فەڕۆخ نێعمەتپوور

لە زیندانەکەی سەرۆک هەموو چەشنێکی تێدا دەدۆزرایەوە، لە خائینان بە نیشتمان و شۆڕشەوە بگرە، ئەوانەی دزییان لە ماڵی حیزب کردبوو، دەست درێژکەرانی سەر نامووسی خەڵکی، سۆزانییەکان، ئەوانەی وا جورئەتیان کردبوو حیزبی دیکە و رەخنەگری دیکە سازبکەن، هەتا ئەوانەی جوێنیان بە نامووسی سەرۆک دابوو. 

 

زیندانەکەی سەرۆک

فەڕۆخ نێعمەتپوور

رێک لە درێژایی ئەو دۆڵەیدا وا خانووکەی سەرۆکی لێبوو، بە چەند سەد مەترێک لەولاتر، بە دەستی راستدا گچکە دۆڵێکی تر هەڵکەوتبوو کە کێوەکانی دەورووبەری وەک دیوار بەرەو ئاسمان هەڵکشابوون، ئەوەندە بەرز، دەڵێی ئاسمان سەقفێکی چەند بستی بوو بەسەر سەریەوە. لە بنی بنەوەیشی دا جۆگەلەئاوێک دەئاژوا کە کۆتایی هاوینان وشک هەڵدەگەڕا. تەنیا رێگای هاتووچۆی ناو دۆڵەکە، باریکە رێیەک بوو لە نێوان دوو گابەردی کشاوەدا، بەو چەکدارەوە یاخود ئەو چەکدارانەوە رۆژ تا شەو و شەو تا رۆژ کێشکیان تێدا دەبینی. ئەو دۆڵە، زیندانەکەی سەرۆکی تێدا بوو.

لە زیندانەکەی سەرۆک هەموو چەشنێکی تێدا دەدۆزرایەوە، لە خائینان بە نیشتمان و شۆڕشەوە بگرە، ئەوانەی دزییان لە ماڵی حیزب کردبوو، دەست درێژکەرانی سەر نامووسی خەڵکی، سۆزانییەکان، ئەوانەی وا جورئەتیان کردبوو حیزبی دیکە و رەخنەگری دیکە سازبکەن، هەتا ئەوانەی جوێنیان بە نامووسی سەرۆک دابوو.

لای سەرۆک، قێزەونترین بەشی شۆڕش و نیشتمان، ئەم زیندانە بوو!

لەبیری دێ کاتی خۆی، خەونی بە وڵاتێکی بەری لەهەر چەشنە زیندان و زیندانییەک بینی بوو، لە بیری دێ هەمیشە دوژمنەکەی بە هەبوونی زیندان تاوانبار کردبوو، تەنانەت بە ئیستایشەوە. بەڵام قەت بیری لەوە نەکردبووەوە رۆژێک خۆی ببێ بە خاوەنی زیندان. هەندێ جار ئەمە بە تاوانی دوژمن لێکدەداتەوەو، هەندێ جاری دیکەیش پێی وایە گوناحی جۆری بیرکردنەوەکان و خەونەکانییەتی، ئەوەی کە خەیاڵی نیشتمان و شۆڕش، رەنگە خۆی لە خۆیدا هەڵەیەکی گەروە بێ! ئەوەیکە رەنگە نیشتمان و شۆرش خۆی لە خۆیدا دووانەی زیندانن. هەرچەند سەرۆک یەکجار رقی لەم بیرکردنەوەی دووهەمیانە و لەبەر خۆیەوە دەڵێ بێگومان ئەمەیشیان هەر خەتای دوژمنە.

بەڵام بریا خەمی سەرۆک هەر خەمی زیندان بووایە. راستییەکەی ئەوە بوو کە لە بەشێکی چۆڵ و بێدەنگ و لاپەڕی دۆڵەکەدا جاری وابوو دادگای شۆرش خائینانی گولە باران دەکرد و تەرمەکانیان هەر کەمێک لەولاترەوە دەناشت. ئەو خائینانەی کە قەت نە کەسێک بوو لە دادگادا بەرگرییان لێبکا و، نە دەیانتوانی بەڵگەکانی خەیانەتی خۆیان پاساوبدەنەوە. زۆربەیان کاتێک حوکمی دادگاکەیان بە گوێدا دەخوێنرا، سەرتاپای جەستەیان دەهاتە لەرزین و دەکەوتنە گریان و پاڕانەوە. زۆربەیان پێش ئەوەی بگەنە شوێنی ئیعدامەکە، ئەژنۆیان دەشکا. وەک چۆن بە قۆچەقانی بەرد لە قاچی باڵندە دەگری.

