فەڕۆخ نێعمەتپوور

بەیانی زوو کاتێک باوکم دیسان بە نووکی پێ تێی دەسرەواندم، بە جەستەی ئارەقاویمەوە لەخەو راچڵەکام. لە جیاتی دۆشەکەکە، بینیم لەناو حەوزێکی سووری پڕ لە ئاودا راکشاوم. بەو قەراغانەوە وا نەدەگەیشتنە هیچ شوێنێک. باوکم مڕ و مۆچ گوتی "ئیستا بووی بە پیاو؟" لەکاتێکدا وڕ و گێژ بووم و وەک دوێنێ چاوەکانم هەڵدەگڵۆفین، گوتم: ـ ئەرێ باوکە، دوێنێ کاتژمێر دەی بەیانی بووم بە پیاو!

دەبم بە پیاو

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئەمڕۆ باوکم سووکە شەقێکی لە قاچم ‌هەڵدا و، دەنگی هەڵبڕی کە ئیتر ناتەوێ ببی بە پیاو!؟ من چاوەکانم هەڵگڵۆفی و بە دەم خەوەوە، لە ترسانا بوو یان هەر لە خۆوە، گوتم با. لەکاتێک‌دا لە ژوورەکە دەچووە دەرەوە نەڕاندی گوتی دەی هەستە، درەنگە!

من جووڵام. لەسەر قن دانیشتم. خەو بەری نەدەدام. باوێشکێک یان دووان و سیانی ترم کێشا. لە پەنجەرەکەوە لە دەرەوەم رووانی. دونیا رووناک بوو. لە کاتژمێرە دیوارییەکەم رووانی. سەعات هەشت و دە خولەک بوو.

لە کاتی دەم و چاو شۆردن‌دا بوو کە پرسیارەکەی باوکمم هاتەوە بیر "ئیتر ناتەوێ ببی بە پیاو!؟ لەسەر سفرەکە لێم پرسی باوکە ئەمڕۆ بەڵێنە چۆن چۆنی ببم بە پیاو؟ باوکم بە لاچاو سەیری کردم. سەرێکی راوەشاند و، گوتی ئەمەیش ئاکامی درەنگ لەخەو هەستان. نەڕاندی چۆن، مەگەر لەبیرت چووەتەوە کە ئەمڕۆ قەرارە مرۆڤێک لە سێدارە بدەن!؟ ئەها، هاتەوە بیرم. دوێنێ لەگەڕەک باسیان کردبوو. گوتیان لە مەیدانی سەرەکیی شار کەسێک لە سێدارە دەدەن. باوکم درێژەی دایە کە گەر دەتەوێ ببی بە پیاو، دەبێ مەرگی خەڵکی دیکە راستەوخۆ ببینی. گوتم باوکە من مردنی باوەگەورە و دایە گەورە و مامم و خاڵ و تەنانەت پوورێکیشم بینیوە. سەرێکی بادا و گوتی نا، ئەم جۆرە مەرگانە نا. درێژەی دایە کاتژمێر دە لە سێدارەی دەدەن. فریا ناکەوی، زوو نانەکەت بخۆ و بڕۆ!

من تەنیا چایەکم هەڵقوڕاند. جل و بەرگەکەم بە کاوەخۆ لەبەر کرد و، رۆیشتم.

لە دەرەوە دونیا جۆرێکی تر بوو. خەڵکی دوو دوو و سێ سێ، یان زیاتر بەپەلە دەڕۆیشتن. بە چپە لەگەڵ یەکتر قسەیان دەکرد. ژنەکان زۆر بە دەرەوە نەبوون. منداڵەکان لە پشت شووشەی پەنجەرەکانەوە لە کۆڵانیان دەڕوانی. پۆلێک قشقڕە لەسەر پووتێکی زبڵ شەڕیان بوو. قاڕە قاڕیان هەموو کۆڵانی تەنیبوو. منیش بە هەمان ئاراستەدا بەڕێ کەوتم.

هەتا مەیدانی سەرەکیی شار نیو کاتژمێرێک رێگا بوو. لە شەقامیش بە پێچەوانەی رۆژان زۆربەی خەڵکەکە بە یەک ئاراستەدا دەڕۆیشتن. وەک من. یان من وەک ئەوان. بە خۆم گوت رەنگە ئەوانیش ئەمڕۆ دەیانەوێ ببن بە پیاو.

کە گەیشتمە مەیدانەکە بینیم جمەی دێ. پۆلیس هەموو رێگاکانی بە لەمپەر گرتبوو و بۆیە هیچ ماشینێک بەوێ‌دا نەدەڕۆیشت. سەر جادە چیتر جێ نەدەبووەوە و، کۆڵانەکانی دەورووبەریش خەریک بوو پڕ دەبوونەوە. سەر بانەکانیش تەژی بوون. لە پشت پەنجەرەکانەوە ئەو چاوە سرک و تەزیوانەم دەبینی کە لە تەنیشت پەردەکانەوە سەرە تاتکێیان بوو.

