چیرۆک

هۆگری دووکەڵ

فەڕۆخ نێعمەتپوور

 لای ئەو لە سەر هەسارەی خڕی زەوی شوێنێک نیە ناوی "پێشەوە" بێت، چ بگا بەوەی فرمانیشی بۆ بدەی و بڵێی "دەی یاڵڵا! بەرەو ئەوێ،... بۆ پیشەوە!" لای ئەو لە سەر ئەم جەغزە خڕ و دایرەییەدا هەموو پنتێک هەم پێشەوەیە و هەم دوواوە. 

 

هۆگری دووکەڵ

فەڕۆخ نێعمەتپوور

زۆر حەزی لە جگەرە بوو. رۆژی دوو تا سێ پاکەتی دەکێشا. کە پارەیشی پێ نەدەما، بە قەرز. دووکاندارەکانیش دەستیان بە روویەوە نەدەنا. دەیانزانی هەر دێتەوە. ئەویش دەهاتەوە. دانەوەی پارەکان کەم و زۆری دەخایاند،... ئەگینا هەر دەیدانەوە. هەمیشە لە گەڵ دانەوەی قەرزەکان، پاکەتێکیشی بە قەرز وەردەگرت! دووکاندارەکان سەریان لێ رادەوەشاند و جاری وابوو لە گەڵیا بە بزەیەکیش بەڕێیان دەکرد.

ئەو بە ئەمەگترین هۆگر و لایەنگری دووکەڵ بوو.

عادەتی نەبوو بە پێوە جگەرە داگیرسێنێ. هەمیشە بە دانیشتنەوە. نەک بە لایتەر و فەندەک، بەڵکو هەمیشە بە شقارتە و شەمچە دایدەگیرساندن. بۆ؟ کەس نازانێ. رەنگە لەبەر ئەوەی شقارتە وەک درەخت لە خاکەوە دەهات و سەرئەنجام بۆ خاک دەگەڕایەوە. نەک وەک گاز لە خاکەوە بۆ هەوا و بۆ ئاسمان. لە کاتی داگیرساندنیاندا لە کاتێکدا جگەرەکەی لە ناو دوو لەپی دەستیدا ون دەکرد، دەنکە شەمچە گڕاوییەکەی ژێردەدان و ئیتر دەیکردن بە پشکۆ. پشکۆیەکی حەسێنەر. ئەوسا مژی لێدەدان. مژێکی قوڵ قوڵ. وەک هەناسەی دایکێکی تاسەبار، باوکێکی عەزرەتاوی، یاخود سەربازێکی عەوداڵی ماڵەوە لە ناو چڕە دووکەڵی تۆپ بارانەکانی دوژمندا.

دووکەڵ چییە لە دەستی نەدەدا. تا دووا چۆڕ و دووا قوم. مژی قوڵ و تا دووا دڵۆپ هەلمـژینی، تاکتیکی ئەو بوو بۆ داگیرکردنی وڵاتی جگەرە. جگەرەکەیش چەند ئاسان خۆی بە دەستەوە دەدا! ئەو سوکنایی بە بۆشیی جگەرەکان دەهات. بۆشێکی گەرم و تاڵ و خۆش.

لە کۆتاییدا ئەوەی دەمایەوە فیلتەرێکی سیس، زەرد، ژاکاو و خوساو بە ئاوی دەم و لێوی بوو. فیلتەرێکی تڵپە. وەک تڵپەی چا. لەو چاییانەی کە دەیانتوانی مێشکی باوکم لە ئێوارەیەکی قەرەباڵغی ژیان لە سووچێکی ژوورێکدا دەرباز کەن و ئارامی و ئاسوودەیی پێ ببەخشن،... رووناکیی بیرکردنەوەیەکی لێڵ و ئومێدێکی تەنانەت بچووکیش لەم دونیا پان و بەرینەی نەگەڕانەوەی کات و رووداوەکاندا.

هەڵبەت تا لەبیرم نەچووە با ئەوەیش بڵێم کە باوکم تیۆرێکی سەیری هەبوو. دەیگوت گەر هەموو کەس تەنیا لە سەدا یەک، ئا، تەنیا لە سەدا یەک گومان بکەن لە راستیی بیروباوەڕی خۆیان، ئەوا قەت هیچ شەڕێک لە دونیادا روونادا،... قەت قەت.

