چیرۆک

دەبێ دونیا ببینم!

 

فەڕۆخ نێعمەتپوور

بەڵام ئاتیلا لە سەر کردەکەی سوربوو. سوپا کشایەوە. دەنگی هەراو خۆشیی دوژمن ئاسمانی کەڕدەکرد. ئەوسا ئاتیلا بەرەو تەپۆڵکەکە لێیخوڕی. دونیا هەناسەی لە سینگدا کپ کردبوو. لە بن بەردێکدا کوڕێکی گەنجی بینییەوە بە جانتا و جل و بەرگێکی سەیرەوە. زیاتر لێی چووە پێش. قەڵافەتی باریکی کوڕەکە چەند ئاسان دەکرا بە شمشێر بکرێ بە دوو لەتەوە! دەنگی هەڵبڕی.

 

دەبێ دونیا ببینم!

 

جانتاکەی هەڵگرت، ئارام لە حەوشەکە پەڕییەوە و ئەودیوی دەرگاکە کەوت. دڵنیا بوو، تەواو دڵنیا، لەوەی کە دەبێ بڕوات و جیهان ببینێ. دوکاندارەکەی تەنیشتی خانووەکەیان کە خەریکی خاوێنکردنەوەی میوەی ناو سندوقەکان بە پەڕۆیەکی سەوزی رەنگهەڵبزرکاو بوو، سەری هەڵبڕی، لایکردەوە و سەیری ئەمی کرد، بە بێ ئەوەی پرسیار یاخود سڵاوی لێبکا، دیسان خەریکی کارەکەی خۆی بووەوە. ئەمیش بەلایەوە گرینگ نەبوو. شەرت نیە هەر دەقیقە و سەعاتێک بە دیتنی دراوسێکان سڵاویان لێبکەی، یان سڵاوت لێبکەن، ئەگەرچی رەنگە دڵیان بێشێ، یان دڵی تۆ بێشێ!

ـ " دەبێ خوو بەمە بگرین!"

 

رێک لەم کاتەدا "ئاتیلا"١ کە بە چەند مانگ لەوە پێش لە هێرش بۆ سەر ئیمپڕاتوریەتی ئێران شکستی خواردبوو، لە کەپرە سروشتی و جوانەکەی خۆیدا لە باوەشی یەکێک لە ژنەکانی خەریکی خەون بینین بە گرتنی رۆمی رۆژهەڵات یان رۆمی رۆژئاواوە بوو. ئاتیلا، سەری لە سەر سینگی ژنەکەی هەڵبڕی، لە ژێر چەناکە سیحراوییەکەیەوە سەیری برژانگە درێژەکانی کرد و، گوتی ژیانکردن لە کەپردا خۆشە، چونکە هەمیشە میوانی و دەبێ بڕۆی. هەر کە وشەی رۆیشتن بە دەمیدا هات، قەنج هەستایە سەرپێ و، هاواری لە سوپا کرد ئامادەی هێرشێکی تر بن. سوپایش وەک هەمیشە ئامادەبوو.

 

جانتاکەی هەڵگرتەوە و کتوپڕ رقێکی سەیر لە دایک و باوکی و لە هەموو خەڵکی شار و بگرە لە هەموو وڵات سەرتاپای داگرت. چ دەبوو ئەمانیش هەر هەموویان لە کەپردا ژیابان؟ تف لەم خانووە قوڕ و چیمەنتۆ و خشتانە! جگە لە بێتاقەتی و وەڕەزی چیتر لە گەڵ خۆیان ناهێنن. ئیتر لە ویزە ویزی مێشەکانی گەرمای رۆژیان گەڕێ کە دەنگ و رەنگیان ئەوەندەی تر لە خۆت بەتاڵت دەکەنەوە!... وەڕەزی وەڕەز! بە بێ ئەوەی بە چاوە پڕ لە قینەکانی سەیرێکی تری دوکاندارەکە بکاتەوە، رۆیشت.

 

ئاتیلا گەیشتبووە پشت دیوارەکانی رۆمی رۆژهەڵات. سەیری سەربازەکانی کرد، ئەو کەسانەی وا وڵات و وڵات و هەرداو هەردیان لەگەڵ کردبوو و بە بێ ترس لە گیانیان، تا دووا دڵۆپی خوێنیان شمشێریان بۆ لێدابوو. بیری کردەوە چەندەی تریان دەبێ لێرە بکەونە سەر خاک. بەڵام داخۆ هەر ئەمە نەبوو ئەوی بەرەو شوێنە تازەکان پاڵ پێوەدەنا، یان نا، خودی رۆیشتن بوو؟ ئاتیلا لە بیری دێ رۆژێک لە شوێنی ژیانی خۆی وەڕەز ببوو. لە خۆڵەکەی دەوری ماڵەکەیان، لەو خەڵکەی هەموو رۆژیان لە یەک دەچوو،... لەو ئاسمانەی کە هەمیشە وەک خۆی وابوو. بۆیە کە گەورە بوو، بڕیاری دا شمشیرەکەی و ئەسپەکەی هەڵبگرێ و بە هاوڕێکانی بڵێ ئیتر بەسە! هەر کەسەو پێی خۆشە، با ئەسپەکەی زین کا و، لەگەڵی کەوێ. ئەوانیش زینیان کردبوو و ئیتر یەکێک لە سامناکترین چیرۆکەکانی ناو مێژوو دەستی پێکردبوو،... چیرۆکی شەڕە ترسناکەکانی مرۆڤ لە دژی خۆی.

