چیرۆک

کۆشکێکی پڕ نهێنی

 

لە ئینگلیزییەوە: محەممەدئەمین مەجیدیان

"زۆر درەنگ هاتوویەوە." ژنەکەی وتی. ئەو دەنگە شیرین و ئاساییەی جارانی گۆڕا بوو. مۆسیۆ دو میریت وەڵامی نەدایەوە، چونکە هەر لەو کاتەدا رۆزالیا هاتە ژوور. ئەمەش بۆ ئەو وەک هەورە گرمەیەکی وڕکەر وابوو.

 

کۆشکێکی پڕ نهێنی

لە ئینگلیزییەوە: محەممەدئەمین مەجیدیان

ئانور دو بالزاک

١٨٥٠ ـ ١٧٩٩

ئانور دو باڵزاک ساڵی ١٧٩٩ لە تورز هاتۆتە دنیا. لە سەرەتای لاوەتیدا بە دوای ژیان شارەکەی خۆی بەجێدێڵێ و بە کاری چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب لە پاریس دەگیرسێتەوە، بەڵام بەهۆی سەرنەکەوتنی لەم کارەدا، بە جۆشێکی تەواو، بە بێوچان دەست بە نووسین دەکا. هەتا کۆتایی تەمەنی، کۆمەڵێ رۆمان بەرهەم دێنێ،  ئەمەش ئەو دەکاتە یەک لە  گەورەترین رۆمان نووسانی جیهان.

لە کتێبی کۆمێدی مرۆڤیەکەی(uman Comedy‌‌H) باڵزاکدا چەندین کورتە چیرۆکی تێدایە لە نەوعی خۆیاندا یەکەمن؛ ئەم کورتە چیرۆکانە لە رابردوو بڕاون.   کارەکەی باڵزاک سروشت و تایبەتمەندییەکی سەردەمیانەی پێوە دیارە، کە نیشانەیەکی بەرچاوی هەموو هونەرێکی گەورەیە.

کۆشکێکی پڕ نهێنی، یەکێکە لە گەورە چیرۆکەکانی دنیای مۆدێڕن. 

ئەم چیرۆکە لە لایەن کۆمپانیای'(Great Short Stories, Collier`s sons,New York.) چاپ کراوە. ناوی وەرگێڕەکەیشی  بۆ زمانی ئینگلیزی نەزانراوە. عنوانی چیرۆکەکەیش La Grande Breteche بووە. ( لە رووی ئەم دەقەوە کراوەتە کوردی)  

                   

                    کۆشکێکی پڕ نهێنی

سەد یاردێک* دوور لە شارەکەی ڤێندۆم(Vendome) لەسەر سنووری  لۆیر(Loire)، کۆنە خانوویەکی بۆرەکەی لێیە، دیوارێکی بڵیندی سەربان لێژ دەوری داوەئەم خانوە لە شوێنێکی ئەوەندەش چۆڵەوانی هەڵکەوتوە، لە نزیکیەوە نە دەباغخانەیەک، نە خانێکی پیس و پۆخڵ کە رەنگە لە دەرەوەی هەر شارێکی چکۆلەدا ببن، نابینرێ. لە بەردەم ئەم خانوەدا، کە بەسەر چۆمێکدا دەڕوانێ باخێک هەڵکەوتوە. ئەم باخە کاتی خۆی، بەو دارە هەمیشە سەوز و جوان هەڵپاچراوانەیەوە، جێگای سەیران و پیاسە کردن بووە، بەڵام ئێستا گژوگیای کێوی هەموو شوێنێکی داپۆشیوە. چەند دانە داری بی کە ئەم بەهارە بەخۆدا هاتوون، وەک پەرژین ئەم ماڵەیان لەخۆگرتوە و لەچاوان شاردوویانەتەوە. شیناییەکی زۆر و زەبەندی گیای بژار و بێکەڵک کە ئێمە بە پیس و بۆگەنیان ناو دەبەین، ئەو قەدپاڵ و لێژاییانەیان رازاندۆتەوە. دارە بەردارەکان ئەمە دەساڵە لایان لێ نەکراوەتەوە و ئیتر بەر ناهێنن، گەڵا و خەڵفەکانیان چڕستانێکی پێکهانیوە. ئەو دارمیوانەی ناتوانن لە سەر پێ راوەستن، بە دیوارەکاندا هەڵگەڕاون. پیادەڕێکان کە رۆژانێک چەوڕێژ بوون، ئێستا قەوزە دایگرتوون، لە راستیدا رێچکەی رێگایەکیان پێوە دیار نەماوە.

لە بەرزایی ئەو گردەوە، ئەوێ کە کەلاوەکانی کۆنە قەڵای شازادەکەی ڤیندۆمی پێوە نووساوە، تەنیا جێگایەک کە لەوێوە دەتوانی بڕوانیتە نێو ئەم قەڵا پەرژین کراوە، دەکەویتە خەیاڵی رۆژانێک ـ کە زەحمەتە دیاری بکەی ـ ئەم پەڵە زەویە، جێی دڵخۆشی گەورە پیاوێکی ئەم هەرێمە بووە، کە بە ناشتنی گوڵەباخ و هەڵالە و کاری باخەوانیەوە خەریک بووە؛ بێجگە لەمەش حەزی زۆری لە میوەی جوان و بەچیژیش هەبووە.

