شێعر و پەخشان

تۆ بڵێى چوارڕیانەکان بژمێردرێن و بزانین ژمارەیان چەندن

سەباح رەنجدەر

ئێرە و شوێنانى تر و دۆزەخ و بەرزەک و بەهەشت و خەڵوەتگا بەین و نابەینێ هەوا دەگۆڕن و لەناکاو دەمرن کەڵەکێوى وەرە دەمەوێ دواى خەونبینینێک بتبینم.

 

 

تۆ بڵێى چوارڕیانەکان بژمێردرێن و بزانین ژمارەیان چەندن

سەباح رەنجدەر

من دژى تۆ لە چوار لاوە چاویان لەسەر سێرە بچووک کردووەتەوە مەبەستمە مرۆڤ هەمیشە مەستى و مەبەستێکى هەیە   ئەو چوارڕیانە ببڕم و لە چاوى مۆنى گولەدا لە خۆم بڕوانم غەریب نەبم بە خۆم خۆشحاڵیى شەهیدنەبوویەک پێى لە شەقامى قەدەغەکراو دانا چاوى ڕکهەڵگرى سەر سێرە تا لێوارى تەقین پڕ هەڕەشە بوو   بچووک بووەوە بچووک  تا ژوورى گلێنەى پەردەى دادرایەوە کاتێک پێڵووى ڕقى خاوبووەوە من دەستم بە دڵمەوە گرتبوو  ڕەت ببووم   ژیان زۆر درێژ بوو لەناو چوارڕیاندا چاوى ئەو کاتە چەند ڕوون بوو خۆشحاڵیی من هۆیەک بوو بۆ ئەوەى ڕوون بێت چاوى ئاوێنەى مەرەکەب پرشنگ لە چاوى بازى کێوان وەردەگرێت و چلچراى یاد دادەگێرسێت.

ئێستا چى دەکات

ڕابردوو چى کرد

ئەرێ دەبێ داهاتوو چى بکات

لە سەرەتاى شەوەوەش ئاوێنە کوێر دەبێت بە دوو دەست لک و چڵەکانى ناو تەمم لادا ڕۆحم بە موورتک و بەڵاڵووکى پەرژینى باخێک هەڵواسی خۆر بەسەریەوە پشووی دەدا میوەکانى گەیبوون گولە لێى دەکشێتەوە و هەڵدەبزڕکێت مانگ ئاوا نابێت لەناو ئاودا دەخنکێت کە هەڵدێ دەیەوێ لەناو ئاودا بمرێت یان بەلادا بچێت و سروودى شەوى ڕوون بە ئاوازى باو بچڕێت   ئەگەر ئەستێرە سڵاوى  لێ وەربگرنەوە  ئەوە بێ پەروا لە بێهوودەییدا دەمرێت ئەگەر سڵاوى لێ وەرنەگرنەوە ناوى ئەو بەردانە لەبەر دەکات کە بۆ کێل دەتراشێن ماچى دەکەم و بەترسەوە سەیرى دەوروبەر ناکەم و شەش جارى تر ماچى دەکەم   ڕوخسارێک هەمیشە دەمەوێ بیهێنمەوە یاد وەک ڕۆژى ڕووناک ساکار و هێمنە سەیرکە دەبینم مانگ دەگۆڕێ   مانگ گۆڕانێکى نهێنییە لە دەروونى مرۆڤ و ئاژەڵ و باڵندە و پەلەوەر و زیندەوەر پاشان سروشت  دەبێت بزانیت جەنگى نهێنى بکەین جەنگى نهێنیى مرۆڤ و ئاژەڵ و باڵندە و پەلەوەر و زیندەوەر و سروشت.

