ما 751 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

خالق ئیبراهیمی

هەمیشە ئەیوت: "من و ماسی، هیچکاممان بێ ‌‌ئاو ناژین. ئه‌گه‌ر ڕۆژێ له‌ رۆژان رووبارەکان تووشی وشکایی بێن، ئه‌وا من و ماسی دوچاری کاره‌ساتی مه‌رگی ناوەخت ئه‌بین."... شەو دڕەنگانێک بوو. مانگە شەو بوو. مانگ لە ناوەڕاستی ئاسماندا ئەدرەوشایەوە. دەستم لە کێلی بەردا و بە یەک دنیا بیرەوەری و فکر و خەیاڵەوە ڕوم لە شار کردو بەرەو شوێنی نادیار رێکەوتم.

 

هاوڕێی ته‌نهاییم

خالق ئیبراهیمی

"من و ماسی، هیچکاممان بێ ‌‌ئاو ناژین. ئه‌گه‌ر ڕۆژێ له‌ رۆژان رووبارەکان تووشی وشکایی بێن، ئه‌وا من و ماسی دوچاری کاره‌ساتی مه‌رگی ناوەخت ئه‌بین" .ئه‌مه‌ قسه‌ی سه‌ر زمانی زۆربه‌ی ئه‌و ڕۆژانه‌ی ئه‌و له‌ کاتی مه‌له‌کردندا بوو.

شەوێکی ئاخرمانگی بەهار، شەوێکی ڕەخساو بە مانگەشەو، درەنگ وەخت خەولێزڕاو لەناو جێگەدا، لە ناو وەهم و خەیال، وزەێکی بەهێز منی بۆلای خۆی ڕائەکێشا. بانگی مەلابانگان خەوی لە چاوانم سڕاندو بەرەو خۆی بردم. لە نێو شەقامەکاندا لە ژێر تریفەی مانگ و رۆشنایی گلۆپەکانی سەرشەقام، کە سەریان لە بۆ فەرشی رێگا دانواندبوو، بە شوێن ئەو وزە بەڕێ کەوتم. شەقامەکان چۆڵ و بێدەنگ بوون. جارجار دەنگی بۆقی ماشین یان وەڕە وەڕی سەگەبەڕەلاکان بێدەنگی شار و شەقامیان ئەشکاندو، هەمیسان بێدەنگی باڵی بەسەر شارو شەقامدا ئەکێشا.

لەنێو خەیاڵ و بەدەم رێگاوە، هەردەم دەنگی سەگ وەڕ نزیک ئەبووەو کاتێ خۆکەوتمەوە، خۆم لە گۆرستانی شارەکەم دییەوە. گزینگی خۆر لە پشت کێوی بابۆسەوە خۆی حەشار دابوو. لەبەر کێلی گۆرەکەیدا چۆکم دادا...

مزگەوتێک بوو لە لای ژووری شارەوە. مزگه‌وته‌که له‌ مابه‌ینی دوو کۆڵاندابوو. کۆڵانی لای ژووروو، کۆڵانێکی تەسک و تەنگەبەر بوو. لە درگایەکی بچووکەوه ‌و چەن پیلکانێک ئەیڕوانی بەسەر حەوشەی مزگەوتەکەیا و کۆڵانی لای ‌خوارو گەورەترو هەر لەحاستی درگا گەورەکەی مزگەوتا بوو.

من بە چەند جوت پێڵاو و ئافتاوەبەدەست، ئافتاوەێکی سوور، بۆ پڕکردنی  لە ئاو و پاشان ئاوپڕژێنکردنی بەر دوکان و گسگ لێدان، لە درگابچکۆلەکەی مزگەوتەوە چوومە حەوشەی مزگەوتەوە. حەوشی مزگەوت چوار شێرو بەلوعەی ئاوی بۆ شتومەک شتن و دەم و چاو شتن و... ئافتاوەپڕکردن هەبوو. من لەبەر دەم شێری چوارەم هەڵتروشکام. خەریکی شتنی پێڵاوەکان بووم، کوڕێکی خنجیلانەی قەڵەویچکەو هاوتەمەنم،، بزەی خەندە لەسەرلێو، بە ئافتاوەێکی شین، لای یەکەم شێر هەلتروشکا.

