فەڕۆخ نێعمـەتپوور
پاڵ دەکەومەوە. کۆمپیوترەکەم دەخەمەوە سەر سینگم، بە بێ گوێدانی ئەوەی کە چەرەساتەکە هەڵدەوەرێتە سەر سینگم دەست دەکەم بە خواردنی و، بەلاچاویش لەکاتێکدا یاری شەترەنج دەکەم و جارجارەیش لاچاوێکیشم لە سەر وتاری فەلسەفی و سیاسی و هەروەها چیرۆکە، لە فیلمەکەیش دەڕوانم. 'هیچ' لەو دیو پەنجەرەکەوە دەستێکم لێ رادەوەشێنێ و بزەیەکی تاڵ لێوەکانی دەتەنێ. ئەو دەبێ چاوەڕوان بێ. ئەو دەبێ رەنگە تا چەند کاتژمێرێکی تر لە باڵکۆنەکەوە لە دەریا بڕوانێ.
لەگەڵ دەریا
فەڕۆخ نێعمەتپوور
هەر دووکمان لەسەر مۆبلەکە راکشاوین. قاچەکانمان دەگەنە یەک. جاری وایە هی من لەسەر ئەو و جاری وایە هی ئەو لەسەر من، جاری وایشە لە تەنیشت یەکتردا. راهاتووین. بە بێ ئەوەی پرتە و بۆڵەمان لێ بێتەوە، دەیانگونجێنین.
ئەو کۆمپیوترەکەی لەسەر سینگە و, پێم وابێ سەیری فیلمی تورکی و سپانی دەکا. مەبەستم سریاڵە. منیش سەیری 'هیچ'. کە لە رووانینی هیچ بێتاقەت دەبم، کەمێک فەلسەفە و کەمێک چیرۆک دەخوێنمەوە. جاری وایشە هەواڵێک و وتارێکی کورتی سیاسی. هەڵبەت پێم وابێ هیچیانم بۆ تەواو ناکرێ. یەعنی تا کۆتاییان دەڕۆم، بەڵام زۆر رستە و پەرەگراف هەروا بە بێ لێ تێگەیشتنیان جێدێڵم.
بە خۆم دەڵێم داخۆ باشتر نیە منیش سەیری فیلمی تورکی و سپانی بکەم؟ کۆمپیوترەکەم هەڵدەگرم. لە یوتوپ سیرچ دەکەم. پەیدا کردنیان چەند ئاسانە! هێشتا چەند خولەکێکیان لێ نەڕۆیشتووە، لێیان وەڕەز دەبم. بە خۆم دەڵێم سەیر کردنی فیلمی ئاشقانە، دڵێکی ئاشقی دەوێ.
کۆمپیوترەکە لە دووای ئەوەی چەند دەقیقەیەک بەشێوەی ئۆن لاین یاری شەترەنج دەکەم، لەخۆم دوور دەخەمەوە. پێم وابێ بردمەوە. ئەویش چۆن، لەهەر شوێنێکدا یارییەکی هەڵەم دەکرد، دەمگێڕایەوە دوواوە. لەسەر رووبەرەکە پەیامەکەم بینی کە نووسیبووی تۆ براوەی.
برسیمە. لەگەڵ ئەوەی لە خواردنی نیوەڕۆ زۆر تێنەپەڕیوە، رادەبم و یەخچاڵەکە دەکەمەوە. هیچی وا نابینم سەرنجم راکێشێ. بە خۆم دەڵێم چەرەسات! ئەوسا بادەدەمەوە و دەچمە سەر وەختی شووشە نیوەپڕەکانی ناو کۆمۆدەکە. پیاڵەیەک چەرەساتی جۆراوجۆر لەگەڵ خۆم دێنم و، دیسان لەسەر مۆبلەکە بە هەمان شێوە پاڵ دەکەومەوە. کتوپڕ تێدەگەم ئاوەها چەرەسات ناخورێ، بەتایبەت گوڵەبەڕۆژە و تووە شووتی و توو کوولەکە. سەر سینگم پڕ دەبێ لە وردە. لە کاتێکدا رادەبمەوە و کۆمپیوترەکە لەسەر سینگم لەگەڵ پیاڵەکە دوور دەخەمەوە، لەسەر قن دادەنیشم. ئەوسا بەدەم خوێندنی فایلی پی دی ئێفیی کتێبێکەوە کە دامبەزاندووە، لە خواردنی چەرەسات بەردەوام دەبم. دەست و مێشکم لە ریتمێکی هاوئاهەنگدا دەڕۆنە پێش. ئەمیان لە پیاڵەکەوە تا دەمم و، ئەوی تریان لە رووبەری کۆمپیوترەکەوە تا چاوەکانم. قرچە و خرمە لەگەڵ دەنگێکی تر کە لە رووبەرەکەوە دێن و نازانم چییە، تێکەڵ دەبن.
