نەمانی باوەڕ بە جەهەننەم

نەمانی باوەڕ بە جەهەننەم
ماوەیەک لەوە پێش، هەواڵنێرەکان هەواڵێکیان بڵاوکردەوە لەبابەت ئەوەیکە 'پاپ' رێبەری مەسیحییە کاتۆلیکەکان رایگەیاندووە کە کلیسا لەمەبەدووا چیتر باوەڕی بە 'جەهەننەم' نەماوە.
 
ئەم هەواڵە بە داخەوە رەنگدانەوەیەکی ئەوتۆی لە وڵاتە بەناو ئیسلامییەکان و بە گشتی لە ناو بیروڕای گشتیی لای ئێمەدا نەبوو. پێش لە هەر شتێ بەو هۆکارە کە زۆربەی دەسەڵات و ناوەندە ئایینییەکان خۆدەبوێرن لە هەڵخڕاندنی ئەو گفتوگۆ و بابەتانەی وا بە رای ئەوان پرسیار دەخاتە سەر شتە بنەڕەتییەکانی ئایین کە یەک لەوان گرینگیی جەهەننەمە.
 
هەڵبەت با ئەوەیش بڵێین کە ئیفلاتونی فیلسووفی یۆنانی زیاتر لە دوو هەزار و پێنج سەد ساڵ لەمەوبەر وتی کە خودا ناتوانێ خراپ بێ و بەڵکو ئەوەی کە هەیە تەنیا چاکەیە. واتە بە لانیکەم پێنج سەد ساڵ پێش سەرهەڵدانی ئایینی مەسیح.
 
گەڕانەوەی کلیسا بۆ ئەم نەریتە ئیفلاتونییە، سەرنجڕاکێشە. بە تایبەت لە دونیایەکدا کە زیاتر لە هەر کاتێکی تر لە ترس و تۆقان کەڵک وەردەگیردرێ بۆ ئەوەی خەڵک بکەن بە ئیسلام یاخود دینی تر. گەڕانەوە بۆ ئەم نەریتە، قبوڵکردنی هەندێ دیاردە و تایبەتمەندیی هومانیسم یان مرۆڤگەراییە لە لایەن ئاینی مەسیحەوە.
 
 
وەک دەزانین لە ئایینی ئیسلامدا بەشێکی گرینگی قورئان بۆ وێنە لە سورەی بەقەرەدا لە سەر جەهەننەم و ترساندنی مرۆڤ راوەستاوە. ئەم نەریتی ترساندنە نەک تەنیا لە ئیسلامدا، بەڵکو لە ناو نەریت و کلتوری کۆمەڵگادا وەها رەگی داکوتاوە کە زۆربەی بیر و ئایین و دامەزراوەکان بەجۆرێک لە جۆرەکان کەڵکی لێوەردەگرن بۆ ئەوەی هەم خەڵکی بەرەو خۆیان رابکێشن و ملکەجیان بکەن، هەم بۆ ئەوەی جورئەتی بیرکردنەوەی سەربەخۆیانەیان لێ بستێنن. راستییەکەی ئەوەیە کە ترس و تۆقاندن وەها رەگ داکوتاو و شوێن قایمە کە نەوە لە دووای نەوە ئەو مرۆڤانەی پێشکەش بە ژیان کردووە وا زۆرتر لە ناو موحافزەکاری و ترس لە گۆڕاندا دەژین.
 
ئەوەی کلیسا و پاپ کردوویانە، هەنگاوێکی گرینگە بۆ ئەوەی مرۆڤەکان چیتر لە رێگای ترسەوە تەماس لە گەڵ بۆ وێنە ئاینی مەسیحی نەگرن و گەر حەز دەکەن باوەڕیان بەم ئایینە هەبێ، ئەوا نەک لە ترسەوە، بەڵکو لە رێگای خۆشەویستییەوە بۆی بچن. دیاردەیەک کە زەروورەتی سەرهەڵدانی لە کلتوری ئێمەیشدا یەکجار گرینگە.
 
 
بێگومان رەواندنەوەی ترس لە ناو ئایین، دەتوانێ کاریگەری گرینگی هەبێ لە سەر رەواندنەوەی زمانی ترس و تۆقاندن لە ناو کۆمەڵگادا و، بەم شێوەیە بەرەو 'خۆشەویستی' هەنگاوێک زیاتر نزیکمان بخاتەوە.
 
سایتی قەڵەم
٢١ سێپتەمبری ٢٠١٦
 
Image result for helvete kunst