چەندجار لەژێر چاو و بەزە لە سەرلێو ڕوانییە من و تا لامئەکردەو ، ڕووی ئەکرد بەو لاوە و خۆی بە پڕو خاڵی کردنەوەی ئافتاوەکە ئەخڵافاند. لە ئاخر نیگا خۆی بۆ نەگیرا و پرسیاری کرد:

- تۆش لە دوکانی باوکت کار ئەکەی؟

- نا من شاگرد دوکانم، دوکانی پینەچی، پینەچییەکەی سەرکۆڵانەکە. ئەی تۆ لە کوێ کارئەکەی؟

- من لەسەر دوکانی باوکم کارئەکەم و شاگردی باوکمم. کوڕەکە ناوت چییە؟

- ناوم هاوکارە. ئەی ناوی تۆ چییە؟

- منیش ناوم هاوڕێیە.

ئەم یەکەم دیدار و یەکەم بینینە بوو بە بناخەو ریشەی دۆستایەتی هەتاهەتاییمان ...

تیشکی خۆر لەپشت کێوی ئەوبەر شارەوە سەری هەڵدابوو. خۆر بەسەر شارا باڵی کێشا بوو. جاروبار لە مەنفەزی مابەینی گەڵای دارەکان، کە بە شنەبای بەهاری لەیەکتر دائەبڕان، پرشنگی ئەدا سەر گڵکۆ و دەم و چاوی من و بۆ چەن چرکەساتێ ئەبوو بە میوان و هاوڕێمان.

لەنزیکەوە دەنگی چەن ‌حافزی قورئان خوێن لەسەر گڵکۆی کۆچکردوان ئەهات. لە دوورتریشەوە دەنگی شیوەن و رۆرۆی جەماوەرێکی زۆر ئەهات. رەنگە تازە کەسێکیان کۆچی دوایی کردبێت، کەسێکی گەنج، جا بە نەخۆشی، بە رووداوی هات و چوو یان بە گوللەی وێڵی سەر سنوور...

یەکەم رۆژی پاییز، یەکەم رۆژی پۆلی یەکی سەرەتاییم لە قوتابخانەی پەهلەوی بوو. بینایەکی کۆن لە زەوییەکی گەورە، دروست کراو بە بەرد و بانەکەشی شیروانی. قوتابخانەکە دوو حەوشەی هەبوو. حەوشێکی بچوک ڕوو لە خیابان و حەوشێکێ زور گەورە لە پشت بیناکەوە. حەوشە پڕ لە قوتابی بوو، لە پۆلی یەکەم تا پۆلی پێنجەم. دەستم لە دەستی دایکما هاج و واج لەو هەموو قوتابیانەم ئەروانی کە لەحەوشە گەورەکەدا هاتوو چوویان ئەکرد، شوێن یەک ئەکەوتن و جاروبار پاشقولیان لە یەکتر ئەگەرت... درۆ نەبێت تۆزێکیش ترسام، لە زەینی خۆما ئەم وت تۆ بلێی دەوام بێنم و درێژە بە خوێندن بدەم. لە پڕ چاوم بە هاوڕێ کەوت، ئەویش دەست لەناو دەستی دایکی. لە دوورەوە دەستمان بۆ یەکتر راوەشاند وکێشمان کێشمان خۆمان لە یەک نزیک کردەوە.

لە پڕ کابراێکی کورتەباڵا لە ژووری بیناکە هاتە دەرەوە و بەفیکەفیک داوای لە قوتابیان کرد بە پێی پلەی کەلاسەکانیان (خوێندنیان) بەڕیز ببن و داوای لە دایک و باوکانیش کرد کە لە ڕیزەکان دوور کەونەوە. دوای لێدوانێک هەر ڕیزێک بەرەو دیو و کەلاسێک بەرێ کران و من و هاوڕێ و یەک بچکۆلانەی تریش لە یەکەم مێزدا جێگر بووین...

