چیرۆک

ژووری ژمارە سیانزە

فەڕۆخ نێعمەتپوور

شەو دیسان دەنگەکە هاتەوە. دیسان تەپەی هەنگاو و دیسان تووڕەیی. ئارام لە ناو جێگاکەی هەستاو و پاش کەمێک گوێ گرتن بە دیوارەکەوە، بە ژماردە هاتە کۆریدۆرەکەوە. چەند دڵۆپ ئەرەق بە نێوچاوانییەوە دەبریقایەوە. لە بەردەمی دەرگای ژووری ژمارە سیانزەدا راوەستا. دەستی بۆ دەستگیرەکە برد. ئەگەرچی دەیزانی داخراوە، بەڵام نەخوازراو سوڕاندی. دەرگاکە کرایەوە! 

 

ژووری ژمارە سیانزە

فەڕۆخ نێعمەتپوور

کە لە ئۆتۆمبیلەکە دابەزی، شۆفیرەکە دەرگای پشتەوەی بۆ کردەوە و جانتاکەی دایە دەست. ئەمیش بە ئیشارەتی دەست سوپاسی کرد و لە باڵاخانەکەی بەردەمی رووانی. خانوویەکی قەدیمی بە دەرگایەک لە ناوەڕاستیدا و بەو پەنجەرانەوە کە وەک چاوی ماندوو، ساڵانی ساڵ بوو لە هەمان دیمەنی بەردەمی خۆیان دەڕوانی. دیمەنیش، دەشتێکی کاکی بە کاکی کە لەو دوورانە لە گەڵ ئاسۆ و لە گەڵ تیشکی ئێوارە ون دەبوو. بەو کۆمەڵە درەختە چنارەوە کە لەو بەر جادە خۆڵاوییەکە بە دەم نەرمەبای دەشتەوە نەرم نەرم خۆیان دەلاواندەوە.

ئارام لە دەرگاکەوە چووە ژوور، ئەو دەرگایەی بە سەریەوە ناوی "هوتێل رێبوار" لە چوارچێوەیەکی کۆنی ئاسنین دا خۆی دەنواند. لەو سەری ژوورەکە هوتێلدارەکە لە پشتی نیوەدیواری رسێپشونی بەردەمی راوەستابوو و خەریکی سەیرکردنی دەفتەرەکەی بەردەمی بوو، بە دیتنی مسافیری نوێ، سەری هەڵێناو لێی رووانی. ئارام ئەمیش لێی نزیک کەوتەوە:

ـ تکایە ژوورتان هەیە؟... بۆ چەند شەوێک دەمێنمەوە. گەر لە قاتەکانی سەرەوەیش بێت سوپاستان دەکەم.

هوتێلدارەکە چاوێکی بە دەفتەرەکەی بەردەمی خۆیدا گێڕا:

ـ ژووری ژمارە ١٤ بەتاڵە،... بەڵێ تەنیا ئەم ژوورەمان هەیە، هەڵبەت لە قاتی دووهەمدایە (چاوێکی لێداگرت).

ئەم کە لە هۆکاری چاوداگرتنەکە نەگەیشت و تەنیا وەک عادەتێکی سەیری هۆتێلدارەکە لێکی دایەوە، دووای وەرگرتنی کلیلەکە لە پلیکانە کۆنەکان سەرکەوت و چووە قاتی دووهەم. بۆنی "کۆن" لە هەموو دیوارەکانەوە وەک ئاو دەدەڵا. لەوێ شوێن ژمارەکان کەوت، لە پێنجەوە دەستیان پێدەکرد. کەواتە دەبا هەشت ژمارە تێپەڕێنێ بۆ ئەوەی بگاتە ژووری ژمارە چواردە. دەستی کرد بە ژماردن: پێنج،... شەش،... حەوت،... هەشت،... یانزە،... دوانزە،... لێرەدا ئەگەرچی گەیشتە دەرگای دوواتر کە دەبا ژمارە سیانزەی بە سەرەوە بایە، بەڵام هیچ ژمارەیەکی نەدی. کەمێک راوەستا و لە دەرگاکەی رووانی. بیری کردەوە رەنگە ژمارە سیانزە لە قاتی سێهەمە و هەر بەو پێیەیش ژوورەکەی ئەو چواردە، بەڵام نا، دەرگای ئەولاترە بە سەریەوە ژمارە "چواردە" خۆی دەنواند.

