چیرۆکنووسی ئیسلامی و چیرۆک

چیرۆکنووسی ئیسلامی و چیرۆک

لە یوتوپێکدا کە بە بۆنەی رۆژی قەڵەم، لە جەشنوارەیەکی ئەدەبیی چیرۆکدا کە لە ساڵی ٩٢ ی هەتاوی لە تاران بەڕێوە چووە، کەسێک کە وێ دەچێ مامۆستایەکی زانکۆ بێ، سەبارەت بە چیرۆک زیاتر لە یەک سەعات قسە دەکات. سەردێڕیی قسەکانیی ئاماژەپێدراو، بریتیە لە "ناسینەوەی تیۆریانەی چیرۆکنووسیی ئیسلامی".

میتۆدی قسەکانی وتەبێژ، زۆرتر بریتییە لە ناسین و نەفی چیرۆکنووسانی بە قەولی ئەو نائیسلامی، تا لەم رێگایەوە بتوانێ بە شێوازی ناڕاستەوخۆ بڵێ کە مەبەستی لە چیرۆکنووسی ئیسلامی چییە. ئەوەی مەبەستی ئەوە، کورت و بڕاوە ئەوەیە کە هەموو چیرۆکێک خاوەنی ئایدیۆلۆژیا و نێوەڕۆکێک و پەیامێکە، جا چ نووسەرەکەی بزانێ و چ نەزانێ. وە چونکا ئەم نێوەڕۆک و پەیامە زۆرتر بریتییە لە چاندنی تۆڤی بێ هیوایی و پووچگەرایی و بەڕەڵڵایی، کەواتە وەها چیرۆکگەلێک ئیزنی ئەوەیان نیە بە ناوی هونەرەوە (هەرچەند لە قەوارەدا لە هونەر بچن)، بڵاو ببنەوە. چونکە دەبنە هۆی بڵاوکردنەوەی بێهیوایی و پووچگەرایی و بەڕەڵڵایی. 

بەڵام دەکرێ ئەم پرسیارانە ئاراستەی ئەو بەڕێزە بکرێ کە بە ناوی ئیسلامەوە دەدوێ: 

ـ چیرۆکی مودێڕن کە ژانرێکی نوێیە و تەمەنی بۆ ئەوپەڕی سەد و پەنجا ساڵ دەگەڕێتەوە، ئایا لە قورئان باسی کراوە و قەدەغە کراوە کە ئەو ئاوا بێ ترس قەدەغەی دەکا؟!

ـ چ چیرۆکنووسێک تا ئیستاکە دنەی خەڵکی داوە ببنە لەشفرۆش و خۆیان لە سۆزانیخانەکان بفرۆشن؟ ئایا خودی سیاسییەکان بەتایبەت لە جۆری ئیسلامییەکانیان بە هۆی لێنەهاتوویی لە بەڕێوەبردنی وڵات نەبوونەتە هۆکاری برەو پێدانی نائەخلاقی و لەشفرۆشی؟ بۆچی کاتێک چیرۆکنووسێ دێت و باس لەم کارەساتە دەکا، ئەوان وا پێی هەڵدەبەزنەوە؟!

ـ چیرۆک شێوازێکە بۆ ناسین، هەر وەک زانست. وەک چۆن زانست مافی ئەوەی هەیە باس لە لەشی مرۆڤ بکا، چیرۆکیش مافی ئەوەی هەیە لە رێگای باسکردن لە سەر لایەنە سێکسی و ئەخلاقییەکانی مرۆڤ، باشتر مرۆڤ لەم بەشانە ئاگاداربکاتەوە و زانیاری لە سەریان بباتە سەرەوە. بەتایبەت کە هونەر لە رێگای هەڵخڕاندنی هەستەوە دەتوانێ قوڵایی کارەساتەکانی لایەنە ناشیرینەکانی وجود و ژیانی مرۆڤ باشتر پیشان بدات. داخۆ ئەم بەڕێزە بەم قەدەغە کردنانە، نابێتە هۆی بەرگریکردن لە رەوتێکی گرینگی ناسین و، چارەسەرکردنی لە کۆمەڵگادا؟

ـ بێژەر لە قسەکانیدا وا دەنوێنێ کە گوایا یەکێک لە هۆکارەکانی بەڕەڵڵای و نائەخلاقی لە رۆژئاوا و کۆمەڵگا نائیسلامییەکاندا شێوازی چیرۆکی نائیسلامییە. دەکرێ ئەم بەڕێزە بۆمان شی بکاتەوە کە بۆچی چیرۆکی بەناو ئیسلامی تا ئیستا لە هیچ وڵاتێکی ئیسلامیدا نەیتوانیوە کێشە ئەخلاقییەکان چارەسەر بکا و بە پێچەوانەوە لەشفرۆشی و دابەزینی ئاستی موڕاڵ لەم جۆرە وڵاتانەدا یەکجار لەچاو وڵاتانی رۆژئاوایی لەسەرترە؟

ـ چۆنە پیاوە گەورە ئایینیەکان ئیزنی ئەوەیان هەیە لە کتێبەکانیاندا باسی شێوازی سێکس کردن (سێکس کردن لە گەڵ کچی نۆ ساڵە) بکەن، بەڵام چیرۆکنووسێ ئیزنی ئەوەی نیە؟ 

وتەبێژ، چونکە زەینی خۆی زۆر قاڵبییە و لە چوارچێوە دراوە و، بە گوتەی خۆی "گزینشی"ە، پێی وایە هەموو چیرۆکنووسان وەک خۆی خاوەنی وەها زەینێکی قاڵبی و بە توندی ئایدیۆلۆژیزەکراون و، بۆیە هەوڵ دەدات لە ناو بەرهەمەکانی ئەواندا بەردەوام بە شوێن گوناح و تاواندا بگەڕێ. ئەو لە بیری چووەتەوە وەک چۆن لە ئیسلامدا دەگوترێ مرۆڤ خاوەنی دوو بەشی خراپە و چاکەیە، کاری چیرۆک ئەوەیە کە بە ڕووخستنی هەر دووکی ئەم بوارانە، ئەوە بیری مرۆڤ بێنێتەوە کە ژیانکردن چەند ئەرکێکی قورسە. 

ئەرکی چیرۆک باس کردن و پەردە لە سەر شتە شاراوەکان لادانە. ئەوەیکە خوێنەر و کۆمەڵگا چلۆن لە گەڵ ئەم شتە رووکراوانە مامەڵە دەکەن، باسێکی دیکەیە کە فڕی بە سەر چیرۆکنووسەوە نیە.

 

سایتی قەڵەم

٣ ئۆگوستی ٢٠١٦