سالێک، دووساڵ پێش شۆرشی گەلانی ئێران، لە تەمەنی مێرمندالیماندا هەندێک مامۆستای وانەبێژی ڕۆشنبیر، گەڕابوونەوە مەدرەسەکان و لە گەڵ وانەبێژی، جاروبار باسی سیاسی و بارودۆخی ولاتیان ئەکرد و بە هەر بیانوێک نارەزایەتی خۆیان بەرامبەر بە ڕژێمی پاشایەتی دەرئەبڕی. هەندێک جار بەبۆنەی کێبەرکێی دەرسی، کتێبی داستان و شێعری شۆرشگێڕانەیان بڵاو ئەکردەوە. من و هاوڕێیش چەند جار خەڵاتمان پێبەخشرا. بارودۆخی ژیانمان لەبار نەبوو هەر بەبۆنەوەش هەر زوو لە تەمەنی مندالیدا چوینە ژێر باری کار و بۆ بژێوی ژیان، شان بە شانی گەورەکان تاومان دایە ئیش و کار و کاسبی. ئەو بە شاگردی لە دوکانی باوکی و منیش بە شاگردی لە دوکانی کابرای پینەچی...

هەر لەو تەمەنە کەمەدا، فەزای سیاسی نێوماڵەکانمان (بەبۆنەی براگەورەکان و کەس و کارمان) لە لاێک و قسەی مامۆستاکان و نێوەرۆکی کتێبەکان لە لایەکی تر، لە تێڕوانین و بیر و باوەڕمان کاریگەرێکی زۆری بوو.هەر بۆیەش زۆر زوو ئاوێتە خوێندنەوی رۆژنامە، کتێب و بەشدار لە کتێبخانە لە ژێر ناو نیشانی "کتێبخانەی منداڵان، مێرمنداڵان" بووین و بە تاک و زۆر جار بە یەکەوە کتێبمان ئەخوێندەوە. خوێندنەوەشمان هەمەجۆر بوو، هەر لەو کتێبانەی کە دەربارەی پێکهاتنی مرۆڤەوە بگرە هەتا کتێبەکانی سەمەدی بێهرەنگی و تەنگسیری سادقی چوبەک. رەنگە بە پێی تەمەنمان لە بڕێکیشیان تێنەئەگەیشتین...

هەمیشە باسی بارودۆخی نالەباری کۆمەلگا و بژێوی خەلکی هەژار و نەداری ئەکرد. خولیایی رزگاری خەلک لەم وەزعە نالەبار و باشبوونی ژیانی رۆژانەیان، لە دڵ و دەرونیا دەنگی ئەداوەو  تێکەڵ بە خوێنی ببوو. هەر بۆیەش زوو لە تەمەنی مێرمندالیدا، تێکەڵ بە خۆپیشاندانەکانی جەماوەر بوو و لە زۆربەی خۆپیشاندانەکانا بەشداری ئەکرد. هەر بەو بۆنەوە قوتابخانەکان بۆ کاتێکی نادیار داخران...

 

لە ڕٶژێکی ساردو سڕو بەفراوی زستانا، دەمەوئێوارە هەوا ڕوو لە تاریکی بوو، چوومە ژووری دوکانەکەی باوکی. هاوڕێ لە ژووری دوکان لە پشت مەنگەڵیە پڕ پشکٶکە دانیشتبوو. مەقاش بەدەست خەریکی ساف و لوسکردنی ژێری کەوشەپاتەکانی بوو. بەدەم پێکەنینەوە و پاش چاک و چۆنی پرسیارم کرد: - ئەرێ میرزا هاورێ خەریکی چ بەزمێکی؟ 

- میرزا هاوکار مەگەر چاوت لێم نییە؟ مەگەر گوێت لە چزە چزی ژێر کەوشەکانم نییە؟ بەفرێکی باش باریوە و بەیانی زوو ئەچم بۆ بەر دوکانان بۆ خلیسکێن. جا ئەگەر تۆش حەزت لێە ئەوا دێم بە شوێنتا...

