێ؟

دەنگ : (کلیلى ژیانت بەخۆتە پێ نازانى

پێ نازانى

پێ

  نا

    زا

      نى...!

لەقسان ئاڵى زەنگانى

لە کارانیش....)

-: کار دەترازێ   

                   دەترازێ

                               دە

                                         ترا

                                               زێ...

تێر نەبووى!؟

دەنوویەوە.

سبەى کە ڕۆژ دەبێتەوە

جارێکى دى

دەبێ لە خۆت جیابییەوە.

پشت لە دەرگاى کراوە بکەى

ڕوو لە ڕێگایێ بێ ئاسۆ و دنیاى گومان..

دەنگ: (کێن ئەوانەى شەو بەهیواى سبەینێ

بەرێ دەکەن؟

کێن ئەوانەى ڕۆژ بە ئومێدى شەوى وا

دگوزەرێنن؟

ئاپۆرەى شارى خامۆشان

لەکوێرا گوریسى کورتى خەونەکانتان

دەپچڕێنن؟)

تەنیا ون نەبوون بەس نییە

تۆ بەتەماى هەلێکى

کە نە ڕەنگ و

نە دەنگ و

نەناونیشانى دەزانى!

هەلێ،  کە دێت و نایێ

تەنیا ون نەبوون بەس نییە.

 

 Image result for uredd kunst