نه‌ژاد عزیز سورمێ
لێره‌وه ئه‌وه‌ی له مادده‌ی نۆیه‌می یاسای به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تی عێراق دا هاتووه (كه له دوایشدا له ده‌ستووری عیراق وه‌ك زمانێكی فه‌رمی ناسێنرا و چه‌سپێنرا) له ناسینی زمانی كوردی وه‌ك زمانێكی ڕه‌سمی عێراقی فیدڕاڵ به هه‌موو مانایه‌ك كه زمانی ڕه‌سمی پێ لێك ده‌درێته‌وه نوخشه‌ی ئاینده‌یه‌كی پرشنگدار و گه‌شمان بۆ زمان و كولتوری كوردی پێ ده‌دا. لێ به‌داخه‌وه خۆمان تا ئه‌وڕۆیش نه‌مانتوانیوه وه‌ك پێویست تا سنووری ئه‌وپه‌ڕی به‌هره‌ی لێ وه‌ربگرین و به‌نه‌خشه و پلانی تۆكمه و سه‌رتاپاگیر له ماوه‌یه‌كی پێوانه‌ییدا وابكه‌ین زمانه‌كه‌مان (كه پێویست ده‌كا به‌هایه‌كی پیرۆزی لامان هه‌بێت) بیگه‌یێنینه ئه‌و ڕاده‌یه‌ی زۆربه‌ی تۆخم و ڕه‌گه‌زه‌كانی پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆژیا و زاراوه‌ی نوێ قبووڵ بكا.وه‌ك هه‌موو زمانی دنیایێش له‌گه‌ڵ ڕه‌هه‌نده نوێیه‌كانی سه‌رده‌مدا بێته‌وه.
زمـانی كـوردی له یـاسای به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تی عێڕاقی فیدڕاڵ دا
نه‌ژاد عزیز سورمێ
"ئه‌گه‌ر میلله‌تێک توانی
ئه‌و زمانه‌ی به ولآته‌كه‌ی به‌خشراوه بپارێزێ
هه‌رگیز ئازادی لێ زه‌وت ناكرێ
وێنه‌ی هه‌ڵۆ كه له بڵندیاندا ڕاو ناكرێ
زمانه‌كه‌مان پێویسته بپارێزین
وه‌كو دایك كه سۆز ده‌داته كۆرپه‌كه‌ی.
زمانه‌كه‌مان، زمانی تـاگـالی
له لاتینی و
له دیالێكتی ئینگلستان و له زمانی فریشتان كه‌متر نییه.
خوا كه به‌چاوی میهره‌وه سه‌یری كردووین
له گه‌ڵ هه‌موو موقه‌ده‌ساتی دی پێی به‌خشیوین."
شاعیری فیلپینی خۆسیێ ڕۆسال
زمان كه كۆڵه‌كه‌یه‌كی به‌هێزی سه‌لماندنی ناسنامه‌ی نهتهوهیییه، ده‌بینین له هه‌موو ئه‌و دانوستانانه‌ی نێوان كورد و حكوومه‌ته یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراق، خاڵێك بووه له خاڵه سه‌ره‌كیه‌كانی دانوستان و گفتوگۆ.
له‌به‌رامبه‌ردا ده‌زگا جۆراوجۆره‌كانی ئه‌و حكوومه‌تانه ئه‌وه‌ی پێیان كرابێ له شێواندنی زمانی كوردی و ڕێگرتن له هه‌موو هۆیه‌كی به‌ره‌وپێشچوون و ته‌نانه‌ت په‌ره‌سه‌ندنی سرووشتیی خۆیشی درێغیان نه‌كردووه (ئه‌گه‌رچی له ڕاگه‌یاندن بۆ ڕووكه‌شی ئه‌وه‌یان شاردبێته‌وه) ئه‌وه‌ش به‌تایبه‌تی دوای نسكۆی 1975 له نیازی ڕاستینه‌یاندا ده‌ركه‌وت.
حكوومه‌تی ئه‌وسای عێراق هه‌موو ئه‌و ده‌سكه‌وته كولتوریانه‌ی له پێشه‌وه‌شیان خوێندن به‌كوردی كه له ڕێككه‌وتننامه‌ی ئاداری 1970دا به‌دی هاتبوو لێی پاشگه‌ز بووه‌وه و له پاڵ گۆڕینی به‌رنامه و پرۆگرامی خوێندن به‌و مه‌به‌ست و ئامانجه‌ی خزمه‌تی پلانه‌كانی ده‌كا چه‌ندین جاریش خوێندنی كوردی كرده‌وه عه‌ره‌بی به‌تایبه‌تی له‌دوا پاری حه‌فتاكان زۆربه‌ی وانه ئه‌ده‌بیه‌كانی زمان ده‌وری سه‌ره‌كیان تێدا ده‌بینێ كرده‌وه به عه‌ره‌بی، به‌بیانووی ئه‌وه‌ی قوتابی كورد له قۆناخی زانكۆ كه خوێندن به‌عه‌ره‌بی یه دووچاری ته‌نگ وچه‌ڵه‌مه نه‌بێ!