هێشتاش ساباتێک یان دار و هەڵاشی ساباتێک دەبینرێ، هۆ لەوێ مێزێک دیارە، هەتا ئێستەش بەسەرچوونی زەمان تەواو تێکینەشکاندوە. سیمای رۆژانی رابردووی ئەم باخە، لایەنی ناخۆشی ژیانی هێمن و خامۆشی لادێمان بۆ ئەگێڕێتەوە، وەک چۆن کەسێک بیهەوێ ژیانی هونەرمەندێکی بەناوبانگ بە خوێندنەوەی نووسراوەی سر کێلی گۆڕەکەی سەرلەنوێ دروستکاتەوە. دەڵێی بۆ تەواو کردنی خۆشی و ناخۆشی ئەو بیرۆکانەی کە رۆحی کەسێک داگیر ئەکەن، یەک لەو دیوارانە  کاتژمێرێکی هەتاوی نیشان ئەدا، کە بە وتەیەکی کۆن و بێتامی ئایینی مەسیح!Ultimam Cogita)

رازاوەتەوە.

بانی ئەم ماڵە بە شێوەیەکی تۆقێنەر داتەپیوە، داپۆشەری پشت پەنجەرەکان هەمیشە بەستراون، بانیژەکە پڕ بووە لە هێلانە پەڕەسەلکە، درگاکان بەردەوام داخراون. لە قڵشی پلیکانەکانەوە گژوگیا سەوز بوون. قفڵ و لاولاوەکان ژەنگیان هێناوە. بە رۆژ و بە مانگ، بە زستان و هاوین، شتێکی سپی وەک بەفر ئەم شووشە پەنجەرانەی داپۆشیوە. تەختەکان چەماونەوە، بۆیەکان هەڵیانداوە و رەنگیان چووە. ئەو بێدەنگییە دڵتەنگکەرەی بەسەر ئەم ماڵەدا کشاوە، تەنیا فڕەی باڵی باڵداران و خشپەی هاتوچووی پشیلە و جرج و مشکان دەیشکێنێ، کە خەریکی راونان و شەڕ و خواردنی یەکترن. دەستێکی نادیار لە هەموو شوێنێکی ئەم ماڵە جیهانێکی پڕ لە نهێنیی هەڵکەندوە.

لەو شوێنەوە کە دەڕوانییە سەر ڕیگاکە، حەزێکی زۆر راتدەکێشێ تەماشایەکی ئەم خانووە بکەی، دەروازەیەکی گەورە دەبینی کە مناڵان کونکونیان کردوە. دوایی بیستم ئەم دەروازەیە ئەوە دەساڵە نەکراوەتەوە. لەم کونانەوە کە مناڵان لەم دەروازەیان  کردوە، هارمۆنی و لەیەکچوونێکی تەواو لە نێوان ئەم حەوشە و باخەدا دەبینی. لە هەردووکیاندا ئەم شێواوی و ئاڵۆزییە هەیە. گژوگیا سەنگفەڕشی پیادەڕێکەی داپۆشیوە. دیوارەکان لە زۆرلاوە قڵشاون و لە سەر لاشانە رەشهەڵگەڕاوەکانیان بە هەزاران پنجی گوڵە بەیبوون سەریان لێک ئاڵاوندوە. پلیکانەکان لەێەک ترازاون. سیمی زەنگەکە ژەنگ لێیداوە. پلووسکەکان تەقیون.

چ ئاگرێک لە ئاسمانەوە لەم ماڵە کەوتووە؟ چ دادگایەک فەرمانی خوێ پرژانی بە سەر ئەم خانووەدا داوە؟ سووکایەتی بە خوا کراوە؟ لێرە بە فرانسە خیانەت کراوە؟ ئەمانە کۆمەڵە پرسیارێکن لە خۆمانی دەپرسین، کەچی لەو خێو و خزۆکانەی هاتوچووی ئێرە دەکەن، وەڵامێک وەرناگرینەوە. ئەم خانووە چۆڵ و بەجێهێڵراوە مەتەڵێکی گەورەیە کە کلیلەکەی ون بووە. لە رابردوودا ئێرە تیوولێکی*چکۆلە بووە کە ' گراند بریتیش' یان پێگوتوە.

وادەزانم ئەمن یەکەم کەس نیم کە ئەم خانمە بەڕێزەی خاوەنی ئەم هوتێلە، لە سەر نهێنییەکانی ئەم خانووە لە گەڵیانا کەوتۆتە قسە، بەڵام ئەمەوێ یەکەم کەس بم بۆ بیستن و وەرگرتنی ئەم قسانە.

