ما 482 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

هەڵاتن لە بەرهەست

هەموومان بە جۆرێک لە جۆرەکان حەز دەکەین لە واقع و شتە بەرهەستەکانی دەورووبەرمان رابکەین. ژیان جاری وایە ئەوەندە ماندوومان دەکا کە چارمان نامێنێ بۆ پەیداکردنی گۆشەیەک کە تێیدا بحەوێینەوە و تێیدا خەیاڵ و بیرمان بەرەو دونیا و جیهانێکی تر هەڵبفڕێ، جیهانێک کە تێیدا هەموو شتێک باشتر دێتە بەرچاو.

 

بۆ ئەم هەڵاتنە جۆرەها ئامراز لەبەردەستدان: رۆمان، شیعر، چیرۆک، هونەر، سینەما، شانۆ، کایە، خەڵوەت نشینی و خەیاڵ کردن و بیرکردنەوە، بۆ وێنە لەم جۆرە شێوازانەن.

هەڵبەت هەڵاتن لە واقع و شتەبەرهەستەکان چەندە دەتوانێ باش و بەکەڵک بێت، هەر بەو ئەندازەیەیش دەتوانێ زەرەرمەند بێت. گەر ئەم هەڵاتنە ببێتە هۆی تێڕوانین و قوڵبوونەوەی زیاتر لە واقع و شتە بەرهەستەکان و بەرەو ناسینی زیاترمان ببات وەها کە کاتێک دەگەڕێینەوە سەریان، خاوەنی دید و بۆچوونێکی قوڵ و فراوانتربین لە سەریان، ئەوا هەڵاتنەکەمان بەسوودە، بەڵام بە پێچەوانەوە گەر ببێتە هۆی دابڕانمان و ناسینی زیاترمان پێ نەبەخشێ، ئیدی یەکجار زەرەرمەند دەبێ.

گەر سەیری مێژووی فەلسەفە بکەین دەبینین کە بە بێ ئەم هەڵاتنە و رێزگرتن لە خەڵوەت نشینی خۆ و تەریک مانەوە لە ژوورێکدا، زۆربەی دەقە فەلسەفییەکان قەت بەرهەم نەدەهاتن، یان گەر بۆ وێنە شۆلۆخۆڤی رووسی، نووسەری رۆمانی "دۆنی ئارام" لە پاش شەڕی ناخۆ، پازدە ساڵ لە خەڵوەتی خۆیدا دانەنیشتبایە، ئەوا قەت ئەم رۆمانە جیهانییە بەرهەم نەدەهات.

کەواتە با قەت لە تەنیایی خۆمان نەترسین، ئەوەندەی کە دەبێ لە چۆن تەنیابوونمان بترسین. بیرکردنەوە و ناسین و نووسین بەرهەمی تێڕوانینی واقع و بەرهەستە لە خەڵوەتدا.

سایتی قەڵەم

 

٢٨ یولی ٢٠١٥