- من کەوشی وام نییە بە کەڵکی خلیسکێن بێت. باشە هیچ ئەزانی باوکت بە چ زەحمەتێک پارە پەیا ئەکات تا جووتێک پێڵاو بۆ تۆ بکرێ. تازە خۆت لە سەر دوکانیشی و ئاگات لە دەخڵی دوکانە. ئینجا پارێکەت لە بیر چۆتەوە کە چۆن لەسەر ئەم بەزمە لاقێکت شکاو دوا هەفتەێک بە شەڕەشەق و بە شەلەشەل ئەهاتیەوە بۆ قوتابخانە؟

- دەی بڵێم چی حەزم لە خلیسکێنە و تەواو. ئێستا پێم بڵێ بەم ئێوارە درەنگە هاتوویتە سەر دڵم خێرە (بە قاقاو پێکەنینەوە)؟

- ئیمڕۆ سەر لە بەیانی سەردانی قۆتابخانەم کرد. چەن کەس لە مامۆستاکان لەوێ بوون. وتیان ئەمانەوێ مانگنامەێک بەناوی ئاسۆ لە چاپ دەین وئەشمانەوێ هەم لە نووسین و هەم لە کاری چاپ و بلاوکردنەوەدا لە قوتابیەکان کەڵک وەرگرین. جا ئەوا منیش هاتووم ئەو هەوالەت پێبگەێنم، ئەبێ خێری قنەخلیسکێش ببەخشی و بەیانی زوو لە قوتابخانە بیت!

- ئای بەخێر کەیەیەتەوە بۆ خۆت و هەواڵت.هەفتەێکە خواخوامە بەفرێکی باش ببارێ و دوو ڕۆژە خەریکی ساف و لوسکردنی ژێری پێڵاوەکانمم، بەڵکو بەیانی بچم بۆ قنەخلیسکێ، کەچی تۆش ئەم خەبەرە خۆشەت بۆهێنام.

- دەی نەچووە بچێت خێرە، با بەیانی نەچی بۆ خلیسکێن، ڕۆژێکی تر بێت. سبەی دوو سبەی... خۆ لەم کارە گرینگتر نییە. قسە زل ئەمە داواکاریێکە و کردوویانە و باش وایە ئێمەش بە ئەنجامی بگەێنین.

 - نەخێر وادیارە وازناهێنی و دەست بەردار نیت، شەڕیت و بە تووشمەوە بوویت (بەدەم پێکەنینەوە)، چارچییە ئەوا لە خێری خلیسکێن گوزەرام، بەیانی وەرە بە شوێنماو بە یەکەوە ئەچین بۆ قوتابخانە.

پاش چەند ڕوژ من و هاوڕێ بە نووسینی مەتنێک سەبارەت بە بارو دۆخی خوێندن و خوێندنگاکان بەرە قوتابخانە وەڕێ کەوتین. ئەوەی ڕاستی بێت ماموستاێک کە ئەرکی هەڵبژاردنی مەقالەکانی پێسپاردرا بوو، ئەوەی ئێمەی بەدڵ نەبوو. ئێمەش پێداگریمان نەکرد. ئاخر لە ئێمەی مێرمنداڵ لەوە زیاتر هەڵ نەئەکڕا. مەتنەکەش بۆ چاپ نەنێردرا. بەڵام هەر دووکمان لە کاری چاپ و بڵاوکردنەوەی مانگنامەکە لە ژێر ناوی "ئاسۆ"دا چالاکیمان نواند. بە داخەوە بە بۆنەی ئاڵ و گۆڕی ئەو کاتە، تەنیا یەک ژمارە لە ئاسۆ دەرچوو، ژمارەی تری بەدوادا نەهات.

