رەسوڵ سەفەریانی

دووھەم جار تەمەنم سەرکەوتبوو و تا رادەیەکی زۆریش تامی دیداری تۆم لەبیر چووبووەووە. لە رێگەی پڕ سەرنجی ژیان‌دا سەرقاڵی بینینی جوانی‌یەکان بووم. خەریکی دیدار و دڵداری کردن لەگەڵ تەندروستی بووم. جەستەم رادەھێنا و ئەمویست بە قووەتی بکەم تا بەرانبەر ھێرشی بە ھێزی زەمان بتوانێت خۆی ڕابگرێت و جێگەی چنگ و نینۆکی زەمان بە دەم و چاومەوە زۆر دیار نەبێت. زۆر باشیش دەچووە پێش و بە بینینی ھەموو ھاو تەمەنەکانم  ئەم راستی‌یەم بۆ دەسلما و تەنانەت ئەوان خۆیشیان زۆر جار دانیان پێدا دەنا.

بمنووسە!

رەسوڵ سەفەریانی

 

ـ بمنووسە!       

ـ تاقەتم نییە

ـ بۆ تاقەتت نییە؟ خۆ تۆ راکشاویت و ھیچ ناکەیت، یانی ھیچت نییە ئەنجامی بەیت. ئیتر بۆ منی دانیشتوو لە خانەکانی مێشکت‌دا دانابەزێنیت با ھەم خۆت سەرت سووک بێت و ھەم منیش لەم زیندانە رزگارم بێت.

ـ چی بنووسم؟ چۆنت بنووسم؟ تۆ یان ئەوانی تر بەس دێن دادەنیشن لە مێشکم‌دا و خانەی خەوەکانم پڕ دەکەن و ھەنگی خەوم دەتارێن و ناھێڵن بڕیک شیلەی ھەنگوینی خەو بچێژم. بۆ پێت وایە ئەگەر تۆ بنووسم ئیتر مێشکم بەتاڵ دەبێت و ھەنگەکان دێنەوە.

 

ـ من ئەوە نازانم خۆت باشتر دەزانیت. ھەرکەس ھەوڵی خۆیەتی. من دەبێت لەم سجنە رزگارم بێت و، بچمە سەر پەڕەی سپی ئازادی و بفڕێم بە باخی چاوی خوێندکارەکان‌دا و بزانن منیش ھەم.

 

ـ تۆ ھەر ھەی، چ لە سجن چ لە ئازادی. بەس لە ئازادی چاوەڕوانی زیاترت لەسەرە. زۆرتر دەتبینن و زۆرتریش دەکەویتە بەر تیری رەخنە. لە ئازادی ھەمووان دەتبینن و، ھەرکەسە و بە پێوەری خۆی دەتپێوێت.

 

ـ منیش ئەوەم دەوێت. ئەوە یانی زیندوو بوون. منیش دەمەوێت بژیم، دەمەوێت زیندوو بم. دەمەوێت ببینرێم، مەبەستم ئەوە نییە با رەخنەم لێ‌بگرن یان بەڵکو سەرم خەن و بە شان و باڵمدا ھەڵدەن. لای من گرینگ ئەوەیە منیش لە مافی بوون بەشدار بم. جا ئەو خەڵکە چۆنم دەبینن ئازادن. بۆچوونی ئەوان ھیچ بە من نابەخشێت یان لێم کەم ناکات. ھەموو بوونەوەرێک جوانی و ناشرینی و چاکە و خراپەی خۆی ھەیە. ئەوە بینەرانن کە چۆنی دەبینن، یان باشترە بڵێین دەیانەوێت چۆنی ببینن. ھات و ھاوار و چەپڵە لێدان لەوانەیە سەرنجەکان بۆ لایەک راکێشێت، بەڵام کە شتەکە خۆی راکێشی نەبێت وەک بڵقی سەرئاو زوو ون دەبێت.

