ترس و دڵەڕاوکێی داستایڤسکی
رۆمانەکانی داستایڤسکی تەژین لە ترس و دڵەڕاوکێی نووسەر بەرامبەر بە ئازارەکانی مرۆڤ و دەستەوەستانی یاخود دژواریی بەرامبەر بوونەوەی مرۆڤ لەگەڵیاندا. وەک بڵێی نووسەر بەردەوام بە گوێماندا دەخوێنێ و وشیارمان دەکاتەوە کە مرۆڤ لە ژیانیدا چەندە لەبەردەم ئەگەری سەرهەڵدانی کارەساتەکاندایە، دەیەوێ بڵێ ئەی مرۆڤ خۆت لە خۆتدا ئەوەندە دۆخت باش نیە تا ئەوەندەی تر بە دەستی خۆت وێرانتری بکە.
لەڕاستیدا داستایڤسکی، وەک لە جۆری داڕشتنی کاراکتێرەکانیدا دەردەکەوێ و بە گوێرەی ئەوەی پابەندە بە ریالیزمی دەروونناسانە، مرۆڤەکان لەبەردەم هێزی نادیار و دەروونی ئەو دنەدەرانە دەبینێ کە لە ناخیدا ئیش دەکەن و بە گوێرەی رووداوەکان و مەزاجی کەسەکە خۆی، دەتوانن چالاک بنەوە و مرۆڤ لەگەڵ خۆیان پەلکێشی زۆر رووداو و گەلێک بەسەرهاتی سەیر و سەمەرە بکەن. بگرە بەدوور لە ئیرادە و خواستی راستەقینەی خۆیشیان.
لەگەڵ خوێندنەوەی داستایڤسکی ئەم ترس و دڵەڕاوکێیە دەڕژێتە ناو زەین و گیانی خوێنەریشەوە و، لێرەوە جۆرێک لە هەڵوێست و هاوخەمیی ئینسانیمان تیا چێدەکا. زۆر جاریش رەنگە پاڵمان پێوە دەنێ بەرەو جۆرێک ئەخلاقی مەسیحیانە.
بەگشتی تیۆدۆر داستایڤسکی بەردەوام بیرمان دەخاتەوە کە مرۆڤبوون و ژیان خۆی لە خۆیدا دیاردەیەکی ئاسان نیە و، ئەی ئینسان ئەوەندەی دیکە لە خۆت و لەوانی تری ئاڵۆزتر مەکە.
ئەگەرچی بەخشینی ئەم وشیارییەیش هەتا ئیستا زۆر چارەساز نەبووە. رەنگە بەو هۆکارەی تەنیا دەروونناسی و پەندی ئەخلاقی نین دەتوانن بنەماکان بگۆڕن، بەڵکو کۆمەڵێک مەرجی دیکەیش بەردەوام دەبێ لە مەیداندا بن.
سایتی قەڵەم
٢٨ نۆڤێمبەری ٢٠٢٤