کەمتر لە یەک هەفتە و بۆ جاری دووەم دەمەو ئێوارە، خۆم بە دوکانا کرد. هەر وەک جاری پێشو خۆی لە بن مەنگەلیە پر پشکۆکە مت کردبوو، دەستە خرپنەکانی بە گڕ و تینی پشکۆکان سپاردبوو. هەر کە چاوی پێم کەوت بێ یەک و دوو دەنگی هەڵبری و وتی:

- ها خێرە، ئەم را چ هەواڵێکت پێیە؟

- هەواڵێکی خۆش، ئەم بەیانییە مامۆستایەکی قوتابخانەم دی. وتی لە گەڵ مامۆستای قوتابخانەکانی تر دانیشتنمان بووە  و بڕیارمان داوە کە ئەنجومەنی ئەدەبی دابمەزرێنین و هەر هەفتە یەکێک لە قوتابخانەکان برنامەی خۆیان لە تالار (تەنیا تالاری ئەوکاتی شار لە تەنیشت دەبیرستانی پەهلەوی بوو) پێشکەش بکەن. یەکەم پێشکەشکاریەش بەر ئێمە کەوتووە و ئەبێ خۆت و رفیقەکانت ئامادە بن بۆ پێشکەش کردنی پارچە شێعرێک یان نوسراوەێک...

- دەی باشە چەندە کاتمان لە بەردەمدایە؟

- کەمتر لە دوو هەفتە. ئەبێ گرووپێکی کۆڕیش دروست بکەین بۆ خوێندنی سروودێک بۆ دەستپێکی بەرنامەکە.

- چ سروودێک؟ کوردی یان فارسی؟ ئەوەختە بۆ خوێندنی سروود و رێکخستنی کۆڕ کاتی زیاتر پێویستە.

- با سەر لە بەیانی سەردانی قوتابخانە بکەین، هەموو شتێکمان لێ روون ئەبێتەوە.

- دەی باشە با هەڵگورد و هاوژین و... ئاگادار کەینەوە

ڕۆژی دوایی نزیکەی دە پانزە کەس لە هاوڕێکان و چەند مامۆستا لە مەدرەسە کۆبووینەوە. بەرنامەی ئەنجومەن داڕژا. بەشیک لە شێعرە بە نرخەکەی شاعیری گەورەو بلیمەتی گەلی ئێران "سیاوەشی کەسرایی" لە ژێر ناوی "ئارشی کەمانگیر" بۆ کۆڕ هەڵبژێردرا و من و هاوڕێش بەشداری کۆڕەکە بووین.

 آری آری زندگی زیباست

زندگی آتشگهی دیرینه پابرجاست

گربیفروزیش رقص شعله اش

در هر کران پیداست

ورنه خاموش است و

خاموشی گناه ماست...

لەگەڵ ئەوشدا بریاردرا من و هاورێ و چەند ماموستا و قوتابی تریش بە نوسراوەو شێعرو پەخشان بەشداری ئەنجومەن بین. من بە خوێندنەوی شێعرێک (ناوی شێعر و شاعیرەکەم لە بیر نەماوە) ، ئەویش بە شیعری سوێندە گەورەی شاعیر و نووسەری پایە بەرز و بلیمەتی گەلی کورد ماموستا هەژار بەشداری ئەنجومەنمان کرد.

لە خەو ڕاپەڕن کێ کرێکارە

مەچنە سەر کار ئەمڕۆ یەکی ئایارە

خەبەر بنێرن بۆ نزیک و دور

کۆ وەبن هەڵکەن ئاڵایەکی سور...

خڵک پێشوازیێکی باشیان لە بەرنامەی ئەنجومەن کرد. بە تایبەت سروودی ئارش، شێعری سوێندە گەورە زیاتر پەسەند کران و هەردووکیان بۆ بەرنامەی تایبەت. دوابەرنامە، هەڵبژێردران و لە بەرنامەی تایبەتیش پێشکەش کران...

بۆ چەند سات، ڕەنگە زیاتر لە کاتژمێرێک، دەست بە کێل، سەر لە سەر گڵکۆ، چاوم نوقمی خەو بوو. بەدەنگ و هەراێک کە هەرکات نزیک ئەبووە و زیادی ئەکرد، لە خەو راچڵەکیم. دەنگی شین و ڕۆڕۆی کەسوکاری مردوێکی تازە ئەهات. بە ئاهەنگی لاوانەکاندا، وا دەرئەکەوت کە مردوەکە تازە لاوە. دەمەو ئێوارە بوو. هەتاو لە تەنیشت کێوی گمۆ بەرەو داکشان بوو. دیمەنێکی سێحراوی  ڕۆژئاوای ئاسمانی شاری داگرتبوو. سورایێکی تێکەڵ بە ڕەنگی زەردی خۆر، لە گەڵ تیشکی خۆر لە کەناری پەڵە هەورە بچکۆلەکان، سیماێکی ئەفسوناویی لە سەر ئاسمانی شارەکە خوڵقاندبوو. لە خۆرا نییە کە لە کۆنەوە وتوویانە" سوبحی سەردەشت و ‌غروبی بانە"