 

ـ بەڵام بەردانی تۆ بۆ من دەبێتە چی؟ چی تێدایە. من دەبێت پیت بە پیت تۆ لەسەر خانەکانی مێشکم کۆکەمەوە و، پێکەوەیان بنووسێنم و یەکیان بخەم بۆ ئەوەی بتوانم شکڵ و مانا ببەخشم بە بوونت. جا تازە دوای ئەوە تۆ بتوانیت خۆت بنوێنیت و بیتە نێو بوونەوەرانەوە، واتە بوون بە خۆتەوە بگریت و سەرنج ڕابکێشیت. جا کە سەرنجت راکێشا ئەوسا بۆچوونەکان خۆیان بەسەردا دەبارێنن. ئەوەش بزانە کە تەنیا جوانی و ناشرینی یان بێمانایی و بەھاداریی تۆ نییە کە لە روانگەکانەوە دەبینرێت، وا باشترە بڵێین کە بینەران ھەمیشە ئەوەی دەیڵێن، ئەوە نییە بینیویانە. زۆرجار حەز و قین و بوغز و بەخیلیش خۆی دەئاڵێنێتە دەوری راستییەکان و چۆنیان پێخۆش بێت وەھای پیشان دەدەن.

 

ـ منیش ئەوە دەزانم بۆیە دەڵێم ئەوەی لای من گرینگە "بوونمە". چون دەزانم بەرچاوی زۆر کەس دەکەوم کە ھیچ عەینەکێک لە بینینەکانیان‌دا بەکار ناھێنێت و دەتوانن راستییەکان ئەوجۆرەی ھەن بیانبینن. جیا لەوە تەنانەت ئەوکەسانەی وا شتێک بەرچاویانی پۆشیوە و نایانەوێت دان بە راستییەکان‌دا بنێن، تەنانەت ئەوانیش لەدەروونی خۆیان‌دا و لەگەڵ خۆیان راستگۆن و دەزانن من جوانترم لەوەی ئەوان بە زبان دەیڵێن.

 

ـ باشە تۆ دەڵێیت من ئێستا بەم حاڵ و دەماخەوە دەبی چی بکەم، مەبەستت ئەوەیە دانیشم و شکڵی تۆ بکێشم و رۆح بکەم بەبەرتا و لە کتێبێکدا داتبنێم و چاوەڕووانی جووڵەو خۆپیشاندانی تۆ و سەرنجی کتێب خوێنەکان بم؟

 

ـ من دەڵێم بۆ لە مێشکتا قەتیسم دەکەیت و، قورسایی دەخەیتە خانەی مێشکت. من ئاگام لێیە چی لەم تۆزکاڵە مێشکەی تودا روودەدات. دەزانم و بەزەییم بە مێشکی ھەژارت‌دا دێت. بەم شێوە بەردەوام بیت مێشکت دەتەقێت و شێت دەبیت و ئیتر تەنانەت ناوی خۆشت لەبیر نامێنێت. جا ئەوسا کەس نە گوێ لە قسەت دەگرێت و، نە کەسیش بڕوا بە نووسینت دەکات. دەڵێن لایبە کوڕە ئەوە نووسین و کتێبی کابرا شێتەکەیە کە ناوی خۆیشی لەبیر چووەتەوە. ھەڵیت و پڵیت دەڵێت. ئیتر نە شێواز و رێبازی نووسینت باس دەکەن و، نە ئێمەش وەک نوسراو دەبینن و سەرنجمان بۆ دەدەن. تۆ دەزانیت مێشکت چ حاڵێکی هەیە؟ کام شەو توانیوتە لەیەک کاژێردا خەوت لێ‌بکەوێت؟ هەمووی لەبەر قەرەبالغی و قیژە و هەرای ئێمەیە کە وەک بازاڕی دەسفرۆشەکان هەموویان هاواری شتومەکی خۆیان دەکەن و، دەیانەوێت خۆیان پیشان بدەن بۆ ئەوەی بفرۆشرێن.