سەرۆک وەک زیندان رقیشی لەم گولەباران کردنانە بوو. ئەو کە سەردەمانێک خەونی بە نەهێشتنی مرۆڤکوژییەوە بینی بوو، ئیستاکە رقی لە خۆی دەبووەوە. بەڵام وەک بۆ خۆی دەیگوت "ئەمەیش تاوانی دوژمن بوو" (ساڵانی ساڵ لە فێربوونی ئەم رستەیە دەگوزەرا). تاوانی دوژمن، ویژدانی سەرۆکی ئارام دەکردەوە و بۆیە شەوانە سەرەڕای هەموو رووداوە ناخۆشەکان، بە ئاسانی خەوی لێدەکەوت. تەنانەت جاری وابوو خەونیشی بەو شاخ و کوێستان و دەشت و  لێڕەوارانەوە دەبینی، پڕی گوڵە رەنگاوڕەنگ و جوانەکان بوون.

جاری وابوو سەرۆک لە بێدەنگیی دووای گورگەزێ، یاخود بەیانیان زوو، گوێی لە دەنگی تفەنگەکان کە لەو دۆڵەوە دەهاتن، دەبوو. دەنگەکە سڕ و کپی دەکرد. رایدەوەستان و، بێدەنگی، وەک تارایەکی بێ رەنگ لە ئاسمانەوە دەهات و سەرتاپای جەستەی دادەپۆشی. دەنگەکە بە لاپاڵەکاندا دەخشا و لە شوێنێک کە کەس پێی نەدەزانی کوێیە، بزردەبوو. جاری وایە دەڵێی رێک لە لای ئەو، لە ناو گوێیەکانیدا ون دەبوو. دووا وێستگەی گەڕانی دەنگی مەرگ. لەم کاتانەدا سەرۆک هەوڵیدەدا بە هێنانە بیرەوەی یادەوەریی شەهیدان، کەمێک ویژدان و دەروونی خۆی ئاسوودە بکا. ئەوەیکە باشترین هاوڕێکانی بە دەست ئەم جۆرە کەسانە لەناوچووبوون. شەهیدان تۆڵەیان دەویست و ئەو دۆڵەیش شوێنی تۆڵەسەندنەوە بوو. سەرۆک دەستێکی بە سمێڵ و بە روخساریدا دەهێنا و لەبەر خۆیەوە ئەو رستە کۆنەی دووپات دەکردەوە کە لەدایکبوون هەمیشە لەگەڵ ژانە.

هەلدەکەوت حەزی بە سەردانی زیندانەکەی دەکرد (ئەو ئەمەی بە جیاوازییەکی گرینگ دەزانی، چونکە هیچ سەرۆکێک سەردانی زیندان ناکا). لە کاتێکدا رۆژی پێشتر جوان جوان ژووری زیندانییەکان و شمەکەکانیان دەپشکنی و چەند سکۆڕتی بە قەڵافەت و جەربەزە و ئازا لەگەڵی دەکەوتن، دەچوو بۆ سەردانیان. نیگای زیندانییەکان هەمیشە هەر هەمان نیگا بوو، خەمگین، بێدەنگ، تێکەڵێک لە توڕەیی و رق و داوای بەخشین. جاری وایش بوو کتوپڕ یەکیان دەیدایە پڕمەی گریان و هەوڵیدەدا خۆی بگەیەنێتە سەرۆک و بە سەر قاچەکانیدا بکەوێ و داوای بەخششی لێبکا. بەخشش! ئەم وشەیە هەمیشە سەرۆکی بیری خودا دەخستەوە (هەرچەند باوەڕی بە خودا نەبوو). لەبەر ئەم بیرەوەرییەیش بووبێ ناوەناوە هەندێ لە زیندانییەکانی دەبەخشی. سەرۆک پێی سەیر بوو کە چلۆن هەم ئیعدام و هەم بەخشین دەیانتوانی ئەم بیرەوەرییە، بیرەوەریی خودا، لای ئەو بەهێزتر بکەن.