 

هیچی وای نەخستبووە ناو جانتاکەیەوە. دڵنیا لەوەی رێگا پڕە لە کاروانسەرا و چاخانە و شوێنی پێویست بۆ حەوانەوە، تەنیا چەند پارچە جلی هەڵگرتبوو. هەنگاوەکان چ خۆش دەیانبرد. لە گەڵ هەر هەنگاوێک دەڵێی ئاسۆیەکی نوێ دەکرایەوە. دیمەنەکان چەند خێرا گۆڕانیان بەسەردادەهات. بیری کردەوە دونیا واتای گۆڕانە و، هیچی تر. ئەوەی تەسلیمی ئەم لۆژیکە ببێ، ئیتر لە ژیان گەیشتووە، تەنانەت لە مردنیش. تەنیا ئەوانەی بە شوێنێک عادەتیان گرتووە، لە مەرگ دەترسن. بگرە لە گەڕاندا مەرگ درەنگتر دەتدۆزێتەوە. بێهۆ نیە مانەوە ئەوەندە خەمگینت دەکا. هەناسەیەکی قوڵی هەڵکێشا و لە سەر شانی جێگۆڕکێی بە جانتاکەی کرد:

ـ "بەدبەخت، دانیشە و هەر میوە خاوێن بکەوە، بەو پەڕۆیە رەنگە بیکەن بە بەیداخی سەر کێلی گۆڕەکەیشت!... بەدبەخت،... بێچارە!"

 

ئاتیلا سەیری هێرشبردنی سەربازەکانی خۆی کرد. شەڕی بێباکانەیان دەبا هەمیشە نەک مێژوو، بەڵکو خودایش لەبیری مابایەوە! دەڵێی ئەوان تەنیا بۆ ئەمە خوڵقابوون. ئاتیلا جاری وابوو لە گەرمەی شەڕەکاندا فرمێسک بە چاوەکانیدا دەهاتنە خوارەوە. لە دڵەوە سوپاسی ئەو رۆژەی دەکرد وا تێیدا بڕیاری دا ئەسپەکەی زین کا و شمشێرەکەی ببەستێ و بۆ هەمیشە بڕوات. تەنانەت هیچ کام لەو برینانەی وا جەستەیان پێکا و هەندێکیشیان بۆ هەمیشە لەوێ ئاسەوارەکەیان مایەوە، قەت لەم بڕیارە پەشیمانی نەکردەوە. مەگەر نەک ئەوەی برینی رۆح لە برینی جەستە دژوارترە؟ بیری کردەوە چڕی رووداوەکان و زۆر و بۆر بوونیان لە بیرکردنەوە بێ ماناکان دەتپارێزن، دەتبەن،... ئەوەندەت دەبەن تا تەنانەت تەنیایش ئەسپەکەی زین دەکا و شمشێرەکەی هەڵدەگرێ و ئەویش وەڕێدەکەوێ. ئاتیلا جاری وابوو هەستی دەکرد تەنیایی لە تەنیشتی دا شمشێر لێدەدا و، نەبەزانە هەنگاو بەرەو پیشەوە هەڵدەگرێ، رێک بۆ ناو قەلبی سوپای دوژمن. ئەو جاری وابوو هەستی بە قەترە فرمێسکەکانیشی کردبوو.

 

جانتا بەکۆڵەوە، لە دوورەوە چاوی بە قەرەباڵغی و دووکەڵ و تەپ و تۆزێکی سەیرکەوت. قەت لە ژیانیدا چاوی بە شتی وا نەکەوتبوو. هەنگاوی زیاتر هەڵگرت. ئەوسا گەیشتە تەپۆڵکەیەکی نزیک کە بە جوانی بە سەر شوێنەکەدا دەیڕوانی. چ حەشاماتێک! لێرەوە دەنگەکانیش دەبیستران: دەنگی سمی ئەسپە قورسەکان، نەعرەتە، جرینگە جرینگی ئاسنەکان، ناڵە ناڵ و تەنانەت دووا ئاهەکان. ئەم کە قەت شەڕی نەدیتبوو، کتوپڕ هەم ترس و هەم حەزێکی سەیر تێیدا سەریهەڵدا. بیری کردەوە باشە مەگەر قەرار نیە شەڕەکانی ئەم سەردەمە بە تۆپ و تانگ و تفەنگ بن؟ ئەمە چییە؟... مەگەر ئەو لە کوێیە؟... هەنگاوەکان بەرەو کوێ هێناویانە؟

 