 

ـ ئاخر نووسین و گێڕانەوەیش ھێز و وزەی دەوێت. من وام لێھاتووە کە تاقەتم نییە ژیانی رۆژانەم بە رێک و پێکی بەڕێوە بەرم. ئێوەش وەک شەلەم شۆربا وەھا تێکەڵ و پێکەڵ و ئاڵۆزاونەتە یەکتر کە خەریکن مێشکم  لە گرێژنە دەردێنن. زۆر جار ویستوومە قەڵەم ھەڵگرم، یان تەنانەت ھەڵیشم گرتووە و بڕێکیشتانم تا سەر دەم و لوتتان کێشاوەتەوە و ناساندوتانمە. بەڵام ئەوی تر خۆی حەوا داوەتە بەر قەڵەمەکەم و، نەیھێشتوە ئەوەی خەریکی بووم تەواوی بکەم. داوای کردووە کە باسی ئەو بکەم بەڵام ئەویش لەو ئاڵۆزییەدا تەواو نەمتوانیوە ھەموو جەستەی بدۆزمەوە و ھەروا بە ناتەواوی جێم ھێشتووە. ئێستا نێو کامپیوتر و دەفتەرەکانم زۆری لەو سەقەت و نیوە و ناتەواوانە تێدایە. جارجار دەڵێم وای بنووسم یان جوانترە بڵیم واتان بکێشمەوە کە لە ھەرکامتان تەنیا بڕێک حاڵەت و نیشانەکانان پیشان بەم، باقییەکەی دابنێم بۆ خۆێنەرەکانتان کە مێشک و دەروونیان بخەنە کار بۆ ئەوەێ تەواوتان بکەن و لای خۆیان دروستان بکەن.

 

ـ جا چۆن وادەبێت. لەو حاڵەتەدا ھەر خوێنەرێک جۆرێکمان دەردێنێت و، بەکەیفی ئەوان ھەزاران جۆر و شکڵمان لی دادەتاشن شێتمان دەکەن. من حەز ناکەم  ھەرکەسێک  دەم و چاو و بەسەرھاتێکم بۆ دروست بکات. دەمەوێت خۆم بم، ئەوەی وا ھەم و ئەوەی کە بووگم.

 

ـ بۆ دەترسیت. خۆ ئەمە ھیچ شتێک لە راستییەکانی تۆ ناگۆڕێت. خۆ ئێمە ئێستاش ھەر وا دەبیندرێین. رنگە شکڵمان بەڕوواڵەت نەگۆڕە، بەڵام ھەرکەسەو ئەم شکڵەی روو لە دونیامان جۆرێک دەبینێت. لای زۆر کەس گۆشتاڵ، بەدزەڕە و لەدڵان دوورین و حەز بە بینینمان ناکەن،  جیا لەوە کەسانێکش ھەن دلیان حەز بە سەرکەوتنی کەسی تر ناکات. چۆن بلێم جۆرێک لە بەخیلی و ئێرەیان لە دلدایە کە نایانەوێت کەسیتر پێش خۆیان ببینن. حەز دەکەن جگە لە خۆیان کەس لەو رێگادا پێش نەکەوێت. ئەوان لایان وایە ئەگەر کەسی تر خێراتر بروات و پێش بکەوێت ئەوا ئیتر رێگا بەرینەکە دادەخرێت یان لەوانەیە ئەوان ون بن و نەبیندرێن، بۆیە ھەمیشە ھەولیان ئەوەیە کە سەرکەوتن و پێشکەوتنی کەسی تر نەبیندرێت. ئەم جۆرە کەسانە بە عەینەکی دیاری کراوی خۆیان ناتوانن تیشک و شەوقی راستەقینەی دەور و بەری ژیانی خۆیان ببینن. بەڵام بەو باریش ھەیە کەسانێک ماڵێکیان لە نێو مڵکی دلی خۆیان‌دا بۆمان کردووەتە. بەڵام کە ھەلت بۆ رەخساندن کە خۆیان بە حەز و ئاواتی خۆیان وێنەکان تەواو بکەن ئیتر لەوانەیە باشتر بت بینن. بەس نییە ئیتر ئەمجار بەو شکڵەی خۆیان دەیانھەوێت تەواومان دەکەن.