بەم ئێوارە وەختە هێزی هەستان و ڕۆیشتنم نەبوو. وزەێک تێم ئاڵا بوو، بە هیچ جۆرێک نەیدەهێشت لە گۆڕە پیرۆزەکە دوور ببمەوە.

هاوڕێ لە گەڵ ئەوەی کە خوێندکارێکی زیرەک بوو، هەر لەو تەمەنە کەمەدا تەبعی شێعریشی بوو. حەزی لە خوێندنەوەی شێعری کوردی و فارسی بوو. هەر بۆیەش جاروبار لە بەرخۆیەوە تەک بەیت، دوو بەیتی ئەوت. چلەی ماتەمینی شەهید بوونی یەکێک لە گەورە پیاوانی شارەکەمان بوو. بڕیاردرا قوتابخانەکەمان بە خوێندنەوەی وتارێک لەو مەراسیمەدا بەشداری بکات. وتارەکە لە لایەن مامۆستا رەسووڵەوە نووسراو لە سەر بریاری قوتابخانە، من بە نوێنەر  بۆ خوێندنەوەی وتارەکە، هەڵبژێردرام. لە ڕۆژی چلەی ماتەمیندا لە تەنیشت یەکدا بەرەو گۆڕستانی شار ڕێ کەوتین و، بەدەم ڕێگاوە وتارەکەمان مرور ئەکردەوە تا نەکا لە کاتی خوێندنەوەدا، توشی گیر و گرفت ببم. لە سەر گۆڕستان و پێش پێشکەشکردنی وتارەکە، کوتوپڕ وتی:

- ئەرێ بۆ شێعرێکی پێ زیاد نەکەین، تەنیا دوو بەیتیێک!

- ئاخر...!

- ئاخری ناوێ. ئەوەی ئەڵێم بینوسەو تەواو!

بەداخەوە تەنیا بەیتی دووم لەبیر ماووە و ئەویش ئەمەیە:

(بۆ ئۆستاد هاشمی ئەحمەدزادە)

تۆ شەهیدی گەل و هۆزی     گوڵی سوری نەورۆزی

گۆڕەپانی شۆرش و بزوتنەیەی ٥٧ هەتاوی تەواو ببوو. سەر و کەللەی هێزە سیاسیە ناوچەیی و سەراسەریەکان پەیدا و لە گەشەسەندنا بوون.

هەرکام لە هێزەکان خەریکی دامەزراندنی رێکخراوەو بنکەو بارەگای تایبەتی خۆیان بوون و بە پڕوپاگاندای رۆژانە، لە رێگای ڕۆژنامە و میتینگ و... هەوڵیان ئەدا لایەنگر و ئەندام بە لای خۆیاندا رابکێشن و پەرە بە هێزو رێکخراوەکانیان بدەن. من و ئەو کە سالیانی ساڵ بەیەکەوە هەلسوکەوتمان کردبوو، لە سەر مەسەلە و پرسیارەکان بەیەکەوە بیرو ڕامان گۆریبۆوە، بۆ ماوەێک لەیەک دابڕاین و ئەو بەرەو ڕێکخراوی ناوچەیی و منیش ڕووم لە ڕێکخراوەی سەراسەری کرد. بەلام سەرەڕای بیرو بۆچوونی جیاواز، لە یەک دانەبڕاین و بێ یەک هەڵمان نەئەکرد. دوای چەندمانگیش، پاش قسەوباسێکی زۆر، هاورێش بە رێکخراوی سەراسەری پەیوەست بوو، وەک جاری جاران لە خەبات و تێکۆشان ماندوونەناسانە هەڵئەسوڕا و کاری ئەکرد.