''بەرێز،'' ئەو خانمە گوتی، '' کاتێک ئیمپراتۆر بەندییە جەنگییەکانی سپانی و ئەوانی تریان ناردە ئێرە، کاربەدەستانی میری، گەنجێکی  سپانییان بۆ حەوانەوە ناردبوە ڤیندۆم بۆ لای من. ئەم گەنجە بە پێی بەڵێنێ کە دابووی ئازاد کرابوو. بەڵام هەموو ڕۆژێک دەچووە بەخشداری و خۆی نیشان ئەدا. ئەو، کوڕە بەگزادەیەکی سپانی بوو و هیچی تر. ناوەکەی بە ئۆس یان دیا، کۆتایی دەهات. شتێک وەک' بورگۆس دو فرێدیا'. ناوەکەیم لە دەفتەرەکەمدا نووسیوە، ئەگەر پێتخۆش بێ دەتوانی بیخوێنیەوە. ئۆ‌‌‌ف، ئەم کوڕە لە نێو سپانیایاندا، لاوێکی جوانچاک بوو!؛ کە هەموو کەس پێیان دەڵین ناشیرینن. ئەو  پێنج پێ* چەند ئینچێک کەڵەگەت بوو، زۆر جوان خۆی داڕشتبوو؛ دەستەکانی چووکەڵە بوون، ئەوەندە کە ئاگاداری لێ دەکردن؛ تۆ دەبوو بتبینیبا! ئەوەندەی فڵچە بۆ دەستەکانی هەبوو، کە ژنێک بۆ هەموو جلەکانی هەیەتی! قژەکانی رەشێکی تۆخ بوون، چاوەکانی ئاوری لێ دەباری. پێستی نەختێک بڕۆنزە بوو، من بەلامەوە ئێجگار جوان بووجلەکانی بەری لە جوانترین کەتان بوون کە من لە ژیانمدا لەبەر کەسێکدا دیتبووم، چونکە زۆر شازادە لێرە ماونەوە، لە نێو ئەوانەدا: ژێنڕاڵ بێرتراند شازادەی د. ئابرانت و ژنەکەی، مۆسیۆ دیکازیس و پاشای سپانیا. ئەو خواردنی زۆر نەبوو؛ بەڵام رەوشت و رەفتاری جوان و ئێجگار رووخۆش بوو. کەس ناتوانێ بڵێ رقی لە دڵا بوو. زۆر کەوتبوە بەردڵم، ئەگەر چی رۆژی چوارجار زیاتر دەمی بۆ قسان نەدەکردەوە. زەحمەت بوو درێژە بەدووان بدەی لەگەڵیدا. ئەگەر دەکەوتییە قسان لەگەڵیا، وەڵامی نەدەداوە. بیستوومە ئەڵێن ئەمە خولیا و باو بووە لە نێویاندا. ئەو کتێبی سروودە ئایینییەکانی وەک قەشەکان دەخوێندەوە. بە رێکوپێکی دەچووە نوێژ و بۆنە ئایینییەکان. لە کوێ دادەنیشت؟ دوو هەنگاو دوور لە رووگەی کلیسەکەی مادام دو ماریت. بۆ یەکەمجار کە چووە کلیسا، کەس شکی بۆ ئەوە نەدەچوو لەوێ دانیشێت. بێجگە لەمانە ئەم کوڕە هەژارە قەت چاوی لەسەر کتێبە دۆعاکان هەڵنەدەبڕیئەو ئێواران دەچووە کێوگەڕی بۆ نێو وێرانەکانی ئەو قەڵایە. ئەمەش تەنیا سەرگەرمیی ئەم بەسزمانە بوو. دەڵێن سپانیا هەمووی کێو و کەژە! لە دەسپێکی هاتنی بۆ ئێرە و لە ژێر چاوەدێری بوونەکەیدا، تا درەنگان لەدەرەوە دەمایەوە. زۆر پەرۆشی دەبووم کە دەمبینی تا نیوەشەو ناگەڕێتە ماڵەوە؛ بەڵام وردەوردە بەم حەز و ئارەزووانەی  راهاتین. کلیلی درگاکەی لەگەڵ خۆیا دەبرد و ئێمەیش ئیتر چاوەڕوانی نەدەماینەوە. مەنزڵی لە خانوویەکی ئێمەدابوو. رۆژێکیان مەیتەرەکەمان گوتی، ئێوارە کە چووبوو ئەسپەکان ئاو بدات، ئەم کوڕەی دیوە لەو چۆمەدا بەرەوخوار، وەکوو ماسی مەلە دەکات. کاتێک شەو گەڕایەوە  پێم گوت لە خوڕایی ئاوی ئەو چۆمەدا ئاگای لەخۆی بێت؛ ئەو بەمە کە لە چۆمەکەدا بینراوە زۆر زویر بوو. سەرەنجام رۆژێکیان، یان باشتر وایە بڵێم بەیانییەک، لە ژوورەکەی نەماندیتەوە؛ ئەو شەوە نەگەڕابۆوە. بەدوای گەڕانێکی زۆر بە دوویدا، لە کەشۆی مێزێکدا، نووسراوێک و پەنجا سکەی زێڕی سپانی کە پێی دەڵین داوبلۆن، بە نرخی پێنج هەزار فرانک، لەگەڵ چەند پارچە ئەڵماس بە نرخی دەهەزار فرانکم، لە قوتویەکی سەربەمۆردا دۆزییەوە. لەم کاغەزەدا نووسیبووی گەر هاتوو نەگەڕاوە، ئەم پارەی زێڕ و ئەڵماسانە بۆ ئێمە بەجێدێڵێ، بەو مەرجەی بە شوکرانەی هەڵاتن و رزگاربوونەکەی لە کلیسا بیکەنە خێر. ئەو رۆژانە مێردەکەم لە من دانەبڕابوو؛ هەموو ئەو دەوەرەی بەدوایدا پشکنی.

'' ئێستا بەشی سەیری ئەم چیرۆکە.  مێردەکەم جلەکانی ئەم سپانییەی هێنایەوە ماڵ، ئەو ئەم جلانەی لە ژێر بەردێکی گەورەی قەراخ چۆمەکە لە نزیک قەڵاکە راست بەرانبەر بە ' گراند بریتیش' دۆزیبۆوە. ئەو زۆر زوو چووبوو، بۆیە کەس نەیدیبوو. پاش خوێندنەوەی نامەکە جلەکانی سووتاند و بەپێێ خواستی کۆنت فرێدیا رامانگەیاند کە هەڵاتووە. بەخشدار هەموو ژاندارمەکانی بەدوویا نارد، بەلام هەرگیز نەیانگرتەوە. لێپاس لای وابوو لە چۆمەکەدا خۆی خنکاندوە. منیش گوتم  بەڕێز من وانازانم؛ لام وایە ئەو لەگەڵ مادام دو مێریت دەستی تێکەڵ کردبوو، چونکە رۆزالیا پێمی گوت ئەو خاچەی کە خانمەکەی هێندە بیری لێئەکردەوە و لەگەڵ خۆیا بردیە گۆڕ، لە دارحەیزەران و زیو دروستکرابوو.

