د. ئازاد ئه‌مین باخه‌وان

سەرەتا شاعیر بیرۆکەکانی بە چەند وێنەیەکی بینراوی بەهێز چێوەبەند دەکات. لەم وێنە هونەرییەدا خۆر هێمای ژیان و وزە و چالاکییە، لە هەمان کاتدا خۆرئاوابوون ئاماژەیە بۆ کۆتایی و نەمان و کپبوون! ئەم بەریەککەوتنە و ماچکردنەی نێوان خۆر و خۆرئاوابوون، ساتێکی پڕ لە بێدەنگی و ئاشتەوایی لەگەڵ فەنا بوون بەرجەستە دەکات! وەک ئەوەی سروشت بە چارەنووسی خۆی ڕازی بێت.  

 

گەشتێکی ناوخۆ بەرەو خود

 لە شیعری :خۆر ئاسۆی ئاوابوونی خۆی ماچ دەکا

سەردار رەزا

 د. ئازاد ئه‌مین باخه‌وان

 

خۆر ئاسۆی ئاوابوونی خۆی ماچ دەکا

من ژان و نیگای دووری تۆ

گوڵی سووری دەم ئێوارە

بەسەر پەڕەی سپی دەکشێ

من ئاسمان و باران و بای

سنووری تۆ

شاعیری هەست ناسک و بە سەلیقە (سەردار ڕەزا) یەکێکە لەو شاعیرە دیارانەی کەرکوک، کە هەستێکی ناسک و بیرکردنەوەیەکی قوڵی هەیە بۆ نەخشاندن و بەرجەستەکردنی بیرۆکەکانی لە چوارچێوەی وێنەی هونەری نایاب و پێشکەشکردنی بە خوێنەر.

شاعیر لەم دەقە شیعرییەدا بە شێوەیەکی کاریگەر ڕەنگدانەوە و  تێڕامانێکی قووڵ لە ڕۆح و سروشتی مرۆڤ بەرجەستە دەکات، هەوڵدەدات لەو پەیوەندییەی نێوان جیهانی ناوەوەی تاک و دیاردە گەردوونییەکانی دەوروبەری بکۆڵێتەوە. هۆنراوەکە  بە دیمەنێکی زۆر هەستیار و کاریگەر دەستپێدەکات (خۆر ئاسۆی ئاوابوونی خۆی ماچ دەکا)

هەموو وشەیەکی نێو ئەم دەقە دەبێتە بەشێک لەو گەشتە قووڵەی کە شاعیر بە ناخی خۆیدا شۆڕ دەبێتەوە و دواجاریش دەبێتە هۆی ئاشتبوونەوە لەگەڵ جیهانی دەرەوەی خۆیدا ...

سەرەتا شاعیر بیرۆکەکانی بە چەند وێنەیەکی بینراوی بەهێز چێوەبەند دەکات. لەم وێنە هونەرییەدا خۆر هێمای ژیان و وزە و چالاکییە ، لە هەمان کاتدا خۆرئاوابوون ئاماژەیە بۆ کۆتایی و نەمان و کپبوون. ئەم بەریەککەوتنە و ماچکردنەی نێوان خۆر و خۆرئاوابوون، ساتێکی پڕ لە بێدەنگی و ئاشتەوایی لەگەڵ فەنا بوون بەرجەستە دەکات! وەک ئەوەی سروشت بە چارەنووسی خۆی ڕازی بێت !

خۆر و ماچکردنی ئاسۆ دیمەنێکی شیعری سەرنجڕاکێشە کە بە ڕوونی سەرەتا و کۆتایی یان (ژیان و مردن) پێکەوە گرێ دەدات! لێرەدا خوێنەر بە هێمنی دەکەوێتە حاڵەتی تێڕامان و بیرکردنەوە سەبارەت بە سووڕە حەتمیەکەی ژیان!

 

من ژان و نیگای دووری تۆ

لەم دێڕەدا شاعیر لە وێناکردنی سروشتەوە وێنەکە دەگۆڕێت بۆ گەڕان بەدوای ئازار و ژانی خۆیدا .

(من ژان و نیگای دووری تۆ) دەربڕینێکی سەرسوڕهێنەرە، چونکە لێرەدا شاعیر (ژان) بەشێوەی بوون و کیانێکی سەربەخۆ بەرجەستە دەکات، وەک ئەوەی لەگەڵ ئێش و ئازارەکانی کەسانی تردا یەکبگرێتەوە!

بە تێڕوانینێکی ورد و قوڵتر دەمانباتە ناو هەستێکی نۆستاڵۆژیاوە، ئەویش تامەزرۆ و ئارەزووی شتێکی دوور و نابەرجەستەیە. خواستێکە بۆ هەڵهاتن  لە ئێستا، یان ڕەنگە گەڕان بێت بەدوای (مانا) لە دەرەوەی ساتەوەختی ئێستادا. لێرەدا ئازار دەبێتە بەشێک لە شوناس، وەک ئەوە وایە شاعیر دان بەوەدا بنێت کە ژان و ئێش و ئازار بەشێکن لە گەشتەکانی ژیانی مرۆڤ و مرۆڤایەتی!

گوڵی سووری دەم ئێوارە

بەسەر پەڕەی سپی دەکشێ

ئەم وێنە شیعریەش وەک درێژەپێدەری وێنەکانی پێشتر دەردەکەوێت ، کە لە نێوان ژیان و مردندایە. دەشێ گوڵی سوور هێمای ژیان و جوانی بێت، بەڵام لە هەمان کاتدا پەیوەستە بە (خوێن و سۆز و خۆشەویستییەوە). (ئێوارە)ش کە بەزۆری هێمای کۆتایییە یان تاریکییە، ڕەهەندێکی دیکە بۆ وێنەکە زیاد دەکات، بەو پێیەی گوڵە تازە پێگەیشتووەکان جیاوازن لەگەڵ ساتەوەختی لەناوچوون! کە (بەسەر پەڕەی سپی دەکشێ) وەک ئاماژەیەک بۆ کفنی سپی و فەنابوون و لەناوچوون.

من ئاسمان و باران و بای

سنووری تۆ

لەم دێڕە کۆتاییەدا مەودای شیعرەکە فراوانتر دەبێت بۆ ئەوەی توخمەکانی سروشت بە تەواوی لەخۆ بگرێت. شاعیر لێرەدا لەگەڵ سروشت یەکدەگرێت؛ دەبێتە ئاسمان و باران و با، واتە لە گەردووندا جێگەیەکی سنووردار کە سنووری (یارە) داگیر دەکات. ئاسمان و باران و با ئەو هێزانەی سروشتن کە سنووری مرۆڤ پێکدەهێنن و وای لێدەکەن لەبەردەم هێزە گەردوونییەکاندا درک بە سنوورەکانی خۆی بکات. ئەم وێنەیە ڕەنگدانەوەی دیدێکی فەلسەفی قووڵە: مرۆڤ هەرچەندە بەشێکە لە سروشت، بەڵام بە هەندێک (سنوور) سنووردار دەکرێت، جا ئەو سنوورە چ فیزیکی بێت یان ڕۆحی.

 

گەڕان بۆ بابەت