 

ـ بەڵام ئیتر ئەمجار ئەو جۆرە کەسانە ھەلیان بۆ دەڕەخسێت وێنەکان سەقەت و، خراپ بنوێنن. ئیتر ھەموو شتێک بە تەواوەتی رەش دەکەن و مانای لێ‌دەبڕن.

 

ـ جا با وابکەن ئەوە بە زیانی خۆیانە چونکا ئەوخەڵکەیترش را و بۆچوون و قسەیان ھەیە. لەو حاڵەتەدا بۆ خەڵکی تر دەردەکەوێت کە ئەوانە چەندە بەرچاو تەنگ و بیرتەسکن کە تەنیا بەشە نەرێنییەکانی دونیا و کەسانی تر دەبینن. یانی تۆ ھەلی ئەوە دەڕخسێنیت بۆ بینەران وخوێنەران کە خۆیان بەرپەرچی نەیاران و بیرتەسکەکان بدەنەوە.

 

ـ دەی زۆر باشە وەرە لە منەوە دەس پێ‌بکە، بمکێشەوە با زۆریشی بەسەردا تێنەپەڕێت و لێت تێکنەچێت و لەگەڵ ئەوانی تر تێکەڵم نەکەیت و وام لێبکەی خۆشم خۆم نەناسمەوە.

 

ـ ئەڵبەت با ئاگادار بیت کە خوێنەرەکان ھەر وات لێ‌دەکەن. یانی باشترە ئامادە بیت بۆ ئەو شکڵ و شەمایل گۆڕانە و تاقەتت ببێت. نەک بە ھەر را و بۆچوون و شکڵێک ھەڵچیت و قسە بە من بڵێیت و دڵی خۆت تەنگ بکەیت. با بزانی کەس لێت ناپرسێت ئەرێ "رووداو" تۆ ھەر ئەوە بوویت من بۆی چووم؟

 

ـ دەیباشە دس پێ‌بکە درەنگە خەریکم خۆمیش خۆم لەبیردەچێتەوە، جا چ بگاتە تۆ بەو بیر و ھۆشە جوانەتەوە کە ھەموو رۆژێک دەبیتە گاڵتەجاری ھاوسەرەکەت و بە بیر و ھۆشە جوانەت پێدەکەنێت کە چۆن ناوی دۆست و برادەرەکانی خۆتیش لە بیر دەچێت و گیر دەکەیت. زۆر جار تێدا دەمێنیتەوە کە ئەوە کێ بوو و ناوی چی بوو. لەبیرتە ھەر ئەم رۆژانە چۆن جیرانەکەتانت نەناسییەوە و ھەر لە خۆتۆ ناوێکت بۆ دانا و ھێنات بە زبانە بێ تورمزەکەتا و کابرای جیرانیش واقی وڕمابوو. لام وابێت جیرانەکەتان وای بیرکردەوە کە تۆ تێکچووبێتی. هەر لەوێشدا هاوسەرەکەت فریات کەوت و بە ناڕاستەوخۆ هەڵە گەورەکەی تۆی بۆت راستکردەوە و وتی سڵاو کاک وریا.

 

ـ باشە لەوانە بگەڕێ. باشترە بچینە سەر جەنابت کە تەنگت بە مێشکم ھەڵھێناوە و، دەتەوێت بتنوسمەوە یان باشترە بڵێم بتکێشمەوە. من دەمەوێت تۆ وەھا وەسف بکەم:

من تۆم زۆر جار بینیوە و، ھاتویتەتە لام و سەردانت کردووم. بە بۆنەگەلی جۆراوجۆر لە شوێنگەلی سەیر و سەمەردا. بەڵام زۆر گوێم پێ نەداویت و، سەرنجێکی وەھام پێت نەداوە یان با وا بڵێم کە هاتن و بینینەکەت زۆرلام سەرنجڕاکێش نەبووە. بەڵام لە سێ جاریان‌دا ئیتر نەمتوانیوە بێ خەێاڵت بم. دوو جاریان، جاری یەکەم و سێهەم، لەلایەن کەسانی ترەوە ھەناردەی لای من کراویت بۆ مەبەستی تایبەت و دیاریکراو. یەکەم جار من گەنج بووم و، لە شەوێکی تاریک و ساردی زستاندا چەند کەس ھاتن ومنیان لە ماڵێکی گەرم و گوڕ و رووناکدا دەرھێنا و لە ماشینێکی پڕ لە ترس و دڵەڕاوکێ‌دا چەپاند و لەگەڵ خۆیان بردمیان. من دەترسام و ئەوان کەیف خۆش بوون. من دەلەرزام و ئەوان پێدەکەنین. ماشینەکە جادەی دەبڕی و منیش رێگاکانی زبانم بۆ دڵ دادەخست و زانیارییەکانی مێشکم دەشاردەوە. گەیشتین و منیان لە داڵانێکدا بە چاوی بەستراوەوە فڕێدا و سەرمایان بەردا گیانم. سەرما وەک رەوەی سەگی دڕ بە کردنەوەی درگای داڵانەکە دەڕژان سەرم و سەرتاپێمیان گازباران درکرد. پاش تاساندنی تەواوی جەستەم بە چڕنۆک و ددانی سەرما، دەستێک دەستی گرتم و وەک چاوساخێک بردمی ھەتا ژورێک. چاومیان کردەوە و لاقەکانمیان پێکەوە گرێدا و پاڵیان خستم. بڕێک باسی خودا و فەرمانەکانیان بۆ کردم. باسی ئەوەیان کرد کە ئەوان نوێنەر و فەرمانبەری خودان و خودا ئەوانی ناردوە بۆ جێبەجێ کردنی فەرمانەکانی. لاقە بەستراوەکانم بەرزکرانەوە و کردیانە خاڵی ماچکردنی قامچی‌یەکان. کەسەکانی نێو ژوورەکە زۆربەیان دەمووچاویان ھەڵ‌پێچرابوو. یەکیان قامچی وەشێن بوو. قامچی‌یەکان بە دەستی ئەو سوڕیان دەخوارد و وەک مار دەھاتن و بنی پێمیان دەگەست. تۆ لەو گەەستنگەوە بەر دەدرایتە جەستەم و دھاتیتە نێو دەمارەکانی دڵم و بەدوای دەرھێنانی نھێنییەکانمەوە بوویت. ئەو شەوە تۆش یەکێک بوویت لەوان  کارت بۆ ئەوان دەکرد.

 

دووھەم جار تەمەنم سەرکەوتبوو و تا رادەیەکی زۆریش تامی دیداری تۆم لەبیر چووبووەووە. لە رێگەی پڕ سەرنجی ژیان‌دا سەرقاڵی بینینی جوانییەکان بووم. خەریکی دیدار و دڵداری کردن لەگەڵ تەندروستی بووم. جەستەم رادەھێنا و ئەمویست بە قووەتی بکەم تا بەرانبەر ھێرشی بە ھێزی زەمان بتوانێت خۆی ڕابگرێت و جێگەی چنگ و نینۆکی زەمان بە دەم و چاومەوە زۆر دیار نەبێت. زۆر باشیش دەچووە پێش و بە بینینی ھەموو ھاو تەمەنەکانم  ئەم راستییەم بۆ دەسلما و تەنانەت ئەوان خۆیشیان زۆر جار دانیان پێدا دەنا. ھەتا رۆژێک رێک لە کاتی راھێنانی جەستەمدا تۆ ھاتی. بەرۆکت پێ‌گرتم. سەرەتا زۆر سەرنجم پێ‌نەدای و ھەولم دا وەک  گرتنی دەمارێک داتبنێم و بە ھەناسە کێشانێک و خۆ کێشاننەوەیەک کۆتایت پێ‌بێنم. سەریش کەوتم. بەلام لە کۆتاییەکانی وەرزشەکەم‌دا بووم کە زۆر بەھئزتر دەرکەوتیت. ئەوەی پێم دەکرا کردم کە لەکۆل خۆمت بکەمەوە، بەڵام وەک قیر نووسابوویت پێمەوە و لێم نەدەبوویتەوە. ناچار ھۆلەکەم جێ‌ھێشت و چوومە دەرەوە. تۆ ھەر پێمەوە بوویت و، دەتویست ھەناسەم پێ ببریت. خۆم راگرت، بەلام تۆ تەواوی جەستەی منت گرتبووە دەست. منیش وەک  مەڕەکێویێکی گرفتاری دەم شێرێک ھەر بەتەمابووم کە بۆ یەک چرکە ددانەکانت لە قوڕگم بەردەی تا ھەناسەیەکی ئاسودە بکێشم. خەریک بوو لاقەکانم ھێزیان لێببڕێت و بەدەمەوە بکەوم و تەسلیمی تۆ بم کە تۆ ھێزت لێ‌بڕا و دەمت لە قوڕگم کردەوە و منیش ھەڵاتم. ھەڵاتم بە گەردن و قوڕگێکی بریندارەوە، وەھا بریندار کە بە بێ یارمەتی وەرگرتن تەمای ژیان لە دڵمدا نەدەما و دەکەوتمە دەس مردن و دەبوومە خۆراکی بوونەوەرانی ژێر خاک.

