فەڕۆخ نێعمەتپوور
جل و بەرگ لەبەر دەکەم و، ملی رێگا دەگرمە بەر. لە دەور و بەرم دەڕوانم. حەز ناکەم وەک چیرۆکنووسە کلاسیکییەکان بڵێم: ئاسمانێکی تاریک و بەرز، نوقمی ئەستێرە خەمگینەکان، بێ سرتە وەک هەمیشە، خانووە تاریک و خامۆشەکان، کۆڵانە بێدەنگ و تامەزرۆی رێبوارەکان و شتی لەم بابەتە. نا، ئەمانە ناڵێم. حەز دەکەم بڵێم شەوێک پڕ لە خولیای سەفەرێکی کتوپڕ بە هۆی تەلەفۆنی هاوڕێیەکەوە. نا، راوەستن! ئەی خۆم؟ رستەکە دادەڕێژمەوە: شەوێک پڕ لە خولیای سەفەرێکی کتوپڕ بە هۆی تەلەفۆنی هاوڕێیەکەوە لەکاتێکدا خەو بوو بە منداڵێکی لاسار بە حەوت تەبەقی ئاسمانەوە.
با بڕۆین!
فەڕۆخ نێعمەتپوور
ئەمشەو خەو بوو بە ئەستێرەیەک بە حەوت تەبەقی ئاسمانەوە. لەو سەرسەرە لە کۆڵانی ئاسمان کەوتە یاری لەگەڵ ئەستێرەکانی تر. بۆنی خۆڵ و تەپ و تۆز و ئارەقە لێم ئاڵا. لەناو جێگاکەمدا گێنگڵم دەدا. ئەم شان نا ئەو شان، لەسەر گازەرەی پشت و دەمەو روو، دوو دەست لەژێر سەردا و قۆڵ لەسەر تەوێڵ،... خەیاڵ جارێ لێرە و جاری وایە لەوێ.
لەگەڵ ئەوەی تەلەفۆنەکە لەسەر سایلنت بوو، بە تیشکەکەی زانیم زەنگ لێدەدا. ئەوە کێیە بەم نیوە شەوە!؟ یەکسەر جوابم نەداوە. کەمێک لێی رامام. ئەوسا رێک لەو کاتەیدا وا پێم وابوو کەسەکە دایدەنێتەوە، وەڵامم دایەوە. هاوڕێیەک بوو.
ـ ئەلۆ!
ـ ئەلۆ!
ـ ئەوە نەخەوتووی؟
ـ نەخەوتووم!
بیرم کردەوە ماوەیەکی چاکە ئاگام لێی نیە. هەرچەند دۆستێکی دێرینە و، لەمێژە یەکتر دەناسین. نە لە دەنگی ئەودا پەشیمانییەک هەیە لەوەی بەو درەنگانە تەلەفۆنی بۆ کردووم و، نە لەمنیشدا زایەڵەیەک لە گلەییەکی شاراوە لە شێوەی ئاخاوتنمدا. تەنانەت وەک بڵێی پێشم خۆشە زەنگی داوە. دەڵێ:
ـ دەی چۆنی؟ لەمێژە ئاگامان لەیەکتر نیە.
بیردەکەمەوە:
ـ مانگێک، یان چەند هەفتە!؟
ـ کوڕی باش زیاترە.
ـ هەزار ساڵ؟
ـ ...
ـ راستی زەنگم دا پێت بڵێم ئەمشەو ئامادەی پێکەوە سەفەرێک بکەین؟
ـ سەفەر؟
ـ سەفەر.
بزەیەکم دێتێ. ئەو هەمیشە وا بوو. هەمیشە بیری سەیر سەیر بە مێشکیدا دەهات. لەبیرم دێ دەیگوت جاری وایە دەبێ ژیان داچڵەکێنی. دەڵێم:
ـ بۆ کوێ؟
ـ حەز دەکەی بۆ کوێ بێ؟
بیر دەکەمەوە:
ـ نازانم.
ـ کەواتە با من ئەمجارە بڕیار بدەم!
خەیاڵی 'ئەمجارە' دەمباتەوە. لەبیرم نایەت جارەکانی تر هەبووبن. دەڵێم:
ـ ئەمجارە با تۆ بڕیار بدەیت.
ـ جل و بەرگەکەت لەبەر کە و، هەر بەو جادەیەی بەر ماڵەکەتدا داگەڕێ بەرەو قەراخ دەریاکە. لەوێ لە تەنیشت پۆلە درەختە هەمیشەییەکەدا پاپۆڕێک راوەستاوە. پاپۆڕێکی گەورە و جوان، لەو پاپۆڕانەی بۆ کوێت پێ خۆش بێ، دەتبا، تەنیا بەو مەرجەی بتهەوێ بەدڵ سەفەر بکەی.
رێگاکە شارەزام. ئەگەرچی ماوەیەکی باشە، یان رەنگە لەمێژە بەرەو دەریاکە نەڕۆیشتووم. دەڵێم دێم.
جل و بەرگ لەبەر دەکەم و، ملی رێگا دەگرمە بەر. لە دەور و بەرم دەڕوانم. حەز ناکەم وەک چیرۆکنووسە کلاسیکییەکان بڵێم: ئاسمانێکی تاریک و بەرز، نوقمی ئەستێرە خەمگینەکان، بێ سرتە وەک هەمیشە، خانووە تاریک و خامۆشەکان، کۆڵانە بێدەنگ و تامەزرۆی رێبوارەکان و شتی لەم بابەتە. نا، ئەمانە ناڵێم. حەز دەکەم بڵێم شەوێک پڕ لە خولیای سەفەرێکی کتوپڕ بە هۆی تەلەفۆنی هاوڕێیەکەوە. نا، راوەستن! ئەی خۆم؟ رستەکە دادەڕێژمەوە: شەوێک پڕ لە خولیای سەفەرێکی کتوپڕ بە هۆی تەلەفۆنی هاوڕێیەکەوە لەکاتێکدا خەو بوو بە منداڵێکی لاسار بە حەوت تەبەقی ئاسمانەوە.
بزەیەکم دێتێ.
دەگەمە قەراخ. پاپۆڕێکی گەورەی چراخانی چاوەڕوانمە. کەس بەدەرەوە نیە. لە پردێکی گچکە دەپەڕمەوە بەرەو دەرگاکەی. لە راڕەوێکی کەمێک درێژ گوزەر دەکەم. دەگەمە هۆڵێکی گەورە. لەوێ هاوڕێکەم بە پێکێک بە دەستەوە و جگەرەیەک بە لالێوییەوە راوەستاوە. بزەیەکی دێتێ و، بەرەو رووم دێ. پێکێک دەداتە دەستی منیش. دەڵێ بەخێر بێی!
سەرم سوڕ ماوە. دەڵێم:
ـ ئەی خزمەتکارەکان،... یان باشتر بڵێم ئەوانەی وا لێرە کار دەکەن؟
ـ کەسی تری لێ نیە، هەر خۆمانین.
لە دەور و بەرم روانییەوە.
ـ ئەم پاپۆڕە جادووییە، تەنیا قسەی لەگەڵ بکە و ئەوەی پێت خۆشە پێی بڵێ،... ئیتر تەواوە!
ـ جادوویی!؟
ـ جادوویی. بۆ، لات سەیرە؟
ـ پێم وابێ سەردەمی نەماوە.
ـ کێ دەڵێ؟
ویستم بڵێم ئەقڵ، زانست، بیرکردنەوە و شتی لەم بابەتە، بەڵام بێدەنگ مامەوە.
ـ حەز دەکەین بۆ کوێ بچین؟
لەبیرم دێ ساڵانی ساڵ لەوە پێش سەفەری ئەفریقای باشوورم کردبوو. لەناو هەموو سەفەرەکان، ئەویان بەلامەوە شتێکی دەگمەن و ناوازە بوو. بیری سەردانەکەی خۆم بۆ زیندانی نێلسۆن ماندێلا کەوتمەوە. ئەو پەنجەرەی وا ئەو ساڵانی ساڵ لەوێوە لە کێوی 'تەیبڵ مەونتەین'ی بەرامبەری روانیبوو. گوتم:
ـ بەرەو ئافریقای باشوور.
