ما 300 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ئازاد کەریمی

سڵاو زێدەکەم شەوانت شاد بێ

ڕۆژانت پڕ نوور، بەختت ئازاد بێ

پاتەختی ژینم، مەکۆی چوارچەقڵم

سەرچاوەی هەست و هۆشیاری و ئەقڵم

 

سەوداسەر

ئازاد کەریمی

 

سڵاو زێدەکەم شەوانت شاد بێ
ڕۆژانت پڕ نوور، بەختت ئازاد بێ
پاتەختی ژینم، مەکۆی چوارچەقڵم!
سەرچاوەی هەست و هۆشیاری و ئەقڵم
هەڵاڵەی ڕووگەی مێرگ و کوێستانم
پەرژینی زێڕی باخ و بێستانم
نوخشەی هەڵاتووی زاوای ئاواتم
دەست و داوێن پاک، کۆرپە و ساواتم
ئەوەی پێی وابوو بە کۆچ و بارم
بە جێهێشتنی ماڵ کەس و کارم
مەیلت دادەنێم لە بیرت دەکەم
بۆ فەرامۆشی تەگبیرت دەکەم
سەری دای لە بەرد، لووت خشا لە عەرد
مەگەر من بمرم لە ژێر خاکی سەرد
بۆ بێوەفایی خۆم بکەم غەریب
نەخۆش بکەوەم لە بەردەست تەبیب
تۆی ئەشقم هێرۆی، گوڵباخی و یاسی
مێخەک و سۆسن بۆ یەخە خاسی
تیلەکۆ و گەورک، سەرشیو، خوڕخوڕە
فەیزوڵابەگیت پشت و بڕبڕە
موکریان بە تۆ دڵی شادانە
لێوی بە بزە و کەن و خەندانە
شەوقی میرانی لە سۆران و لوڕ
لە ئاردەڵان و بابان و کەڵهوڕ
ئێختیارەدینی بەڕۆژە و بانە
پاڵەوان قەقۆن گەورەی میرانە       
سوێند بە سارم بەگ بە سەیفەدین خان
بە پاشا کۆرە و بە بوداق سوڵتان
بە فەقێ ئەحمەد بە میرسەیفەدین
بە پژدەر، جزیر، شێرکوژ و مێردین
بە گیانی پاکی میرعەبدولعەزیز
باپیری گەورەم ، شکۆی شاری شیز
 بە فەیزوڵابەگ، کاک ئاغای کوژراو
عەزیزبەگ گەورە و عەزیزخان بوغزراو
وێنس خان سەرهەنگ بە ئۆمەرپاشا
 حەمەحسێن خان وا نەیکرد حاشا
هەتا ئەو ڕۆژەی وا ڕۆژ ئەگەڕێ
سەودای تۆم لە سەر ناچێتە دەرێ!
 
بەهاری ٢٠١٦/ ترۆندێلاگ، نۆروێژ