ئامادەکردنی سایتی قەڵەم

ئەورووپا خەونەکانی مرۆڤی رۆژهەڵاتی ستەم لێکراو تا ڕادەیەک بە دی دێنێ، مرۆڤی رۆژهەڵاتی کاتی دەگاتە ئەورووپا وەک ئەوە وایە دەستی لە هەورو ئاسمان دا بێ و سەرچاوەی باران بارینی بە چاوی خۆی بینی بێ!

 

 

وتووێژ لە گەڵ هاوڕێ نەهرۆ

ئامادەکردنی سایتی قەڵەم

 

١ـ لە پێشدا حەزدەکەین کەمێک خۆت بۆ خوێنەران بناسێنێ. ئەوەی کە لە چ ساڵێکەوە کاری نووسین دەکەی و، لە چ بوارێکدا سەرقاڵی نووسینی؟

ـ  دیارە من بەناز ناوی هاورێ نەهرۆ ناسراوم. بابەتیش هەر لە ژێر ئەم ناز ناوە بڵاودەکەمەوە. خولیای نووسین لە هەرزەکارییەوە لە هزرو ئەندیشەم چکەرەی کرد. لەژێر کاریگەری شاعیرانی عەرەب وەک ئەبو قاسم ئەلشابی و مەحمود دەرویش و فؤاد ئەحمەد نەجم و شاعیرانی دیکە کە لەقوتابخانە دەمانخوێند، منیش دەستم دایە دەق نووسین و لاسایی ئەوانم دەکردەوە چ لە لایەن حەماسەتی شۆرشگیرییەوە بێ، یان لە لایەن شێوازی دەربرین. جگە لەوەش ناو بەناو نامەم دەنارد بۆ گۆڤارە عەرەبیەکان وەک خوێنەر. لەڕاستی دا لەدەورانی مناڵی و هەرزەکاریم زۆر بەچاوی بایەخەوە دەمڕوانییە ماڵێکی دراوسێمان و پێیان سەرسام بووم. باوکەکەیان پیشەی حەللاج و لیف دوورین بوو، هاوسەرەکەی کاری ئافرەتانی رایی دەکرد، وەک دەم چاو هەڵگرتن. سێ کوڕی گەورەی هەبوون زۆر دەست ڕەنگین بوون. هەر یەکەیان لە بوارێک دا، یەکەمیان خۆشنووس بوو، دووەمیان بە گەچ و تێل پەیکەری دروست ئەکردو دواتر دوکانی بەرگ دووری دانا، سێیەمیان ماتۆری چاک ئەکردەوە لە ماڵەوەش ئامیری گیتاریان هەبوو. منیش دەمویست لاسایی ئەوان بکەمەوە. رۆژێکیان قالبی بەتاڵی شێرو شەمشیرێکم دۆزییەوەو شووشتم و چەورم کردو دواتر گەچم تێکرد، دوای وشک بوونەوە، دەرمهیناو بە ژووری میوان دا هەڵمواسی، چەند سەعاتێک تێپەری دیار نەما، تومەز دایکم شکاندویەتی! دواتر حەزم لە خۆشنووسی بوو، بەڵام دایکم هەمیشە دەیگوت تەنیا وانەکانی قوتابخانە بخوێنن لە کاتێکدا هەموو ساڵێ یەکەم بووم لەسەر ئاستی پۆل!

هەر لە هەرزەکارییەوە دوور خرامەوە لە حەزو خولیای خۆم کە هونەرو ئەدەب بوو. باوکم لەبەر ئەوەی زوو فریای یارمەتی ماددی خیزانە گەورەکەمان بکەوم منی ناردە ئامادەیی پیشەسازی لە بەشی کارەبا. دواتر ئەوە بوو لە دوا ساڵی خوێندن پلەی بەرزم هینا منیان ناردە پەیمانگەی تەکنۆلۆژی لە بەغدا.

