شەهلا نووری

یادەوەریم بقرتێنن
  بیرۆكەم ماندوو مەکەن!
 لەسەر یادەوەرییەکانم 
ڕامەکشێن
شتێک هەیە ماندووم دەکات

شتێک هەیە
 
چ ئاوازێکە
بێ نۆتە ڕوو لە دەرگای ژەنگاوی 
 سینە وێرانم دەکا
 زەمزەمەی سەبام لێ نەوی دەکا
بەنەرم و ناسک پەروازە دەدەن
لەخۆڕا بە لەرەی ژێی کەمان
ڕوحم یاری دەکا
لە گوڵاڵە سوورەی دەشتی دڵمدا هەڵاژیان ئاوازی نێرگزی چاومەستی شیعرم 
شەمزان
 لەسەر شۆستەی وەهم،
بەیانە
بە خڕخاشەی دڵم
  ئاوازی ئاواتەکانم دەکڕۆشن...
 مینا کتێبی بەرگ جوانە،
 چاو ڕاکێشە، گورج دەفرۆشا...
بەردی ڕۆشەن تەنگی گۆی چەم
 جەم بکەن
 گۆزە بشکێنن، ئاو بڕژێنن.
دارێ تووم بتەکێنن
مەزەی شۆخیم، لالەزارم بۆچ دەوەرێن
یادەوەریم بقرتێنن
  بیرۆكەم ماندوو مەکەن!
 لەسەر یادەوەرییەکانم 
ڕامەکشێن
شتێک هەیە ماندووم دەکات
 لایە لایەی خەمکانم
 نوێ دەکاتەوە 
بێزارم دەکا
لەم هەوار بۆ ئەو هەوار
 لەم گرد بۆ ئەو چاڵم دەبا
شتێک هەیە ئازارم 
دەدات
شتیک هەیە

گەڕان بۆ بابەت