ما 344 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

محەمەد محەمەدمرادی

نووسەری ئەم دێڕانەش چواردە کتێبی لە ئۆشۆ وەرگێڕاوە و سەردەمانێک بەشێک بووە لەو شاڕلاتانیزمە. هەرچەند ئەو کتێبانە لە ساڵەکانی ٢٠١٢ و ٢٠١٣دا چاپ کراون بەڵام لەڕاستیدا کاری وەرگێران و ئامادەکردنیان زۆر پێشتر ئەنجام دراوە و دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمانێک کە لەپێشدا وەک خوێنەرێکی گەنج کە پێشتریش ئاماژەم پێ دا باوەڕی تەواوم بە ئەندێشەکانی ئۆشۆ هەبوو.

 

شاڕلاتانیزمی ئۆشۆ

محەمەد محەمەدمرادی

 ماوەی چەند ساڵێکە کتێبخانەکانی کوردستان کەوتوونەتە بەر شاڵاوی کتێبەکانی ئۆشۆ و لەوانەیە کەمتر خوێنەرێکی کورد هەبێت کە ناوی ئەم نووسەرەی نەبیستبێت. بەڵام ئەم بابەتەی کە ئۆشۆ چۆن ژیاوە کەمتر کەوتۆتە بەر سەرنج و ئەوەی کە ئایا ئۆشۆ مرۆڤێکی پاکیزە و عارفێکی مەزنە یاخود شاڕلاتانێکی تەڵەکەباز و ساختەچی؟! هەربۆیە من وەک کەسێک کە چواردە کتێبی ئەو نووسەرەم وەرگێڕاوە بەپێویستی دەزانم لەم هەوڵەدا تێبکۆشم بۆ ڕوونکردنەوە و تیشک خستنە سەر ژیان و تۆتالیتیی بیرکردنەوەی ئۆشۆ و ڕوانین و هەڵوێستی ئەو بەرامبەر بە فەیلەسووفەکان. هەروەها هەوڵ دەدەین ئەم بابەتە بخەینە بەر باس کە چۆن ئۆشۆ کۆمەڵێ چەمکی لە هیگڵ و کانت و نیچە وەرگرتووە و بەتەواوی بەلاڕێیدا بردوون.

ئۆشۆ یانزەی دێسامبەری ساڵی 1931 لە شاری «کوچ وادا» لە ویلایەتی «مادیاپرادش»ی هندستان لەدایک بوو. ناوی باوکیی ئەو «ڕاجنیش» و نازناوەکەی «باگوان» بووە و لەپێشدا لە لایەن پەیڕەوانیەوە بە «باگوان شڕی ڕاجنیش» ناو دەبرا. (شری بە مانای پیرۆز و مەزن و باگوان بەمانای سەروەرە.) ژانویەی ساڵی 1989 ئۆشۆ لە پەیڕەوانی خواست کە بە «ئۆشۆ ڕاجنیش» ناوی ببەن. وشەی «ئۆشۆ» بە مانای «کەسی پیرۆز و مەلەکوتی». ئۆشۆ لە هەنگاوێکی دیکەدا سێپتامبەری ساڵی 1989 وشەی «ڕاجنیش»یشی لە ناوەکەی خۆی سڕییەوە، چونکە وشەی ڕاجنیش وەرگیراو لە ئایینی هیندوو بووە و ئۆشۆ نەیدەویست نوێنەری هیچ ئاین و تاقمێکی تایبەت بێت.

ئۆشۆ وا پێناسەی خۆی دەکات کە سەر بە هیچ نەریتێک نییە، هەروا کە خۆی لەو بارەوە دەڵێ: من سەرەتای ئاگاییەکی سەرانسەر نوێم. تکایە من پەیوەست مەکەن بە ڕابردووەوە؛ ڕابردوو تەنانەت بایی ئەوە نابێت وەبیری بهێنینەوە. ئۆشۆ لە ساڵەکانی دوایی ژیانیدا بە بەردەوامی دەیگوت بە هیچ فیرقە و دین و ئاینێکەوە وابەستە نییە. ئەو ئیدعای ئەوەی دەکرد کە لە ڕۆژی 21ی مارسی 1953 لە تەمەنی21 ساڵەییدا گەیشتووە بە پلەیەکی مەعنەویی بەرز و بڵند لە هیندووییزمدا بە ناوی «سامادهی» واتە یەکبوون (وەحدەت) لەگەڵ هەستی.

لەدوای ئەو بەروارە ئۆشۆ لە بەشی فەلسەفەی زانکۆی «سوگار»ی هند ماستەری وەرگرت و ماوەیەک لە زانکۆی «جەبەلپوور» فەلسەفەی گوتووەتەوە. هەر لەم ساڵانەدا سەفەری کرد بۆ شوێنە جۆربەجۆرەکانی هند. لە کۆتایی شەستەکاندا ڕایگەیاند کە مێتۆدێکی تایبەتی بۆ مەدیتەیشەن داهێناوە و ناوی نا «مەدیتەیشەنی داینامیک».

ئۆشۆ وێنای زەینی خۆی لە مرۆڤی ئایدیاڵ پێشکەش کرد و ناوی نا «زۆربای بودایی» کە بە باشی نیشاندەری ڕوانگەی ئەوە. «زۆربا» (زۆربا: ئوستوورەی چێژخوازی یۆنانی) واتە کەسایەتییەک کە ئەهلی خۆشی و ڕابواردنی دنیاییە و «بودا» ئاماژە بە مەعنەویەتە لە مێتۆدی ئەودا. ئەمە هەمان دیدی ئۆشۆیە بۆ مەعنەویەت، یانی دیدی ڕۆحانی بۆ خۆشگوزەرانییە سێکسییەکان. ئۆشۆ هەروەها بۆ ڕوونکردنەوەی مێتۆدەکەی خۆی کۆمەڵێ چەمکی وەک «دیداری زەوی و ئاسمان، دیداری بەرهەست و دەرهەست، دیداری جەمسەرە دژیەکەکان.» بەکار دەبرد.

یەکێک لە بڕگە گرنگەکانی گەشەسەندنی گروپی ئۆشۆ کۆچکردنی ئەو بوو بۆ ئەمریکا لە ساڵی ١٩٨١دا. سەرەتا سەفەرەکەی بەهۆی نەخۆشی و بۆ چارەسەرکردنی پزیشکی بوو بەڵام کە ڕۆشتە ئەوێ و هەلومەرجی ئەوێی لەبار دیت، بڕیاری دا لەوێ بمێنێتەوە. بەرەبەرە کاروباری ئەو کە تێرکردنی حەزی سێکسی و جەستەیی بوو لەژێر ناوی ئەزموونگەلی ڕۆحانیدا، ڕووی لە زیادبوون کرد و گەلەک مورید و پەیڕەوکەری پەیدا کرد. موریدەکانی ئۆشۆیان بە «سانیاسین» (sannyasins) ناو دەبرد. بەو شاڵاوی پارە کە بە ڕاهێنان و بەڕێوەبردنی پۆلەکان بەدەست دەهات و هەروەها بە یارمەتییەکانی پەیڕەوانیان زەوییەکی گەورەیان لە شوێنێکی دوور لە ویلایەتی «ئورگون» کڕی و لە ماوەی چوار مانگدا بە کاری شەووڕۆژی و تەرخانکردنی ملیۆنان دۆلار پارەی پەیڕەوان، لەو شوێنەدا گوندێکیان چێ کرد و ناویان نا «ڕاجنیش پورام» (Rajneeshpuram).

