شێعر و پەخشان

زەریی بێشەڵان

نه ژاد عزیز سورمێ

هەرچیم بێتە رێ
پێش سەرەتا و دواى کۆتایی
لەسایەى تۆ
پیاڵەم هەرگیز بەتاڵ نییە.

 

 

زەریی بێشەڵان

نه ژاد عزیز سورمێ

 

(دەبووایە / بەبێی / من / خوێنپژانى / بێهوودەیی و / دڵى /

ڕۆشنى / پەپوولان و / گیای / کەسکتر / ببینى.. /

چ / دەبوو / رۆژگار / لە / دەنکە / زەیتوونێک / کۆبێتەوە.. /

چ / دەبوو / ئەوەندەم / خۆشنەویستباى؟ / …)

لەڕەشنووسى یەکەمەوە

 

 (1)

چڵى لە باڵى هەڵۆ دەچێ

سێبەرى مەرگى ناگەهان

خۆهەڵتەکاندنى ژیان

درەختى ئەبەد.

 

(2)

یەکەمین جارە قژ ببینم

ڕووەو کەشکەڵان تەرز باوێ

 

(3)

هەموو جارێ شەڕ دەستى پێدەکردەوە

سەرى پەناگەمان

بەگەڵاى ئەفسووناوى ئەو دەگرت.

لەگەڵ ئەودا

زە ین دەمانباتەوە ماڵى یەکەم،

کە هێشتا نەکەوتبوینە (بیر) ى تاکایەتى.

(4)

ئەوە ڕەنگ نین

ئەوە ئاوى ڕەوانە

لەژێر خاکدا،

خۆى لێک دەکێشێتەوە.

دیارە بە تەنیاییم دەزانێ

باڵات دەدەیتە بەر خۆرو

یاریی بە ئەستێران دەکەى.

 

 

(5)

کەپاڵ بەتۆوە دەدەین

دەبێ سیاسەتی چاوغایەنی

لەبیر خۆمان ببەینەوە.

ئەو پشکۆیانەى

لە ئینجانەى گوڵاندا داڵدە دەدرێن

چاویان لەچاوى هیوا دەچێ..

(6)

هەرچیم بێتە رێ

پێش سەرەتا و دواى کۆتایی

لەسایەى تۆ

پیاڵەم هەرگیز بەتاڵ نییە.

(7)

بەو ساردەکێڵە هەڵخەڵەتام

سێبەرى تۆیان دەچووەوە سەر

بادە تاوى بۆ نەهێنام

پێگوزەر چەپڵەى لێ کوتام،

نەرمەخوناو تواندمیەوە

ئەى ڕاز

ئەى هێرشی مەینەت

گەواڵەى بەلەنجەولار.

 

(8)

پێدەچێت لە باران دا ونبووبم

ئیتر کەس ناتوانێ تەڕم بکا

هەڵەیەکى تفتە

ئاسمانى پایز بەخۆت دابدەى

هەوارێکى شیرینە

هاوینى تۆزاوى بنێژى.

(9)

لێت نزیکم

هەست بەلێدانى دڵت دەکەم

وشە پێ ناوەستێ

وشە بەو ساتە شیرینە

هێرشبەرانە ناوەستێ

هیچم بۆ لێک مەدەرەوە

هەست بە لێدانى دڵت دەکەم و بڕایەوە.

(10)

نیشانە ڕاست نەبوو

دڵى من بوو بریندار

سڵاو برادەر

دەبینى پێک دەگەینەوە.

بایی خۆمان ژیاین

بایی خۆمان پێکەنین ، گریاین

داخ کە نەمانتوانى

بایی خۆمان ڕاستگۆبین.