سەرۆک ئەو هاوڕێیانەی بە جوانی دەناسی وا گولەکانیان بە ئیعدامییەکانەوە دەنا. ئەوان دوو دەستە بوون: یان زۆر ئەهلی گاڵتە و جەفەنگ بوون، یان زۆر کڕ و بێدەنگ. جگەرەیشیان زۆر دەکێشا، زۆریشیان دەخواردەوە، ئارەقی زەحلە،... بە بێ ئاو. تەواو گڕ. ئەوسا دووا تیریان لە سەری خائینەکەدا خاڵی دەکردەوە. "ئیتر شۆڕش ناوەکەی خۆی لە سەر خۆیەتی، یانی گۆڕانی کتوپڕ،... ئەو کتوپڕەی وا زۆر شت دەگرێتەوە!" لای سەرۆک سنووری نێوان ژیان و مەرگ هێڵێک بوو بە ناوی شۆڕش. هێڵێکی سوور و زۆر جاریش بێ رەنگ، ئەو رەنگەی تەنیا ئەو دەیناسییەوە. تەنیا ئەو.

سەرۆک رادیۆ و تەلەفزیۆنیشی هەبوو. لەم دووانەوە 'گەل'ی بێ خەم نەدەکرد. بە جوانی و بە زمانێکی حیماسی بۆی باس دەکردن بۆچی خائینان دەکوژێ. وایشی باس دەکرد کە هەموو کەس ئافەرینیان پێدەگوت و، دەیانگوت کاری باشی کرد. هەڵبەت لە رادیۆ و تەلەفزیۆنەکەدا قەت باسی قسەکانی خائینان نەدەکرا. ئاخر ئەوان هیچیان بۆ گوتن پێ نەبوو. ئەوان تەنیا خائین بوون و بەس. وەک چۆن شۆڕش تەنیا خۆی لە خۆی دەدوێ، وەک چۆن شۆڕش تەنیا خۆی تەعبیری خۆیەتی و بەس. لە کۆنەوە وتویانە هەتاو دەلیلی هەتاوە.

بەڵام سەرۆک تووڕەیە. خائینەکان کۆتاییان نایە. هەربۆیە ئیعدامەکانیش بێ کۆتان. جاری وایە هەست دەکا رێگا تەنیا خوێنە و بەس. بەڵام قەرار نەبوو وەها بێ. بەڵێن بوو رێگای بەهەشت، بەشێک لە بەهەشت بێت. "ئاە دوژمن!"، "گەر چەکی پێ نەدەبوو!" بەڵام دوژمن پێیەتی، هەمیشە پێی بووە، ئەوەتەی مێژوو بووە و هەیە. سەرۆک جاری وایە هەست دەکا لە راستیدا بەهەشتێک لە ئارادا نیە، ئەوەندەی خودی خەونەکەی هەیە. ئاواتەکان. ئا، بەهەشت تەنیا لەوێ لەناو ئەواندا هەیە و،... بەس.  

جاری وایە حەزی لە وەستانی بەربارانە. هەڵبەت کەس نابێ ئاگای لێ بێ. بۆیە لە ماڵەوە، لە خەڵوەتی حەوشەدا کاتێک هەمووان خەوتوون و کەس دیار نیە، سەرۆک دێتە دەرەوە و خۆی دەداتە بەر باران. لێدەگەڕێ جوان جوان بخووسێ. شەڵاڵی ئاو دەبێ، ئاوی ئاسمان. جەستەی وەک پشکۆ چزەچزی دێ لە ژێریدا. چزەیەکی ئەبەدی. قەت ناکوژێتەوە. سەرۆک هەمیشە گەرمایەتی. نەک لە رووی دەرەوە، لە رووی ناوەوە. بۆیە ناکوژێتەوە، ئاخر دنکەکانی باران ناگەنە دەروون. ئەوان هەمیشە بەسەر روواڵەتدا دەبارێن.

