نەژاد عەزیز سورمێ

نێچیرێکى ئاسان نەبووم
دڵێک بردمى،
بەڕەوتى نسکۆ، بەکامى لەتردان
بەهارێکى بۆیە کراو
پەڵە هەورێک
لەچاوى منەوە هەڵکشابوو...

 

ئەشقیا

نەژاد عەزیز سورمێ

 

نیگایەکانت بەڕەوتى نسکۆ

لەو ڕێگایانەدا پەرت بوون

فێڵیان لێکردین

بە داڵانە هێمنەکانى ڕۆحدا تێپەڕین

بێ ئاوڕدانەوە...

بێ لا لێکردنەوە…

بێ ڕوانین

وێنەى گوللەیەک لە نیشانەدا سەردەکا

لە سێبەرى لەزەتدا توانەوە...

 

نێچیرێکى ئاسان نەبووم

دڵێک بردمى،

بەڕەوتى نسکۆ، بەکامى لەتردان

بەهارێکى بۆیە کراو

پەڵە هەورێک

لەچاوى منەوە هەڵکشابوو...

 

سوپاس بۆ با

سوپاس بۆ با

سوپاس بۆ با

نەیهێشت چاوم لە ئاسۆدا ببڕێ

سوپاس بۆ با

دەنگى بەو چرایانە بەخشى

لە ناخى (من) ى ناو (خۆم)دا

بانگیان دەدا:

جیهان فریشتەیەکە لە پەشم

لەو زەمەنە درێژترە

گوڵێکى تێدا دەپشکوێ

لەو ڕووبەرە فراوانتر

بە مەزارى بێ سنوورى

زیندەخەونەکانمان دیارە...

گوناه، ئەشقیاى خانەگەردان

بەسەر کەپکى بێئومێدى و لەخۆنووسان

گوناه ،

ڕێبوارى شەکەتى چاوغایەنى هەڵوەدا

لە شەقامى کوژاوەو چۆلى

ئێوارە درەنگان...

ئەمجارەش با لە دیدارئاخرى تۆى پاراستم

ئەمجارەش با،

لەو هەورانەى شاردمەوە

لە بن پێیان کەوتبوون...

سوپاس بۆ با

سوپاس بۆ با

کە هەمیشە ناهێڵێ

بازى کێوییان بگیرێ.

 

وەسیەتى ئەستێرەکان نەبوو

ڕۆژگار جێنووکى سپی

بەسیماى ماندوومان بەجێ هێشت...

وەسیەتى ئەستێرەکان نەبوو

خۆر لە نیگاى تۆدا

ترس و گومانى بۆ باراندین.

وەسیەتى ئەستێرەکان نەبوو

ڕێگاکان فێڵیان لە خەونەکانمان کرد

وەسیەتى ئەستێرەکان نەبوو

ئەمە ڕەوتى باهۆزە ناوادەکانى

دۆزەخى زەمین بوو

لەگەڵ تەنیایی کزەباى سپێدە و

دڵە هەلاهەلابووەکان جووت دەبوون...

کێڵگەکانى شەو

بە مۆمەکانى بەرپەنجەرە ڕووناک ببوونەوە

تێشکانێکى شۆخ بوو

لە سیلەى سۆزەوە

بڕوانیتە جوانى

ماندوو...

هەناسەسوار...

لە باسکاندا ئاوا دەبێ...

گەمەیەکى بەسەبر بوو

بارانى مانگمان بە بریناندا دەکرد...

ئاگرمان لە قووڵایى ڕووباران کردەوە...

 

مەملەکەتێکى بێ شنە

بێ نوور بوو

هەموو پیشەسازى و دەوڵەتى

چەند کارگەیەکى وەهم بوو

کە لە ڕاست و چەپ

بە ڕاست و چەپ

کاریان دەکرد

تێشکانێکى شۆخ و گەمەیەکى بە سەبر

لە سیلەى سۆزەوە بڕوانیتە جوانى

بڕوانیتە گوناه

ئەشقیاى خانەگەردان

ڕێبوارى شەکەتى هەڵوەدا...

تێشکانێکى شۆخ...

گەمەیەکى بە سەبر...

تێشکانێکى…

گەمەیەکى...

                 

                     

 

 

گەڕان بۆ بابەت