ـ "ژمارەکەی کەوتووە، خوا دەزانێ کەی کەوتووە و کەی ئەم خاوەنەیش کە من بەم چاوداگرتنانەوە دەیبینم چاکی دەکاتەوە!"

دەرگای ژووری چواردەی کردەوە و چووە ژوورەوە.

ئەگەرچی ژوورەکە بچووک بوو و تەختی خەو و مێز و کورسییەکە کۆن و رەنگ هەڵبزرکاو دەیاننواند، بەڵام رەحەت خەوت، بە بێ ئەوەی خەبەری بێتەوە،... هەتا سبەی. ئەوەندە نەبێ کە جاروبارە هەستی دەکرد دەنگێک بە ئاستەم دەگاتە گوێی، دەنگێک وەک دووانی کەسێک لە گەڵ خۆی بە کاتی نیوەشەو.

سبەی کە لە خەو هەستا، چووە خوارەوە. پێش ئەوەی ناشتا بکا، رووی کردە هوتێلدارەکە و گوتی:

ـ "وەک دوێنی وتم من چەند شەوێک دەمێنمەوە. ئێرەم هەڵبژاردووە چونکە شوێنێکی بێدەنگ و دوور لە قەرەباڵغییە."

هوتێلدارەکە وەک بڵێی باوەڕ بە مشتەرییەکەی ناکا، چاوێکی تری داگرتەوە و گوتی:

ـ "هۆکار بۆ ئێمە گرینگ نیە بەڕێز!"

ـ "شوێنە کۆنەکان لە ژیان و سەردەمی ئەمڕۆدا هەمیشە سەرنجڕاکێشن،... لانیکەم بۆ من. بە تایبەت گەر دەشتێکی کاکی بە کاکی ئاوەهاش بە دەمییەوە بێت، بەو چنارانەوە کە دەڵێی خاڵی دەستپێکی جوڵەن بەرەو بێکۆتایی،... بێکۆتایی ئەوبەر!"

هوتێلدارەکە، کە سەرەتا لەم رستانە نەگەیشت و چاوداگرتنەکانی خۆی لە بیرچووببووەوە، نیگاکانی زەق بوونەوە و کەمێک سەرسوڕماوانە لە مشتەرییەکەی رووانی. لە دڵی خۆیدا گوتی "کەواتە ئەمەیان فەرق دەکا،... رەنگە هونەرمەند یان نووسەرێکی... دەوڵەمەند."

راستی بۆ چووبوو. مشتەرییەکەی لە شارێکی گەورەی دوورەوە دەهات. جل و بەرگ و یەخە سپییەکەی و ئەو گۆچانە گران قیمەتەی بە دەستییەوە بوو بە جوانی ئەمەی دەردەخست. نازانێ بۆچی دوێکە زۆر سەرنجی ئەمەی نەدابوو.

لە دووای ناشتا بە گۆچانەکەیەوە کە زۆر هێزی سەرنەدەدا و دەڵێی تەنیا بۆ گۆڕینی رواڵەت بوو، وەدەرکەوت. سەرەتا بۆ ئەوبەری جادەکە بۆ لای چنارەکان و ئەوسا کەمێک بە دەشتەکەدا بە تەنیشت گەنمەجاڕ و سەوزەڵانی و ئەو جۆبارە گچکەدا کە لە شوێن کەوتنی وەڕەز بوو. هەوای ئێرە ئارامییەکی سەیری پێدەبەخشی.

شەو، دیسان چووەوە ژوورەکەی خۆی. دیسان بزربوونی ژمارە سیانزە سەرنجی راکێشایەوە. پەشیمان لەوەی کە بۆچی لە هۆتێلدارەکەی نەپرسیبوو، کەمێک لە بەر دەرگاکەدا وەستا. هەستی بە هاتوچووی کەسێک کرد، بە جێ هەنگاوەکانی. گوێی بە دەرگاکەوە نا، ئا، جوڵەی ئارامی کەسێک هەست پێدەکرا. لای خۆی گوتی "حەتمەن ئەم ژوورە بۆ شتی تر کەڵکی لێوەردەگرن،... بۆ وێنە وەک عەمبار، یان،... یان وەک..." مێشکی وشەی تری لە خۆی نەگرت.

نیوە شەو بە دەنگێکی غەریب خەبەری بووەوە. سەرەتا هەستی کرد دەنگەکە لە دەرەوە دێت، لە دەشتەوە. وەک کەسێک لە ناو چنارەکانەوە، بەڵام نا، دەنگەکە لە تەنیشتەوە بوو. جوانتر لە تاریکیی ژوورەکەدا گوێی هەڵخست. دەنگەکە لە ژووری ژمارە سیانزەوە دەهات. گوێی بە دیوارەکەوە نا. کەسێک قسەی دەکرد،... توڕە،... دەهات و دەچوو.