ئاسمان شۆراوە بێنەواى شەوبا هێناو کڕنووش دەبا   ناوچەوانى بە ڕوونى ناو یاقووت دەکات گۆزە بەسەر زەویدا قڵپ دەکاتەوە و زەوی دەشۆرێت ئاسمان لە زەویی شۆراو شەرم دەکات   کەڵەکێوى گۆزە بەشاخیانەوە هەڵدەگرن لە ئاگرى دۆزەخ پڕى دەکەن و بۆمان دەهێننە خەڵوەتى گەرم   خەڵوەتگا سەرى بە ئاگرى یەکەمین سووتان داپۆشراوە.

چوارڕیان و شوێنى تر

گۆڕەپانى یارى و شوێنى تر

ناوەندى شار و شوێنى تر

ئێرە و شوێنانى تر و دۆزەخ و بەرزەک و بەهەشت و خەڵوەتگا بەین و نابەینێ هەوا دەگۆڕن و لەناکاو دەمرن کەڵەکێوى وەرە دەمەوێ دواى خەونبینینێک بتبینم ئەو پێى گوتم لە بیرم چوو حەوت خەولێکەوتووەکە یان حەوت تەزیوەکەى ناو ئەشکەوت هێشتان ئاهەنگى هەنگاویان نەگێڕاوە و گەرمیان نەبووەتەوە ڕەنگى تیشکى خۆر و هاوئاوازى مرۆڤ و ئاژەڵ و باڵندە و پەلەوەر و زیندەوەر و سروشتیان نەناسیوە من بە سێ پشت لە حەوت خەولێکەوتووەکە یان حەوت تەزیوەکەى ناو ئەشکەوت گەورەترم و ئاگرى یەکەمین سووتان لێى داوم

 

ئەشکەوت هەمووى لەناو کۆتایى خەڵوەت و دەرگا داخستنى خۆیاندان لاپەڕەکانى کتێبى ئاسمان کپن لەمێژە دەرگا خۆشاوى سڵاو نانۆشێت خەونى پاراو لەمێژە لاپەڕەى حەوت ڕەنگى پڕبووەتەوە لەمێژە نامە ناخوێندرێتەوە لەمێژە گەنجینە بووەتە خۆڵەمێشێکى سارد لەمێژە نقێمى ئەنگوستیلە ئەفسوونى تێدا مردووە  لەمێژە ماچى وەفا و ئاشتبوونەوە ساردبووەتەوە لەمێژە خەوتووەکان خەون بۆ یەکتر ناگێڕنەوە و بەخەونى خۆشى یەکتر دڵخۆش نین بەقووڵى چووینەتە ناو خەون و هەرچى خەونمان هەیە دەیخەینە سەر پشتى ئەسپ و بەرەڵڵاى ناو گیاى تەڕى دەکەین تا دەگاتە دوا سنوورى خوانى خودا   سوارچاکى سروشت دەیگرێتەوە و دەیهێنێتەوە دەرگاى ماڵمان خۆشاوى سڵاوى دەنۆشێت و خۆشحاڵى دەنوێنێت کڵۆیەک شەکربوو لە خوناوى هەواڵێکى خۆشدا توایەوە گیاى تەڕ چرکەکانى مرۆڤ و ئاژەڵ و باڵندە و پەلەوەر و زیندەوەر و سروشت دەژمێرێت بولبول لە تەنیشت گوڵى پشکووتوو پەلوپۆ و پەڕوباڵى لە ئاوى پاک هەڵێناوە و چێژ لە پێ لەسەر عەرد دانان وەردەگرێت نیگاى ئاشنا و نیوە ئاشناى دەزووى مۆم خوێنى بەجۆش هێنام خوێنم جۆشا دەتوانم یەکپشى بکەومەڕێ تا گوڵى نەرم و نیانى فریاکەوێ چرپەیەک لەبەر گوێى پەپوولەى نیشتووەوەى بەردەمى مارى کلکسەردا بکات بچێتەوە لاى چراى یەکەمین ڕووناکی و خۆرێکى گەرمى بەسەرەوە بێت خۆر یەکە و نابێتە دوو ئاگرى  یەکەمین ڕووناکى  نەرمە و باڵ ناسووتێنێت.