ئاتیلا لە گەرمەی شمشێرلێدانەکانیدا بوو هەستی بە قورسایی دوو نیگا کرد کە لە نیگای سەردەم نەدەچوون. راوەستا و لایکردەوە. ئەوسا لە پشتەوە، لەو دوورانە، لە سەر تەپۆڵکەکەی رۆژهەڵاتەوە سێبەری مرۆڤێکی بینی. چەند هەنگاوێک ئەسپەکەی بەرەو ئەوێ ئاژوت. قەڵافەت کشاو بە شمشێرێکی شۆڕی ئاراستەی بەرەو زەوی، رێک بە تەنیشتی ئەسپەکەیدا کەمێک زیاتر قورسایی لەشی خستە سەر ئاوزەنگەکانی. ئەوسا دەستی بەرزکردەوە و ئاماژەی پاشەکشەی دا. سوپا کە بەم فەرمانە سەریان سوڕمابوو، ناباوەڕانە سەیری یەکتریان کرد:

ـ "سەرۆک شێت بووە؟... چۆن دەکرێ لە کاتێکدا تەنیا چەند هەنگاوێکمان ماوە بۆ ئەوەی قۆنستەنتەنیە بگرین، بۆ ئەوەی یەکجار بۆ هەمیشە کۆتایی بە رۆمی رۆژهەڵات بێنین، پاشەکشە بکەین؟"

بەڵام ئاتیلا لە سەر کردەکەی سوربوو. سوپا کشایەوە. دەنگی هەراو خۆشیی دوژمن ئاسمانی کەڕدەکرد. ئەوسا ئاتیلا بەرەو تەپۆڵکەکە لێیخوڕی. دونیا هەناسەی لە سینگدا کپ کردبوو. لە بن بەردێکدا کوڕێکی گەنجی بینییەوە بە جانتا و جل و بەرگێکی سەیرەوە. زیاتر لێی چووە پێش. قەڵافەتی باریکی کوڕەکە چەند ئاسان دەکرا بە شمشێر بکرێ بە دوو لەتەوە! دەنگی هەڵبڕی:

ـ "پێویست ناکا پێم بڵێی لە کوێوە هاتووی،... دونیا زۆر گەڕاوم و خەڵکی زۆرم بینیووە،... تۆ هی ئەم سەردەمە نیت، هەر ئەوەندە دەزانم لە داهاتووەوە هاتوویت،... چۆن؟ نازانم.

ئەوسا لە ئەسپەکەی دابەزی و لغاوەکەی دایە دەست یەکێک لە سەرۆک سەربازەکانی. لە جانتا لەکۆڵەکە نزیک کەوتەوە و چۆکی دادایە سەر زەوی و، درێژەی بە قسەکانی دایەوە:

ـ "وەک منداڵیی من بۆنی خۆڵی کۆڵان و یەک رەنگیی ئاسمان و وەڕەزییەکان دەدەی. پێم سەیرە،... قەت پێم وانەبوو ئەوانەی وا لە داهاتوودا دەژین، وەک من وابن، هەمان دڵتەنگی بەرۆکیان پێبگرێ."

ئەوسا هەستایە سەرپێ و، فرمانی گەڕانەوەی بۆ شوێنی منداڵیی دا. سوپا، کە هێشتا واقوڕماو لە یەکتریان دەڕوانی، بە ناچار شوێنی کەوتن.

پاش دەیان رۆژ رێگابڕین بە ناو کەژ و کێو و دەشت و بیاباندا، سەرئەنجام گەیشتنەوە هەمان شوێنی سەرەتا. ئاتیلا فەرمانی دا دەوری چۆلکەن، وتی هەر کەسەو بگەڕێتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆی، وتی ئیتر قەت بیر لە هێرش و شەڕ و لەناوبردنی ئەوانی تر نەکەنەوە. ئەوسا ئارام، بەڵام رەسا و روون وەک دووا وتە گوتی:

ـ "من پێم وابوو ئێمە دووا نەسڵ دەبین کە بەرەنگاری وەڕەزییەکانی ژیانی رۆژانەمان دەبینەوە و، ئیتر بە کردەکانمان یەکجار بۆ هەمیشە کۆتایی بەم بەزمە دێنین، دەبینە هۆی بەختەوەریی نەوەکانی داهاتوو... بەڵام،... بەڵام ئەمڕۆ زانیم کە هەڵەین،... هەڵەم،... تەنیا بڕۆنەوە،... ئا بڕۆنەوە،... لێم گەڕێن با لە گەڵ کۆڵان و ئاسمان دابنیشمەوە،... لێمگەڕێن!"

 

ژێرنووس:

 

ئاتیلا (٤٠٥ ـ ٤٥٣) زایین، رێبەری قەومی هون کە لە کاتی ژیانیدا خاوەنی گەورەترین ئیمپڕاتۆریەت بوو لە ئەورووپادا (لە رووباری ئورال ەوە هەتا دانوب). یەکێک لە ترسناکترین دوژمنانی رۆمی رۆژهەڵات و رۆمی رۆژئاوا بوو. رۆمییەکان ناسناوی قەمچیی خودایان لەسەر دانابوو.