ترسێک لێی نیشت. بێگومان هیچ کرێکارێکی هوتێل ناتوانێ لەم کاتەی شەودا بەو شێوەیە بە دەنگی بەرز بدوێ و خەو و ئارامیی ئەوانی تر واتە لە مشتەرییەکان بزڕێنێ. دەنگەکە هەتا خۆر هەڵهات درێژەی کێشا.

بۆ سبەی لە دووای ناشتا، رووی کردە هۆتێلدارەکە. باسی دوێ شەوی بۆ کرد. گوتی:

ـ "دوێ شەو پێم وابێ کەسێک لە ژووری ژمارە سیانزە کیشەی هەبوو، تا رۆژ بووەوە قسەی دەکرد و دەهات و دەچوو و هاواری دەکرد،..."

هوتێلدارەکە، کە روخساری ماندووی بەرامبەرەکەی سەرنجی دەقۆستەوە، چاوێکی لێداگرت و گوتی:

ـ "ژووری ژمارە سیانزە؟! ئێمە لێرە ژوورێکی وەهامان نیە، ئەوەی هەمانە ژوورێکە لە نێوان ژووری دوانزە و چواردە کە هیچ ژمارەیەکی لە سەر نیە. تازە، ژوورەکەیش بەتاڵە، قەت بە کرێی نادەین. ژوورێکی چۆڵ چۆل،... ساڵانی ساڵە چۆڵە!"

لەم کاتەدا دەرگای هوتێلەکە کرایەوە و مشتەرییەکی تازە هاتە ژوورەوە. هوتێلدارەکە بەناچار لە قسەکردن دەستی کێشایەوە و، رووی کردە کەسە غەریبەکە.

ـ "زەحمەت نەبێ ژوورێکم دەوێ بۆ ئەم شەو،... تەنیا بۆ ئەم شەو."

ـ "بە داخەوە نیمانە، هەموو ژوورەکان گیراون."

ـ "بەڵام دەبێ چارێکم بکەی، نزیکترین هوتێلی تر بە چەندین کیلۆمتر دوورە و، جگە لەمە خۆت دەزانی رۆژی یەکجار سەیارە بە ئێرەدا تێدەپەڕێ،... دەبێ چارێکم بۆ بکەی!"

ـ "بە داخەوە ناتوانم، کە ژوورمان نەبوو چت بۆ بکەم؟"

ئەم هەڵیدایەو و گوتی:

ـ "ژووری ژمارە سیانزە،... ئەو ژوورە خۆ بەتاڵە! با ژمارەیشی پێوە نەبێ!"

بە شوێن درکاندنی ئەم رستانەدا دەستبەجێ پەشیمان بووەوە. لە بیری نایەت لە ژیانیدا وەها جڵەوی خۆی لەدەست دابێ و، ئاوا بێ بیرکردنەوە و کتوپڕ شتی درکاندبێ. ئەویش لە کاروباری خەڵکی تردا.

هوتێلدارەکە کە چاوەڕوانی ئەم قسانە لە لایەن مشتەرییەکەیەوە نەبوو و لە لای وەک دەخالەتکردنی بێ جێ لە ئیش و کاری خۆیدا لێکی دەدایەوە، زۆر زیرەکانە بەری بە تووڕەیی خۆی گرت و رووی کردەوە مشتەرییە تازەکەی و چاوێکی لیداگرت و گوتی:

ـ "عەرزم کردی، بە داخەوە نیمانە! جگە لەمە، گەر پێ هەڵگری بۆ ئێوارە دەگەیتە هوتێلێکی تر!"

مشتەرییەکە چاوەکانی لە نێوان هۆتێلدارەکە و ئەودا هات و چوو. وەک بڵێی چاوەڕێی پشتیوانی لێدەکرد، ئەوەی کە دیسان باسی ژوورە بێ ژمارەکە بکاتەوە. ژوورێک چۆڵ بوو، بە بێ ئەوەی کەسێکی تێدا بێ. چاوەڕووانی بێسوود بوو. سەرئەنجام بە بێ ئەوەی شتێک بڵێ جانتاکەی هەڵگرت و رۆیشت. دەرگاکەی وەها توند پێوەدایەوە کە چەند لەتە گەچێک کەوتنە خوارەوە. خاوەن هۆتێلەکە لە ژێر لێوەوە چەند جوێنێکی حەواڵە کرد.