ناوبانگی ئۆشۆ زۆر بە خێرایی ڕووی لەزیادبوون بوو و شاڵاوی کەسەکان لە دوورترین شوێنەکانەوە بەرەو «ڕاجنیش پورام» (Rajneeshpuram) کە وەکوو ناوەندێکی مەعنەوی ناوبانگی دەرکردبوو، وەڕێ کەوتن.



زۆرێک لە خەڵکانی هەرێمەکە هەستیان بە مەترسی کرد و لەناو خۆیاندا لە دروستبوونی وەها ناوەندێک زۆر ڕەزامەند نەبوون. شوێنی ناوبراو یەکجار بەربڵاو بوو و وەرگرتنی مۆڵەتی بیناسازی کاتێکی زۆری دەویست، پەیڕەوانی ئۆشۆ بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت کۆمەڵێ بینایان لە کێڵگەکاندا چێ کرد بەڵام کاربەدەستانی ناوچەکە پێشیان بەم پڕۆژە گرت و لە بەرامبەر ئەم کارەدا و وەک دژکردەوە پەیڕەوانی ئۆشۆ باڵاخانە حوکمییەکانیان ئاگر دا.

لێرەدا پێویستە تیشک بخەینە سەر ئەم کاردانەوە دژەشارستانیەتەی خەڵکانی شارستانیی ئەمریکا کە لە لایەن عەقڵێکی تاریک و ئەهریمەنییەوە دوچاری بەخۆنامۆیی بوونە. واقعیەت ئەوەیە کە خەڵکانێک کە لە دنیادا بە نموونەی شارستانییەت دەناسران لەخۆیان نامۆ بوونەتەوە و بەربوونەتە شارستانیەتی خۆیان و دامودەزگاکانیان ئاگر دەدەن، و ئەمە مەترسییەکی گەورەیە کە لەگەڵ فکر و ئەندێشەی ئۆشۆ بەسەر عەقڵی بەردەنگەکانیدا زاڵ دەبێت.

هەربۆیە لەوەدوا پێگەی ئۆشۆ و شێوەڕوانینی دەوڵەتی ئەمریکا بۆ ئۆشۆ گۆڕانی بەسەردا هات. بەوەیشەوە کە دەوڵەتی ئەمریکا ئۆشۆی وەک مامۆستایەکی ئاینی ئەرێ کردبوو بەڵام وەکوو کەسێکی نەرێنی و مەترسیدار سەیری دەکرد.

هەروەها خەڵکی هەرێمەکەش لەوەی کە هەستیان دەکرد خەریکە بەهۆی وانە و بۆچوونەکانی ئۆشۆوە بێپڕەنسیپی و بێبەندوباریی سێکسی لە هەرێمەکەدا باو دەبێت زۆر تووڕە بوون و بەردەوام لە دژی ئۆشۆ خۆپیشاندانیان دەکرد و ناڕەزایەتیی توندیان دەردەبڕی. هەربۆیە چاوەڕوان دەکرا کە دەوڵەتی ئەمریکا بەرپەرچی بداتەوە و ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٨٥، لە ویلایەتی کارولینای باکوور لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر کرا. پڕۆسەی دادگاییکردنی ئۆشۆ زۆر بەشێوەی نائاسایی بەڕێوە چوو و لەو دە ڕۆژەی دادگاییدا کە ئەنجام بە ڕێککەوتنی تۆمەتبار و داواکاری گشتی کۆتایی هات، چەندین جار لە نزیکی دادگا کردەوەی تەقینەوە ئەنجام درا. ئۆشۆ لەو دادگادا بەهۆی سەرپێچی لە یاساکانی کۆچ و کۆچبەران بە بڕێک پارە نزیک لە ٢٥٠٠٠٠ دۆلار سزا درا و بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە ئەمریکا دەرکرا. لەدوای دەرکران لە ئەمریکا ڕۆشتە قیبرس و دهلی و دواتر کولوملالی لە هندستان. بەڵام کە بەرەوڕووی ئازاروئەزیەتی دەوڵەت بۆوە ڕۆشتە کاتماندۆ «Kathmandu»ی پێتەختی وڵاتی نێپاڵ. لە کاتماندۆ گوتارەکانی خۆی وەگەڕ خستەوە بەڵام زۆری نەخایاند کە ناچار بوو درێژە بە سەفەرەکەی بدات. ئەم جارە ڕۆشتە بانکۆک، دۆبەی، قیبرس و یۆنان. دەوڵەتی یۆنان ڤیزەی گەشتیاری پێدا بەڵام دواتر دەستگیریان کرد. وێڕای هەڵاتەڵات و ململانێ و مشتومڕی زۆر سەرەنجام دیپۆرت کرایەوە. لە دوای یۆنان بە ناچار ڕێگای کەوتە نیس «Nice»، ژنێڤ، ستۆکهۆڵم، شانون، مادرید، ڕیودۆژانیرۆ و سەرەنجامیش بۆ «مونتە ویدیۆ» لە ئوروگوئە. ئەم جارەیان ماوەی مانەوەی لە ئوروگوئە بڕێک زیاتر لە سێ مانگی خایاند تا سەرەنجام بەهۆی هەڕەشەکانی دەوڵەتی ئەمریکا لە سەرۆک کۆماری ئوروگوئە لەوێش دیپۆرت کرا. لەدواجاردا لە ٢١ وڵات تەنانەت بەبێ هیچ شرۆڤەیەک یان ڕێگایان لە داخڵبوونی ئۆشۆ گرت و یان دیپۆرتیان کردەوە. گەشتی جیهانیی ئۆشۆ دوای یەک ساڵ ئاخری کۆتایی هات و بەمبەیی دوایین وێستگەی ئەو بوو. ئەو شوێنەی کە ئۆشۆ سەرلەنوێ چالاکی و وتارەکانی خۆی دەست پێکردەوە و کۆمەڵێ گفتوگۆی لەگەڵ ڕاگەیاندنەکان ئەنجام دا. دواجاریش گەڕایەوە بۆ پونا و سەرلەنوێ ناوەند و گروپەکەی خۆی پێک هێنایەەوە و دەستی کردەوە بە چالاکییەکانی.

ئۆشۆ کە لە چەقی هەژاری و داماویی هندستانەوە سەر هەڵ دەدات و وەک خۆی باسی دەکات لەوپەڕی هەژاری و دەستکورتیدا دەورانی خوێندن و زانکۆی تەواو کردووە و دواییش کە دەست دەکات بە دەرهاویشتنی بیروبۆچوونەکانی هەر لە هندستاندا و لە ناو خەڵکانی هەژار و کەمداهاتدایە و ڕووی قسەشی هەر لەوانە و بۆ ئەوانە بەڵام کە دواتر دەچێتە ئەمریکا و خۆی لەناو دەوڵەمەندان و چینی باندەستی ئەمریکادا دەبینێ، کاتێک کە پەیڕەوانی دەوڵەمەندی ئەو لە ئەمریکا بەشێوەی بەرفراوان و بێجڵەو پارەی بۆ خەرج دەکەن، کاتێک کە ئیتر ئۆشۆ خۆشی یەکێک لە دەوڵەمەندەکان دێتە ئەژمار وەردەگەڕێت و چیتر ڕووی دەمی لە دەوڵەمەندانە و لە ئەمریکا هەر بەتەنها بۆ خۆی هەشتا ئۆتۆمبێلی لوکسی جۆری «ڕۆڵز ڕۆیس» «Rolls-Royce»ی هەبووە و کاتێک لە گفتوگۆیەکی تەلفزیۆنیدا لێی دەپرسن تۆ ئەم هەموو ئۆتۆمبێلە گرانبەهایەت بۆ چییە لە وەڵامدا دەڵێ: «هەشتا ئۆتۆمبێلی ڕۆڵز ڕۆیس ئەسڵەن بۆ من زۆر نییە، من دەبێ سێسەد و شەست و پێنج ئۆتۆمبێلم هەبێت و هەر ڕۆژ و یەکیان بەکار ببەم، چونکە پەیڕەوانم چێژ وەردەگرن لەو کارە. هەتا ئێستە هەموو دینەکان پارێزەری هەژاران بوونە و چیتر واز لە من بهێنن با من هۆشم بە دەوڵەمەندەکانەوە بێت.» ئەمە لەکاتێکدایە کە زۆرینەی بەردەنگی تێکستەکانی ئۆشۆ چ لە هند و چ لە هەموو شوێنەکانی دیکەی جیهان خەڵکانی هەژار و بندەست و کەمداهاتن.»