سەبارەت بەوەی چ ساڵێک نووسینم بڵاوکردۆتەوە، ساڵی ١٩٨٩ بوو لە رۆژنامەی رێگای کوردستان بابەتێکی سیاسی رۆژم بڵاوکردەوە. هەر لە هەمان ساڵ دا دوو نامیلکەم لە زمانی فارسی یەوە وەڕگێرا، یەکێکیان نووسینی عەزیز نەسینی بوو بە ناوی نەخۆشی شەکر (مرض قند) دووەم کورتکراوەی رۆمانی دونکیشوتی سیرڤانتیش بوو. دیارە ئەو دەمە توانای چاپەمەنیمان دیاری کراو بوو. لەشاخ هەر یەکەوە نزیکەی پەنجا دانەیان لێ چاپ کرد بە رونیوی دەستی. دواتر نامیلکەیەکی لینین بە ناوی دوو تاکتیکی سوشیال دیمۆکرات لە زمانی فارسییەوە بۆ رێکخراوی رەنجبەرانی ئیرانی وەرگێڕاو لە چاپیان دا. سەبارەت بەوەی لە چ بوارێکدا سەرقاڵی نووسینم ئەوە باکگراوندو زانیاریەکانمە پاڵم پێوە دەنێ بۆ نووسین لەهەر بوارێک دا زەمینەی ئامادەبێ.

٢ـ لە بەرهەمەکانت دا وادەردەکەوێ کە لە بواری جۆربەجۆردا خەریکی نووسینی. بۆ وێنە وەرگێڕان، نووسین لە بابەت سایکۆلۆژی، بابەتی سیاسی و...، چ شتێک هاوڕێ نەهرۆ هاندەدا کە وەها بەرفراوان لە پانتایی نووسیندا بجوڵێتەوە؟

ـ سەبارەت بەوەی من لە چەند بوارێکدا دەنووسم و کاری وەرگێڕان ئەکەم، وەڵامەکەی ئەوەیە زۆر گرنگە نووسەر ئەو بوارەی تیا ئەنووسی شارەزایی هەبێ. منیش هەندێ جار لە بوارێکی دیاریکراودا زانیاریم لا کەڵەکە ئەبێ بە هۆی خوێندنەوەو ئەزمونی رۆژگار، پێم حەیفە ئەم زانیارییە لە چوارچیوەیەکی نووسین نەخرێتە بەردەم خوێنەران. دیارە نووسین لە چەند بوارێک دا دەگەرێتەوە بۆ شارەزایی نووسەر لەو بوارانە، ئەگینا هیچ هۆکارێکی دیکە نییە وەک خۆدەرخستن خوانەخواستە!

بێگومان ئەوەی هانی نووسەر ئەدا لە پانتاییەکی بەرفراوان بجوڵێتەوە زانیاری و مەعریفەو ئەزمونە. نووسەر ئەگەر لە بوارێک دا شارەزا نەبێ ناتوانی یاخود دەسەڵاتی ئەوەی نییە دوو دێریش لە بارەیەوە بنووسی، بەڵام کاتێ نووسەر چەند لاپەرەیەکی دەربارەی بابەتێکی دیاریکراو پێشکەش ئەکا، ئەم پروسەیە خۆی لە خۆی دا شارەزاییە، گەرچی شارەزایی و شارەزا بوون چەمکێکی رێژەییە. وتەیەکی باو هەیە دەڵی لە هەموو شتی شتێک بزانە لە شتێکی دیاریکراویش هەموو شتێ. رێک وایە من لە بارەی دیارە گشتییەکانەوە چەردەیەک دەزانم بەڵام لە بواری کایەی نووسین بنج و بنەوانی شاڕەزام کەواتە هەموو زانیارییەک بەشیوەیەکی تەوزیفی و رێک و پێک دەخەمە پێناوی نووسینەوە. کایەی نووسینیش بۆیە ئەنجامی ئەدەم لە پێناوی سود گەیاندنە بە خوێنەر لەسەر تێکرای رەهەندەکان.