شەو دیسان دەنگەکە هاتەوە. دیسان تەپەی هەنگاو و دیسان تووڕەیی. ئارام لە ناو جێگاکەی هەستاو و پاش کەمێک گوێ گرتن بە دیوارەکەوە، بە ژماردە هاتە کۆریدۆرەکەوە. چەند دڵۆپ ئەرەق بە نێوچاوانییەوە دەبریقایەوە. لە بەردەمی دەرگای ژووری ژمارە سیانزەدا راوەستا. دەستی بۆ دەستگیرەکە برد. ئەگەرچی دەیزانی داخراوە، بەڵام نەخوازراو سوڕاندی. دەرگاکە کرایەوە! ترسێکی قورس لە خۆی گرت. ویستی بکشێتەوە، بەڵام هەنگاوەکانی لە خۆی ئازاتر بوون. دەرگاکە بە قەد پانتایی شانەکانی کرایەوە. رووانی. بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانی، لە ژوورەکە جگە لە تیشکی مانگە شەو کە لە پەنجەرە چڵکن و کۆنینەکەوە خۆی بە ژوورەوەدا دەکرد، هیچ تیشکێکی تر بەدی نەدەکرا. دەرگاکەی تەواو خستە سەر پشت. ئەوسا لە سووچی ئەوبەر ژوورەکە بە دەستی راستی خۆیدا کەسێکی بینی. کەس؟ نا، کەس نەبوو. شتێک بوو وەک ژمارە، جوانتر لێی وردبووەوە،... ژمارەیەک وەک سیانزە،... ئا، ژمارە سیانزە بوو. پاڵی بە دیوارەکەوە دابوو و ورد ورد لەمی دەڕوانی کە ئیستاکە لە ناو ژوورەکدا بوو و سەیری ئەوی دەکرد.

مابووەوە چ بکا، بڕواتەوە دەر، یان بچێتە ژوورەوە، یاخود هەرلەوێدا راوەستێ. چاوەکانی ژمارە سیانزە دەبریسکانەوە، وەک چاوە پشیلە. ئەوسا دەنگێک وتی:

ـ "وەرە ژوور،... وەرە!"

چووە ژوورەوە. دەرگاکەی لە پشت سەری خۆی پێوەدا.

ـ "یەکەم جارە لە دووای ساڵانی ساڵ ئەبینم کەسێک جورئەت ئەکا و ئەم دەرگایە دەکاتەوە. ئەبێ کەسێکی ئاسایی نەبی."

ـ "خۆشم تیایا ماوم باوەڕ بە ئارەقەی لەشم بکەم یان بە هەنگاوەکانم."

ـ "نیعمەتێکە لە دووای ساڵانی ساڵ بتوانی لە گەڵ کەسێک بدوێی. وەڕەز بووم لە قسەکردنەکانم لە گەڵ خۆم."

ـ "کەواتە ئەم ژوورە بەتاڵ نیە. کەسێک (کەسەکەی بە دەنگێکی نزمتر گوت) تێیدا دەژی. ئەویش ژمارەکەی. کە خاوەن ماڵ لە ماڵدا ژیا ئیتر دەرگا کراوە نیە بۆ کەسی تر."

ـ "بەڵام من نامەوێ لێرە بژیم، من ئەبێ بە سەر دەرگاکەوە بم، وەک هەموو ژمارەکانی تر. ئێرە بۆ من زیندانە. تێئەگەی!... زیندانە. من زیندانی کراوم."

ـ "باشە بۆ لێرەی؟... کێ تۆی هاویشتووەتە ژوورەوە؟"

ـ "چیرۆکێکی دوورو درێژە،... هەر ئەوەندەت پێ ئەڵێم کە لەم ژوورەی منا ساڵانی ساڵ لەمەوبەر کچێکی گەنج وون بوو، لە دووای ئەوە پیاوێکی تیا کوژرا، ئیتر دووای ئەوە ئەم بەڵایە بە سەر منا هات. وتیان گوناحی ژمارەیە، ژمارە سیانزە نەحسە و تەواو، ئەبێ بسڕێتەوە!"

تێیدا مایەوە چی بڵێ. چاوێکی تری بە ژوورەکەدا گێڕا. تییشکی مانگ نەرم نەرم دەکشا.