بە خۆشییەوە دونیا زۆر دەرفەت دەدا بە دەستەوە، رێگای زۆر بە دەستەوەیە. یەک لەوان کتێبە. بۆیە سەرۆک زۆر جاران لە بەر رەفەی کتێبە بێ ئەژمارەکانیدا دادەنیشێ و دەخوێنێتەوە، وەک شێتان. زۆرتر مێژوو دەخوێنێتەوە. ئەگەرچی باسی ناکا، بەڵام یەکجار رقی لە ئەدەبییاتە. لای ئەو ئەدەبییات هی دڵ ناسکەکانە. ئەوانەی لە پشت وشەکانەوە خۆیان دەشارنەوە بۆ ئەوەی خۆیان لە ئەرکەکان بشارنەوە. لە شۆڕش. لای ئەو گەر ئەدەب نەبووایە، لەمێژ بوو شۆرش سەرکەوتبوو. تەنانەت ئەو شیعر و چیرۆک و هەڵبەستانەی بەسەر شۆڕشیش دا گوتراون، بە فێڵی دەزانێ. فێڵێک کە شاعیران دەیکەن بۆ ئەوەی بڵێن ئێمەیش هەین بە بێ ئەوەی هەبن! ئای کە ئیفلاتونی خۆش دەوێ. شۆرش شتێکە لە رەگەزی ئایدیاکانی ئیفلاتون، ئەو ئایدیایانەی وشە شاعیران تەنیا لاسایی دەکەنەوە، ئەویش چ لاساییەکی قێزەون. بەڵام مێژوو لە رەگەزێکی ترە. زیندووە. پڕی مرۆڤە گەورەکانە. ئەوانەی وا لە سەرۆک دەچن و وەک ئەو تەنیا بە ئەقڵیان لە ژیان و لە نیشتمان دەڕوانن. بە بێ هیچ هەستێک. گەر هەستێکیش هەبێت ئەوا لە بنی بنەوەیە. ئەوەندە بن کە دەڵێی هەر نیشە. "بۆ ببێ!" لە کاتی خوێندنەوەی مێژوودا هەوڵدەدا وێنەی مرۆڤە گەورەکان بێنێتە بەرچاوی خۆی. لای سەرۆک بە بێ ئەم وێناکردنە، تێگەیشتن لە مێژوو مەحاڵە. بۆیە ژوورکەی پڕکردووە لە وێنەکان. ناردوویەتی بۆی بێنن. بە خۆشییەوە ئاسانیش دەست دەکەون. تەنانەت ئەوانەی وا وێنەیشیان نیە وێنەیان رۆژێک هەر دەست دەکەوێ. سەرئەنجام کەسێک دەبێ کاتی خۆی بینی بێتی، ئەگەر ئەو کەسە نەک هەزار ساڵ لەوە پێش لە گەڵ مرۆڤە گەورەکە، بەڵکو ئیستایش ژیابێ! گەر هەر دەستیش نەکەوت، ئەوا سەرئەنجام مانگێک هەتاوێک یان شتێکی لەم بابەتە دەینوێنێتەوە. مرۆڤە مەزنەکان قەت ون نابن. لە باوەشی نەک تەنیا خواوەند، بەڵکو لە ئامێزی سروشتیش دان.

کاتێ باس باسی وێنەیە، سەرۆک رقی لەم سەردەمە دەبێتەوە. ئیستا دەستکەوتنی وێنەی مرۆڤە گەورەکانی سەردەم یەکجار ئاسانە. لای سەرۆک ئەمە هەڵەیە. ئەوان نابێ ئەوەندە ئاسان وێنەیان دەست کەوێ. دەبێ ساڵانی ساڵ بگوزەرێ بۆ ئەوەی یەک وێنەیان لێ ببیننەوە. ئەویش وێنەیەک کە کەسێک لە خەیاڵی خۆیەوە کێشابێتیەوە، نەک لە ڕووی واقیعەوە. خەیاڵ وێنەکان پڕ شکۆ دەکا، دەیانکا بە شتێکی تر، رەنگە لە رەگەزی خودی خەیاڵ.