جەڕەسەقیلێکی پێنج تۆنیی زەرد، وەک دووپشکە بە چزووەکەی سەر پشتییەوە لەوێ راوەستابوو. بە دەوری‌دا دوو سێ ماشینی سپی و سەوزی پۆلیس و چەکدارەکان. بڵیندگۆیەک دەینەڕاند و باسی لە سزای تاوانباران دەکرد. ئەوەیکە کەس هەرچەند خۆیشی بە زرینگ بزانێ لە دەستی یاسا دەربازبوونی نیە و رۆژێک لە رۆژان بەدەستی بەهێز و پڕ توانای حکومەت، حکومەتی ئیلاهی و حەقخواز بە سزای کردە نەشیاو و ناپەسندەکانی خۆی دەگا. پۆلێک قشقڕە بەسەر ئاپۆراکەدا نزم نزم تێپەڕین. رەنگە هەر ئەوانەی کۆڵانەکەی ئێمە بووبن و، لەدووای دابەشکردنی زبڵەکە بەرەو شوێنێکی تر دەفڕین. ناوە ناوە سروودیش بڵاو دەکرایەوە.

ئەوەندەی پێ‌نەچوو لەو خیابانەوە وا بەرامبەر من بوو و لە رۆژهەڵاتەوە دەهاتەوە سەر مەیدانەکە، بوو بە هەرا. خەڵکەکە دەکشانەوە و رێگایان بۆ ماشینێک دەکردەوە. ترۆمبیلەکە سەرئەنجام گەیشت. لەتەنیشت جەڕەسەقیلەکە راوەستا. چەند سەرتاپا رەشپۆش کە بە دەمامک سەر و چاویشیان پۆشیبوو، کەسێکیان هێنایە دەر. کەسێک بە پانتۆڵێک و کراسێکەوە کە بەسەر پانتۆڵەکەیدا شۆڕ ببووەوە. بڵیندگۆکە کە داوای دەکرد لە خەڵکەکە ئارام بن و هاوکاری رۆڵە بە ئیمان و خێرخوازەکانی خۆیان بکەن کە خەریکی پاقژکردنەوەی نیشتمان لە رۆڵە پیسەکانی بوون، دیسان بە حەماسەتەوە باسی لە عەداڵەت کردەوە کە سەرەکی‌ترین تایبەتمەندیی حکومەتە. گوێم لێ‌بوو یەک گوتی یەک دوو ساڵ لەوە پێش لەگەڵ برادەرەکەی لێیان بووە بە دەم بۆڵە و کوشتوویەتی. راوەستان تا بوو بە هەژدە ساڵ تا ئیعدامی کەن. رەزایەتیشیان بۆ نەدا. توولە نەمامی باڵایم لە دوورەوە دەبینی کە لە خەڵکەکەی دەڕوانی. دستی کەلەپچە کرابوو و قاچەکانیشی بە پەتێکی کورت وەها کە تەنیا دەیتوانی وردە هەنگاو هەڵبێنێ، بەسترابووەوە. کتوپڕ دووپشکەکە کەوتە هاڕە هاڕ و ئەوجا کلکی کشان و بەرزی کردەوە. لەم کاتەدا تەنافەکە دەرکەوت کە پێیەوە بەسترابوو. تەنافەکە بە حەڵقە گرێدراوەکەیەوە شۆڕ بووەوە. کلکەکە لە شوێنێک لەو سەرسەرانە راوەستا و دەنگی هاڕە هاڕی جەرەسەقیلەکە خامۆش بوو. رەشپۆشە دەمامک لە چاوەکان، توولە باڵاکەیان سەر خست. بڵیندگۆکە کە بەردەوام خەریکی رێنومایی کردنی خەڵک و وەبیرهێنانەوەیان سەبارەت بە عەدڵ و ئینساف بوو، ئەمجارە لە رووی کاغەزێکەوە شتێکی خوێندەوە. پێم وابێ لەسەر تاوانی کەسەکە و بڕیاری دادگا بوو. کیسەیەکیان کردە سەری و تەناف لە گەردن و، ئەوسا جارێکی دیکە کلکەکە بەرەو ئاسمان کشایەوە. جەستە بەرز بووەوە و، کەوتە لنگە فرتە. تاکێک لە سەرپێیەکانی داکەوت. ئەوی تریان شۆڕ.

ئەو شەوە تا بەیانی خەوم بینی. خەوی باوکم، پووتە زبڵەکە، ئاپۆرای خەڵک و دووپشکە کلک زەردەکە. خەوی رەشپۆشە دەمامک لە چاوەکان و پۆلە قشقڕەکەی وا بە سەر مەیدانەکەدا هەڵفڕین.

بەیانی زوو کاتێک باوکم دیسان بە نووکی پێ تێی دەسرەواندم، بە جەستەی ئارەقاویمەوە لەخەو راچڵەکام. لە جیاتی دۆشەکەکە، بینیم لەناو حەوزێکی سووری پڕ لە ئاودا راکشاوم. بەو قەراغانەوە وا نەدەگەیشتنە هیچ شوێنێک. باوکم مڕ و مۆچ گوتی "ئیستا بووی بە پیاو؟"

لەکاتێکدا وڕ و گێژ بووم و وەک دوێنێ چاوەکانم هەڵدەگڵۆفین، گوتم:

ـ ئەرێ باوکە، دوێنێ کاتژمێر دەی بەیانی بووم بە پیاو!

 

گەڕان بۆ بابەت