شرۆڤە

ئوستاد و مارگەرێتا

دانا رەئووف

 

ئامادەکاری ڕۆمانەکە، بنەما فەلسەفییەکان، هێڵە هاوبەشەکان و جۆرەکانی هەڕەشە و مەرگ، لەوێنەیەکی خەونەنمایشدا کۆدەکاتەوە و وەک داوی جاڵجاڵۆکە، بەبنەما ئابوورییەکانی ئەم ڕۆژگارەمانەوە دەچنێتەوە. هەموو نەمایشەکەیش لە شانۆیەکی ناوشانۆدا، دەبێتە تابلۆیەکی گەورەی پێشانگایەک و ئەتمۆسفێرێکی لێوانلێو لەترس.

 

ئوستاد و مارگەرێتا

دانا رەئووف

لەو ڕۆژەوەی ڕۆمانی (ئوستاد و مارگریتا)ی نووسەری ڕووسی میخاێل بولگاکەف (١٨٩١-١٩٤٠) بڵاو کراوەتەوە، بۆتە جێگای سەرنجی شانۆکاران و تائێستایش بە سەدەها جار لەسەر شانۆکانی دونیا نەمایش کراوە. ئەم شاکارە ئاڵۆزە هەردەم بووەتە جێگەی سەرنجی شانۆکارەکانی جیهان و ریژیسۆرە گەورەکان ویستوویانە، لەدیدی شانۆوە ژیانێکی تری پێ ببەخشن و برەو بە ئەزموونی خۆشیان بدەن. هەر بۆ نموونە، تەنها لە ساڵی ٢٠١٣دا زیاتر لە شەست جار لە فۆرم و شێوازی جودا و بە ئامادەکردنی جیاوازیشەوە پێشکەشکراوە، ئەمە جگە لەوەی، کە چەندین جاریش کراوە بە فیلمی سینەمائیی، ئۆپێرا، شانۆی مۆسیقی و بالێت.

لەگەڵ هەموو ئەم هەوڵانەیشدا، تاکو ئێستا تێکستێکی ئامادەکراوی شانۆیی تەواو گەڵاڵەکراو بوونی نییە، تا لەکاتی پێشکەشکردنیدا بگەڕێنەوە سەری، بەڵکو بۆ هەر نەمایشێک ڕاستەوخۆ لە ڕۆمانەکەوە ئامادە دەکرێتەوە. یەکێک لە سیما گرینگەکانی ئەم شاکارە کلاسیکیەیش ئەوەیە، خودی ڕۆمانەکە ڕێگا بۆ ئەوە خۆش دەکات، کە خوێندنەوەی جیاوازی بۆ بکرێت.

بولگاکەف لە سییەکانی سەدەی ڕابردوودا دەستی کردووە بە نووسینی (ئوستاد و مارگریتا) و بەدوانزە ساڵ تەواوی کردووە. ئەو سەردەمەیش لە ژیانی ڕووسیای ئەو قۆناخەدا، هیچ کەسێک لە کۆمەڵگای ڕووسی و ڕژێمی سۆڤیەتدا، لە ژیانی خۆی دڵنیا نەبوو، تەنانەت لەوەی سبەینێ لە ژیاندا دەمێنێتەوە یان لەناو دەچێت و بۆ هەتاهەتایە بزر دەبێت.

بولگاکەف لەدەستی تیرۆری ستالین ڕزگاری دەبێت، بەڵام ڕێگای ئەوەی پێ نادرێت، بەرهەمەکانی بڵاو بکاتەوە، ئەو کارانەیشی بۆ شانۆ ئامادەی دەکردن یان دەینووسین، نەدەخرانە سەر شانۆ. تەنها کارێک تا خۆی لەژیاندا بوو، کە سەرکەوتنێکی گەورەی بۆ بەدەست هێنا، ئامادەکردنی ڕۆمانی (گاردی سپی) بۆ شانۆ، بەناوی (ڕۆژەکانی خێزانی توربین)ەوە دەبێت؛ وەک دەڵێن ستالین هێندە بەم کارە سەرسام بووە، شانزە جار بینیوویەتی. دواتر بولگاکەف لەسەر ڕاسپاردەی ستالین لە شانۆی هونەری مۆسکۆ کار دەکات، بەبێ ئەوەی بواری پێ بدەن بەرهەمەکانی بخرێتە سەر شانۆ.

