شێعر و پەخشان

دڵه‌ به‌رده‌که‌ت، بۆ هه‌میشه‌ ده‌مێنێته‌وه‌

 

 

فه‌ریدوون ئه‌رشه‌دی

هه‌ر چی سنووری دونیاس دوورمان بکاته‌وه‌
تۆ دراوسێی بێستانی ڕۆحمی،
بۆنی شه‌مامه‌ی سینگت
ئارامیی له‌ دارچناره‌کانی ‌ ئێواره‌ بڕیوه‌ .
هه‌ستێکی نه‌ناسراو
ئێوارانم به‌ره‌و بێده‌نگیی به‌رد ئه‌بات .

 

دڵه‌ به‌رده‌که‌ت، بۆ هه‌میشه‌ ده‌مێنێته‌وه‌

 

فه‌ریدوون ئه‌رشه‌دی

 

سپاس بۆ شکۆفه‌ی گێلاس
که‌ هه‌وڵ ئه‌دات له‌ ناوه‌ڕاستی هاوینا
تامی گۆنات بدات .
هه‌ر چی سنووری دونیاس دوورمان بکاته‌وه‌
تۆ دراوسێی بێستانی ڕۆحمی،
بۆنی شه‌مامه‌ی سینگت
ئارامیی له‌ دارچناره‌کانی ‌ ئێواره‌ بڕیوه‌ .
هه‌ستێکی نه‌ناسراو
ئێوارانم به‌ره‌و بێده‌نگیی به‌رد ئه‌بات .
گوێ له‌ هه‌ر به‌ردێک ده‌گرم، 
ترپه‌ی دڵێکی ئاشقی تێدا ئه‌ژنه‌وم.
هیچ بینایه‌کی مرۆڤ نیه‌، وه‌ک بینای گیانی من،
بناغه‌ی له‌ به‌رد نه‌بێ .

با دڵت له‌ به‌رد بێ، دڵی منی پێ بشکێنی
به‌ڵام که‌ قاڵاو گێلاسه‌کانی زامدار کرد و خاک
باوه‌شی بۆمان کرده‌وه‌،
چاوه‌ڕوانی یه‌کانی من و
چاوه‌ جوان و په‌نجه‌ ناسکه‌کانت 
له‌نجه‌ و پێکه‌نینت، ڕه‌نگی لێو و سه‌رگۆی مه‌مکت
ده‌پرتووکێن و کاڵ ده‌بنه‌وه‌،
ته‌نیا دڵه‌ به‌رده‌که‌ی تۆ 
بۆ هه‌میشه‌
ده‌مێنێته‌وه‌ .

سەرچاوە: فەیسبوکی شاعیر