بێگومان زمانیش وه‌ك هه‌ر زینده‌وه‌رێكی دیكه به په‌روه‌رده‌كردن گه‌شه ده‌كا و په‌ل داوێ، كه ڕێگای نه‌شونماشی لێ ده‌به‌سترێ له قاوخی خۆیدا به چه‌ق به‌ستوویی و دواكه‌وتوویی ده‌مێنێته‌وه ئه‌و گه‌شه‌یه ناكا پێویسته.
له‌م ڕاسته‌دا دیاره كه‌سانی وه‌كو بابا تایه‌ر و خانی و مه‌لای جزیری و نالی و سالم و حاجی قادر و مه‌حوی و مه‌وله‌وی و كوردی و شێخ ڕه‌زا و و وه‌فایی و هه‌موو ئه‌و ڕووناكبیرانه‌ی دیكه جێی سوپاس و ستایشن كه خۆنه‌ویستانه له كات و ساتێك‌دا ویستویانه بره‌و به زمانه‌كه‌مان بده‌ن له نانبڕانی زیاتر تێدا نه‌بووه، بگره به‌هۆی زۆر ئه‌گه‌ری دیكه‌ی ئه‌وان سه‌رده‌مان ڕه‌نگه نووسین به‌كوردی به‌چه‌شنه دواكه‌وتووییه‌كیش له قه‌ڵه‌م درابێ وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستاش له هه‌ندێ نێوه‌ندی سیاسی و ڕۆشنبیری دا كابرا به‌قه‌د ئه‌وه‌ی شانازی به‌وه ده‌كا زمانی ئینگلیزی یا عه‌ره‌بی ده‌زانێ ئه‌وه‌نده‌ی پێ شه‌رم نییه كوردی نازانێ، یا كوردی نه‌زانینی پێ ئاسایییه كه‌چی له‌وسه‌ریشه‌وه به‌ڕووناكبیری كورد یا سیاسه‌تمه‌داری كورد ده‌ناسرێ و ناوی دێ!
لێره‌وه ئه‌وه‌ی له مادده‌ی نۆیه‌می یاسای به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تی عێراق دا هاتووه( كه له دوایشدا له ده‌ستووری عیراق وه‌ك زمانێكی فه‌رمی ناسێنرا و چه‌سپێنرا) له ناسینی زمانی كوردی وه‌ك زمانێكی ڕه‌سمی عێراقی فیدڕاڵ به هه‌موو مانایه‌ك كه زمانی ڕه‌سمی پێ لێك ده‌درێته‌وه نوخشه‌ی ئاینده‌یه‌كی پرشنگدار و گه‌شمان بۆ زمان و كولتوری كوردی پێ ده‌دا. لێ به‌داخه‌وه خۆمان تا ئه‌وڕۆیش نه‌مانتوانیوه وه‌ك پێویست تا سنووری ئه‌وپه‌ڕی به‌هره‌ی لێ وه‌ربگرین و به‌نه‌خشه و پلانی تۆكمه و سه‌رتاپاگیر له ماوه‌یه‌كی پێوانه‌ییدا وابكه‌ین زمانه‌كه‌مان (كه پێویست ده‌كا به‌هایه‌كی پیرۆزی لامان هه‌بێت) بیگه‌یێنینه ئه‌و ڕاده‌یه‌ی زۆربه‌ی تۆخم و ڕه‌گه‌زه‌كانی پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆژیا و زاراوه‌ی نوێ قبووڵ بكا.. وه‌ك هه‌موو زمانی دنیایێش له‌گه‌ڵ ڕه‌هه‌نده نوێیه‌كانی سه‌رده‌مدا بێته‌وه.
ئایندهی زمانه‌كه‌مان ڕه‌نگه سه‌باره‌ت به‌زۆر ئه‌گه‌ران گه‌ف لێكراو بووبێ و ڕێگای په‌ره‌سه‌ندن و گه‌شه‌كردنی لێ گیرابێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زمانی كوردی هیچ كاتێك هه‌رچی نه‌بێ له زمانی نه‌ته‌وه‌كانی دراوسێی به‌و ڕه‌نگه‌ش دواكه‌وتوو نه‌بووه ده‌ستی لێ شۆرابێ به‌تایبه‌تی له‌لایه‌نی ده‌ربڕینه‌وه له‌گه‌ڵ جیاوازی هه‌ل و مه‌رجی گه‌شه‌سه‌ندن و په‌روه‌رده‌كردنی زمانی كوردی و ئه‌و زمانانه كه هه‌موو پێداویستی پێشكه‌وتنیان بۆ ڕه‌خساو بووه، به نموونه له زمانی فارسی، توركی، زمانی كوردی خۆڕاگرتر و فه‌رهه‌نگ پاكتر بووه.