لەو دووکەڵەی هەڵیدەمژی، رادەیەکی کەم دەهاتەوە دەرەوە. من کە سەیرم دەکرد، دڵەڕاوکێ دایدەگرتم. نیگەران دەبووم. لەخۆمم دەپرسی باشە دووکەڵەکان بۆ کوێ چوون؟ بە خۆشییەوە دەستبەجێیش دەمتوانی وەڵامی پرسیارەکەی خۆم بدەمەوە. دەمزانی لەوێ لە ناو ئەو جەستەیدا هەزار کەلێن و کونەبەر هەبوو. جەستەی مرۆڤ لەژێر زەوی دەکا. کاتێک مشک و جرج هەڵیدەدڕن و ئیدی کەس ناتوانێ لەوسەری بێتەوە دەر. دووکەڵەکان لەوێ بوون. بەلام سەیرە بۆ بۆجارێکیش بێت ئەو دووکەڵانە هیچ مشک و جرجێکیان هەڵانەبڕییە دەرەوە؟ بیردەکەمەوە، بێگومان شوێنی ئەوەندە دەست دەکەوێ بۆ خۆحەشاردان.

ئیستا دەزانم بۆ ئەوەندە جگەرە دەکێشێ! بەڵام،... بەڵام بێهوودەیە،... بڕواناکەم بە مەبەستەکەی بگات. ئەو لەبیری کردووە ئەو مرۆڤە،... لەو کاتەوەی لە دایک بووە هەتا ئەو کاتەی دەژی. کەس ناتوانێ ئەم چارەنووسەی بگۆڕێ،... چارەنووسی مرۆڤبوون. تەنانەت منداڵەکانیشی هەر مرۆڤ دەبن، هەڵبەت ئەگەر منداڵێک لە گۆڕێدا بێ و، ئەگەریش هەرچی جگەرەی دونیایە بیکێشن. هەرچی جگەرەی ناو مێژوو و داهاتوویشە، لە سەردەمی سوورپێستەکانیشەوە. دووکەڵ چارەنووسەکان ناگۆڕێ.

لە کاتێکدا لەناو مژی دووکەڵەکانیدا نوقم بووە و بووە بە پەیکەرێک لە دووکەڵ، لەبەر خۆیەوە دەڵێ:

ـ "هەندێ شوێن بۆ هەمیشە وەک خۆیان دەمێننەوە. هەندێ شوێنی رەش."

من کە پێکەنینم بەم بیرەی دێ، لەبەر خۆمەوە دەڵێم "تەنیا ئەوەندە بەسە جگەرەکەی تەرک بدا!"

ئەو ماوەیەکە ئیتر جگەرە بە شەمچە داناگیرسێنێ. بەڵکو جگەرە بە جگەرەی تر. بۆ خۆی دەڵێ لە مێژووەوە فێربووە. لە خوێندنەوەی کتێبە مێژووییەکانەوە. وەک چۆن شەڕ بە شەڕ دادەگیرسێ. من ئیدی لەو رۆژەوە شەڕم وەک مرۆڤێکی هەڵکورماوی جگەرە بە لێو دێتە بەرچاو. مرۆڤێک کە لە هەژمەتی ئازاری سییەکان و قوڕگی دەتوانێ تا کۆتایی مێژوو بکۆکێ و خوێن هەڵ بێنێتەوە،... بێ ئەوەی بمرێ.

کە شەو دادێ، ئەو لە هەموو کاتێکی تر دڵخۆشترە. دڵخۆش بەوەی کە گڕی جگەرە بە شەو کاتێک مژی لێدەدەی لە مەودایەکی یەکجار دوورەوە دەتوانرێ ببینرێ و ببێ بە نیشانە بۆ ئەوانەی هیچ هاودەمێک لە شەوە ئەنگوستەچاوەکاندا شک نابەن. ئەو پێی وایە لەم جۆرە کەسانە یەکجار زۆرن، ئەگەرچی قەت بە توش یەکیانەوە نەبووە! بۆ ئەوەی جوانتر بیبینن، دەچێ لە سەر تەپۆڵکەیەکی نێزیک خانووەکەیان جگەرە دەکێشێ. ئەو تەپۆڵکەیەی پەڕجوویەکە لە تێکەڵبوونی مانگ و فێنکایی شەو و ورشەی با لە ناو گەڵاکاندا. لە دەروونەوە دڵنیایە کە تا ئیستاکە توانیوویەتی بە دەیان و سەدان مرۆڤی عەوداڵی ناو لاپەڕەکانی کتێبی مێژوو، هەر لە کۆنەوە تا ئیستاکە نەجات بدات و رێگا ونبووەکانیان سەرئەنجام بۆ بدۆزێتەوە، ئەگەرچی تا ئیستا یەک کەسیشیان سوپاسێکی نەکردووە. بەڵام ئەو سوپاسی بۆچییە، سوپاس بە کەڵکی چی دێت؟ داخۆ باشتر نیە ئەو کاتانەی بۆ سوپاس تەرخان دەکرێ، جگەرەیەکی تری تیا داگیرسێنێ و رێگا بۆ سەرلێشێواێکی تر بدۆزێتەوە؟