ئۆشۆ هەروەها تۆمەتبارە بە بێئەخلاقی و هەبوونی پێوەندیی سێکسی لەگەڵ ژنانی پڕشوماردا. لە گفتوگۆیەکی تەلفزیۆنیی دیکەدا کاتێک پێشکەشکار پرسیاری لێ دەکات، بۆچی ژنان و کچانی گەنج هێندە ئێوەیان خۆش دەوێ؟ وەڵام دەداتەوە: «من نێرباز نیم و ئێجگار زۆر ژنانم خۆش دەوێ و ئەوانیش منیان خۆش دەوێ و لێک نزیکین.»

ئۆشۆ هاوسەرگیری ئیدانە دەکات و لای وایە کۆیلەیی و بەندایەتییە، بەندایەتییەک بە درێژایی ژیان. ئۆشۆ بەشێوەیەکی سەیر هەوڵ دەدات ئاژەڵ بکات بە سەرنوێنی مرۆڤ و پەیتا پەیتا لە ژیانی ئاژەڵان هەڵهێنجان دەکات. تایبەت بە پرسی هاوسەرگیریش لای وایە مرۆڤ دەبێ وەک هەموو ئاژەڵەکان سروشتی بژی و لە داوێنی ئەو حوکمەشیدا دەڵێ: «دیوتانە تاکوو ئێستە وشتر لە ژنەکەی بترسێ؟!»

ئۆشۆ لە سەرجەم وانە و تێکستەکانیدا بە بەرفراوانی دژ بە ئیگۆ دەدوێ و لای وایە یەکەم کۆسپ لەبەردەم گەشەسەندنی ڕۆحی و داهێناندا ئیگۆیە کەچی خۆی نموونەی ڕاستەقینەی کەسێکی ئیگۆپەروەرە و هەمیشە لە پێش کامێراکاندا بووە بەشێوەیەک کە بە درێژایی مێژوو نەک هەر لەنێوان پیاوان و مامۆستایانی ئایینیدا بگرە لەناو بیرمەندانیشدا ناتوانین کەسێک بەدی بکەین کە بەڕادەی ئۆشۆ وێنەی گرتبێت.

ئۆشۆ بەردەوام باسی چاکی و خۆشییەکانی هەژاری دەکات. تەنانەت لە دەیان شوێندا ژیانی ئایدیاڵ بە ژیانی گەدا و کەشکۆڵ بە شان دەزانێ و دەڵێ گەدا هیچ خەمێکی نییە، ئەمڕۆ لێرەیە، سبەی لەوێ، نە میچێکی هەیە خەم بۆ دڵۆپەکردنی بخوات نە خەفەت بۆ کۆنکرێتی حەوشەکەی دەخوات، ئازاد و سەربەست و بێخەم، و خەڵک بانگێشت دەکات بۆ هەژاری و گەدایی کەچی خۆی ئیشتیایەکی ڕادەبەدەر و ئەهریمەنیی هەیە بۆ سروەت و سامان و لای وایە بۆ هەر ڕۆژێکی ژیانی پێویستی بە ئۆتۆمبێلێکە کە دەیان بنەماڵەی هەژار دەتوانن یەک ساڵ بەباشی بە پارەی ئەو ئۆتۆمبێلە بژین.



هەڵاتنی ئۆشۆ لە خۆی و لە رابردوو بە ڕادەیەکە کە چەندین جار ناوی خۆی دەگۆڕێت و ڕاشکاوانە دەڵێ: «ڕابردوو تەنانەت بایی وەبیرهێنانەوە نابێت» و هەروەها دەڵێ: «من وەڵامدەرەوەی قسەکانی دوێنێم نیم.»

ئەمە تاکوو ئێرە کورتەیەک لە ژیانی پڕ لە پاڕادۆکسی ئۆشۆ بوو و بێگومان ئەمە هەموو ژیانی نییە و لەم دەرفەتەشدا لەوە زیاتر ڕێگەمان نییە. لێرە بەدوا هەوڵ دەدەین بپەرژێینە سەر تێکست و پڕۆداکتەکانی ئەم کەسایەتییە و پێویستە بڵێم زۆرێک لە کتێبەکانی ئۆشۆ هەر لە بنەڕەتدا تێکست نەبوونە و لە کۆڕی موریدەکانیدا ئاخافتووە و دواتر ئەمانە کۆ کراونەتەوە و بە شێوەی تێکست بڵاو کراونەتەوە.

هەرچەند ئۆشۆ و بەرهەمەکانی زۆر لەوە نزمترن کە وەک بیرمەند سەیری بکرێت بەڵام بەهەرحاڵ خوێندنی باڵای لە فەلسەفەدا هەبووە و تەنانەت ماوەیەکیش وەک مامۆستا لە زانکۆ فەلسەفەی گوتووەتەوە. ئۆشۆ کۆمەڵێ چەمکی وەک تەندورستی و بژاری ئاوڵەمە، حکوومەتی جیهانی، ئاگایی و خودئاگایی، و ... هتد لە بیرمەندانی وەک ئەفلاتوون و هیگڵ و کانت و نیچە وەرگرتووە و بەزۆری ئەو چەمکانەی بەلاڕێدا بردووە و لەباشترین حاڵەتدا کە زۆر بە دەگمەن دەبینین دەستپاکانە ئەو چەمکانەی وەک خۆیان گوازتبێتەوە، زۆر درۆزنانە بە هی خۆی پێناسەی کردوون و هیچ ناوێکی لە سەرچاوەی ئەو چەمکانە نەهێناوە. بەشێوەیەک کە لە کۆی کتێبەکانی ئۆشۆدا ئێمە قەت نەماندیوە باس لە سەرچاوە بکات.

ئۆشۆ بەڕادەیەکی زۆر لەژێر کاریگەریی نیچەدا بووە و بە بەردەوامی باسی نیچە دەکات. ئۆشۆ لە یەکێک لە ئاخافتنەکانیدا نیجە بە مەزنترین فەیلەسووفی مێژوو پێناسە دەکات و دەڵێ هیچ کەس بە ئەندازەی ئەو نەیتوانیوە و ناتوانێ لە هەموو پوتەنشێڵی زەینی کەڵک وەرگرێت و بەڕای ئۆشۆ ئەگەر نیچە مەدیتەیشەنی بزانیبا شێت نەدەبوو.

وێڕای هەموو خۆشەویستییەک کە ئۆشۆ بۆ نیچە هەبووی و دەکرێ بڵێین عیرفانی خۆی، کە دژ بە هەموو دین و ئاینەکانە، لە نیچە و فەلسەفەی نیچە وەرگرتووە بەڵام وەفای بۆ نیچەش نییە و بێشەرمانە نیچە و بیری نیچەش لە بەرهەمەکانی خۆیدا بەلاڕێدا دەبات.

نیچە بەرلە شێتبوون و لە سیلس ماریا کتێبی «دژەمەسیح» (The Antichrist) دەنووسێت بەڵام ئۆشۆ بۆ ڕەوایی بەخشین بە بۆچوونەکانی خۆی بە درۆ دەڵێ: «نیچە ئەم کتێبەی لە شێتخانە و لە حاڵی شێتیدا نووسیوە. بەڵام ئەو وەها بلیمەتێک بوو کە وێڕای ئەوەی کە هەموو دەروونشیکارەکان ئەویان بە شێت زانیبوو، کتێبەکانی دەیسەلمێنن کە ئەوان لەهەڵەدا بوون. ئەو تەنانەت لە شێتیی خۆیدا زۆر زۆر ساغ و تەندروستتر بووە لەم دەروونناس و دەروونشیکارانەی ئێوە.». وە ئەمە جگە لەوەیە کە دەیان خوێندنەوەی ناڕاست و نەشیاو لە هزر و فەلسەفەی نیچە لە بەرهەمەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە.

پڕۆداکتی ئۆشۆ وەها کۆلاژێکی پڕتەڵەکە و درۆزنانەیە کە کاتێک خوێنەری گەنج بەرەوڕووی دەبێتەوە نوقمی دەبێت و بەڕاستی دژوارە بۆ خوێنەری گەنج لێکدانەوەی ئەم هەموو تەڵەکە و کۆلاژکارییە فکرییە، هەربۆیە هەوڵ دەدەین کۆمەڵێ لە چەمکە بنەڕەتییەکانی ئەندێشەی ئۆشۆ ـ هەڵبەت ئەگەر شایستەی ناوی ئەندێشە بێت ـ بخەینە بەر لێکۆڵینەوە:

ـ ئازادی لای ئۆشۆ:

حاشا لەوە ناکرێ کە ئۆشۆ بەردەوام و شێلگیر و سەرسەختانە بەرگری دەکات لە ئازادی بەڵام ئازادی لای ئۆشۆ لەسەر بنەمای مەیل و حەزی تاکگەرایانە و قازانجخوازانەدایە. ئۆشۆ لای وایە مرۆڤ بۆی هەیە حەزی لە هەر کارێک بێت ئەنجامی بدات، بەبێ ئەوەی گوێ بە دواهاتەکانی ئەو کارە بدات. بەلای ئەوەوە گرنگ نییە دیتران چی دەڵێن و چییان دەوێ؛ گرنگ ئەوەیە من چی دەڵێم و چیم دەوێ و حەزم لە چییە. ئەم شێوە ڕامان و تێڕوانینە ئۆشۆ تا ئەو شوێنە دەبات کە تەنانەت ئامادەیە لەپێناو حەز و تەمەنای نەفسانی و هەواوهەوەسەکانیدا خودا بەخت بکات؛ چونکە بەهەرحاڵ هیچ شتێک بەلایەوە گرنگتر لە خۆی نییە. ئۆشۆ لەژێر ناوی ئازادیدا کۆمەڵێ چەمک ئاراستەی بەردەنگەکانی دەکات کە سەرچاوەی هەموو جۆرە بەندایەتی و کۆیلەییەکە، بناغەی ئازادی لای ئۆشۆ لەسەر شەهوەت و هەوەس دادەنرێت و پشت بە دیوە ئاژەڵییەکەی مرۆڤ دەبەسترێت.

ـ عەقڵ لای ئۆشۆ:

ئۆشۆ ڕاشکاوانە لە دژی عەقڵ دەوەستێ و لە بەرهەمەکانی خۆیدا بەزۆری عەقڵ و لۆژیک ئیدانە دەکات. بە ڕای ئۆشۆ لۆژیک هەمیشە مرۆڤ فریو دەدات؛ چونکە جۆرێک هەماهەنگی دەسەپێنێت و زەینی لۆژیکمەند، زەینی هەڵەبێژ و لاژووە. ئۆشۆ بەردەوام بە بەردەنگەکانی دەڵێ واز لە بیرکردنەوە و بەڵگاندن بهێنن؛ چونکە بەڕای ئەو هەموو ئەندێشەکان ژاراوین. ئۆشۆ زیاتر جەخت لەسەر دڵ دەکاتەوە و دەڵێ بە قسەی دڵتان بکەن، چونکە دڵ بوێرە و زەین ترسنۆک و ژمێریارە. ئۆشۆ دەڵێ بیرکردنەوە بێسوودە و تۆ تەنها دەتوانی بیر لە ئۆبژەی ناسراو بکەیتەوە و ئەوەی لە زەیندا دێت و دەچێ پێوەندی بە ڕابردووەوە هەیە.

ئەمە ڕاست هەمان حاڵەتی منداڵییە کە کانت لە وەڵامی پرسیاری «ڕۆشنگەری چییە؟»دا دەڵێ: «ڕۆشنگەری دەرچوونی مرۆڤ لە حاڵەتێکی منداڵییە کە خۆی سەپاندوویەتی بەسەر خۆیدا. منداڵی، بێتواناییە لەبەکاربردنی ئاوزدا بەبێ ڕێنماییکردنی ئەوی دی. ئەم منداڵییە «خۆ ـ سەپاو»ە ئەگەر نەک بەهۆی شێتییەوە بەڵکوو لەڕووی نەبوونی ئیرادە و بوێرییەوە بێت بۆ بەکاربردنی ئاوز بەبێ ڕێنماییکردنی ئەوی دی.»

ئۆشۆ بەم شێوە ڕاستەوخۆ خزمەت بە سیستم دەکات و بەردەنگ و پەیڕەوانی دەباتەوە بۆ پێش سەردەمی ڕۆشنگەری و هەوڵ دەدات توانای بەکاربردنی عەقڵ و ئاوزیان لێ بستێنێ و مرۆڤێکی بێئیرادە و گوێڕایەڵ بەرهەم بهێنێت. هەمان مرۆڤ کە کانت هەوڵی دا ڕۆشنگەری بۆ بکات و بوێرییەکی پێ ببەخشێ بۆ بەکاربردنی عەقڵ و ئاوزی خۆی. کانت بەپێچەوانەی عەقڵیەتی ئۆشۆ لە هەمان وتاری بەناوبانگیدا دەڵێ: «لەشگرانی و ترسنۆکی، هۆکاری ئەوەن کە بۆچی بەشێکی گەورەی مرۆڤەکان، ماوەیەکی زۆر پاش ئەوەی کە سروشت باری جەستەیی ئەوانی پێگەیاندووە و لەژێر نیری سەرپرستیی ئەوانی دی ئازادی کردووە، هەروا بە ڕەزامەندییەوە لە هەموو ژیاندا منداڵ و سەغیر دەمێننەوە و هەروەها هەر لەشگرانی و ترسنۆکی هۆکاری ئەوەن کە بۆچی بۆ ئەوانی دی ئاسانە خۆیان بکەنە سەرپەرستیان. چەند ئاسانە منداڵبوون! [مرۆڤی منداڵ لای خۆی ئاوا بەڵگاندن دەکات کە] ئەگەر کتێبێکم هەبێت [مەبەست کتێبی پیرۆزە] کە لەبری ئاوزم بڕیار بدات، ئەگەر قەشەیەکم هەبێت کە لە جێگای ویژدانم کار بکات و ئەگەر پزیشکێکم هەبێت کە پێم بڵێ چی بخۆم و چی نەخۆم و... هتد، لەم حاڵەدا پێویست نییە زەحمەت بە خۆم بدەم. هەر پێویستم بەوە نییە بیر بکەمەوە...»

بە بەراوردکردنی ئەم تێکستانە جوان بۆمان دەردەکەوێ کە ئۆشۆ چۆن هەوڵ دەدات پاشەکشێ بە مرۆڤ بکات و لەم ڕێگەوە بوونێکی ملکەچ و گوێڕایەڵ بەرهەم بهێنێت.

ـ شادومانی لای ئۆشۆ:

ئۆشۆ شادومانی وەکوو تاکە پێوەری مرۆڤبوون پێناسە دەکات، هەڵبەت شادی و پێکەنینێک کە ئەو پێناسەی دەکات هیچ پاڵپشتێکی مەعریفیی نییە و هەڵقوڵاوی دنیابینیی تایبەتی خۆیەتی. ئەو بە چاوی سەرگەرمی و ڕابواردن سەیری هەموو شتێک دەکات و لای وایە نابێ هیچ شتێک بە جدی بگیردرێت.

ـ خودا لای ئۆشۆ:

ئۆشۆ بە گشتی زۆر بەشێوەی پاڕادۆکسیکاڵ دەربارەی خودا دەدوێت و هەر جار و خودا بە شتێک پێناسە دەکات. جارێک دەڵێ خودا شادومانییە، جارێک دەڵێ خودا ژیانە، جارێک دەڵێ خودا عەشقە، خودا سەوزایی درەختەکانە و خودا سێکسە و لەدواجاردا کە پەیڕەوانی بەجدی بەرۆکی پێ دەگرن و بەرەوڕووی پرسیاری خودای دەکەنەوە، دەڵێ: لە هەرچی دەپرسن بپرسن بەڵام بۆتان نییە دەربارەی خودا بپرسن، خودا مانایەکی دروستی نییە و شتێکە کە بۆ تێگەیشتن نابێت. هەڵبەت هەر لە توێی بەرهەمەکانیدا دەڵێ تەنها لەڕێگای عەقڵەوە دەتوانین خودا بناسین. بەڵام لە شوێنێکی تردا ئەو حوکمەی خۆی ڕەت دەکاتەوە و دەڵێ خودا عەشقە و تەنها بە عەشق دەتوانین خودا بناسین. بەڵام بە گشتی خودا لە ئەندێشەی ئۆشۆدا وەک بوونێکی میتافیزیکی جێگای نابێتەوە و هەموو هەوڵی بۆ ئەوەیە لەڕێگای تێگەیشتنە هەستەکییەکانەوە خودا وەسف بکات. کە ئەمە پاڕادۆکسێکی سەیرە لەناو عیرفانی ئۆشۆدا.

ئۆشۆ بەڕادەیەکی زۆر ڕق و نەفرەتی هەبوو لە فڕۆید و بە بەردەوامی لە بەرهەمەکانیدا بە پیاوە شێتەکە ناوی دەبات و لە شوێنێکدا دەربارەی فڕۆید دەڵێ: « زیگمۆند فرۆید پیاوێکی ڕونکه‌ره‌وه‌ نه‌بوو. له‌ڕاستیدا زیاتر له‌ کوکوختی ده‌چوو.» بەڵام بزانین فڕۆید چۆن باسی ئەم پاڕادۆکسەی ئۆشۆ دەکات لە پێناسەکردنی خودادا: «مرۆڤ تامەزرۆ دەبێت بچێتە ڕیزی خواناسەکان، تاکوو هۆشداری بدات بەو فەیلەسووفانەی کە لایان وایە دەتوانن بە جێگرکردنی ئەسڵێکی ئابستراکتی [نا کەسی] و مژاوی و ناڕوون لەجێگای خودای دین، ڕزگاری بکەن و پێیان بڵێ لەخۆوە و بێهۆ ناوی خودا مەهێننە سەر زار.»

لە هەرێمی کوردستاندا لە دەزگای حوکمیدا و بە بوودجە و سوبسیتی حوکمییەوە و لەژێر تێچووی بەرهەمهاتن و زۆر بە هەرزان کتێبی فکری و فەلسەفی ٥٠٠ تا ١٠٠٠ دانە چاپ و بڵاو دەبێتەوە کەچی بە رادەیەکی کەم لەم کتێبانە دەفرۆشرێن و ئەمە لەکاتێکدایە کە دەیان کتێبی ئۆشۆ لە دەزگا ئەهلییەکاندا و لەسەر ئەرک و تێچووی خۆیان بڵاو دەبنەوە و دەبینین ئەم کتێبانە زۆر بە باشی دەفرۆشرێن و دەچن بۆ چاپی دووەم و سێهەم و تەنانەت لە چەند نموونەشدا بەدی دەکەین کە دوو وەرگێڕ کارێکی ئۆشۆیان دوو جار وەرگێڕاوە و دەشفرۆشرێن و ئەم دۆخە نەک هەر لە ڕۆژهەڵات بەڵکوو لە ڕۆژاوا و لە ئەمریکاش باوە و بەرهەمەکانی ئۆشۆ چ بە تێکست و چ بەشێوەی ڕاهێنان و مەدیتەیشەن بەردەنگی زۆرە! هەربەم پێیە دەتوانین ئەم بەرهەمانەی ئۆشۆ لە خانەی تێکستی عامپەسەنددا پۆلێن بکەین.

سەرەڕای هەموو زیانەکانی تێکست و ئەدەبیاتی عامپەسەند دواتر هەوڵ دەدەین دەرەنجامەکانی ئەم بەرهەمانە بەگشتی و تێکستەکانی ئۆشۆ بەتایبەت ڕوون بکەینەوە. بەڵام لێرەدا تیشک دەخەمە سەر هۆکارەکانی ڕاکێشرانی خەڵکی عام بەلای کتێبەکانی ئۆشۆدا.

عەقڵانیەتێک کە لە سەردەمی ڕۆشنگەرییەوە دەستی پێکرد و لە شۆڕشی فەڕەنسادا ڕەنگی دایەوە و دواتر بەسەر کۆمەڵگای ڕۆژاواییدا زاڵ کەوت، تا ڕادەیەکی زۆر مرۆڤی لە خودا هیوابڕاو کرد و بوو بە خاوەن دەسەڵاتی ژیانی خۆی. دواتریش بەسڕینەوەی خودا و ڕاگەیاندنی مەرگی خودا، ڕووکردن لە خودا و داوای یارمەتی کردن لێی، کارێکی نەشیاو و ئەستەم دیار بوو. ئەم بابەتە تەنها لە رۆژاوا سنووردار نەما و زۆر بەخێرایی کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکانیشی تووشی گۆڕان کرد. ئەم گۆڕانکارییانە لە سەردەمی کۆلۆنیالیزمی بەریتانیاوە دەستی پێکرد و دواتریش بە ڕەنگدانەوەی فکر و فەلسەفەی مارکس لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی بەتایبەت چین و ڕووسیا و کۆریادا گەیشتە لووتکەی خۆی. جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەم ئەم کەشی نائەمنی و بێئاسایشییەی لە جیهاندا هێندەی تر زیاد کرد. مرۆڤی هاوچەرخ کە لە دوای ڕۆنێسانس خۆی بە تەنها دەبینی و هەستی دەکرد بەرپرسی ڕەهای ژیانی خۆیەتی لەم هەلومەرجی مەترسی و نائەمنییەدا تووشی یەئس و ناومێدی بوو. هەربۆیە لە وەها دۆخێکدا شتێک کە مرۆڤی ڕزگار دەکرد دین و ڕێنماییگەلێکی ئاینی بوون کە ماوەیەکی زۆر بوو فەرامۆش کرابوون و یان لانیکەم لاواز بوبوون.