کاتێ مۆسیۆ دو ڤرێدیا هاتە ئێرە خاچێکی وای پێبوو، دواییش قەت بە دەستییەوە نەمدییەوە. ئێستە بەڕێز بیر لەوە ناکەیتەوە، من پێویستم بە تۆزێ دوودڵی لە سەر ئەو پانزە هەزار فرانکەی ئەو سپانیاییە نیە و مافی خۆمە لە سەریان؟"

من وتم: "بێگومان؛ بەڵام تۆ لە رۆزالیات نەپرسی؟"

"ئۆ، بەڵێ، گەورەم؛ بەڵام بە بێ هیچ مەبەستێك! ئەم کچە ئەڵێی دیوارە. ئەو شتێک دەزانێ، بەڵام مەگەر دەتوانی بیهێنیتە زمان."

دوای ئاڵوگۆڕی چەند قسەی تر لەگەڵما، خاوەن هوتێلەکەم چێژکەیەکی بۆ بەجێهێشتم. چیژکەیەک بۆ بیرۆکەیەکی لێڵ و ناڕوون، بۆ حەزێکی رومانتیکی و سام و ترسێکی ئایینی، نەک وەکوو ئەو هەستە قووڵەی لە مێشکمانا دروست دەبێ، کاتێک شەوان دەچینە کلیسەیەکی تاریک و لەبەر رووناکایی چرایەکی کز لەژێر تاقە بڵیندەکەی کلیسە؛ هەیکەلێکی ناڕوون لەبەر چاومان ئەخشێ ـ سیڕەی شەنینەوەی عەبایەک یان جبەیەک دێتە گوێمان و مووچڕکەیەک بە لەشمانا دەخزێ.

لە ناکاو گراند بریتیش بەو گژوگیا درێژانەیەوە، بە پەنجەرە کیلۆندارەکانیەوە، بە ئاسنە ژەنگاوییەکانیەوە، بە دەرگا داخراوەکانیەوە و بەو ماڵە چۆڵکراوانەیەوە، وەک خێوێکی نائاسا لە بەر دەمما قوت بۆوە. هەوڵمدا لە نهێنیی ئەم خانووە تێبگەم و گرێکوێرەی ئەم درامایە بکەمەوە ـ درامایەک کە سێ کەسی کوشتبوو.

لای من رۆزاالیا ببوە سەرنجڕاکێشترین کەسی ڤیندۆم. بەو جۆرەی کە من ئەوم بینی، بە پێچەوانەی ئەو ئەندامە خرپن و پێکەنینەی سەرلێوی، شوێن پێێ خەم و کوڵیکی شاردراوەم لە سیمایدا بەدی کرد. لە دەروونی ئەم کچەدا سەرچاوەیەکی پەشیمانی یان هیوا هەبوو؛ شێوە رەفتاری ، نهێنییەکی دەخستە روو، وەک شێوە رەفتاری کەسێکی ریاکار کە بێئەنداز لە پاڕانەوەو نزاکردندا بێت. یان کەسێک کە منداڵێکی ساوای کوشتبێ و دوایین ناڵەی منداڵەکە هەمیشە لە گوێدا بزرینگێتەوە. هێشتاش هەڵس و کەوتی توندوتیژ و سادە بوو. ئەو زەردەخەنە گەوجانەیەی، لەوە نەدەچوو هی کەسێکی تاوانکار بێت، بەڵام تۆ دەتتوانی ئەو سەرپۆشە گەورەیەی کە لەو سنگ و مەمکە قەڵەوانەی خۆی ئاڵاندبوو و بە قەیتانێک بە کراسە شۆڕە، کەتانییە ڕەنگ ئاوی ـ ئەرخەوانییەکەیەوە، قایم کردبوو وەک بێتاوانێکی چاو لێ بکەی.

بیرم کردەوە، نا.... نابێ ڤیندۆم بەجێ بهێڵم هەتاکوو مێژووی گراند بریتیش نەزانم. بۆ گەیشتن بەم مەبەستەش، ئەگەر پێویست بێ دۆستایەتی لەگەڵ ئەم کچە دائەمەزرێنم.

"رۆزالیا،" ئێوارەیەکیان پێمگوت.

" بەڵێ بەڕێز."

"شووت نەکردوە؟"

بێباکانە و بە ئارامی کەوتە قسان. بەدەم پێکەنینەوە گوتی:

"کاتێ هەوەس بەرەو بەدبەختی ئەمبا، زۆر پیاوم دەست دەکەون." هەر زووش لە ژێر کاریگەری هەست و سۆزیا هاتەوە سەرخۆ، چونکەهەموو ژنەکان، هەر لە گەورە خانمی هوتێلەکەوە هەتا خزمەتکارەکان ئەم هێمنی و لەسەرخۆییە تایبەتییەیان پێوە دیاربوو.

" ئەتۆ زۆر جوان و ئێسکسووکی، نابێ دڵدارانیشت کەم بن. بەڵام رۆزالیا، پێم بڵێ، چۆنە دوای مردنی مادام دو مێریت لەم هوتێلە بەکاری خزمەتچییەتییەوە خەریکی؟ خانمەکەت هیچی بۆ بەجێ نەهێشتووی پێی بژیت؟

" ئۆ، بەڵێ! بەڵام بەڕێز، شوێنەکەم لە هەموو ڤیندۆمدا باشترین جێگەیە."

