شێعر و پەخشان

زه‌ماوه‌ندی هه‌وره‌ بابردووه‌كان

نژاد سورمێ

/ ئێمه‌/ خاكمان/ به‌/ كێڵراوییه‌وه‌/ خۆش/ ده‌وێ/

/ ئاو/ به‌/ ڕه‌وانی/ گوڵه‌گه‌نم و/ په‌لكه‌گیامان/

/ چۆن/خۆش/ بوێ/ كه‌/ سنگیان/ ده‌ده‌نه‌/ به‌ر/

/ گه‌ردی/به‌یانییان و/ له‌/ ئاوابوونی/ 

/ شه‌و/ ده‌دوێن؟/

 

زه‌ماوه‌ندی هه‌وره‌ بابردووه‌كان

 

نژاد سورمێ

 

((خه‌م هه‌رچه‌ند بێ ماریای بچكۆلانه‌

ئێمه‌ حیكایه‌تی خۆمان هه‌ر ده‌گێڕینه‌وه‌

                                         شاعیری ژاپۆنی

                                          نۆبۆ ئایۆكاوا))

 

(1)

/ گۆرستانی/ لانه‌وازان/ ئاوازی/ هاته‌هه‌تایمان/

/ بۆ/ ده‌ژه‌نێ./ له‌/ گۆڕستانی/ لانه‌وازاندا/ هاوین/

/ زستانه‌/ به‌هار/ زستان/ پایز/ زستان و/ زستان/

/ زستان../

چیم لێ ده‌پرسی؟

كه‌من شتێك له‌ مێرگ  و پاناو‌كان نه‌زانم...؟

چیم لێ ده‌پرسی؟

له‌وه‌ته‌ی هه‌م،

سیمای خۆمم نه‌بینیبێ؟

چیم لێ ده‌پرسی؟

كه‌ نه‌زانم له‌ كوێڕا ده‌ست پێ بكه‌ین؟

 

 

 

(2)

/ ئێمه‌/ خاكمان/ به‌/ كێڵراوییه‌وه‌/ خۆش/ ده‌وێ/

/ ئاو/ به‌/ ڕه‌وانی/ گوڵه‌گه‌نم و/ په‌لكه‌گیامان/

/ چۆن/خۆش/ بوێ/ كه‌/ سنگیان/ ده‌ده‌نه‌/ به‌ر/

/ گه‌ردی/به‌یانییان و/ له‌/ ئاوابوونی/

/ شه‌و/ ده‌دوێن؟/

 

گوێ بۆ كوێ هه‌ڵده‌خه‌ی،

سه‌ره‌تای  وچان و كسپه‌یه‌.

چاو بۆ كوێ هه‌ڵده‌بڕی،

دوایی كه‌وشه‌ن و ئاسۆیه‌.

ئێستا ویقار

له‌ خه‌رمانه‌ی مانگدا نییه‌

ویقار ئێستا،

له‌ ژاكانی ڕوومه‌تی ئه‌و ژنانه‌یه‌

به‌هه‌نسكی چاوه‌ڕوانییه‌وه‌ خه‌مڵیون.

 

(3)

/ ئيتر/ ناڕوانمه‌/ده‌ره‌وه‌/ئه‌و/تیشكانه‌ی/

/ له‌/ چاوی/تۆوه‌/ هه‌ڵمگرتوون/ به‌سن/

/ بۆ/ ئه‌وه‌ی/ هه‌ناسه‌یان/ پێ/ بده‌م/

 

ده‌نگێك ده‌بینم، ته‌نیا.. ماندوو

به‌ره‌و من دێ

به‌ر له‌وه‌ی بگات،

كه‌ویه‌ به‌فره‌كان له‌ كۆڵ ده‌نێم و هه‌ڵدیم.

چه‌پكه‌ تیشكێك

له‌ گوێم ده‌زرنگێته‌وه‌

مۆبایله‌كه‌میانم پێداده‌ده‌م،

په‌رتیان ده‌كه‌م..

(4)

/ گه‌ڕانه‌وه‌/ بۆ/ سه‌رچاوه/

/ له‌/ پایزێكی/ كه‌سكدا/‌ ساویلكه‌ییه‌../

/ هه‌موو/ ده‌م/ شیعر/ له‌/ جه‌ژن و/ شادیدا/ نییه‌/

/ ئه‌و/ پیشه‌/ له‌عنه‌تییه‌/

/ وه‌ك/ ئاو/ به‌/ جه‌سته‌ماندا/ دێته‌/ خوارێ/

/ زمانمان/ بپژێنێ/

/ ئه‌و/ پیشه‌یه‌/ زۆر/ جار/ كه‌/ له‌/ په‌رده‌یێكی/

/ ڕووبه‌ده‌ر/ ده‌چێ/ تامی/ نامێنێ

زنجیریان،

به‌ملی

ڕه‌شه‌بای

ناوه‌خته‌وه‌ كردبوو...

نه‌وای سه‌رده‌می

به‌ره‌و ئاسمان هه‌ڵده‌فڕاند.