بەڵام کتێبە مێژووییەکان تەنیا بەمە راناوەستن. لای سەرۆک خۆشترین و سەرنجڕاکێشترین بەشی ئەم پەرتووکانە کاتێکە باسی کوژراوەکان دەکرێ. تەنیا فاکت و بەس. ئەوەندە کوژران، ئاوا کوژران، ئیتر بە بێ هیچ شیعر و هەڵگوتنێک پێیاندا. راتناوەستێنن. ئاخر چونکە باس باسی شتێکی ترە، باسی ئامانج، ئەوانی تر هەمووی لاوەکین، تەنیا رێگان و بەس. رێگایش دەبێ پێیدا بڕۆیت. وەک هەموو رێگاکانی تر.

بەڵام شیعر وازناهێنێ. لە یادکردنەوەی رۆژە مێژووییەکاندا هەمیشە هەندێ هاوڕێی گەمژە هەن، شێعر دەنووسن و دێن لەوێ دەیانخوێننەوە. هاوڕێ گەمژەکان،... چەندە رقی لێیانە! چەندە حەزدەکا قەدەغەیان بکا! تەنانەت چەند جار هەوڵیدا بەریان پێ بگرێ،... بۆ هەمیشە، بەڵام شتێک لە دەروونەوە پێی گوت ئیتر یەکجار وەهایش نا! بۆیە لە جیاتی ئەوەی قەدەغەی بکا، ئەویش وەک هاوڕێ گەمژەکانی تر گریا. گریا بۆ یادی شەهیدان، بۆ ئەو ساڵانەی ئارەقی تیا رشت و بۆ سرکیی خەونەکان،... بۆ نەگبەتیی ئامانج.

ساتەکانی دووای مەراسیمەکان، قورسترین ساتەکانن. سەرۆک وەها قورس دەبێ کە هەست دەکا جەستەی نەیەکجار گەورەی سەد و پەنجا کیلۆ دەبێ، بگرە زیاتر. لە دووای مەراسیمەکان، هەمیشە مێژووی لا کاڵ دەبێتەوە. ئەو مێژووەی ئەو یەکجار قەرزاریەتی. بیردەکاتەوە دەبێ هاورێیان زیاتر بۆ خوێندنەوەی کتێبە مێژووییەکان هان بدا. بڕیار دەدا لەمەبەدووا بە جێ و نابەجێ لە کاتی کۆبوونەوە و قسە و باسەکاندا باسی مێژوو بێنێتەوە ئاراوە. تەنانەت بیر لە نووسینی کتێبێکیش دەکاتەوە. کتێبێکی تاریخی. لە سەر خودی تاریخ. سەرۆک لە هەستێکی خۆش و کتوپڕیدا هەست دەکا گەیشتووتە ناخ و هەوێنی هەموو دیاردەکان و هەموو 'بوون'. وزەیەکی سەیر وەک وزەی سەردەمی گەنجیەتی رووی تێدەکاتەوە.

بەڵام شەوانە دیسان لە دۆڵەکەوە دەنگی گولەکان دێنەوە. گولە نەگبەتەکان. ئەو فیشەکانەی زیاتر لە شیعر دەچن تا مێژوو. ئەو فیشەکانەی لە گەڵ دەنگی خۆیان ئەو رستە و وشانە دێنن وا زۆرتر لە ئەدەب دەچن تا گێڕانەوە مێژووییەکان. قەڵەمە نگریسەکان. بەڵام مێژوو دەرفەت دەدا. دێتەوە یادی کاتێک لە شوێنێک خوێندبوویەوە کە سێدارەیش هەیە. دارێکی رەپ بە تەنافێکی قایم کە لە خۆی بێدەنگتر لە دونیادا دەست ناکەوێ. بزەیەک دەنیشێتە سەر لێوەکانی.

لەو رۆژەوە ئیتر چونکە لە دۆڵەکەوە دەنگی تەقەکان نایەت، سەرۆک یەکجار زیاتر ئاوێتەی پەرتووکە مێژووییەکان بووە. ئەوەندە ئاوێزان، کە لە یەکەم نوتقی ئەمساڵیدا بەڵێن بە هاوڕێیانی دەدا بەڕاستی شتێکی وەهای نەماوە بۆ سەرکەوتنی یەکجارەکیی شۆڕش،... ئەوەیکە ئەمجارە بەڕاستیەتی و ئەم هەواڵەی لە دووای خوێندنەوەی دووبارە و چەندبارەی هەموو کتێبە مێژووییەکانەوە، دەرهێناوە.

 

 

گەڕان بۆ بابەت