ئەم وەڵامە، یەک لەو وەڵامانە بوو کە قازی و پارێزەران پێی دەڵێن خۆدزینەوە.

بۆم دەرکەوت شوێنی رۆزالیا لەم چیرۆکە رۆمانتیکەدا وەک خانەی ناوەڕاستی تەختەی شەترەنج وایە. ئەو لە نێوجەرگەی ئەم چیرۆکەدا بوو. وام بەرچاو دەهات بە هەموو گرێیەکی ئەم چیرۆکەوە بەستراوەتەوە، واتە دوابەشی ئەم چیرۆکە، لەم کچەدا کۆ بۆتەوە، بۆیە لە ئێستەوە رۆزالیە بوو بە بابەتی گرینگی هەوڵەکانی من.

بەیانییەکیان بە رۆزالیەم گوت: '' هەرچی لە سەر مادام دو ماریت دەزانی پێم بڵێ."

" ئۆ!" بەترسەوە هاتە وەڵام : "مۆسیۆ هۆراس ئەمە لە من مەپرسە." هەستم کرد بەم پرسیارە پەست بوو ـ ئەو دەموچاوە جوانەی تێکچوو، ئەو رەنگە گەش و روونەی بە رووەوە نەما، تروسکاییش لەچاوە بێگوناهەکانی بڕا. سەرەنجام وتی: " باشە، گەر دەتەوێ بزانی، پێت دەڵێم؛ بەو مەرجەی بەڵێنم دەیێ، ئەم نهێنییە لای خۆت راگری.

بەڵێ، کچم. من دەبێ بە سەربەرزی دزێک، کە بەوەفاترین کەسی ئەم دنیایەیە، نهێنییەکەت لای خۆم راگرم.

ئەوەی رۆزالیا بە دوور و درێژی بۆی باس کردم، ئەگەر بە زمانێکی رەوان دەقاودەق بیگێڕمەوە، لە کتێبێکدا جێی نابێتەوە؛ بۆیە کورتی ئەکەمەوە.

ژوورەکەی مادام دو مێریت لە بریتیش، لە سەر تەختی زەوی بوو. هێشخانێکی بچووک بە ئەندازەی چوار پێ* لە ئەستوورایی دیوارەکەی بۆ سازکرابوو، جل و بەرگەکانی خۆی لەوێ هەڵدەگرت. سێ مانگ پێش ئێوارەی ئەم رووداوە کە باسی دەکەم، مادام دو مێریت تەواو نەخۆش و بێتاقەت بوو. چونکە میردەکەی بە تەنیا بەجێی هێشتبوو. مێردەکەی لە ژوورێکی تر لە نهۆمی یەکەم دادەنیشت. ئەو ئێوارە بە رێکەوت دوو سەعات درەنگتر لە یانە (کە رۆژانە لەوێ دادەنیشت و رۆژنامەی دەخوێندەوە و قسەی سیاسەتی لەگەڵ دانیشتوان دەکرد) گەڕابۆوە ماڵەوە. ژنەکەی وایدەزانی ئێستە لە ماڵەوەیە و لە جیگەدا خەوتووە.

ئەو رۆژانە هێرشی فرانسە بابەتێکی گەرم بوو بۆ گفتگۆ؛ پیشبڕکێی بیلیاردیش زۆر پڕجۆش بوو. مۆسیۆ دو مێریت چل فرانکی دۆڕاندبوو. لە ڤیندۆم چل فرانک پارەیەکی زۆر بوو. لەوێ هەموو کەس بۆ رۆژی تەنگانە پووڵیان پاشەکەوت دەخست و هەڵسوکەوتەکان لە چوارچیوەیەکی جێی پەسندا بوون. چونکە رەنگبوو، لە پاشەرۆژدا  سەرچاوەیەکی راستینەی خۆشی بێ بۆیان.

جاران کە مۆسیۆ دەگەڕاوە ماڵەوە، لە رۆزالیای دەپرسی ئایا خانم نووستوە؛ لە وەڵامیدا کە هەمیشە بەڵێ بوو، دڵی ئاوی ئەخواردەوە و بە دڵنیایی و دڵخۆشییەوە خۆی دەگەیاندە ژوورەکەی خۆی.

ئەو ئێوارە کە گەڕایەوە ماڵەوە، نازانم چۆن بوو کەوتبوە سەری، بچێتە لای ژنەکەی و ئەو کارە چەوتەی کە کردبووی، بۆی بگێڕێتەوە. بەڵکوو لەم رێگایەوە دڵنەواییەکیشی کردبێ.

نیوەڕۆ کاتی نانخواردن بینیبووی مادام دو مێریت جلی جوانی لەبەردایە و زۆر چاک خۆی رازاندۆتەوە. لە رێگەی یانەدا بیری کردبۆوە دەبێ ژنەکەی تەواو چاک بۆبێتەوە و ئەم چاکبوونەوەش جوانتری کردوە. ئەو وەک مێردێک ئەمە نەختێک درەنگ  تێگەیی( چونکە پیاوان هەموو هەر وان).

بە جێگەی ئەوەی بانگ لە رۆزالیا بکا، کە لەو کاتەدا لەگەڵ چێشتلێنەرەکە و کالیسکەچییەکە خەریکی یاریکردن بوو، مۆسیۆ دو مێریت خۆی لەبەر رووناکی چرایەکی لەنتەردا کە لە یەکەم پێپیلکەی پلیکانەکان دانرابوو، چوو بۆ ژووری ژنەکەی.