ئەگەرچی خۆی وەک رزگاریدەرێکی مێژوویی دێتە بەرچاو، بەڵام لە ماڵەوە هەر زۆر رقیان لێیەتی. نەک تەنیا لەبەر ئەوەی هەمیشە بە هۆی سیگارەکانییەوە قەرزدارە، بەڵکو بەو هۆیەوە ژوورەکان هەموو بۆنە دووکەڵیان گرتووە. هیچ شتێک ئەو بۆنە ناڕەوێنێتەوە. تازە بووە بە بەشێک لە ماڵەکە. ژنەکەی هاوار دەکا و دەڵێ مێژوو بە من چی! خوای دەکرد هەتا هەن سەرگەردان بن، گەر قەرارە تا ئیستا هیچیان لێ بەسەر نەهاتبێ، لەمە بە دووایش هیچیان لێ بەسەر نایەت. من پێم وایە ژنەکەی راست دەکا. هەندێ کەس هەن بۆ سەرگەردانی دروست کراون ئەگەرچی کاتی خۆی ویستیان دونیا بگۆڕن! بەڵام ئەو قەت وەڵامی ژنەکەی ناداتەوە. پێم وابێ بە تەمایە رۆژێک لە رۆژان لە سەر تەپۆڵکەکە بە گڕی جگەرەکەی، ئەویش لە سەرگەردانی ناو مێژوو نەجات بدات.

جاری وایە کاتێک بێ تاقەت دەبێ، دەچێ ئەلبۆمی وێنەکان دێنێ، دادەنیشێ و سەیریان دەکا. ئەو هەمیشە حەزی بە وێنەکان بووە، رەنگە لەبەر ئەوەی وێنەکانیش بە جۆرێک لە جۆرەکان سەریان بە مێژووەوەیە. نیگاکانی دەخشێن و دەخشێن. بە بێ هیچ هەستێک. رەنگە لەبەر ئەوەی پێی وایە هەمیشە دەبێ بە نیگای سارەدەوە سەیری مێژوو بکرێ،... بە نیگای سارد و دڵی گەرمەوە، بە جگەرەیەک بە لێوەوە لە کاتێکدا دووکەڵەکەی بە سەر وێنەکاندا شەپۆل شەپۆل دێن و دەچن. جەو و ئەتمۆسفێرێکی رۆمانسی. ئەو رۆمانسیەتەی وا قەت نەیهێشت گۆڕانخوازە سەرگەردانەکانی ناو مێژوو واز لە خەونەکانیان بێنن. پێکەنینی دێتێ. بیردەکاتەوە بەس نیە لانیکەم ئیستا منیان هەیە!

راست دەکا ئەویان هەیە. رەنگە هەر لەبەر ئەمەیش بێ دووکاندارەکان هەمیشە ئامادەن بە قەرز سیگاری بدەنێ، رەنگە هەر لەبەر ئەمەیشە قەت لە سەر ئەو تەپۆلکەیە ناحەزێک دەرنەکەوت بە چەقۆ لاکەلەکەی بدڕێ. مرۆڤە گەورە سەرگەردانەکانی ناو مێژوو چ کارێکی گەورەیان لەدەست دێ!

لە کاتی باران و بەفربارینەکانیشدا گرفتی نیە. هیچ بەفر و بارانێکی دونیا، هەرچەند بە لەز و بە تین و گڕ بێت، ناتوانێت جگەرەی ئەو بکوژێنێتەوە. بگرە گەش و گەشتری دەکەن. بۆ خۆی دەڵێ، بای نیگا سەرگەردانەکانە لەو دوورانەوە دەیگەشێنێتەوە. دەڵێ ئەو نیگایانە گڕن و جگەرەکەی ئەو دەپارێزن. راست دەکا، دەشیپارێزن. من بە چاوی خۆم دیتوومە چلۆن ئەو جگەرانە لە ناو وەیشوومەکانیشدا هەر دەمێننەوە. دەستەکانی دەتەزێن، چلورە سەهۆڵەکان بە ردێن و سمێڵی دا بەردەبنەوە، چاوەکانی بە جوانی لەبەر گێژەڵوکەی بەفر هەڵنایەن، کەچی پشکۆی جگەرەکان هەر لەوێن.