 

٣ـ لە هەموو ئەم بوارانەدا، کامیان زیاتر سەرنجت رادەکێشێ و زیاتر کات و وزەی بۆ تەرخان دەکەی؟

ـ لەو بوارانەی کە ئەسپی نووسینم تیا تاو داوە زیاتر حەزم لە بابەتی ئەدەبییە بە باکگراوندێکی سایکۆلۆژی قوڵەوە. من دەمەوێ لە ٧٠٪ی وزەم تەرخان بکەم بۆ بواری ئەدەبی، لە هەمان کات دا لە ٣٠ ٪ وزەشم تەرخان بکەم بۆ نووسین لە بواری سیاسەت دا. گەرچی ئەم دوو لایەنە هارمونیەت و تێکەڵاوێیەک لە نێوانیان دایە. ئەم رێژە بەندییە مانای ئەوە نییە من بایەخی کەمتر بە لایەنی سیاسی ئەدەم، نە بەڵکو مەبەستم ئەوەیە دەقی ئەدەبی زیاتر ڕاستگۆیانە ترە، مۆرکێکی مرۆڤ دوستی پێوەیە، بەرهەمەکان تارادەیەک بە نەمری دەمێننەوە. گەرچی وەک برای نووسەر فەروخ نیعمەت پور لە نووسینیک دا دەڵێ ئەدەب وەهم دروست ئەکا بەڵام سیاسەت کردەی فیزیکی وەهم بەرجەستە ئەکا، لە کاتێکدا ئەدەب زەمینە سازی ئەکا و گۆرانکاری لە ئەندیشەو خەیاڵ ئەخوڵقێنێ بەڵام سیاسەت هێزی فیزیکی فەراهەم و ئامادە ئەکا و دیاردەی واقیع دەگۆرێ لە دۆخێکەوە بۆ دۆخێکی تر!

بە واتایەکی تر من بۆیە لەسەر ئەدەب ئیش ئەکەم تا گۆرانکاری جوان و شایستە لە واقیع دا بێتە بەرهەم! رێک وەک مەکسیم گۆرگی لە هەندێ رووەو بیر ئەکەمەوە، ئاخر ئەوە رۆمانی دایک بوو بە گوتەی لینین ١٥ ساڵ شورشی ئۆکتۆبەری پێشخست.

 

٤ـ لە ژیانتدا لە دوو شوێنی تەواو جیاواز ژیاوی، لە کوردستان و لە نۆروێژ. ئەمە چ کاریگەرییەکی لە سەر بەرهەمەکانت هەبووە؟

ـ ئەم پرسیارە زۆر لە جێی خۆی دایە. شوێنی نیشتەجێ بوون بۆ نووسەر زۆر گرنگە. یادەوەری رۆژهەڵات کە کوردستانە و رۆژئاوا کە نەرویجە دوو دیاردەی جیاوازی جیان. لە رووی مێژووییەوە، لەرووی ئاینی یەوە، لە رووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە، تەنانەت مێژووی دێرینی دیمۆکراسی لەم دوو بەشە وەکو یەک نیین، ئاسمان و رێسمان فەرقیانە. من کاتێ لە کوردستان دەژیام زۆر حەزم دەکرد ئەوروپا ببینم بەمانای ئەوەی من دەمەوێ ئەو دیوی شتەکان کەشف بکەم، لەبەر ئەوەی نموونەی باڵای وڵاتی خۆمان ئەورۆپایە. منیش کە حەزم کردووە ئەورۆپا ببینم بە مانای گەیشتن بە هەقیقەتەکان و دیتنی ئەو وێنەو دیمەنانەی کە هەر لە مناڵێ یەوە بەهۆی پروپاگەندەی ئەورۆپاوە لە سەر پەردەی مێشکمان چەقیوە.

ئەورۆپا خەونەکانی مرۆڤی رۆژهەڵاتی ستەم لێکراو تا ڕادەیەک بە دی دێنێ، مرۆڤی رۆژهەڵاتی کاتی دەگاتە ئەورۆپا وەک ئەوە وایە دەستی لە هەورو ئاسمان دا بێ و سەرچاوەی باران بارینی بە چاوی خۆی بینی بێ!