 یەکەم هەنگاوی لەو داڵانە سەر بە تاق دروستکراوەدا دەنگیدایەوە. هەر کە دەستیشی دایە دەسکەی دەرگای هۆدەی ژنەکەی وای کەوتە خەیاڵ، کە دەنگی بەستنی درگای هێشخانەکەی هاتە گوێ؛ بەڵام کە چووە ژوور مادام دو مێریت بە تەنیا لەبەر ئاگردانەکە دانیشتبوو. مێردەکەی وایزانی رۆزالیا لە هێشخانەکەیە، بەڵام دەنگێکی بەدگومانی و دڵپیسی لە گوێیدا  دەزرینگایەوە، بۆیە کەوتە سەر هەست. تەماشایەکی ژنەکەی  کرد، نازانم لە چاوەکانیدا چیی خوێندەوە.

"زۆر درەنگ هاتوویەوە." ژنەکەی وتی. ئەو دەنگە شیرین و ئاساییەی جارانی گۆڕا بوو. مۆسیۆ دو میریت وەڵامی نەدایەوە، چونکە هەر لەو کاتەدا رۆزالیا هاتە ژوور. ئەمەش بۆ ئەو وەک هەورە گرمەیەکی وڕکەر وابوو.

ژنەکەی لە حاڵێکدا رۆزالیا جلەکانی لەبەر دادەکەند، بە شەرمەوە پرسی: "هەواڵێکی ناخۆشت بیستووە یان نەخۆشی؟"

مۆسیۆ مات و بێدەنگ مابۆوە.

مادام دو مێریت بە رۆزالیای گوت: "دەتوانی بچیتە دەرەوە، بۆخۆم قژەکانم لوول ئەکەم."

ئەو لە سیمای مێردەکەیدا پشێوی خوێندبۆوە. پێیخۆش بوو لەگەڵیا بەتەنیا بێت. کاتێ رۆزالیا چووەدەر، یان وایانزانی چۆتە دەر (چونکە رۆزالیا بۆ چەند خولەکێک لە داڵانەکە مابۆوە)، مۆسیۆ دو مێریت هات لەبەردەم ژنەکەیدا راوەستا و بە ساردوسڕی پێی گوت:

"خانم کەسێک وا لە هێشخانەکەدا؟!" مادام دو مێریت بە ئارامی تەماشایەکی مێردەکەی کرد و وەڵامی دایەوە: "نا، کەسی لێ نیە."                 ئەم وەڵامە بۆ مۆسیۆ دڵ بریندارکەر بوو؛ بۆیە بروای پێنەکرد. لەگەڵ ئەوەشدا هەتا ئەوکاتە، ژنەکەی ئەوەندە پاک و بێخەوش نەهاتبوە بەرچاو. چوو بە لای هێشخانەکەوە دەرگاکەی بکاتەوە؛ مادام دومێریت دەستی گرت و بە سیمایەکی خەمگینەوە سەیرێکی کرد و بە دەنگێک کە هەستێکی سەیری ئاشکرا دەکرد، وتی: "ئەمەت لەبیر بێ، ئەگەر لەوێ کەسی لێ نەبێ، هەموو شتێک لە نێوانمانا دوایی دێ!"

سەنگینی لەرادەبەدەری ژنەکەی، ئەو ڕێزە قووڵەی جارانی بۆ کۆنت دو مێریت گەڕاندەوە،

"نا" ئەو وتی. "ژۆزۆفین، ناچمە ئەوێ. لە هەر دوو حاڵدا ئەمە، ئێمە بۆ هەتاهەتایە لەیەک جیا ئەکاتەوە. چاک گوێم لی بگرە، ئەزانم چەند دڵپاکی، چەند خواپەرست و پیرۆزی، بۆ پاراستنی ژیانت دەست نادەیتە گوناهێکی ناپەسند."

بەم قسانە مادام دو مێریت چاوەبەقووڵاچووەکانی بڕیە مێردەکەی.

" ها، خاچەکەت بگرە،" مێردەکەی وتی. "لە بەردەم خوا دا سوێند بخۆ کە لەو هێشخانەدا کەسی لێ نییە، بڕوات پێئەکەم و قەت ئەو درگایە ناکەمەوە."

مادام دو مێریت خاچەکەی وەرگرت و گوتی: " ئەمن سوێند دەخۆم."

مێردەکەی وتی: " دەنگ هەڵبڕە و بڵێ، لە بەردەم خوادا سوێند دەخۆم لەو هێشخانە کەسی لێ نییە."

مادام دو مێریت بە دەنگێکی نزم بە هێواشی ئەم رستەیەی دووبارە کردەوە.

مۆسیۆ دو مێریت بە ساردوسڕیەوە گوتی: "زۆر باشە."

دوای ماوەیەکی کورتی بێدەنگی، مۆسیۆ دو مێریت لە حاڵێکدا خاچە دارحەیزەرانەکەی کە بە زیو رازاندرابۆوە، بەدەستەوە گرتبوو و لێی ورد ئەبۆوە، گوتی: "ئەم خاچە جوانەم لەمە پێش نەدیبوو."

مادامیش وتی: "ئەوەم لە دوڤیڤێری زێڕنگەرەوە دەست کەوت. ئەوێش ساڵی رابردوو ئەوکاتەی بەندییە سپانییەکانیان لە ڤیندۆمەوە دەبرد، لە مونکێکی کڕیبوو."

