ناڵە حەسەن
خەیاڵم پڕن لەو شکۆفانەی بەهار بیریان لێدەکاتەوە
ئاوازە سەردولکەییەکانی پەرێزی پشکووتن دەگەنە گوێم
بیری ژێر کەپری هاوینە هێمنە ڕەنگ هێڤیدارییەکانم دەکەمەوە
خۆم و کوپەیەک لە شەڕابی مزر و
دەفتەر و قەڵەمێک و بیرکردنەوەیەکی گەرم و وەرزێک لە میهرەبانی
دەقی تەمەن ٤٢
ناڵە حەسەن
١
من دەزانم
ئەو ڕێگایەی گرتوومەتە بەر
دەبێ بە پێخاوسی بەسەر وردە پشکۆکانی ئاگر بڕۆم
بەڵام باکم نییە لە سووتانم
چونکە ئەوەم لەلا ڕوونە
لەوسەر خۆم لەباوەشی تۆ دەبینمەوە
٢
لەنێو ڕەشماڵی تەنیاییم
خەونەکانم میوانداریتان دەکەن
منیش خۆم لە جلوبەرگی ڕووناکی هەڵکێشاوە
لەنێو نیگاکانیشم فانۆسێک بە فتیلەی زەردەخەنەم داگیرساوە
مانگیشبە تەزبێحێکی ڕەشی دەنک وردەوە
درەنگە شەوان
چیڕۆکە بەرئاگردانیەکانی تەمەنی منتان بۆ دەگێڕێتەوە
٣
لەنێو قەسیدە درێژەکانی من
سەفەر چاوێکی نادیارە و مردن سەمفۆنیایەکی نەرمە
متبوون دارستانێکی چڕە
سۆراغ کانییەکی شێلوە
گیا دەستم دەگرێ و ڕووبار نامەی ئەوانەم پێشان دەدا
کە بەدیار سفرە و لەنێو خەونەکانییان
دەستییان بەسەر وێنەی سەر بەرگی کتێبەکانمدا دەهێنا و
ژنەکانیش لەبەردەم ئاوێنە تەڵخەکان چیڕۆکی خۆیان بۆ دەگێڕامەوە
٤
بەر لە ڕۆیشتنم
وێنەیەکی گەنجێتیم لەنێو ئەلبوومی پایز جێهێشت
لە باکووری غەریبیم
هەرجارەی دەڕۆیشتم بۆ کەنار دەریا
دڵۆپە فرمێسکەکانی خۆم لەنێو چاوی شەپۆلەکان دەبینیەوە !
٥
هەرکە بیر لە بیرەوەرییرکانم دەکەمەوە
هەموو پیتەکانی ناوی تۆ و ناوی خودا ئارامیم پێدەبەخشن
تاوێک دەست بە پشتی پشیلەکەم دادەهێنم
هەر لە خۆڕا چرکەساتە ئاسوودەیی و دڵخۆشییەکان گەشدەبنەوە
٦
هەندێجار بەیانییان
بێپەروا لە وردە ماسییەکان و لە گەڵای درەختەکانم دەڕوانی
تا ئاوەکەی نێو گۆماوەکەی بەردەمم دەبوو بە ئاوێنەیەکی گەورە
تۆش لە نێویدا
لە چاوەڕوانی کەسێک دەنکە زەنگییانە شین و مۆرەکانی
تەمەنت کۆ دەکردنەوە
زەردەخەنە گەرمەکەشت لەسەر ڕوخساری خەمەکانتا
هاڵاوییان لێهەڵدەستا
٧
خەیاڵم پڕن لەو شکۆفانەی بەهار بیریان لێدەکاتەوە
ئاوازە سەردولکەییەکانی پەرێزی پشکووتن دەگەنە گوێم
بیری ژێر کەپری هاوینە هێمنە ڕەنگ هێڤیدارییەکانم دەکەمەوە
خۆم و کوپەیەک لە شەڕابی مزر و
دەفتەر و قەڵەمێک و بیرکردنەوەیەکی گەرم و وەرزێک لە میهرەبانی
٨
لەو باخچەیەی من درەختە وردەکانی دڵی خۆمم پێ پیشاندای
سێبەری دارسنەوبەرەکان پڕن لە پرسیار و گومان
ڕۆیشتن و گەڕانەوەشم هیچ لە ڕەنگی هێلکەی باڵندە سپییەکان ناگۆڕێ
لەنێو ئاوێنەی ژیانیشدا
چەپکە نێرگزەکانی سەر گۆڕی یادەوەرییەکان دەدرەوشێنەوە
٩
وەرە لەباوەشی نیشتیمان ڕابکشێینەوە تا خەون بینین
لێرە پشوویەک بدەین
منیش تابلۆ نوێیە ئەبستراکتییەکەم
پڕ دەکەم
لە ڕەنگ و ئەدگارە ڕەنگینەکانی پەیکەری جەستەی تۆ
١٠
قاچەکانم ئاڵوودەبوون بە بۆنی گژوگیا و سییەکانیشم بە بۆنی قژی تۆ
دڵم ڕاسپاردەیەکی گەورەی پێیە
با لێوەکانت نەلەرزن تەنها چاوەکانت لەسەریەک دابنێ
چەند وردە شیعرێکی چارەنووسی خۆم بە دیواری ژوورەکەت هەڵدەواسم
با چلچرای چاوەکانت هەر داگیرساوبن و پەنجەرەکانیش لەسەر پشتبن
با فریشتە مێینەکان و پەپوولە عاشقەکان بێن و بیخوێننەوە
١١
بەیانیان خووم بەوە گرتووە
هەموو کەنار دەریا و میترۆ و باخچە و
ژێر درەخت و دەوارەکانبگەڕێم
پارچەکانی دڵ و جەستە و شووشەیئاوێنە شکاوەکەی
خەونە ئیرۆسییەکانت کۆبکەمە
شەوانانیش /تۆش مەست مەست
دێیت و پارچەکانی بوون و گەرد گەردی
خەیاڵە پەرشبووەکانی نێو تەمتومانیتەنیاییم کۆدەکەیتەوە
١٢
ئەو تاریکییەی منی دەترساند
زەردەخەنەی گوڵەگەنمی داپۆشیوە
ڕیگاکان ئاوسبوون لە سەوزایی
باران سەما لەگەڵ کەروێشکی نێو باخچەی
تەنیایی دەکات و
ژیانیش بە ڕووتبوونەوەی ئەستێرەکان سەرمەستە
١٣
من خۆرەتاوێکی درەنگ هەڵهاتووم
لەنێو سپێدەی ژنێکی گەنم ڕەنگ ماومەتەوە
ئەو ژنەی شەوەکانی بێ جووڵە و هەستوخوست
هەر درێژ و درێژ دەبنەوە
١٤
عەشق منی گەیاندە کۆتایی ڕێگاکان و
هێشتاش لە سەرەتای
خوێندنەوەی ڕۆمانە درێژەکەی مڕۆڤ و ژیان و گەردوونم
بوخچەی پرسیارەکانم کردۆتەوە و ئاگرێک کڵپە دەکات
دەمەوێت بە پەڕەمووچەی قەڵەڕەشێکی کۆچەری
تابلۆی شکۆمەندی خۆم و خەونەکانم ڕەنگ بکەمەوە
١٥
من مرۆڤێکی ماندووم
هەموو شەوێک
نائومێدی و مردن قسەم بۆدەکەن
تاریکی گەرمم دەکاتەوە و خوداوەندیش سڵاوم لێدەکات
هەناسەکانی دەقی تەمەنیشم دەمگەیەنن بەکەناری ئارامی !
نۆڤەمبەری ٢٠٢٤