سەبارەت بەوەی ئەم دوو دونیایە چ کاریگەرییەک لەسەر بەرهەمەکانم داناوە، بێگومان کاریگەری زۆرە، ئەگەر من تەنیا لە کوردستان ژیابام تەنیا ڕەنگێکی ژیانم بینی بوو بەڵام کە هاتم بۆ ئەورۆپا ڕەنگەکەی ترم بینی کە تیایدا روانینیان جیاوازە بۆ مرۆڤ، گەرچی لایەنی لێکچوو لە نێوان هەردوو لا زۆرە بەڵام لە هەمان کاتدا خاڵی جیاوازی زۆریش بەدی دەکرێ من لە بابەتێکی سەربەخۆدا بە نووسین باسی ئەم جیاوازیانەم کردووە. خوێنەر دەتوانی بگەرێتەوە بۆ ئەرشیفی نووسینەکانم لە ماڵپەری ئیمرۆ.

 

٥ـ زۆرتر چ دەخوێنیتەوە؟ ئەم خوێندنەوانە بە چ زمانێکن؟

ـ ئاخۆ زۆرتر ئەخوێنمەوە یان ئەنووسم، بێگومان زۆرم خوێندۆتەوەو ئێستاش دەخوێنمەوە کەمتر دەنووسم وەک سارتەر دەڵی ژیان لای من پروژەیەکی هەڵگیراوی ئایندەیە!

سەبارەت بە چ زمانێک دەخوێنمەوە، ئەم پرسیارە هەندێک گشتگیرە، ڕەنگە ئەوا بکرێ باشە: "پێت خۆشە بە چ زمانێک بخوێنیتەوە؟"، بێگومان زمانی کوردی و عەرەبی تا ڕادەیەکیش فارسی بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە بەزمانی نەرویجی یان ئینگلیزی بۆم برەخسێ ناخوێنمەوە، بەڵی بە پێ توانای خۆم نەرویجی ئەخوێنمەوە بەردەوامیش لە هەوڵی پێگەیاندنی زمانە ئینگلیزیەکەم. زیاتر لە بواری ئەدەبی دەخوێنمەوە، زۆر حەزم لە خوێندنەوەی رۆمانی تێکرای رۆمانەکانی ئەمین مەعلوف و ئورهان پەمۆک وباولو کویلهوم خوێندۆتەوە وێرای رۆمانە کلاسیکیەکان کە پیویست ناکا ئاماژە بە ناوی هەموویان بکەم. هەندێ جاریش بابەتی سایکۆلۆژی دەخوێنمەوە و ئەنالیزەی خۆمیش هەیە لەم بارەیەوە. بە پێ دەرفەت و زەوق و کات بابەتەکانی دیکەش دەخوێنمەوە کە سەرنج ڕاکێشن، سەبارەت بە زمانی تورکیش ئیشم تیا کردووە بەڵام ئیدیعای پیرفێکتی تیا ناکەم وەک پرۆژەیەکی ئایندەی نەتەوەیەکی دراوسێ چاوی لێ ئەکەم و بۆی دەروانم. گەرچی رژیمی فاشی ئاینی ئێستای تورکیا زۆر دڕندەیە بەرانبەر مافەکانی گەڵی کورد، بەڵام من گەلی تورک و زمانەکەیانم خۆش ئەوێ، من جیاوازی دائەنێم لە نێوان دەزگای رژێم و گەڵێک کە رەنگە زۆر دەنگی ئازادیخوازی تیا هەبێ.

 

 

٦ـ کاریگەریی چەند زمانە بوون زۆرتر لە کوێدا دەبینی؟ ئایا دەتوانی نموونەیەکی کۆنکرێتمان بدەیتێ لەم بوارەدا؟

ـ سەبارەت بە کاریگەری چەند زمانە لە کوێ دا ئەبینم، زمانی هەر نەتەوەیەک دەسەڵات و مەعریفەیەکی سەربەخۆیە، شوناسی نەتەوەیە، کۆدی تایبەتی خۆی هەیە، جیهانبینی و شێوازی دەڕبرینی خۆی هەیە. زمان جیهانی شاراوەی نەتەوە بگرە تاکیش ئاشکرا دەکا. مەبەستم سیمبولەکانی زمان و خوێندنەوەی ژێر زمانە.

