شێعر و پەخشان

دەمەوێت بە ژنێك ئاشنا ببم

 

پێشەوا کاکەیی

 

من دەمەوێت لە تەك ژنێك دانیشم /قسەی لەگەڵ نەكەم /بەس بزانم چۆن سەیری خودا دەكات /بۆنی عیرفانی لێوە بكەم /تێربم لە بۆنی مێخەكەی گەردنی /دۆعا بكەم و ببمە دەنكە دەستبێحەكەی بەردەستی /زیكری تەواوم پێ بكات.

 

 

دەمەوێت بە ژنێك ئاشنا ببم

 

پێشەوا کاکەیی

 

دەمەوێت بە ژنێك ئاشنا ببم

كوێر، تەنیا دەستی هاوڕێی گۆچان بێت

شەواوشەو لە كۆخەكەی بێتە دەر،

كاری سەر ئاو بكات.

هیچ پیاوێ درۆی بۆ نەكات

بەرۆكی پڕ پارە و، دڵی پڕ پیاو بكات.

 

من دەمەوێت لە تەك ژنێك دانیشم

قسەی لەگەڵ نەكەم،

بەس بزانم چۆن سەیری خودا دەكات.

بۆنی عیرفانی لێوە بكەم

تێربم لە بۆنی مێخەكەی گەردنی

دۆعا بكەم و ببمە دەنكە دەستبێحەكەی بەردەستی،

زیكری تەواوم پێ بكات.

 

من دەمەوێت بە ژنێك ئاشنا ببم

پیرتر لە خۆم،

دڵی داگیرسابێت... ڕووناكتر لە خۆم.

ژنێك لەگەڵ هیچ پیاوێ نەخەوتبێت

تەنیا لە خەونیدا پیاوێكی لەگەڵدا جووت بووبێت

كە هەستابێت لە خەو

دوای حەمام، بەرماڵی بۆ ڕاخستبێت.

دەمەوێت سوبحدەمی هەموو ڕۆژێ

ڕووناكی خۆر لەسەر گوڵی حەوشەكەیان بێت.

وەك ئاویش شۆڕ ببمەوە و،

تینوویێتی ڕەگەكانی پێ بشكێت.

یان وەك ئاونگ بتكێمە سەر گەڵای درەختەكان،

كە بێواز بوو، ڕایوەشێنێت و دڵۆپە ئاوی پێ بكەوێت.

یان تك... تك، بڕژێمە نێو حەوزە بچكۆلانەكەی ماڵیانەوە،

دەستنوێژی پێ هەڵبگرێت.

 

من دەمەوێت بە ژنێك ئاشنا ببم

ژنێك... لە هیچ جەنگێ بەشداری نەكردبێت

بەس داخەكەم، دەترسم لەو جەنگەدا:

ڕۆحی هەپروون هەپروون بێت و،

نێوی خوداشی بیر بچێت!