مۆسیۆ دو مێریت هەر کە خاچەکەی بە بزمارەکەدا کردەوە، هەناسەیەکی هەڵکێشا و بانگی رۆزالیای کرد. رۆزالیا کە هات مۆسیۆ خیرا چوو بەلایەوە و بردی بۆ لای پەنجەرەیەک کە دەیڕوانی بۆ سەر باخچەکە و بە گوێیداچپاندی: "گوێم لێ بگرە! من دەزانم گۆرین فلۆت، دەیهەوێ لەگەڵتا زەماوەند بکا، کێشەیشی تەنیا دەسکورتییە، تۆ پێت گوتوە ، دەبیتە ژنی ئەگەر بێتوو خۆی وەک وەستای دیوار دامەزرێنی. چاکە، بچۆ پێی بڵێ، بە ماڵە و ئامێرەکانیەوە با بێتە ئێرە. وابکە بێجگە لە خۆی کەس پێنەزانێ؛  شانسەکە لەوە زیاترە ئێوە ئارەزووی دەکەن. لە هەموو شتێک گرینگتر ئەوەیە ئەم ژوورە بە بێ قرموقاڵ بەجێ بهێڵە، ئەگینا-" ناوچەوانی خۆی گرژ کرد.

رۆزالیا چووە دەر، مۆسیۆ دو مێریت بانگی کردەوە و گوتی: "ها، ئەمەش کلیلەکەم،" دوایی لەو داڵانەدا وەک هەورەگرمە نەڕاندی. جین، کالیسکەچییەکەی کە نۆکەرێکی جێگای بڕوای بوو، لەو کاتەدا یاری وەرەقی دەکرد، یارییەکەی بەجێ هێشت و هاتە دەر.

مۆسیۆ دو مێریت وتی: "بچن بنوون، هەمووتان بچن بنوون." دوایی بە دەست بانگی کالیسکەچییەکەی کرد لێی نزیک بێتەوە و بە ئەسپایی پێیگوت: "کاتێ هەموو نووستن، دێیە خوارەوە و پێم دەڵێی."

مۆسیۆ دو مێریت کە دیمەنی ژنەکەی لەبەرچاو ون نەدەبوو و هەر فەرمانی ئەدا، گەڕایەوە بەر ئاگردانەکە بۆ لای ژنەکەی و دەستی پێکرد بە قسە کردن لەسەر یاری بیلیارد و قسە و باسی یانەکە. رۆزالیا کە گەڕایەوە ئەو دوانەی دەبینی زۆر بەئاشتی و رووخۆشی لەگەڵ یەکدا دەدوێن.

کۆنت ئەم دواییانە دابووی میچی ژوورەکانی دیوەخانیان چاک کردبۆوە. گەچی پاریس لە ڤیندۆم بەزەحمەت دەستدەکەوێ، چونکە کرێی گواستنەوە نرخی زۆر دەباتە سەر. بۆیە کۆنت گەچێکی زۆری کڕیبوو. ئەو دەیزانی ئەوەی کە دەمێنێتەوە کڕیاری زۆر دەبن. ئەم بارودۆخە هانیدابوو پلان دانێت بۆ ئەو کارانەی کە دەیهەویست جێبەجێیان بکات.

رۆزالیا بە دەنگێکی نزم وتی: "گەورەم، گۆڕین فلۆت هاتووە." لە وەڵامدا کۆنت بەدەنگی بەرز گوتی: "با بێتە ژوور."

مادام دو مێریت کە بەنناکەی بینی رەنگی نەختێک تێکچوو. مێردەکەی وتی: "گۆرین فلۆت، بچۆ لە گاراجی کالیسکەکە خشت و گەچ بێنە و درگای ئەم هێشخانەی هەڵچنە و بە گەچیش سواخی بدە." پاشان رۆزالیا و وەستاکەی بانگ کردە لاوە و گوتی: "گۆرین فلۆت، ئەمشەو لێرە ئەنووی. بەڵام سبەی پاسپۆرتێک وەردەگری و دەڕۆی بۆ وڵاتێکی دەرەوە  بۆ شارێک کە خۆم پێت دەڵێم. بۆ ئەم سەفەرەت شەش هەزار فرانک وەردەگری. دەساڵ لەو شارە دەمێنیتەوە، هاتوو ئەو شارەت پێخۆش نەبوو، لە شارێکی تر دانیشە، بەڵام دەبێ هەر لەو وڵاتە بێ. لە پاریسیشەوە بڕۆ. لەوێ چاوەروانی من دەمێنیتەوە. کە هاتم ، بە پێێ رێککەوتن شەش هەزار فرانکی ترت بۆ دابین دەکەم، بەو مەرجەی هەموو مەرجەکانی رێککەوتنەکەت ئەنجام دابێ. ئەمەش نرخی ئەو بێدەنگبوونەیە لەوکارەی ئەمشەو دەیکەی. بەڵام ئەتۆ رۆزالیا، لە رۆژی زەماوەندەکەتدا، بەومەرجەی شوو بکەی بە گۆرین فلۆت، دەهەزار فرانک وەردەگری. ئەگەر گەرەکتە شووبکەی، تۆش دەبێ زمانی خۆت راگری؛ ئەگینا جیازت نابێ."

مادام دو ماریت بانگی لە رۆزالیا کرد و گوتی: "رۆزالیا، وەرە قژەکانم بۆ چاکە."

کۆنت بە هێواشی لە ژوورەکەدا سەروخواری دەکرد و دەیڕوانی بۆ دەرگاکە و وەستاکە و ژنەکەی، بەبێئەوەی بە سووکایەتی کردن رووشکێنی بکا.

لەو کاتەیدا کە وەستاکە خەریکی داگرتنی خشتەکان بوو، مێردەکەی لەوسەر ژوورەکەبوو، مادام دو مێریت بە هەلی زانی و بە رۆزالیای گوت: "کچەکەم دەهەزار فرانکت ئەدەمێ بە گۆرین فلۆت بڵێ درزێک لەبن دیوارەکە بهێڵیتەوە." دوایی بەدەنگی بەرز وتی:   "دەی بچۆ یارمەتی بکە!"

مۆسیۆ و مادام دو مێریت تەواوی ئەو کاتەی وەستاکە خەریکی دانانی دیواری هێشخانەکە بوو، خامۆش و بێدەنگ مابوونەوە. ئەم بێدەنگییە لە لایەن مێردەکەوە ئامانجی خۆی هەبوو، ئەو نەیدەویست بیانوویەک بداتە دەست ژنەکەی قسەیەکی دوو مەبەستە بکا. لە لایەن ژنەکەشەوە هەم لووتبەرزی بوو هەم ژیری و دوورئەندێشی.

کە دیوارەکە گەیشتە نیوەیی، وەستای زۆرزان لە دەرفەتێکدا کە کۆنت پشتی تێکردبوون، ماڵەکەی بەزەبر  کێشا بە شووشەی درگاکەدا. مادام دو مێریت بەمکارە زانی رۆزالیا لەگەڵ گۆرین فلۆت قسەی کردوە.

هەرسێکیان سیمای پیاوێکی رەشکەڵە و خەفەتباریان بینی بەقژێکی  رەش و دووچاوی گڕدارەوە. بەر لەوەی کۆنت ئاوڕبداتەوە، مادام دو مێریت توانی هێمای هیوایەک بەو بێگانەیە بگەیەنێ.

سەعات چواری بەرەبەیان، چونکە مانگی سپتامبر بوو، کاری دیوار تەواو بوو. چاودێریی وەستاکە درا بە جینی کالیسکەچی و مۆسیۆ خۆیشی چوو بۆ ژووری ژنەکەی لێی بنوێ.

بەیانی کە لە خەو هەستان، مۆسیۆ رووی لە ژنەکەی کرد و زۆر بەبێباکی گوتی: "جنۆکە، من دەبێ بچمە 'مایری' بۆ پاسپۆرت،" کڵاوەکەی لەسەرنا، سێ هەنگاو بەرەو درگا چوو، هەر خێرا گەڕایەوە و خاچەکەیشی لەگەڵ خۆی هەڵگرت.

مادام دو مێریت لە خۆشیانا مووچڕکەیەک بە لەشیا گەڕا، وایدەزانی دەچێ بۆ لای دوڤیڤێر.

 کە کۆنت چووەدەر، مادام دو مێریت بانگی رۆزالیای کرد؛ بە دەنگێکی ترسناک هاواری کردێ: "ماڵەکە، ماڵەکە! زوو وەرن بۆ کار! بینیم گۆرین فلۆت چیی کرد؛ دەرفەت دەبێ بۆ کون کردن و چاک کردنەوەی دیوارەکە."

لە چاوترووکانێکا رۆزالیا پاچێکی بۆ خانمەکەی هێنا. ئەویش بە جۆش و تینێکی بێهاوتاوە دەستیکرد بە رووخاندنی دیوارەکە. چەند دانەیەک خشتی دەرهێنان. لە کاتێکدا کە خەریکبوو پاچێکی کاریگەر بوەشێنێ، مۆسیۆ دو مێریتی لە پشت خۆیەوە بینی. پاچەکەی لەدەست بەربۆوە، بوورایەوە و کەوتە زەوی.

کۆنت وتی: "مادام بەرنەوە سەر جێگەکەی، ئەو پێشبینی کردبوو، لە نەبوونی ئەودا چی رووئەدا، تەڵەی دانابۆوە بۆ ژنەکەی؛ ئەمجا نامەیەکی نووسی بۆ سەرۆکی شارەوانی و ناردی بەشوێن دوڤیڤێردا. زێرنگەرەکە کە گەیشت، ژوورەکە رێکوپێک کرابۆوە.

کۆنت لە دوڤێڤیری زێڕنگەری پرسی: "تۆ ئەو خاچەت لە سپانییەکان کڕیوە، کاتێک لێرەوە رۆیشتن؟"

"نا، بەڕێز."

وتی: "زۆر باشە، سپاس بۆ تۆ." هەر وەک بەور سەیرێکی ژنەکەی کرد. ئەمجا بە جینی گوت، ئاگادار بە، نان لە دیوەکەی خانم دەخۆم، ئەو نەخۆشە تا چاک نەبێتەوە بەجێێ ناهێڵم." ئەو زاڵمە بیست رۆژان لە دیوی ژنەکەی مایەوە. لە پێشدا کاتێک دەنگێک لە پشت دیواری هێشخانەکەوە دەهات و ژوزۆفین دەیهەویست لێی بپاڕایتەوە بەزەییەکی بەو بێگانەی لە حاڵی مردندا بێتەوە، خۆی وەڵامی ئەداوە بیئەوەی بهێڵێ ژنەکەی بێتە قسان.

" تۆ بەو خاچە سوێندت خوارد کەس لەو هێشخانە نیە،"

 

ژێرنووس:

سێ پێ: foot 3

yard = یارد

Foot = 2.54cm پێ

تیوول یان فیف: (fief) زەوی و زارێکە، پاشا داویە بە دەرەبەگێک کە لە داهاتەکەی بژی و بۆ کاری سەربازی و ئیداری لە خزمەتیدا بێت.