 

بەڵام سێھەم جاری دیداری تۆ ئەو دەمە بوو کە یارمەتیدەران ھەوڵیان دەدا بۆ مانەوەم جێ برینی ددانەکانی تۆ لەجەستەم خۆش بکەنەوە. ئەمجارەش وەک یەکەم دیدار کۆمەڵێک دەمووچاوی داپۆشراو وھەڵ‌پێچراو بەدەورمدا وەستابوون و منیش بێ‌دەسەڵات لەبەردەستیان‌دا. تۆ ئەمجارەیان لەڕێگەی دەمارەکانی دەستمەوە لەگەڵ سۆندەکەی ئەوانەوە دزەت کردە جەستەم و ئەمجارەش تا دڵم ھاتی. بە کەسە دەم و چاو داپۆشراوەکانم وت کە تۆ دزەت کردووە و ھەست بە بوونت دەکەم. ئەوان وتیان نیگەران مەبە خۆمان دەزانین و دەیبینین، جێی مەترسی نییە با برینەکانت دەرمان بکەین ئەویش لە جەستەت دەردەکەین. ئاخر ئەمجار دەم و چاو داپۆشراوەکان فریشتە بوون و خەریکی جێ‌بەجێ‌کردنی ئەرکی ئینسانی بوون. ئەمان ژیانیان دەبەخشییەوە و ئەوان نۆێنەری مەرگ بوون. ئەوان خۆیان بە نوێنەرانی خودا دەناساند و دەیانگوت حوکم و فەرمانەکانی خودا جێبەجێ دەکەین. کام خودا مەبەستیان بوو نازانم. ئەوەندە دەزانم نیچە رایگەیاندبوو کە خودا مردوە و ئیتر حوکمی نەماوە. ئەم خودای ئەمان لە کوێوە ھاتووە و چۆن ئەم حوکمەی بەمانداوە و کەی کردویانیە بە نوێنەری خۆی، کەس نازانێت. بۆچی خودا ھەر حوکمی زەجر و کوشتن و گریانە، خۆی جێگای سەرنجە. بەڵام ئەوەندە دەزانم ئەم رزگاریدەرانەی ئەمڕۆی من بۆ ھیچ خودایەک کارناکەن و تەنیا وەک مرۆڤێک ئەرکی مرۆڤایەتی خۆیان بەجێدێنن. ئەمان دڵە بریندارکراوەکەی منیان تیمارکرد و تۆیان لە جەستەم دەرھێنا و ھەناردمیانەوە بۆ مالەوە.

 

ئەمەش چیرۆکی جەنابت. جا خوێنەر تۆ بە چی دەبینێت و، بە چیت دادەنێت، نازانم. بەڵام ھیوادارم ئیتر من جارێکی تر نەتبینمەوە و، دەستم لە کۆڵ بکەیتەوە.

 

 

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت