ئەفراسیاب گرامی
ژینگە بریتییە لەو شوێنەی مرۆڤ تێدا گەشە دەکات و پەروەردە دەبێ و داهێنەر و بونیادنەری ناسنامەی بیۆلۆژیکی، دەروونی و کۆمەڵایەتیی مرۆڤە. ناسنامەی مرۆڤ لە ژینگەی کۆمەڵایەتییدا بریتییە لە: هاوبەشی و بەشداریی لە کۆمەڵدا. واتە مرۆڤ تواناییەکانی، حەز و ئارەزووەکانی لەگەڵ کۆمەڵدا دابەش دەکات و تواناییەکانی ئەو بەهای هەیە. هەستی ناسنامە، هەستی واتاداربوونی ژیان دەبەخشێ بە مرۆڤ. مرۆڤی بێ ناسنامە، بێ ریشە، پەلهاوێشتنە بۆ بێماڵی. برسییەتی لە پێناو بونیادنانی ناسنامە لە کۆمەڵدا دەتوانێ بونیادنەریی کۆمەڵگایەکی بەختەوەر بێ.
حەوتەوانەی برسییەتی
ئەفراسیاب گرامی
“بیر لە چی دەکەیتەوە؟” ئەمە ئەو پرسیارەیە کە فەیسبووک لێمان دەپرسێ. پرسیارێکی جەوهەری و رێتۆریک کە دەکرێ بنەمای جیهانبینی ئێمە بۆ نووسین، بۆ سیاسەت و بۆ کۆمەڵگا بێت. پرسیارێک کە کۆمپانیاکانی دنیا ئالگۆریتیمی بازاڕیان بۆ درووست کردوە و چالاکیی و بیرکردنەوەکانمان دەکەن بە سەرمایە و کەڵەکەی دەکەن. بەڵام ئەوەی گرێکۆڵەی روانینی ئێمەیە بۆ گۆڕانکارییەکان ئەوەیە کە، ئێمە وەڵامی ئەو پرسیارانەی کۆمەڵ ناخوێنینەوە و سەرمایەگوزاری لەسەر ناکەین بۆ رێکخستن و بەرفراوانترکردنی دنیای نووسین و روانینی نوێ بۆ دنیا. ئەو بیرکردنەوەشە، کۆمەڵگا بەرەو بەختەوەری یان بەدبەختی پەلکێش دەکا. ئەم پرسیارە خەڵكێکی زۆری تووشی برسییەتی خۆنواندن، خۆدەرخستنی پووچ و بەتاڵ کردووە. برسییەتییەک کە داڵانەکانی ناخ و مێشکی مرۆڤ دەکرۆژن و گیرۆدەی لایک و کامێنتی رۆژانەی دەکەن کە بە لایکێ دڵی خێراتر لێ دەدا و روومەتی دەگەشێتەوە، کەچی دیسلایک یان دابەزینی لایکەکانی، دەبێتە هۆی خەمۆکی و دابەزینی لێدانی دڵ و نەگەیشتنی خوێن بە دەمارەکانی مێشکی.
٢ ـ برسییەتی وەک دوژمنی جەستە.
“ئیتر خەریکە برسییەتی پەلامارم ئەدات” (رۆمانی برسییەتی، کنووت هامسوون).
لەوەتەی مرۆڤ هەیە، برسییەتی هۆکاری گەورەی تیاچوون و مەرگ و نەخۆشی بووە. وەک فرۆید دەیگوت، مرۆڤ هیچ شتێکی نیە جیا لە ئۆرگانەکانی جەستەی کە پەیوەستە بە خوێن و خانە(سلوول)ەکانی لاشەیەوە. برسییەتی لە لایەنی فیزیۆلۆژیی مرۆڤدا، کاتێکە کە مرۆڤ برسییەتی و خواردنی نیە. جەستەی بەر دەبێتە لاشەی و هەڵی دەکڕێنێ و دەیخوات و لە ئاکامدا مرۆڤ لەڕ و لاواز دەبێ. مێشک سیگناڵی بێ خۆراکی لێ دەدات، هەستەکان دەجووڵێنێ و هۆرمۆنۆکان دەورووژێنێ، دابەزین و کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی وزەی مرۆڤ وادەکات مرۆڤ بە هۆی برسییەتی خۆی لەناو دەبات و میکانیزمەکانی لاشەی تێک دەچێ. مەرگ دوایین ویستگەی برسیەتییە. برسییەتی شەڕی ناوخۆیی جەستەیە کە ئەندامەکانی لاشە پەلاماری یەکتر ئەدەن.
٣ـ برسییەتی وەک دوژمنی گیان .
“خودا قامکی ئاژنیوەتە ناو عەسەبەکانی مێشکمەوە و کونێکی تێکردوە و بەتاڵ بە جێێ هێشتوە کە مێروولە بەربوونەتەوە تێی” (برسییەتی، کنووت هامسوون).
پێوەندیی قووڵ لە نێوان ئەندامەکانی جەستەی مرۆڤ، دەروون و رەفتارەکانی مرۆڤیشدا هەن. هەستەکان، بیرکردنەوەکانی ئێمە کارێکتێری ژیان و شێوەی ژیانی ئێمەش دەگۆڕن. لە روانگەی دەروونناسییەوە، برسییەتی لای گیانلەبەرانی تر دەگۆڕێ بۆ هاری و پەلامار و گازگرتن. بەڵام لای مرۆڤ، بارودۆخی دەروونیشی تێکدەدات. تووڕەیی، نائارامی، کزی، سترێس و خەمۆکی قووڵ داوێنی دەگرێ. برسییەتی هەستەکانی مرۆڤ دەکوڵێنێ، باڵانسی مرۆڤ تێک دەدات و بەرچاوی رەش دەکات. هاوکات مێشک کە راهێنەر و کۆنترۆڵی هەموو لاشە دەکات، ئالگۆریتمەکانی تێک دەچێ و سینگاڵی هەڵە بەردەوام دەبێتەوە. تاو و لەرزی برسییەتی ژیانی کۆمەڵایەتی مرۆڤیش تێک دەدات کە ئاکامەکەی تێکدانی شیرازەی بنەماڵە، هاوڕێ و خزم و دەورووبەری دەبێ. بیرکردنەوەی لێ ئەسێنێ و سواری سەری دەبێ. مێشک بە هۆی کەم خۆراکییەوە توانایی بیرکردنەوە و راڤەی دیاردەکانی دەورووبەریی نامێنێ. تووڕەیی و ترس لە نیشانە دیارەکانی برسیەتین. مرۆڤ جەستەی خۆی لێ دەبێتە تراوما و مێشک و بیرکردنەوەی دەگڵۆفن.
٤ـ برسییەتی وەک رزگاریدەر.
لە دنیای ئەمڕۆدا برسییەتی هەڵبژاردنێکە بۆ رزگاریی لە دەست قەڵەویی و فرەخۆری. زلخۆری، چەپڵاوکردن و ورگدڕاوی کێشەی هەرە گەورەی دنیای ئەمڕۆیە کە برسییەتی دەتوانێ رزگاریدەر بێ. مرۆڤ خۆی برسی دەکات، یان گیاخۆری دەبێتە رێبازێکی تر بۆ ژیان و دەستپێوەگرتن بە سەرچاوەکانی ژیانەوە. خراپ خواردن جەستەی مرۆڤ گڵۆڵە دەکات و ئارامی لێ دەبڕێ. کۆمەڵگای ئێمە تووشی بەدخۆراکی، فرەخۆری و چەپڵاوکردن بووە. دەستپێوەنەگرتن و بە تەنەکە خواردن فڕەدان، زبڵی زۆر و زیادەمەسرەفی جیا لەوەی داهاتی بنەماڵەیەک لە ناو دەبات، سەرچاوەکانی ژیان و گوزەرانی کۆمەڵگایەکیش کاول دەکات. لە روانگەی ئانترۆپۆلۆژییەوە، مرۆڤ کەوتووەتە قۆناخێک کە ژێرخانی سەقامگیریی و بەردەوامیی داهاتووی مرۆڤ تێکدەدات. چەمکی سەقامگیر بەردەوام بۆ داهاتووی نەوەکان، بەکارهێنانی ئەو بەرهەمانەی کە پارێزگاریی لە ژینگە و سرووشت دەکەن، دەتوانێ شێوەی ژیانی مرۆڤی داهاتوو ئاسایی بکاتەوە و زەوی بەرگەی حەشیمەت بگرێ. زلخۆری و چەپڵاوکردن گرێبەستی کۆمەڵایەتیی مرۆڤ خەوشدار دەکەن و ئەخلاقی ناڕەوا دەبێتە ژیانی ئاسایی مرۆڤ. گەندەڵی و داڕمانی ئەخلاقی لە نیشانەکانی کۆمەڵگای فرەخۆر و چەپڵاوکەرە. کاتێ برسییەتی وەک رزگاریدەر بۆ دەربازبوون لە کێشی زۆر و قەڵەوی دەردەکەوێ، مرۆڤ هەزار بەرنامەی خۆراکی دەگۆڕێ بۆ ئەوەی کە کێشی خۆی دابەزێنێ و جەستەی بهێنێتە سەر فۆرمی ئاسایی. ژیانی مرۆڤ پێچەوانە بوەتەوە، برسییەتی هۆکاری مەرگ بوو، ئێستاکە هۆکاری ژیانە. قەڵەوی مەزاجی دەوڵەمەندی و لەشساخی بوو، ئێستاکە سەرچاوەی مەرگ و نەهامەتییە. بەڵام زۆرجاریش دەگاتە ئانۆرێکسی کە لەڕ و لاوازیی لە ڕادەبەردەرە. ژنانی مۆدێل لە دنیای ئەمڕۆدا گیرۆدەی ئەم نەخۆشییەن. خۆبرسیکردن و کەمخواردن بە هۆی روانگەی سێکسواڵی مرۆڤی ئەمرۆیی بۆ ژن، وەهای کردوە کە زۆربەی کچانی تازە پێگەیشتووی کۆمەڵگا تووشی خەمۆکی قووڵ ببنەوە بۆ ئەوەی کێشیان دابەزێنن. کۆرۆنا ساتەوەختێ بوو کە مرۆڤ زیاتر لە پاندێمی کۆرۆنا و مەرگی پێشوەخت زەندەقی لە قەڵەوی چووبوو. زۆربەی ئامارەکانی سەنتەری تەندرووستی ئەورووپا باس لە گیرۆدەبوونی منداڵانی نێوان ١٢ بۆ هەژدەساڵ دەکەن کە تووشی ئانۆرێکسی بوون و ژیانی ئاساییان نەماوە. خواردنی مەکدۆناڵد بە یەکێ لەگەورەترین هۆکارەکانی قەڵەوی سی ساڵی رابردوو دەزانن و هاوکاتیش گرینگی دان بە وەرزشی “یوگا” و “گیاخۆری” کە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ خۆدەربازکردن لە قەڵەوی. زۆرجاریش ژێستی رووناکبیرانەی دنیای ئەمڕۆ لە خوێندنەوە و زانینەوە گۆڕاوە بۆ ژێستی یوگا یان گیاخۆری بێناوەرۆک و بەتاڵ لە ئەخلاق.
٥ ـ برسییەتی وەک دیلەمای رۆحی کۆمەڵ.
مرۆڤ دەتوانێ سەدان بەرگی جیاواز بکاتە بەر برسییەتی. برسییەتی دەتوانێ هەوڵ و خۆماندووکردن بێ بۆ گەیشتن بە سەرکەوتن وەک: برسییەتی زانین، برسییەتی گەیشتن بە بەختەوەریی، برسییەتی گەیشتن بە دەوڵەمەندیی و پلەوپایەی سەرکەوتن. پێر فووگلی دەڵێ: “تەندرووستی، خودای رۆحی و جەستەی مرۆڤە”. کەواتە، چاندنی تۆی خۆشەویستی، قەناعەت و هیوا دەتوانێ خودای جەستە و رۆحی ئێمە ئارام و هێمن بکات. بەڵام ئەم جۆرە لە برسییەتی دوڕیانێکە بۆ گەیشتن. ئەم روانگە دەتوانێ پۆزەتیڤ و باش بێ. بەڵام دەتوانێ تێکدەری بارودۆخی دەروونی بێ و مرۆڤ ئارام و قەراری لێ ببڕێ بۆ ئەوەی بە ئاواتەکانی بگات. لەبەر ئەوەی زۆرجار سنووری ئەخلاق دەبڕێ و مرۆڤ لە پێناو ویستەکانیدا پێ بنێ بە سەر ئەخلاقی گشتیدا. تانە و تەشەر، درۆ و بوختانکردن، پاشقولدان لە یەکتری و گێڕەشێوێنی لە کۆمەڵگادا بەشێکە لە ئاکامەکانی برسییەتی مرۆڤ بۆ گەیشتن بە لووتکەی سەرکەوتن. ئەمەش دەتوانێ جۆرێک بێ لە پەلامارەکانی برسییەتی بۆ سەر مرۆڤ. مازلۆ لە هرێمی پێداویستییە سەرەتاییەکانی مرۆڤدا، زەنجیرە پلەیەک بۆ گەیشتن بە بەختەوەریی دیاریی دەکات کە دابینکردنی پێداویستییە فیزیۆلۆژییەکانی مرۆڤ بنەماکەیەتی و هەتا دەگاتە لووتکەی خۆڕسکاندنی مرۆڤ(Self-realization) . بەڵام مرۆڤ دەتوانێ برسییەتی زانین و سەرکەوتن بێ لە پاڵ سەرکەوتنی خەڵکانی دیکە، نەک تێکدانی رۆحی کۆمەڵ بێ. خۆڕسکاندن بۆ گەیشتن بە لووتکەی بەختەوەریی لە کۆمەڵدا زۆرجار کەوتنی مرۆڤ و هەڵخزان بەرەو دڵڕەقی و بێ واتاکردنی ژیانە.