ـ "بەڵام ژوورەکە ون نەبووە، باشتر بڵێم ژمارەکە ون نەبووە. من دوێکە کاتێک بە شوێن ژوورەکەی خۆمدا دەگەڕام بە بێ ئەوەی هیچ ژمارەیەک بە سەر ئەم دەرگاوە بێت، زانیم ژووری ژمارە سیانزەیە، خۆبەخۆ بە زمانمدا هات."

ـ "جا ئەوان تێدەگەن،... جا ئەوان تێدەگەن؟"

لێرەدا بە پەلە هات و خۆی بە سەر قاچەکانی ئەمدا خست.

ـ "تکایە،... تکایە قسەیان لە گەڵ بکە. بەڵکوو تێبگەن..."

ئەم کەمێک راما. هەستی بە دەستە ساردەکانی ژمارە سیانزە دەکرد. سەیری پشتی کوڕی کرد. گوتی:

ـ "پرسیار ئەوەیە کە لە دووای داخستنی ئەم ژوورە چی روویدا،... داخۆ..."

ـ "لە دووای منیش لە ژوورەکانی تریشا خەڵک ون دەبوون و دەکوژران، بەڵام قەت ئیتر نەیانوت خەتای ژمارەکانە،... خەتای حەوتە، چواردەیە یان دوو. وتیان ئەبێ بە شوێن هۆکاری ترا بگەڕێین. بۆ پێیان وایە من گەمژەم و لەم شتانە ناگەم."

کتوپڕ هەستایە سەرپێ، گەڕایەوە بۆ سووچەکەی خۆی و ئەوسا گوتییەوە (ئەمجارە بە دەنگێکی سارد):

ـ "ئەزانی گوناحی من ئەوەیە کە شتەکان ئەزانم. من وەک ژمارەکانی تر گەلحۆ نیم، هەم شتەکان ئەبینم، هەم تێیان ئەگەم و هەم لەبیرم ئەمێننەوە. جگە لەوە کە چاوم لێ مۆڕئەکەنەوە بۆ ئەوەی لە بیریان کەم، هێشتا لەبیرم ناچنەوە. رەنگە تاوانی یەک و سێ بێت کە لە پاڵ یەکترابوونیان ئەبێتە هۆی ئەم خەسڵەتە لە منا. یەک رائەوەستێ و سێ بەو سێ قوللاپەوەی شتەکان زۆر بە قایمی رائەگرێ،... رەنگە هی ئەمە بێ،... ئەمە،... راوەستان و راگرتن."

ئەم بیری لەو مشتەرییە کردەوە کە ئیستاکە رەنگە هەر بەڕێوە بوو و نەگەیشتبووە هۆتێلەکەی تر. وەک بڵێی ژمارە سیانزە بیرەکەی خوێندبێتەوە:

ـ "ئەو پیاوە نەک تەنیا نەگەیشتووەتە شوێنی مەبەست بەڵکوو ئیستا کوشتوویانە و سەروماڵیان بردووە. رەنگە تۆ بڵێی ئەمەیش گوناهی منە، گوناهی منە چونکە من سیانزە بووم و ئەو نەیتوانی لێرە بمێنێتەوە. سەیرکە! شتەکان چۆن بە ناوی منەوە تەواو ئەکەن! لەو بیابانەیش دا هەر تاوان تاوانی منە! هههه."

***

بۆ سبەی پاش ناشتا، رووی کردە هۆتێلدارەکە و گوتی کە ئەو ئیتر دەبێ بڕوا. کابرای هۆتێلدار بە سەرسوڕمانەوە لە سیمای ماندوو و ئاڵۆزی مشتەرییەکەی رووانی و، ئەمجارە بە بێ ئەوەی چاوی لێدابگرێ، گوتی:

ـ "دەزانم،... دەزانم، گوناهی ئەوە،... تاوان تاوانی ئەوە، ئەو ژمارە نگریسە. بە هەموو جۆرێک زەرەرم لێدەدا،... بە هەموو جۆرێک، من دەبێ یەکجار بۆ هەمیشە لە دەستی رزگارم بێ،... چاری دەکەم، چار..."

کاتێک مینی بووسەکەی ئەو رۆژە هات و ئەم سوار بوو و دوورکەوتەوە، لە ناو تەپ و تۆزی سەیارەکەدا کە وەک مار بە سەر جادە خۆڵاوییەکدا رادەخوشا، بیری کردەوە:

ـ "چلۆن دەیەوێ لە دەستی ژمارە سیانزە قوتاری بێ،... چلۆن؟"