ئەم بەرهەمە: ئەزموونێکی سەرەتای نوێی شاعیرە لەمەڕ بوونێتیی هەبووەکان، کاکەیی لەم بارەوە دەڵێت: ئەم بەرهەمەم لەمەڕ دنیای ڕۆحانیی و هەبوویەتیی بوونەکانەوەیە، کە بوون تێیدا ناوەندی دەقە. ڕوانینە لە جیهانبینیی مرۆڤ بۆ بوونەکان، کە لە پێناو خودێتیدا بوونەکان دەخەنە ژێر حەز و ویست و دەسەڵاتی خۆیانەوە. مرۆڤ وەک بکوژی لێ هاتووە لە پێناو خواستەکانیدا، هەبوویەتیی دیکە وەک پێویستی بۆ هەبوویەتیی خۆی تەماشا دەکات. لەم بارەوە، لە پێشەکیی پەڕتووکەکەیدا دەڵێت: «گوڵ، ئەو ڕۆحە موقەددەسەیە، کە وەک گشت ڕۆحە خوڵقاوەکانى دیکەى خودا، بە دیار پشووى درێژى ژیانه‌وه‌ ڕاوەستاوە و هەمیشە لە دەلاقەى جوانيى خۆیەوە دەڕوانێتە ژیان.

سێ کتێبی شیعری پێشەوا کاکەیی چاپ و بڵاو کرایەوە

=======

١- ڕۆمانەشیعر-دەقی‌واڵای (ئۆقیانووسیا بە تامی شیعر)ی پێشەوا کاکەیی چاپ و بڵاو ‌کرایەوە

 

پێشەوا کاکەیی، خاوەنی چەندین کتێبی شیعری و لێکۆڵینەوە و نامەی ئەدەبییە؛ هەروەها خاوەن دوو مانیفێستۆی پڕۆژەی شیعرییە، بە نێوی: «شعرەڕێ» و «شعرەڕێی گەلدۆزی» کە کارنامەکەی شیعرەڕێ لە هەشت پڕۆژە پێک هاتووە، ئەوانیش:


۱- ئەفریقانامە، بە تامی شیعر.
۲- زەمیننامە، بە تامی شیعر.
۳- ئەمریکای باشوور، بە تامی شیعر.
٤- ئەمریکای باکوور، بە تامی شیعر.
٥- زەریا و بەستەڵەکی باشوور، بە تامی شیعر.
٦- ئۆقیانووسیا، بە تامی شیعر.
۷- ئاسیانامە، بە تامی شیعر.
۸- ئەورووپانامە، بە تامی شیعر.


        شاعیر، لە ساڵی ٢٠١٦ەوە تاکوو ئێستا، شەش پڕۆژەی نووسیوە، هەروەها بەرگی یەکەمی مانیفێسۆی دووەمی شیعرەڕێی گەلدۆزی) بە چاپ گەیاندووە کە یازدەبەشە.

 

له‌باره‌ی ئه‌م پەڕتووکەوە پێشەوا کاکەیی ده‌ڵێت:

ئەم بەرهەمە: دووەم ئەزموونی شیعری منە کە لە (ڕۆمانەشیعر-دەقی وڵا)دا خۆی دەبینێتەوە. پڕۆژەی شەشەمی کارنامەی (شیعرەڕێ)ـمە کە لە ساڵی ٢٠١٦ـەوە کاری لەسەر دەکەم. ئەمەیش دوای ئەوەی دێت کە پڕۆژەی پێنجەم (زەریا و بەستەڵەکی باشوور بە تامی شیعر) وەک (ڕۆمانەشیعر-دەقی‌واڵا) لە ساڵی ٢٠٢١ نووسرا و لە ساڵی ٢٠٢٢ چاپ کرا. لەو پەڕتووکەدا، پێشەکی و کورتەیەکی تێدایە لەبارەی (ڕۆمانەشیعر-دەقی‌واڵا) وەک ژانرێکی نوێی شیعری، کە ئەم ژانرە خۆم لێکم داوە و بەرهەمم هێناوەتەوە وەک ژانرێکی نوێی شیعری. بە واتایەکی تر، من خاوەنی ئەم ژانرەم لە مێژووی شیعردا. لەو پەڕتووکەدا، سێ کاری جیاوازم خستووەتە ڕوو، کە ئەویش ئەوەیە لەدوای زەریا و بەستەڵەکی باشوور بە تامی شیعر دیسانەوە وەک ڕۆمانەشیعر-دەقی‌واڵا هاتووەتە بەرهەم. هەروەها یەکەمین جارە (ڕۆمانەشیعر-دەقی‌واڵا) لەبارەی ئەم قاڕەوە دەنووسرێت بە شیعر. هەروەها جارە شیعری تێدا زاوەتەوە و بە شیعر بەستراوەتەوە. ئەم پڕۆژە شیعرییە، خەم و ئازار و حەیرانی کەسێکە کە دەیەوێت لەناو دوورگە و شەپۆلەکانی وڵاتانی ئۆقیانبووسیادا، زمان و فکر و مێژوو و ڕەخنە و هێزی داگیرکەر و کۆمەڵەشتێک بگێڕێتەوە، خەمی کورد وەک بوون و هەبوو بەر باس بدات. کورد دەباتە ناو ئەو گەلانەی کە لەو قاڕەدا دەژین و گەلانیش ڕادەکێشێتە ناو خۆیەوە، لەوێوە هەم ڕەخنە لە خۆی و هەم لە جیهانیش دەگرێت. لەگەڵ ئەوەیشدا، کوردێکی گەڕیدە لەناو و ئاو و دوورگەکاندا جیهانی ژینگە بەر باس دەدات. باس لە گرنگی زمان و شوناس و کولتوور و داهاتوو دەکات و دەیانخوێنێتەوە.

 

پارچە شیعرێک لە کتێبی: (ئۆقیانووسیا بە تامی شیعر)ەوە...

 

ڕاناچڵەکێن، کێ؟ مرۆڤ ڕاناچڵەکێ!

ئەگەرچی هەریەکە لە جێی خۆیەوە،

[ڕا دەردەبڕێت و

ڕان دەخوات و

ڕانا، دنیای سەرمایەداری و

ناچڵە کارەکانی و

چڵ بە چڵی درەخت دەشکێنێ و دواییش دەڵێ

کێ بووە؟

دێتەوە ناو زمان و

بەستەزمان خۆی نیشان دەدات و دەڵێ

کێ ڕاناچڵەکێ؟ دیسانەوە دەڵێم مرۆڤ ڕاناچڵەکێ!]

 

 

 

                                                 بەڵێ ڕاناوەستێ،

بێ ڕا و ناو و ڕاناو و ئاو دانامرکێتەوە،

خۆی پێ دانایە و مرکەمرکی دێ و خەو دەیباتەوە.

کە لە خەو هەڵدەستێ، دەنواڕێ

ئاسمان ساوە و هەڵم لەسەر ئاوەکان هەڵدەستێ.

ببوورن ئەی دوورگە زگدڕاوەکان!

هێندەی ئاو بخۆنەوە هەڵمساون،

لەناو زەریادا قەتیس ماون!

مرۆڤ فێر بووە بە دەستبەسەریەکترداشکاندنەوە

دەست دەکات بە پۆز،

دەستبەسەر دەبێت بە هۆی تاوانەکانی،

بەسەر یەکتریدا دەڕشێنەوە،

یەکتر دەشکێننەوە،

داش دەدەنە یەکتری و

داشکاندن بۆ خۆیان دەکەن کە ئیتر

شکاون و هەڵناستنەوە.

 

 

 

٢- چاپی دووەمی «پاشماوەی هەناسەکان»‌ـی پێشەوا کاکەیی چاپ و بڵاو کرایەوە

 

        ئەم بەرهەمە: لە ماوەی ساڵانی (٢٠٠٥ – ٢٠٠٨)ـدا نووسراون، ساڵی ٢٠٠٨، بۆ جاری یەکەم لە چاپخانەی گەنج لە سلێمانی لەسەر ئەرکی نووسەر خۆی چاپ کراوە. چاپی دووەمی لە چاپخانەی کارۆ لە سلێمانی دیسانەوە لەسەر ئەرکی نووسەر خۆی چاپ کراوەتەوە. ئەم پەڕتووکە: پێک هاتووە لە (٣٨) شیعر و لە دووتوێی (١١٨) لاپەڕەدا و لە چوارچیوەی فکری و سیاسی و ئەوینی و ڕەخنەدا خۆی دەبینێتەوە. کاری ڕێنووس و هەڵەچنی: (وشیار عەلی) و کاری بەرگ: (ئیبراهیم ساڵح)، بە ئەنجامیان گەیاندووە.