 

لێرەدا ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ دەروونشیکاری دەبینین فڕۆیدیش سەرچاوەی دین هەر بە بێچارەیی و لاوازی و بێدەسەڵاتیی مرۆڤ دەزانێ و دەڵێ: «پێویستبوونی دین لە بێدەسەڵاتی و بێچارەیی دەورانی منداڵییەوە، کاتێک پێویستی بە باوکە، سەرچاوە دەگرێت. بەتایبەت لەو ڕووەوە کە ئەو هەستە لە سەردەمی ژیانی منداڵییەوە بەشێوەی سادە درێژە پەیدا ناکات، بەڵکوو بەهۆی ترس لە هێزی زاڵ و باندەستی سروشتەوە بەردەوام ڕادەگیردرێت.»

هەربۆیە ئێمە دەبینین بەدرێژایی مێژوو مرۆڤ گیرۆدەی پرسی دین بووە و زنجیرەی دینەکان یەک لەدوای یەک بە نەفیکردنەوەی یەکتر خۆیان ڕاگەیاندووە. ئۆشۆش بە نەفیکردنەوەی هەموو دینەکانی تر هەوڵ دەدات دینێکی تازە و جیاواز لەوانی تر ڕاگەیەنێت. جیاواز لەو ڕووەوە کە ئۆشۆ دەیزانی ئەم ڕێنماییانە هێشتا لەگەڵ ڕۆحی فرەچەشنخواز و هەوەسپەرەست و ئاسوودەییخوازی مرۆڤی هاوچەرخ نەدەگونجان. هەر بۆیە ئەندێشەگەلێکی هێنا ئاراوە کە هەم بە ڕاگەیاندن و ئەرێکردنی خودا بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ مرۆڤ هێمن بکاتەوە و هەم بە پێشکەشکردنی فۆڕمێکی کراوە لە دین ئازادیی پێویستیشی پێ بدات بۆ چێژخوازی و چێژوەرگرتنی ڕادەبەدەر لە شتە مادی و دنیاییەکان.

ئۆشۆ لەم بارەوە دەڵێ: «هەموو دینەکان لە سۆنگەیەکی ساختە و درۆیینەوە بونیاد نراون. هەموو ئەم شێوازانە درۆیینن. دەکرێ سۆنگەیەکی نوێ بهێنینە ئاراوە و دینێکی تازە بونیاد بنێین. سۆنگە کۆنەکان دەسوێن. درۆ کۆنەکان ڕەنگ و بۆیان نامێنێ و پێویستمان بە درۆی تازەترە!»

ئەم ڕیفۆرمخوازییە لە دیندا تەنها تایبەت بە ئۆشۆ نییە و ئەگەر سەیرێکی مێژوو بکەین کەس و لایەنی زۆر هەوڵیان داوە بۆ ڕیفۆرم و گونجاندن و بەسەردەمیکردنەوەی دینەکان، بەڵام من نامەوێ لێرەدا بگلێم لە پرسی دینەوە و تەنها بەم گوتەی فڕۆید قایل دەبم و دەیگوێزمەوە کە دەڵێ: «جێی شەرمەزارییە کە دەبینین زۆرێک لە کەسانێک کە ئەمڕۆ دەژین و دەبێ بزانن کە چیتر دین ناپارێزرێت، بە پاشەکشێگەلی نائومێدکەر هەوڵ دەدەن پارچە پارچە بەرگریی لێ بکەن.»

ئۆشۆ هەوڵ دەدات بەبێ گۆڕینی ڕادیکاڵی بنەماکانی فکر و ئەخلاق، قەیرانی مەعنەویەتی مرۆڤی هاوچەرخ چارەسەر بکات. مەعنەویەت و عیرفان هەر لەم هەوەسپەرستییەدا ئاراستە دەکات و تەفسیر و خوێندنەوەیەک بۆ عیرفان دەکات کە مەیل و حەز و هەواوهەوەسی ئینسانی بێجڵەو و شەهوانی بە ڕەوا بناسێنێت و دابینیان بکات و هەر ئەم چێژخوازییانە ناو دەنێت خودا و بۆ ئەم کارەش لە میراتی عیرفانیی ڕۆژهەڵاتەوە بگرە تا فکر و فەلسەفەی ڕۆژاوا، گەنەکەڵک لە هەموویان وەردەگرێت و تا ڕادەیەکی زۆر سادە و عامپەسەندیان دەکاتەوە و بەلاڕێیاندا دەبات.

دەکرێ بڵێین ئۆشۆ فریو و خافڵاندنێکی مەزنە کە نوێنەری ڕەهای خۆفریودانی مرۆڤی هاوچەرخ بوو بۆ پاساودانەوەی هەوەسپەرستی و چێژخوازی و بێپڕەنسیپییەکانی ئەم مرۆڤە. کەواتە ئاساییە وەها پێشوازی و پەیڕەوییەک لە ئۆشۆ و بۆچوونەکانی بکرێت.

ئۆشۆ سه‌باره‌ت به‌ هەوڵ و ئەندێشە و ڕاهێنانەکانی خۆی ده‌ڵێ: «هه‌وڵی داوه‌ هه‌لومه‌رجێک بڕه‌خسێنێت تاکوو یارمه‌تیده‌ری له‌دایکبوونی جۆرێکی نوێ له‌ مرۆڤایه‌تی بێت. ئه‌و به‌م ڕه‌وته‌ نوێیه‌ ده‌ڵێ زۆربا/بودا ««Zorba the buddha، که‌ تێیدا هه‌م له‌ چێژی دونیایی زۆربای یۆنانی به‌دی ‌ده‌کرێت و هه‌م سه‌رخۆشی و هێمنی گوواتما بودا.»

هەر وەک پێشتر ئاماژەم پێ دا مرۆڤی ئایدیاڵی ئۆشۆ تێکەڵەیەکە لە زۆربا و بودا، بەم پێیە بۆ ئەوەی باشتر بتوانین وەها بوونێک بناسین و پەی ببەین بە دەرەنجامەکانی وەها ئینسانێک لە کۆمەڵگادا، پێویستە پێشتر پاژەکانی پێکهێنەری ئەم ئینسانە واتە زۆربا و بودا تاووتوێ بکەین و باشتر بیانناسین.

زۆربا، ئوستوورەی چێژخوازی یۆنانی، کە سیمبولی بێغەمی و بێدەربەستییە، ئینسانێک کە لە هەوڵی ئەوەدایە لە سات بە ساتی ژیانی چێژ وەرگرێت و هەموو غەم و کەسەری بۆ ئەوەیە کە نەبادا بۆ ساتێک لە غەمی ئەم ژیانەدا بێت، کەسایەتییەک کە هیچ کەس و هیچ شتێکی بۆ گرنگ نییە و بە هیچ بیر و باوەڕێک پابەند نییە و بەهیچ شێوە و هەرگیز هەست بە گوناه و عەزابی ویژدان ناکات. تەنانەت خودی ئۆشۆش دەڵێ: «ئینسانی ئایدیاڵی من هەست بە گوناه ناکات. خودا ئێمەی خولقاندووە و ئەو بەرپرسیاری کرداری ئێمەیە.»

بودا. ئۆشۆ بانگەشەی ئەوە دەکات کە سەر بە هیچ نەریت و ئاینێک نییە بەڵام ناوی بودا و بودیزم لە سەرانسەر بەرهەمەکانیدا بەرجەستەیە و تەنها کەسێک کە فاکتی لێ دەهێنێتەوە و بابەتەکانی پێ ڕێفڕێنس دەداتەوە بودایە.

سیدارتا (بودا) لە نێپاڵی هەنووکە لەدایک بوو. باوکی سیدارتا (سودودانا) پاشای ئەو هەرێمە، کوڕەکەی لە نازونیعمەتدا گەورە کرد و لە کۆشکێکی شاهانەدا پاراستی کە سیدارتا ڕەنج و ناخۆشییەکانی ژیان نەناسێت. بەو حاڵەوە سیدارتا لە کۆشک ڕایکرد و چوار دیمەنی ناسی: پیری، نەخۆشی، مەرگ و کەسێکی زانا کە هەوڵی بۆ ڕزگاربوون لە ڕەنجەکان بوو. دیتنی چوارەمین دیمەن کاریگەرییەکی زۆری لەسەر دانا و بڕیاری دا ژیانی شاهانە وەلا بنێت و هەوڵ بۆ دۆزینەەوەی حەقیقەت بدات.

بودا یەکێک لە کاریگەرترین کەسایەتییەکانی مێژووە. ڕینماییەکانی بودا پتر لە هەزاروپانسەد ساڵە کە نیمچەکیشوەری هندی گرتۆتەوە. ئایینی بودایش وەک مەسیحیەت لەم هەموو ساڵەدا گۆڕانی زۆری بەسەردا هاتووە و لق و تاقمی زۆری لێ بۆتەوە. ئاینی بودایی لە ناوچەی تەبەت و ئاسیای ناوەندی و چین و کۆریا و ژاپۆن و سریلانکادا، هەرچەند بە بڕێک جیاوازییەوە، بەڵام باوی هەیە.

بوودا دوو بابەتی کرد بە بنەمای ئاینی خۆی:

یەکەم: جیهان، شەڕ و ڕەنج و ئازارە و هەر شتێک کە مرۆڤ دەتوانێ هۆگری بێت و وەک ژیان باسی بکرێت مایەی غەم و بەدبەختییە.

دووەم: تاکە ڕێگای دەربازبوون لە ڕەنج و شەڕی جیهان و جیهانی شەڕ و غەمی ژیان، پەیوەستبوون بە «نیروانا»یە، کە دەکرێ بە جۆرێک عەدەم و نەبوون و دەربازبوون لە بەندی وجوود لێکی بدەینەوە.

سەرەڕای هەموو ئەو ڕەخنانەی کە لە ئاینی بودایی دەگیردرێت، لێرەدا دەمەوێ تیشک بخەمە سەر پرسی تاکگەرایی کە هەم لە ئاینی بوداییدا و هەم لە فکر و ئەندێشەی ئۆشۆ و بەرهەمەکانیدا و دواجار لە مرۆڤی ئایدیاڵی ئۆشۆدا ئێجگار بەرجەستە و بەرچاوە.

ڕێنماییەکانی بودا کە لە چوار حەقیقەت و هەشت ڕێگادا کورت دەبێتەوە، لەسەر بابەتگەلی تاکەکەسیدا بونیاد نراوە. بە بڕوای بوداییەکان ڕێگای ڕزگاریی تاک، پەیڕەوکردنی ئەم ڕینماییانەیە و جگە لەوانە، بۆ ڕێنماییکردنی کۆمەڵگا، هیچ شتێکی تر بوونی نییە. گوایە سیستمە کۆمەڵایەتییەکان و بنەمای کۆمەڵگا لە لای بودیزم شتێکی ناڕاست و خەیاڵییە و هیچ دەورێکی لە ژیانی مرۆڤدا نییە، هەر بۆیە خودی بودا بۆ گەیشتن بە نیروانا لە کۆمەڵگا ڕادەکات و پەنا بۆ جەنگەڵ دەبات و بە سواڵ و گەدایی ژیانی بەڕێوە دەبات. کاتێکیش بەمەبەستی ڕیکلامکردن بۆ ئاینەکەی دەگەڕێتەوە، دەچێتە لای تاک تاکی کەسەکان و هەرگیز هەوڵ نادات گۆڕان و وەرچەرخانێکی کۆمەڵایەتی بخولقێنێت. بودا نە بەرەوڕووی حاکمێک دەبێتەوە و نە هیچ کام لە یاساکانی کۆمەڵگای ئەوکات ئیدانە دەکات، بەڵکوو پێوەندی بە تاک تاکی ئەندامانی کۆمەڵگاوە دەگرێت و ئەوان هان دەدات بۆ جێهشتن و دەرچوون لە ژیان و حەز و مەیلە کۆمەڵایەتییەکانیان. وە لە دیدگای ئەودا هەر کەس لە کۆمەڵگا ڕابکات و هەر وەک خودی ئەو، دەستبەرداری دایکوباوک و هاوسەر و منداڵ و تەنانەت حکوومەت بێت، دەتوانێ بە نیروانا بگات. لە سەرانسەر ڕێنماییەکانی بودادا، بەرپرسیارێتییەکی هەمیشەیی بۆ هەموو تاکێک دەستنیشان کراوە کە خۆی دەربارەی کاروباری خۆی بیر بکاتەوە و بڕیار بدات و هیچ دەستوور و فەرمانێک بۆ ڕێنماییکردنی دیتران و خەبات و بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ سیستم و یاسا ستەمکارانە کۆمەڵایەتییەکاندا بەدی ناکرێت و بوونی نییە.

ئێستە با ئینسانێکی بودایی کە خۆی لە کۆمەڵگا دەدزێتەوە و هیچ کاری بە سیستمی سیاسی و کۆمەڵایەتی نییە و بەرەوڕووی هیچ یاسایەکی ستەمکارانە نابێتەوە و هەموو هەوڵی بۆ ئەوەیە لە خەڵوەتی خۆیدا تەنها بێت و خەریکی پەرستن و مەدیتەیشەن و سەرخۆشیی خۆی بێت لەگەڵ ئینسانێکی زۆربایی کە لە هەوڵی ئەوەدایە لە سات بە ساتی ژیانی چێژ وەرگرێت و هەموو غەم و کەسەری بۆ ئەوەیە کە نەبادا بۆ ساتێک لە غەمی ئەم ژیانەدا بێت، ئینسانێک کە هیچ کەس و هیچ شتێکی بۆ گرنگ نییە و بە هیچ بیر و باوەڕێک پابەند نییە و بەهیچ شێوە و هەرگیز هەست بە گوناه و عەزابی ویژدان ناکات، ئاوێتە بکەین و بزانین چی بەرهەم دێت و دەرەنجامە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی وەها مرۆڤێک کە مرۆڤی ئایدیاڵی ئۆشۆ و لەڕاستیدا مرۆڤی ئایدیاڵی سیستمی کاپیتالیزمیشە چین؟

دیارە کە وەها عەقڵێک مرۆڤێکی چێژخوازی سازشکاری بەخۆنامۆ بەرهەم دەهێنێت کە ئایدیاڵی سیستمە و زیاترین خزمەت بە دۆخی باو دەکات. مرۆڤێک کە ویژدان و هەست بە گوناهکردن و توانای سووربوونەوەی [شەرم] لێ زەوت کراوە و لە هەموو خەسڵەتێکی مرۆڤانە ڕووت کراوەتەوە و تا ئاستی ئاژەڵێک نزم بۆتەوە.