 

 

 (5)

/ سینه‌مان ،/ سینه‌ی/ داغمان/ به‌/ ئاخی/ كپكراو/

/ به‌/ لێزمه‌ی/ ئه‌سرین/ داخراوه‌../

/ ئه‌و/ قفڵه‌/ به‌/چی/ ده‌كرێته‌وه‌؟/ به‌/ چی/

/ ده‌كرێته‌وه‌/ئه‌م/ قفڵه‌؟/

 

كۆیان كردینه‌وه‌

له‌ گۆزه‌یه‌كیان هاوێشتین ..

چێژخوازن ..

هه‌موو زمانێك ده‌زانن..

له‌ هه‌موو زمانێك ده‌گه‌ن ،

زمانی خاك نه‌بێ.

به‌سۆیه‌ یه‌كته‌نیی.

دژواره‌ خرۆش.

(6)

/ چی/ بكه‌ین/ كه‌مینێك/ بۆ/ گۆشه‌گیریی/

/ بنێینه‌وه‌؟!/

/ چ/ ڕێگایێك/ بگرینه‌به‌ر/

/ جه‌سته‌ی/ گڕگرتووی/گۆشه‌گیریی/

/ شه‌ڵاڵی/ عه‌شق/ بێ ؟/

ڕووبار لێڵ بوو. كه‌س گوێ ناگرێ.

با تاوگه‌ز بوو. كه‌س نابینێ.

پاكدامه‌نیی ،

له‌ ژێر پێی پێناواندا كه‌وتووه‌..

ناپاكییان له‌ ڕووبار ،

ناپاكییان له‌ دره‌خت ،

ناپاكییان له‌ با كرد..

له‌ مه‌رگه‌مه‌له‌دا

بوار هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ بوو...

هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ بوو بوار

ڕووباری لێڵ!

بای تاوگه‌ز!

دره‌ختی به‌ ناخدا هه‌ڵچوو!

هه‌ر ئه‌وه‌نده‌....

 

(7)

/ قه‌ڵای مێردان/ ئاده‌میخۆرانیش/ داڵده‌/ ده‌دا/

/ ئایا/ كاتی/ نه‌هاتووه‌/ له‌/ دۆڵێكی/ دووردا/

/ كۆببینه‌وه‌/ پێكه‌وه‌/ پیاڵه‌ی/ ژه‌هر/ هه‌ڵده‌ین؟/

/ له‌/ كاتێكدا/ دڵمان/ وازی/ له‌/ سه‌مایه‌؟

 

شه‌تاوم له‌ڕه‌وتی ورشه دی

نهێنی له‌ بانگه‌شه‌دا ..

ئه‌وانه‌ به‌ختیار بوون

سۆمایان نه‌مابوو!

ئه‌وانه‌ به‌ختیار بوون

ژاڵه‌یان خواردبوو !

(8)

/ گه‌ر/ ئه‌م/ سه‌فه‌ره‌/ بكه‌ین/ له‌/ كوێی/

/ لێكدابڕاندا/ده‌بین؟/

/ له‌/ كوێی/ ده‌ربه‌ده‌ری و/خان به‌كۆڵی/

/ كێڵگه‌كاندا/ ده‌بین؟/

/ له‌/ كوێی/ نیگه‌رانیی../

/ چی/ بكه‌ین،/ئێمه‌/ چی/ بكه‌ین؟/

/ به‌رده‌وام/ بین/له‌/ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی/

/ ته‌وژمه‌/ تێكشكاوه‌كان/

/ یان/ بوه‌ستین؟/

 

ئه‌و ئاوه‌ پاراوه‌ی

به‌ تافته‌ی ده‌سماڵی هه‌ڵخراوتا

دێته‌ خوارێ،

گریانی منه‌، ڕێداری چیا!

ئه‌و ئاوه‌ پاراوه‌،

گریانی منه‌..

 

 (9)

/ قسه‌م/ بۆ/ تۆیه‌/ گه‌ڵای/ تۆقه‌ڵان/

/ قسه‌م/بۆ/تۆیه‌/شه‌وبۆی/به‌رده‌رگا/

/ قسه‌م/بۆ/تۆیه‌/ ئێواره‌ی/ نه‌رم/

/ قسه‌م/بۆ/ تۆیه‌/ سیبیریای/ دۆزه‌خ/

/ بۆ/ ئێوه‌یه‌/ قسه‌م!

 

سه‌یری ئه‌و ترسه‌كه‌!

له‌ كووره‌ی هه‌ڵایساو،

له‌ دیالۆگی سه‌رده‌م ده‌چێ..

سه‌یری په‌نجه‌ی باران بكه‌!

به‌سه‌ر ڕۆژگاری من و تۆدا

وێنه‌ی گوڵه‌ڕه‌نگینه‌كانی كه‌نار..

ئه‌و ترسه‌،

له‌ ڕازیكی شكۆدار ده‌كا

مشت له‌ خه‌نجه‌ر،

چاو له‌ خوێن ..

ده‌ڵێی به‌فری كانوونه‌

ڕه‌شانگ پڕ ده‌كاته‌وه‌.

     سه‌یركه‌! ئه‌و ترسه‌،

ئه‌و ترسه‌ی

له‌ كووره‌ی هه‌ڵایساو ده‌چێ و

من و تۆی تێداین

چه‌ند ئاسووده‌ و بێ هاوتایه‌..