.

پارچە شیعرێک لە کتێبی: (پاشماوەی هەناسەکان)ـەوە...

 

شێتەکان سیگارکێشێکى عەجايیبن،

لە یەکەم مژیاندا

دووکەڵێکى خەیاڵاوى وێنا دەکەن،

کە دەبینن لە وێنەی ئافرەتێكى ڕووت دەچێ،

قونچکى سیگارەکەش دەمژن!

 

 

 

٣- چاپی سێیەمی «منم، دیدەوانیی گوڵ دەکەم»‌ـی پێشەوا کاکەیی چاپ و بڵاو کرایەوە

 

        ئەم بەرهەمە: لە ماوەی ساڵانی (٢٠٠٧ – ٢٠١٠)ـدا نووسراون، ساڵی ٢٠١١، بۆ جاری یەکەم لە چاپخانەی دیلان لە سلێمانی لەسەر ئەرکی نووسەر خۆی چاپ کراوە. چاپی دووەم و سێیەمی لە چاپخانەی کارۆ لە سلێمانی دیسانەوە لەسەر ئرکی نووسەر خۆی چاپ کراوەتەوە. ئەم پەڕتووکە: پێک هاتووە لە ١٦ شیعر و چامە، کە خۆی لە (١٠٧) لاپەڕەدا دەبینێتەوە، کاری ڕێنووس و هەڵەچنی: (وشیار عەلی) و کاری بەرگ: (ئیبراهیم ساڵح)، بە ئەنجامیان گەیاندووە.

       ئەم بەرهەمە: ئەزموونێکی سەرەتای نوێی شاعیرە لەمەڕ بوونێتیی هەبووەکان، کاکەیی لەم بارەوە دەڵێت: ئەم بەرهەمەم لەمەڕ دنیای ڕۆحانیی و هەبوویەتیی بوونەکانەوەیە، کە بوون تێیدا ناوەندی دەقە. ڕوانینە لە جیهانبینیی مرۆڤ بۆ بوونەکان، کە لە پێناو خودێتیدا بوونەکان دەخەنە ژێر حەز و ویست و دەسەڵاتی خۆیانەوە. مرۆڤ وەک بکوژی لێ هاتووە لە پێناو خواستەکانیدا، هەبوویەتیی دیکە وەک پێویستی بۆ هەبوویەتیی خۆی تەماشا دەکات. لەم بارەوە، لە پێشەکیی پەڕتووکەکەیدا دەڵێت: «گوڵ، ئەو ڕۆحە موقەددەسەیە، کە وەک گشت ڕۆحە خوڵقاوەکانى دیکەى خودا، بە دیار پشووى درێژى ژیانه‌وه‌ ڕاوەستاوە و هەمیشە لە دەلاقەى جوانيى خۆیەوە دەڕوانێتە ژیان. ئەوە گوڵە هەمیشە فەرامۆشیمان دەداتێ، وێنەى بەهەشتمان نیشان دەدات. گوڵ شوێنگەى خۆی ڕازاوەیە و دەروونى مرۆڤەکانیش ئاسوودە دەکات؛ ئه‌گەرچی هەر گوڵە، دەبێتە شەهید و ئەنفالی «زیندەبەچاڵ»ـى دەستى مرۆڤەکان.»

       

پارچە شیعرێک لە کتێبی: (منم دیدەوانیی گوڵ دەکەم)ـەوە...

 

ئەى گوڵ! تۆ موحیبەتیت،

چۆن دڵم دێت ڕۆحت بکێشم؛

سەرت لە لەش جـیا بکەمەوە و

بتکەمە قوربانى بۆ یارەکەم!

ئیزنم بدە ئەى گوڵ!

بە خاکەوە بتگوێزمەوە بۆ لاى ئه‌و؛

دەستێکم بە قەدتەوە،

تا دڕکەکانت بە پەنجەمدا بچن و خوێناوى بن،

دەستێکیشم به‌ ڕەگوڕیشەى نێو خاکته‌وه بێت‌.

تا تێبگات یارم کە تۆش موحیبەتیت.

ئیزنم بدە ئەى گوڵ!

دیدەوانیيت بکەم و نەهێڵم کەس لە دژت بجەنگێت،

تا ئەو ساتەى تەمەن یەخەت دەگرێت؛

تا خودا، بەرەو مەرگت ڕادەکێشێت.


 

گەڕان بۆ بابەت