ڤۆڵاندی پرۆفیسۆر، کە یەکێکە لەفیگورە سەرەکییەکانی ئەم ڕۆمانە، شارەزاییەکی گەورەی لەسیحری ڕەشدا هەیە، ئەم پرۆفیسۆرە لەگەڵ یاوەرەکانیدا، کە یەکێکیان کابرایەکی چارەگران و ئەوی تریشیان پشیلەیەکی ڕەشی گەورەی ترسناکە، دێتە ناو شارەوە. یەکەم کەسیش کە دەیبینێت، بێرلیزۆی دەستەی نووسەران و ئیڤانی شاعیرە،بێرلیزۆی داوای لە ئیڤان کردووە، کە باسێکی ڕەخنەیی سەبارەت بە مەسیح بنووسێت، بەڵام بەداخەوە گوتارەکەی ئیڤان هەموو شتێکە ڕەخنە نییە. ڤۆڵاندیش کەیفی بەم مەسەلەیە دێت. لەپڕ ڕۆژ دەروات و دەبێت بەشەو ڤۆڵاند باسی ئەوە دەکات، کە هەر ئێستا بێرلیزۆنی دەبێت بەژێر شەمەندەفەرێکی هێڵی لۆکاڵی ناو شارەوە و دەمرێت.

(شەیتان) لەم ڕۆمانەدا، لە بەرگی پرۆفیسۆر (ڤۆڵاند) دەردەکەوێت بۆ ئەوەی هەموو شتەکان هەڵبگێڕێتەوە و پشێویەکی بێ سنوور بخوڵقێنێت، هەروەها كارەکتەر و ڕووداوەکان بخاتە نێو گێژاوێکی بێئارام و  لە ئەنجامدا هەموو شتێک لە بێ ماناییەکی ترسناکدا گیربخوات. بەڵام بێرلیزۆنی دەستەی نووسەران هیچ بڕوایەکی بەشەیتان نییە! لەم کۆمەڵگایەی بولگاکەفیش خوڵقاندوویەتی، کە وێنەیەکی ڕووسیای ستالینە، ڕاست دەبێت بە چەوت، درۆ دەبێتە ڕاستی و واقیعیش لە ئەندێشە جیاناکرێتەوە. لەم واقیعە ئەندێشەئامێزەدا، مرۆڤەکان لە شەو و ڕۆژێکدا، لەبەندیخانە گەورەکان یان لەناو گۆڕەبەکۆمەڵەکاندا ناوەکانییان بۆ هەتاهەتایە لە دۆکیومێنت و کتێبی مێژوو و بەڵگەنامەکانی تردا دەکوژێنرێنەوە.

لەم ڕۆمانەدا مرۆڤەکان بەسەر شانی بەرازەوە دەفرن، نادیارن، دەکوژرێن، زیندوو دەبنەوە، جلوبەرگەکانیان لەبەر دادەکەنرێن، بەخێرایی تروسکە ئاسا لەنێو کات و شوێنەکاندا دەگوێزرێنەوە و پرسە گەورەکانی خێر و شەڕ، هونەر و خوڵقاندن و خۆشەویستی دەوروژێن. شەیتان هێز و وزەیەکی پۆزەتیڤە، بۆ ئەوە هاتووە تا پێگە و ڕۆڵی هونەر لە کۆمەڵگایەکی گەندەڵدا ببوژێنێتەوە، کۆمەڵگایەک کە خەڵکەکەی لە ترسدا دەژین. مەسیح و شەیتان وەک دوو دیوی هەمان دراو وان؛ گەر تاریکی نەبێت ئەوا ڕووناکیش هیچ بەهایەکی نییە. بولگاکەف، لەو سەردەمەدا ڕۆمانەکەی لەسەر بنەماکانی ڕیالیزمی ئەفسوناوی، ڕەخنەی ئایدۆلۆژیا و هونەرێکی کاریکاتێرییەوە ڕۆناوە و هەموو مۆتیڤەکانی بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر تێکەڵاو کردووە.

ئەم ڕۆمانە، تا بولگاکەف خۆی لەژیاندا بووە، بڵاو ناکرێتەوە، کە لە ساڵی ١٩٤٠یشدا لەسەرەمەرگدا دەبێت، ژنی سێیەمی ڕادەسپێرێت ئەم کتێبەی لە فەوتان ڕزگار بکات و بیگەیەنێتە دەست خوێنەرەکانی داهاتووی. دوای هەوڵ و تەقەلایەکی زۆر، بۆ یەکەمجار  ڕۆمانی ئوستاد و مارگریتا لە نێوان ساڵانی ١٩٦٦-١٩٦٧دا بە کورتکراوەیی و لە ژێر چاودێرییەکی بەهێز و وردی سانسۆردا، بەزنجیرە بڵاو دەکرێتەوە، لە ساڵی ١٩٧٧یشدا، بۆ یەکەمجار بۆ شانۆ ئامادە دەکرێت و ریژیسۆری گەورەی ڕووسی (یوری یوبیمۆڤ) لە مۆسکۆ پێشکەشی دەکات. هەر دوای بڵاوکردنەوەیشی لەفۆرمی کتێبدا و بەتەواوی، دەبێتە یەکێک لەشاکارەکانی دونیا و خوێنەرێکی زۆری دەبێت.