من بیری فیلمی شەڕەکان دەکەومەوە، چ فیلمە دێکۆمێنتارییەکان و چ ئەوانەی ساڵانی گەلێک دوواتر لە لایەن فیلم سازەکانەوە سازکران. هیچ کەس بە قەدەر سەربازەکان جگەرە ناکێشن. ئەم سەر تا ئەو سەری بەرەی شەڕ، ئەو روخسارە چڵکن و تەپ و تۆزاوی و رەش هەڵگەڕاوانەن وا جگەرە دابەشکراوە بەلاشەکان دەکێشن و، دووکەڵەکەی دەکەن بە ئاسماندا. قەتیش لێیان نابڕێ. هەمیشە جگەرەی رەش دەستدەکەوێ. کە نەیشما، گەڵای وشک ورد دەکەن و لەو کاغەزانەی دەکەن وا دوژمن تێیاندا داوای تەسلیم بوون و بێهوودەیی خۆڕاگرییان تێدا کردووە. ئەوان لە کاتێکدا بەرپرسەکانیان فرمانی هێرش دەردەکەن و بە پاڵەپەستۆ لە سەنگەرەکان بەرەو پێشەوە دەریاندەهاوێن، خۆڕاگری و بێهوودەیی دەکێشن.

لە کاتێکدا فیلتەری گوشراوی جگەرەکەی فڕێدەداتە سەر زەویی بەردەمی، بیر لە وشەی "بۆ پێشەوە" دەکاتەوە. لای ئەو لە سەر هەسارەی خڕی زەوی شوێنێک نیە ناوی "پێشەوە" بێت، چ بگا بەوەی فرمانیشی بۆ بدەی و بڵێی "دەی یاڵڵا! بەرەو ئەوێ،... بۆ پیشەوە!" لای ئەو لە سەر ئەم جەغزە خڕ و دایرەییەدا هەموو پنتێک هەم پێشەوەیە و هەم دوواوە. پێکەنینی بە روخسارە جددی و پڕ لە توڕەیی و هەڵچووەکانی فەرماندەکان دێ. گەمژەترین پیاوەکانی جیهان. ئەوانەی وا میدالیاکان یاخود خەونی میدالیا برینەکانی پێ لەبیر بردبوونەوە.

هەڵدەستێتە سەر پێ. بە قاچ فیلتەرە کوژاوەکە جارێکی تر دەکوژێنێتەوە،... ئەمجارە بە رقەوە. چەندە رقیشی لە پیاوە سەرگەردانەکانی ناو مێژووە،... ئەوانەی هەر قسەیان کرد و هەتا ئیستا نەک هیچیان لە دەست نەهات، بگرە بوون بە باریش. بارێکی نادیار کە هەتا هەتایە دەبێ لەبیری بە مەنزڵ گەیاندنیاندا بێت.

ئەو رۆژە کاتێک لە سەر تەپۆڵکەکە بەرەو ماڵەوە دەبێتەوە، بزەیەکی گوناهبارانە دەنیشێتە سەر لێوە زەردەکانی. ئاسمان دەگرمێنێ و هێڵەکانی هەورە تریشقەیەکی دەگمەن، کتوپڕ تا ئەو پەڕی قولاییەکانی ناو مێژوو رووناک دەکەنەوە. بۆ یەکەم جار چاوی بە سوپای بێ شوماری مرۆڤە سەرگەردانەکانی ناو مێژوو لەو دووردوورانە دەکەوێ. ئەو مرۆڤانەی یەکجار نێزیک لە یەک دەڕۆیشتن و، کەچی تەنیا بوون. هەستی قورسی تاوان دایدەگرێ.

چەخماخەی بیرێک ئاسمانی مێشکی بۆ چەند ساتێک رووناک دەکاتەوە. بڕیار دەدا بۆ هەمیشە واز لە جگەرەکێشانەکانی بێنێ. لەبەرخۆیەوە دەڵێ:

ـ "ئەوان دەبێ سەیری تەنیشتی خۆیشیان بکەن،... نەک تەنیا هەر بۆ پێشەوە،... ئا، سەیری تەنیشتیان!"