زمانێك ئیستیعابی قورئان بكا به‌هه‌موو ئه‌و ڕه‌وانبێژی و به‌لاغه‌ته‌ی تێیدایه له كاتێكدا بزاڤێكی له‌و ڕه‌نگه‌یشی له ڕووی وه‌رگێڕان نه‌بووه شایانی باس، ئه‌وه‌ی هه‌شبووه زیاتر به كۆششی تاكه كه‌س بووه، به‌ڵگه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سته‌وه‌ستانیش نابێت له‌گه‌ڵ قانوون و زانست و فه‌لسه‌فه و هونه‌ر و هه‌ست و نه‌ستی مرۆڤی هاوچه‌رخیش دا بێته‌وه.
وای ده‌بینم دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ به ده‌ستوور لاسه‌نگیه‌كه ڕاست كراوه‌ته‌وه، پێویسته ناوه‌نده كولتوریی و هونه‌ری و زانستییه‌كانیش په‌رۆشی مه‌سه‌له‌كه بن و وه‌ك ئه‌ركێكی پیرۆز چاوی لێ بكه‌ن.
ئیتر كاتی ئه‌وه هاتووه زمانه‌كه‌مان كه كه‌وتۆته سه‌ر ڕاسته‌شه‌قام و به‌ربه‌ستێكی لانی كه‌م سیاسی له پێشدا نه‌ماوه هه‌نگاوی خێراتر و به‌له‌زتر باوێ.. ئیتر نابێ له داتاشین و خواستن و جێگركردنی ئه‌و وشه و زاراوانه‌ی پێویستی ڕۆژگار و سه‌رده‌م سه‌پاندوونی بترسین..
پێویسته هه‌رچی زووه (كه به‌داخه‌وه دره‌نگیشه) چوون ده‌توانرا زۆر زۆرتری له‌ماوه‌ی دوای (ڕاپه‌ڕین)ـه‌وه بۆ بكرێ، به هه‌موو لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان هه‌وڵ بدرێ نه‌ك ده‌زگایه‌ك به ته‌نێ، به‌ڵكو چه‌ندان ده‌زگای تایبه‌ت به‌وه‌رگێڕان دابمه‌زرێنرێن ، با ده‌ست بده‌ینێ له به‌رهه‌مه دانسقه كلاسیكیه‌كانی دنیادا پێدا بێین تا ده‌گاته زانسته جۆراوجۆره‌كانی سه‌رده‌م و كتێب و نامیلكه‌ی تایبه‌ت به‌منداڵان.
ئێمه خۆمان خۆمان نابینین، به‌ڵام تۆ بڕۆ له ده‌ره‌وه، له دووره‌وه سه‌یرێكی خۆت بكه ئه‌وجا ده‌بینی چه‌ند دواكه‌وتووین كه به‌داخه‌وه ئه‌وه‌ی تا ئێستا كراوه له‌ڕووی وه‌رگێڕان له كۆششی تاكه‌كه‌س تێنه‌په‌ڕیوه، ته‌نانه‌ت له ماوه‌ی (ده‌سه‌ڵاتی نیشتمانی)شدا (دوای ڕاپه‌ڕین) ئه‌ویش له ئاستی پێویستدا نه‌بووه، ئه‌گه‌ر هه‌شبووبێ نه له‌ڕووی هه‌ڵبژاردنی بابه‌ته‌وه نه له ڕووی تیراژه‌وه له ئاستی پێویست دا بووه له كاتێكدا وه‌رگێڕان كارێك نییه به‌ته‌مای كۆششی تاكه‌كه‌سی وازی لێ بهێنرێ به‌ڵكو پێویستی به چه‌ند ده‌زگایه‌ك هه‌یه پلانی بۆ دابنێ و كاری بۆ ده‌سنیشان بكا.
پرۆسه‌ی وه‌رگێڕان ده‌هێنێ خه‌می لێ بخورێ كه سه‌ره‌ڕای ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی كتێبخانه‌ی كوردی هۆ و پشتیوانیشه بۆ گه‌شه‌كردنی زمانه‌كه‌مان.
به‌ڕه‌سمی ناسینی زمانی كوردی له‌سه‌ر ئاستی ده‌وڵه‌تی عێراقی فیدڕاڵ‌دا گه‌لێك ده‌رگا و به‌رهه‌ڵی له پێش زمانه‌كه‌ماندا كرده‌وه ئه‌گه‌ر خۆمان مه‌به‌ستمان بێ و له‌سه‌ری سوور بین و به جیددی به‌هه‌ندی بگرین هه‌لێكه ئه‌گه‌ر وه‌ك زۆر هه‌لی تر نه‌چوێنرێ ده‌خوازێ هه‌ر ئه‌مڕۆ پێش سبه‌ینێ بیری لێ بكرێته‌وه و ده‌ستی پێ بكرێ كه پێم وایه دره‌نگه و پێڕاناگه‌ین.