کات و شوێن پڕ دەبنەوە. خۆشییەکی شاراوە و نادیار جەستە و بوونم لە خۆ دەگرێ.
کتوپڕ ئەو بەو گووشییانەوە لە گوێیدان بەرز پێدەکەنێ. بێگومان شتێکی خۆش لە فیلمەکەدا روودەدا. لێی رادەمێنم. ئەویش نیگای دەچێتە سەر من. فیلمەکە رادەگرێ و دەپرسێ چییە موزاحیمی منە؟ دەڵێم نا بەردەوام بە! دەڵێ پێشنیار دەکەم سەیری ئەم فیلمە بکەی، دەزانم حەزت لێی دەبێ، لەسەر ئەو شتانەیە وا تۆ پێت خۆشە!
ئەوجا دێتەوە بیرم من حەزم لە فیلمی شەڕە. ئەوەتەی لە بیرم دێ، وابوومە. بە منداڵی، پێش شۆڕشی ساڵی ٥٧، هەمیشە لەگەڵ خاڵم دەچووم بۆ بینینی ئەو فیلمە فارسی یاخود خارجییانەی وا شەڕ و لێدان و شتی لەم بابەتەیان تیا بوو. کە شۆڕشیش کرا، ئەو فیلمانەی وا باسی شەڕی رزگاری خوازانە بوون.
دەست دەبەم بۆ کۆنتڕۆڵەکە. تەلەفزیۆنەکە هەڵدەکەم و لە یوتوبدا بە شوێنیاندا دەگەڕێم. دۆزینەوەیان ئاسانە. یەکیان دەگرم و دەست دەکەم بە سەیرکردنی. لەوە پێش بینیوومە. پێم وابێ چەند جارێک سەیرم کردووە. بەڵام جۆرێک لە نۆستالۆژیا هانم دەدا دیسان لێی بڕوانمەوە. پێم وابێ هۆکارەکەی تریشی ئەوەیە کە دۆزینەوەی فیلمی نوێی لەم چەشنە زەحمەتە.
ئەوی ئەو سەری مۆبلەکە بە دیتنی فیلمەکەی من لێم دەڕوانێ و، بە میهرەبانییەوە بزەیەکی دێ. وەک بڵێی دەیەوێ بڵێ سەرئەنجام تۆیش دامەزرای!
پاڵ دەکەومەوە. کۆمپیوترەکەم دەخەمەوە سەر سینگم، بە بێ گوێدانی ئەوەی کە چەرەساتەکە هەڵدەوەرێتە سەر سینگم دەست دەکەم بە خواردنی و، بەلاچاویش لەکاتێکدا یاری شەترەنج دەکەم و جارجارەیش لاچاوێکیشم لە سەر وتاری فەلسەفی و سیاسی و هەروەها چیرۆکە، لە فیلمەکەیش دەڕوانم.
'هیچ' لەو دیو پەنجەرەکەوە دەستێکم لێ رادەوەشێنێ و بزەیەکی تاڵ لێوەکانی دەتەنێ. ئەو دەبێ چاوەڕوان بێ. ئەو دەبێ رەنگە تا چەند کاتژمێرێکی تر لە باڵکۆنەکەوە لە دەریا بڕوانێ.