لەسەرەتای ساڵەوە ئوستاد و مارگریتا بۆتە میوانی شانۆی پادشایەتی لە ستۆکهۆڵم و لە ئامادەکردنێکی تایبەتمەندا بۆ ئەم شانۆیە و لەنەمایشێکی چڕکراوەدا، هێڵەکانی ڕۆمانەکە لەگەڵ ڕەوتی ژیانی ئەمڕۆماندا بوونەتە دوو هێڵی تەریبی درێژکراوە و بەنێو کات و شوێنەکاندا، زۆر بەخێرایی دەڕوات.

نەمایشەکە گەمەیەکی سیحربازەکانە، مرۆڤە بێ سەرەکان بەدوای کەللەسەرەکانیاندا وێڵن، پارە بۆ هەژارەکان دەبارێت، دوای ئەوەی شمەک و شتە پێویستییەکانی خۆیانی پێ دەکڕن، لەکاسەی بازرگانەکاندا دەبێتەوە بەپارچە وەرەقەی سپیی یان میوانە چاوەڕوانەکراوەکان، لەجانتاکانیاندا بزر دەبن و لەدەرگاکانەوە فرێ دەدرێنە دەرەوە. هەموو ڕۆمانەکە، لە گەمەی سیحر و جووڵەی ئەکتەر و سەمای گروپەکەدا دەبێتە تابلۆیەکی ئەبسۆرد و شانۆیەکی میتافیزیک، کە بەرجەستەی زەمەنێکی ماتەریالیستی،زەمەنێک پڕ لە کارەسات و ترس و مەرگ، دەکات.

بۆلگاکەف ڕۆمانەکەی، وەک جۆرە هاوارێکی تاساو، دژ بە سیستەمی دەسەڵاتی ڕەها و تێرۆری سۆڤییەتە، نەمایشەکەیش وەکو هەموو ئامادەکردنەکانی تری لەمەوبەری ڕۆمانەکە، لەپرۆسەیەکی هونەریدا، سەر بەم سەردەمەی ئێستامانە و لە بنەمایەکی هێماگەلی فرەمەودا و فرەرەهەندەوە چەندین کۆدی هاوبەشی لەگەڵ مرۆڤی ئەم سەردەمە و دەسەڵاتە ئابوورییەکەی ئەم ڕۆژگارەماندا دۆزیووەتەوە.

لەبری ئەو ئایدۆلۆژیایەی، بنەماکانی دەسەڵاتی سۆڤییەتی ڕاگرتبوو، ئەو دیدە سیاسییە توتالیتارییەی ستالین پیادەی دەکرد، چەوساندنەوە بەشێوازێکی تر، بۆ نموونە پیسکەیی و دەسەڵاتی ئابووری و پارە و ئەو هەڕەشانەی ڕووبەڕووی گروپە جیاوازەکانی کۆمەڵ دەکرێنەوە، بۆتە شانە گرینگەکانی خوێندنەوەی ریژیسۆر و نەمایشەکە.

ئامادەکاری ڕۆمانەکە، بنەما فەلسەفییەکان، هێڵە هاوبەشەکان و جۆرەکانی هەڕەشە و مەرگ، لەوێنەیەکی خەونەنمایشدا کۆدەکاتەوە و وەک داوی جاڵجاڵۆکە، بەبنەما ئابوورییەکانی ئەم ڕۆژگارەمانەوە دەچنێتەوە. هەموو نەمایشەکەیش لە شانۆیەکی ناوشانۆدا، دەبێتە تابلۆیەکی گەورەی پێشانگایەک و ئەتمۆسفێرێکی لێوانلێو لەترس، بەڵام گەمەئامێز لەخۆدەگرێت. ئەم گەمەیەیش لە بەشانۆکردنێکی بەردەوامی ڕووداوەکاندا، وێنە شانۆییەکان لە ستراکتوری ڕۆمانەکەوە وەردەگرێت و دەبێتە شانۆیەکی سینەمائی، دیمەنەکان وەک ئەوەی لەسەر شاشەیەکی گەورە نەمایش بکرێن، تێکەڵاوی ئەندێشەیەکی پڕ لەخەون و فەنتازیا دەبێت. کارەکتەرەکانیش لەنێو گەمەی سیحر و ترسی مەرگ و چەوسانەوە و هەژاریدا گوزەر دەکەن.

لەم شانۆ کۆنە داروخاوەدا، بۆنی مەرگ و پیسی و کەڕوی دیوارەکان، دەبێتە ژینگەیەکی ڕووسی و ماڵێکی پڕ لەخەڵکی یەکێک لە شەقامەکانی مۆسکۆ، لەم ماڵەدا خەڵکەکە لەهەوڵی ئەوەدان (من)ە ڕاستەقینەکانی خۆیان پێشان بدەن و لەگەڵ (من)ەکانی تردا ئاوێتەی ڕووداوە واقیعیەکانی  پێ بکەن. لەم خوێندنەوەیەدا تێکستی ڕۆمانەکە، چەندە دەبێتە ڕەخنەیەکی توندوتیژ بۆ کۆمۆنیزم و بۆ رژێمە سەرکوتکەرەکان، هێندەیش دەبێتە رەخنەیەکی کوشندە دژ بەسەرمایەداری. لەگەڵ ئەوەیشدا ئاڕاستەکانی هونەر، لەنێوان ئەم دوو سیستەمەدا، کۆمۆنیزم و سەرمایەداری گۆڕانکارییەکی سەراپاگیری بەسەردا دێت و دەبێت بە شتێکی میتافیزیک و لە دەرەوەی ڕێساکانی هەموو جۆرە ئایدۆلۆژییایەکەوە کاردەکەن.

ریژیسۆری شانۆنامەکە، بۆ دووپاتکردنەوەی وێنە شانۆییەکانی و ڕوونکردنەوەی ڕەهەندە فیکرییەکەی و بەرجەستەکردنی شانۆیەکی فیزیکی پڕ لە جووڵە و سەما و ئاماژە، دەگەڕێتەوە بۆ بنەما لێکچووەکان و هێڵە هاوتەریبەکانی فاوستی گۆتە، خەونی شەوێکی چلەی هاوینی شەکسپیر و خەونەنمایشێکی ستریندبێرگ. بۆ نموونە مارگریتا دەبێتە کارەکتەری ئاگنێس، کچی ئیندرای خواوەند لە شانۆنامەی (خەونەنمایشێک)دا و بەدوای ئازارەکانی مرۆڤەوەیە. ریژیسۆری نەمایشەکە، لەگەمەیەکی هونەری تردا، ڕۆڵی ئوستاد، نووسەری ڕۆمانەکە، کە کتێبێکی لەسەر ڕووداوەکانی ناپاکیکردن لە مەسیح نووسیوە، بەخشیوە بە ئەکتەرێکی ئافرەت. پەیوەندییە خۆشەویستییەکەی نێوان نووسەر و مارگریتایش دەبێتە پەیوەندییەکی سێکسەناسازی نێوان دوو ئافرەت. گۆڕینی کارەکتەری ئوستاد لە پیاوێکەوە بۆ ئافرەت، گۆڕینی ئەو بەها پیرۆزەی ڕۆمانەکەیە، کە لە کارەکتەری پیاوێکدا بەرجەستە دەبێت، کە لەوێدا مارگریتا هیماگەلی بەها پیرۆزەکانی چاکە و خێرخوازییە.

ئوستاد و مارگریتا، لەجەستەی دوو ئافرەتدا، لەسەردەمێکی پۆست مۆدێرنیزم و گولوبالیزمی ئەم ڕۆژگارەماندا، چەندە ڕەهەند و کۆدێکی تر دەبەخشێت بە ڕۆمانەکە و ڕاڤەیەکی لۆژیکیشە بۆ ئەتمۆسفێر و گوزەران و سیاسەتی کولتووری ئەمڕۆی ئەوروپا. پێکەوە ژیانی دوو ئافرەت، لە  بری ئافرەت و پیاو، چەندە بۆتە میکانیزمێکی نوێ و هێمایەکی پێشکەوتن و پێکەوە ژیان، هێندەیش بەتایبەتی لە هەندێک وڵات، لەوانەیش ڕووسیا، بۆتە دێوزمە و تاپۆ و هەڕەشە، لەبنەما کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵ و هێماگەلە دێرین و داب و نەریتە پیرۆزەکانی ژن و پیاو.

 

سەرچاوە: ئەندێشە

 

Bilderesultat for frykt