نووسەر چەند زمان بزانێ ئەوەندە دەوڵەمەند ئەبێ بە وشەو بەشێوازی بەکارهینانی لێرەدا مەبەستم درێژدا دڕی بیهودەیی نییە، نووسەر چەند فرە زمان بێ ئەوەندە ئاشنای دیوی شاراوەی زمان ئەبێ و کایە بە ماناکانی زمان ئەکا لە ئەندیشەی خۆی دا. وەڵامی کۆنکریتی بۆ کاریگەری چەند زمانە، زمان بریتی یە لە دەسەڵات کە نووسەر کۆدی نهێنی ئەو دەسەڵاتە بدۆزێتەوە ترسی دەشکێ لە بەرانبەر بیستنی هەیبەت و هەژمونی دەسەڵاتی ئەو زمانە! زانینی زمانی جیاواز بە واتای کردنەوەی ئەڵقەی زنجیری رەهایی یە لە یەکترو تەقاندنەوەی خەیاڵە بەرەو ئاسۆی متمانە بوونی نووسەر بە خۆی.

 

٧ـ داخۆ بەتەمای سەرئەنجام بەرهەمەکانت لە دوو توێی کتێبێکدا چاپ بکەی؟

ـ سەبارەت بە چاپدانی بەرهەمەکانم تا ئێستا دوو پەرتووکم هەیە بە چاپی ئەلکترونی ئەوانیش پەرتووکێکیان کۆمەڵی کورتە چیرۆک لە خۆ دەگرێ بە ناوی ملوانکە دووەم نامیلکەیەکی ترە بە ناوی دەقی یاخی کە دەقێکی درامی تەوزیفی یە. هەروا کورتە رۆمانێکم بە ئەلیکترونی چاپ کراوە بەنێوی خانە خەمینەکان بەڵام لەبەر هۆی تایبەت لە بڵاوکردنەوە رامگرتووە، ئێستاش پەرتووکێکی بە زمانی عەرەبیم ئامادەیە بۆ بڵاوکردنەوە بە نێوی ( نصوص درامیة). بێگومان لەبەر تەنگەژەی دارایی تا ئێستا نەمتوانیوە نووسینەکانم لە چاپی کاغەزی بڵاوبکەمەمەوە لە حاڵی حازر.

 

٨ـ وەک دووا قسە و دووا سەرنج بۆ خوێنەری ئەم چاوپێکەوتنە؟

ـ دوا وتەم بۆ خوێنەرانی ئەم چاوپێکەوتنە، سوپاسی بێ پایانی سایتی قەڵەم ئەکەم کە ئەم دەرفەتەیان بۆم رەخساند بەشێوەیەکی زیاتر ڕاستەوخۆ بتوانم لەگەڵ خوێنەرانی بەرێز قسەوباس بکەم و ڕازو نیازی دڵم دەربڕم. دوا سەرنجم ئەوەیە ئێمە وەک گەلی کورد یەکەیەکی یادەوەری دیاریکراوو هاوبەشین بە هەموو جۆرەکانی بیرکردنەوەو ڕەنگەکان، شینمان شینەو شاییمان شایی، هەر کەسەو لە ئاستی خۆی وەک مێش هەنگ کارو ئەرکی خۆی ئەنجام بدا بە بێ چاوەروانی پاداشت و تیشکی ڕاگەیاندنەکان، دڵنیا بن کەسایەتی ڕەسەن و ڕاستەقینە لە هەر بوارێک دا زوو یا درەنگ دەرئەکەوێ و شوین پەنجەی خۆی بەسەر لاپەرەی میژووی گەلەکەمان ولەسەر ئاستی جیهانیش تۆمار ئەکا.

 

 هاوڕێ نەهرۆ

گەڕان بۆ بابەت