دەنگی هەڵبڕی و، گوتی:
ـ بەرەو باشووری ئەفریقا!
گوتی:
ـ ببوورە کە بڕیار دەبێ بە دەنگێکی بەرز بدرێ.
پاپۆڕەکە بەڕێ کەوت. خۆشحاڵم ئەمشەو بێداری بوو بە هۆکاری سەفەرێکی لەنەکاو. هەر کوێیەک بێ با ببێ، گرینگ نیە. گرینگ ئەوەیە من لە ژوورە تەنیا، بێدەنگ و تاریکەکە رزگارم بوو. جا بەشێوەی کاتیش بووبێ.
پاپۆڕەکە دەجووڵێ. خێرایی وەردەگرێ و رووبەری ئاوە سەرکەشەکان دڕ دەدا. ئاە، دیسان لە وەسفە کلاسیکییەکان کەڵکم وەرگرتەوە. نا، چەند ئەستێرەیەک دەستی پاپۆڕەکەیان گرت، بە گوێیاندا چرپاند و گوتیان تۆ دەبیتەوە بەوەی کە هەی.
بەناو ژوورەکاندا دەگەڕێم. دەچمە دەرەوە. بای فێنک و خوێیاوی هەناسەکانم دەبەن. جگەرەیەک دادەگیرسێنم و، هەست دەکەم یەکجار بێزارم لە ژوورەکەم. سوپاسی گەردوون دەکەم کە خاوەن وەها هاوڕێیەکم. دێتەوە بیرم کە ماندێللا لە پرسیاری کەسێکدا لەبابەت توانای خۆڕاگری گوتبووی بینینی هەموو رۆژەی تەیبڵ مۆنتەین لە پەنجەرەکەوە زۆر شتی بە گوێدا چپاندبوو.
راستی پەنجەرەکەی من بە رووی کوێدا دەڕوانی؟
لەبیرم نەماوە.
کات تێدەپەڕێ. تەنیا دەنگی دەریا، با و هەناسەکانی من دێن. دڵنیام سبەی باڵندە دەریاییەکان لێمان دەئاڵێن. لە دوورەوە بە درێژایی قەراخ، گڵۆپەکان کز کز خەریکی بەڕێ کردنمانن.
هاورێکەم پەیدا دەبێتەوە. دیسان بە دوو گڵاسەوە. یەک بۆ خۆی و یەک بۆ من. ئەمجارە شەرابی سوورە. قومێکی لێدەدا و، دەڵێ:
ـ هەڵبژاردنێکی زیرەکانە بوو، هەم دوورە و هەم قەراخ جیهانە.
بە 'قەراخ جیهان' رادەچڵەکێم. لێی ورد دەبمەوە. بزەیەکی دێتێ. دەڵێ:
ـ سەفەر بۆ کۆتاییەکان هەمیشە سەرنجڕاکێشترین سەفەرەکان بوون،... تۆیش پێت وانیە؟
هەراسان دەبم. جۆرێک لە بێئۆقرەیی دامدەگرێ. بیری ژوورەکەی خۆم دەکەومەوە. نا، ناچین بۆ باشووری ئافریقا. ئیستا کە دەرفەتێک روویداوە بە پاپۆڕ و کۆمەڵێک هاوڕێی نادیارەوە، ئەو هاوڕێیانەی وا تەنیا گوێیان لە شتە و بەس، داخۆ باشتر نیە جۆرێکی تر لە سەفەر هەڵبژیرین.
چەند هەنگاو بەرەو لێواری پاپۆڕەکە هەڵدەگرم. قومێکی تر لە گلاسەکەم دەدەم. خێرا لادەکەمەوە و، بە هاوڕێکەم دەڵێم:
ـ رام گۆڕی، حەز دەکەم تەنیا بئاژوێین و بئاژوێین،... تەنیا بەسەر شەپۆلەکانەوە و بەناو رێگاکاندا.
پێدەکەنێ. پێکەکەی هەڵدەبڕێ و، ئەویش وەک بڵێی بە خۆشی من و خەونی تازەم قومێکی لێدەدا.