شەهلا نووری

وەک گۆرانیی کۆن
لەسەردەمی ئەمێستاکە خۆشم دەوێی
تۆی کۆتری دەوری حەڕەم
دوور لە ئاپۆرا
تەنها تەوافی تۆم دەوێ
 
هێدی بە
 
هێدی بە...
سەفەر مەکە
ئاواتمان هێشتان لەژێر گرێی جادوو ڕاخراون
 نە لە ئایین و نە لە زانستدا باون
لە دڵەڕاوکێن
لە ڕاوەڕاون
پێکەوە لە تەک خەونمان داپۆشراون، زیندە بەچاڵ فڕێدراون
 لەسەر تاوانباری کات
بڕێکیان لەژێرخۆڵن
ئەنفال کراون
ئێمە هێشتان
 باخی عیشق و خۆشەویستیمان خۆشدەوێت،
هیوامان  زۆر و باڵندەکان
دەنگەشەی ئاهەنگمان بۆ بنێرن 
 فالانتاین بگێڕین و
سەمای مەستانە ببەستن
 ڕۆژی بەیان شادبکەین و
 باخچەی دڵان تەڕتەڕ دەکەین
هێدی بە...
وەک گۆرانیی کۆن
لەسەردەمی ئەمێستاکە خۆشم دەوێی
تۆی کۆتری دەوری حەڕەم
دوور لە ئاپۆرا
تەنها تەوافی تۆم دەوێ
هێدی بە...
تۆ ئۆغر بکەیت
شیعر و پەخشان
وڕک دەگرن!
دەفتەری شیعرم دەشێوێ
 قەڵەم
دەشکێ 
فەرهەنگ دەدڕێ
 وەک کۆرپەڵەیەکی ساوا
خۆ دەدوێنن
ئۆقرە ناگرن 
یەخە بەرنادەن ناسرەون
دڵ داگیر دەکەن
دێن و دەچەن
جێی تۆ دەگرن

 

 

گەڕان بۆ بابەت