ما 1038 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

نەژاد عزیز سورمێ

لە میواندارى مەرگدا
کە خوێندنەوەیەک نامێنێ
با خۆى ڕووت دەکاتەوە
چیاکان سەر لەبن گوێى یەکتر دەنێن

 

دەست لەکارکێشانەوەى ئەستێرەکان

 

نەژاد عزیز سورمێ

 

(1)

ئەو ژنەى

لە ڕەنووى هزرە مایە پووچەکانەوە

کەوتووەتەوە

ئەو ژنەى

ڕەشەباى پۆشیوە و

شەڕى سپێدەدەمان ئاگردەدا و

چاو لە ئێوارە دادەگرێ

ئەو ژنە حسابێک بۆ کەس ناکا

نە بۆ هێزى هاوپەیمانان

نە ئەنجوومەنى حوکم

بە نیلۆفەرى چاوى

هەموو هۆیەکى ژیانى لەشار بڕیوە

ئەستێرەى لە ئاسمان خانەگومان کردووە

دەستى پێ لە کار کێشاونەتەوە.

 

 

لە میواندارى مەرگدا

کە خوێندنەوەیەک نامێنێ

با خۆى ڕووت دەکاتەوە

چیاکان سەر لەبن گوێى یەکتر دەنێن

ژنێک ڕەشەبا دەپۆشێ

سپێدەدەمان ئاگرد دەدا و

چاو لە ئێوارە دادەگرێ

ئەستێرە ئیتر هەڵنایێن

دەست لەکاردەکێشنەوە.

 

 

(2)

من خەونێکى دیکەم نەبوو

ئەو ئازیزانەى خۆشم ویستن

داخ کە پێیان نەزانیبوو

لەگەڵ دەست لەکارکێشانەوەى ئەستێرەکان

ونم کردن.

 

(3)

لە خۆشەویستى دەپرسى

چۆن دێ و چۆن دەڕوا؟

بۆ هاتنى خۆشەویستى هۆیەک نییە

خۆشەویستى هەمیشە دێ

 

 

 

(4)

شارم بە چۆلەوارى ڕۆحم سپارد

سۆز و چاوەڕوانى و خەونى مناڵیم

بەم دەمودەستە

لەکوێ بێنمەوە؟

کە خۆم ئاگرم دەکردەوە و

خۆم سڕ ببووم

ئەو چاوانەى

تریفەیان لە مانگ دەدزى و

بارى (نوور)یان

لەبەر ئاستانەى خەراباتان لێ دەخست

ئەو چاوانە

نسێى خۆرئاوا بردنى.

 

(5)

ئەستێرەکان

دەستیان لە کار کێشایەوە

پێویستە چارەیەک بۆ ئاسمان بدۆزرێتەوە

لە میواندارى مەرگدا

خوێندنەوەیەک نامێنێ.