وەها مرۆڤێک بەڕای فڕۆید بوونێکی دژەشارستانیەتە و لەپێناو تێرکردنی چێژەکانی خۆیدا ئامادەیە چاوپۆشی لە هەموو شتێک بکات و تەنانەت دژ بە شارستانیەتیش بوەستێ و نموونەی ئەم کەسانەش لە دەوروپشتی خۆماندا کەم نین. زۆرمان دیوە کەسانێک کە لە کاتی ڕووداوێکی هاتووچۆدا لەبری ڕزگارکردنی کەسانی لێقەوماو هەوڵ دەدات بۆ تێرکردنی چێژەکانی و کامێراکەی بەدەستەوە دەگرێت و دوا ساتەکانی ڕەنج و ئازار و گیانەڵای مرۆڤێکی دی تۆمار دەکات.

بەشە بوداییەکەشی مرۆڤێکی خەمسار بەرهەم دێنێت کە وەک خودی ئۆشۆش دەڵێ لەم دنیادا تەنها تماشاوانێکی بێلایەن دەبێت. بەگشتی نە لە ڕووداوەکانەوە دەگلێت و نە کاری بە سیستم و دۆخی باو هەیە و ئەمە مرۆڤی ئایدیاڵی سیستمی کاپیتالیزمە و بەدەر لەم ڕەوتە مێژووییەیە کە هیگڵ لە خودا و بەندەدا بە جەنگی نەبڕاوەی نێوان ئەرباب و بەندە پێناسەی دەکات و مارکسیش لە مانیفێستدا بەم شێوە باسی دەکات:

«مێژووی هەموو کۆمەڵگاکان کە تاکوو ئێستە بوونیان هەبووە، مێژووی خەباتی چینایەتی بووە. سەربەست و کۆیلە، پاتریسین و پلیبن، ئەرباب و ڕەعیەت، وەستای کارگە و کاسپکاری ڕۆژکار، بە گشتی ستەمکار و ستەملێکراو پێکەوە ناکۆکییەکی هەمیشەییان هەبووە و دەستیان داوەتە جەنگێکی نەبڕاوە، هەندێک جار بە شاراوە و هەندێک جار بە ئاشکرا، جەنگێک کە هەر جار و یان بە نوێکارییەکی شۆڕشگێڕانەی سەرجەم کۆمەڵگا یان بە لەناوچوونی هەردوو چینی لەحاڵی جەنگدا کۆتایی هاتووە.»

وە تێکەڵەی ئەم دوو حاڵەتە دەبێتە بەخۆنامۆییەکی ترسناک کە زۆر سەیر و نائاسایی دیارە. مرۆڤی بەخۆنامۆ دەکەوێتە ناو پاڕادۆکسێکەوە کە بۆ دەربڕین و بەرگریکردن لەخۆی وەک مرۆڤ، تەنها کاری بەو لایەنە لە واقعیەتە کە زیاتر لە بەرژەوەندی ئەودایە و یارمەتی دەدات بۆ بەدیهاتنی مەبەستەکانی و بەگشتی بەتاڵ دەبێتەوە لە هەموو جۆرە شوناسێک و وەک چڵە پووشێکی سووک و بێکێش دەبێتە هاوڕێی شەپۆل و لەڕاستیشدا بۆی گرنگ نییە شەپۆل بۆ کوێی دەبات، چ بۆ ناو داعش بچێت یان بۆ هەر تاریکستانێکی تر هیچ بەلایەوە گرنگ نییە.

ئەمە بوو شاڕلاتانیزمی ئۆشۆ کە بە داخەوە لەم چەند ساڵەی دواییدا بە دەیان کتێبی وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و نووسەری ئەم دێڕانەش چواردە کتێبی لە ئۆشۆ وەرگێڕاوە و سەردەمانێک بەشێک بووە لەو شاڕلاتانیزمە. هەرچەند ئەو کتێبانە لە ساڵەکانی ٢٠١٢ و ٢٠١٣دا چاپ کراون بەڵام لەڕاستیدا کاری وەرگێران و ئامادەکردنیان زۆر پێشتر ئەنجام دراوە و دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمانێک کە لەپێشدا وەک خوێنەرێکی گەنج کە پێشتریش ئاماژەم پێ دا باوەڕی تەواوم بە ئەندێشەکانی ئۆشۆ هەبوو بەڵام لەم ساڵانەی دواتردا کە بەرەوڕووی تێکستە کلاسیکی و فەلسەفییەکان بوومەوە بۆم دەرکەوت کە ئۆشۆ بەڕاستی شاڕلاتانێکی مەترسیدارە و منیش وەک وەرگێڕی کارەکانی ئەو بەشێک بوومە لەو شاڕلاتانیزمە. هەربۆیە بە ئەرکی ئەخلاقی و ویژدانیی خۆمم زانی ئەم ڕوونکردنەوە بدەم و لەبەرامبەر کۆمەڵگاکەمدا بوەستم و لە ناخی دڵەوە داوای لێبوردن بکەم. وە هیوادارم لێرە بەدوا بتوانم هەموو هەوڵی خۆم بۆ بەرپەرچدانەوەی وەها ئەندێشەگەلێکی تاریک و ئەهریمەنی وەگەڕ بخەم.

 

«جێی ئاماژەیە ئەم وتارە پێشتر لە ژمارەی ٢١٢ی گۆڤاری ڕاماندا بڵاو بۆتەوە.»


سەرچاوەکان:

١ـ خرد و انقلاب/ هربرت مارکوزە؛ ترجمه محسن ثلاثی ـ تهران؛ نشر ثالث، ١٣٨٨.

٢ـ اروس و تمدن / هربرت مارکوزه؛ ترجمەی امیر هوشنگ افتخاری راد؛ تهران، نشر چشمە ١٣٨٨.

٣ـ تمدن و ملامت‌های آن/ زیگموند فروید؛ ترجمەی محمد مبشری ـ تهران نشر ماهی ١٣٨٢.

٤ـ مانیفست پس از ١٥٠ سال/ لئو پانیچ و کالین لیز؛ ترجمەی حسن مرتضوی. ـ تهران نشر آگاه ١٣٧٩.

٥ـ پدیدارشناسی جان/ گئورگ ویلهلم فریدریش هگل؛ ترجمەی باقر پرهام؛ تهران ١٣٨٩.

٦ـ روشنگری چیست؟ / کانت، ترجمەی یداللە موقن.

٧ـ ازخودبیگانگی انسان مدرن/ فریتس پاپنهایم؛ ترجمەی مجید مددی. تهران نشر آگه ١٣٨٧.

٨ـ بوێری/ ئۆشۆ؛ وەرگێڕانی محەمەد محەمەدمرادی/ سلێمانی؛ ڕێنما ٢٠١٣

٩ـ فڕین لە تەنهاییدا/ ئۆشۆ، وەرگێڕانی محەمەد محەمەدمرادی/ سلمانی ؛ ڕێنما ٢٠١٣.

١٠ـ نامۆی سەر زەوی/ ئۆشۆ، وەرگێڕانی محەمەد محەمەدمرادی/ سلمانی ؛ ڕێنما ٢٠١٣.

١١ـ دڵۆپێک لە دەریادا/ ئۆشۆ، وەرگێڕانی محەمەد محەمەدمرادی/ سلمانی ؛ ڕێنما ٢٠١٣.

١٢ـ چرای ڕیگای خۆت بە/ ئۆشۆ، وەرگێڕانی محەمەد محەمەدمرادی/ سلمانی ؛ ڕێنما ٢٠١٣.

١٣ـ آینده طلایی / اشو/ مرجان فرجی؛ تهران؛ فردوس ١٣٨١.

١٤ـ خلاقیت/ اشو/ مرجان فرجی/ تهران. فردوس 1382

 

سەرچاوە: کریتیک