٦ـ برسییەتی وەک ناسنامەخوازیی یان قەیرانی ناسنامە.
ژینگە بریتییە لەو شوێنەی مرۆڤ تێدا گەشە دەکات و پەروەردە دەبێ و داهێنەر و بونیادنەری ناسنامەی بیۆلۆژیکی، دەروونی و کۆمەڵایەتیی مرۆڤە. ناسنامەی مرۆڤ لە ژینگەی کۆمەڵایەتییدا بریتییە لە: هاوبەشی و بەشداریی لە کۆمەڵدا. واتە مرۆڤ تواناییەکانی، حەز و ئارەزووەکانی لەگەڵ کۆمەڵدا دابەش دەکات و تواناییەکانی ئەو بەهای هەیە. هەستی ناسنامە، هەستی واتاداربوونی ژیان دەبەخشێ بە مرۆڤ. مرۆڤی بێ ناسنامە، بێ ریشە، پەلهاوێشتنە بۆ بێماڵی. برسییەتی لە پێناو بونیادنانی ناسنامە لە کۆمەڵدا دەتوانێ بونیادنەریی کۆمەڵگایەکی بەختەوەر بێ. بەڵام دیسانەکە، گرێکوێرەی ناسنامەخوازیی و پێپەتی چوون بۆ گەڕان بە دوای ناسنامەدا لە کۆمەڵگایەکدا کە هەموو بەرگێکی ناسنامەی خۆی دادڕیوە زەحمەت و کوێرەوەریییە. هاوکات لە روانگەی ئەتنۆسەنتەریزم یان بێگانەکردن و ستیگمای ناسنامەی ئەوی دیکەوە بە دوای ناسنامەدا گەڕان، هەڵخزانە بەرەو فاشیزم و گرێکوێرەی ناسنامەخوازیی دێموکراتیک.
٧ـ برسیەتی وەک ئێکۆکریتیک
روانگەی ئیکۆکریتیک رامانێکی نوێ و هەڵقوڵاوی بزووتنەوەی سەوز و ژینگەپارێزییە کە مرۆڤ ـ سرووشت لە سەنتەری هەڵسەنگاندندان و دوانەیەکی گرێدراون. پەرسپەکتیڤێکی نوێیە بۆ گێڕانەوەی نوێ لە نێوانی ژینگەی فیزیکی مرۆڤ و شێوەژیانەکانی هاوتەریب لەگەڵ ژینگەی مرۆڤدا. واتە مرۆڤ وەک مرۆڤ دەبینرێ، سروشت وەک سروشت کە هەردوکیان مانا دەبەخشن بەیەکتری. لە دنیای ئەدەبیاتی منداڵاندا ئێکۆکریتیک زیاتر خۆی دەنوێنێ. هەموو گیانلەبەران خاوەنی هەستن، پێکەوە ئەدوێن و بیردەکەنەوە و هەوڵدەدەن بۆ باشترکردنی سروشت. لەم روانگەوە برسیەتی واتای فرە دیاردەیی لەخۆدەگرێ. برسییەتی رۆژانە کاژ دەخات، دەتوانێ گرکوێرەی ژیانی مرۆڤ و گیانلەبەران لە سرووشتی نائارامی دەسکرد و شێوێندراوی مرۆڤ بێ، بەڵام هاوکاتیش دەتوانێ بەرگێکی تازە بێ و مرۆڤ سوود لە تواناییەکانی خۆی بگرێ و دەست لە زلخۆری، ریاکاری و بێ ئەخلاقی هەڵگرێ. دیاردەی برسێتی فرەمانا و فرە رەهەندە کە پانتایی ژیانی مرۆڤ، ژینگە و چالاکییەکانی دەگرێتەوە. روانگەی ئیکۆکریتیک بۆ نووسەران بریتییە لەوەی کە تا چەندە پێوەندیی مرۆڤ و سرووشت وەک بەهایەکی ئەخلاقی دەبینرێ و نووسەر لە روانگەی دنیابینی نوێوە دەڕوانێتە نەوەکانی داهاتوو. رەنگە برسیەتیی نووسین بۆ خۆدەرخستن و هەڵپەی خۆگەورەکردنەوە و ژێستی رووناکبیرانە بێت، یان هەڵگری دەرد و رەنجی مرۆڤ و سرووشتی ئەمڕۆ بێت. ئایا بەڕاست لە ئەدەبیاتی ئێمەدا نموونەمان هەیە؟ سرووشت کە هەموو ماناکانی ژیانی بە ئێمە بەخشیوە، ئایا ئێمە بیرمان لێ کردۆتەوە؟