یەکەم شەڕی ناوخۆ یان شەڕی سێ مانگە دەستی پێکرد. رێکخراوەکان لە شار بەرو دێهات کشانەوە. لە ناو شار شانەی نەهێنیەکان کەوتنە تێکۆشان بە بڵاوکردنی وتار و بەیانییە خەلکیان لە بارو دۆخی ناوچەو وڵات ئاگادار ئەکردەوە. خۆپیشاندان، ریپێوانی جەماوەر و دروشم دان، بەتایبەت قوتابیان، وەک ئەرکی سەرشانی رێکخراوە نەهێنیەکانی هەموو هێزەکانی لێهاتبوو. چەند ڕۆژێک پێش جێژنی قوربان یەکترمان بینی و وتی:

- ئەزانی هێزەکان ئەیانەوێت بگرێنەوە ناو شار و هێزە نزامییەکان ڕژێمیش شارەکانی  کوردستان چۆڵ کەن و بەرەو پادگانە کان وەکشێن؟

-  ئاگاداری گەرانەوەیان هەم ، بەڵام بۆ کەی نازانم.

- هەر بەم زووانە.

 رێکخراویش هەواڵی ناردوە کە ڕۆژی جێژن لە گەڵ جەماوەرو خەڵکی ناو شار بەرو گۆرستانی شار بچین. بڕیارە لە گۆرستانیش جەند کەسێکیش قسە بکەن و دوای قسەکانیان، گەرانە وەیان لە شاخەوە بۆ ناو شار ڕائەگەێنن.

رۆژی جیژن لە گەڵ هاوڕێ، تێکەڵ بە خەڵکێکی زۆر، بەڵام بە بێدەنگی، دوور لە دروشمدان، بەرەو گۆرستان ڕێکەوتین. لە ناو جەماوەردا چاومان بە هەواڵانی شاخ کەوت کە بە نەهێنی هاتووبونەوە ناو شار. بۆمان دەرکەوت کە ئیمڕۆ ڕۆژە دیاریکراوەکەیە بۆ گەڕانەوە بۆ ناو شار. بۆ چەن مانگ ئارامی و هێمنی گرایەوە بۆ شارەکان، بەڵام بەداخەوە زۆری نەخایاند و دەنگۆی دەسپێکی دووبارەی  شەڕی ناوخۆ ئەهات و رۆژ بە رۆژ مەترسیدارتر ئەبوو. دواڕۆژەکانی مانگی خاکەلێوە سایەی شەڕ بەتەواوی رو لە زیاد بووون بوو، خەڵکی شار بە تەواوی دڵنگەرانی داگیرسانی شەڕ بوون. هاتوو چۆی هێزە نزامیەکان و فڕۆکە و کۆپتێرەکان روولە زیاد بوون بوو.

دەمەو نیوەڕۆ لە گەڵ دۆستێکی ترمان، لە دوکان سەردانی هاوڕێمان کرد. کزومات لە سەر کورسیەکە دەستەوئەژنۆ دانیشتبوو.

- کوڕینە هەواڵ چییە؟

- بارودۆخ ئاڵۆزە. لە سنە لە نێوان هێزی پێشمەرگە و ئەرتەش و سپا  شەڕ دەستی پێکردوە. ئەگەری ئەوەش هەیە شەڕ لە هەموو شارەکانی کوردستان دەست پێبکاتەوە...

- لەوانە گەڕێن، دنیا بەخەمان پێکنایا. دەمەۆ نیوەڕۆیە، دایکم دۆڵمەی ڵێناوە!

ئەچین بۆ ماڵی ئێمە. پێشنیار ئەکەم دوای نان خواردن، بچین بۆ پیرمراد بۆ مەلەکردن.

لە نانخواردن تەواو بووین، دەستمان بۆ چایی برد. دەنگی کۆپتەر هات، کۆپتەری دووپەروانە. ماڵی هاوڕێ بە بەرزاییەوە بوو و پادگانی شار بە باشی ئەبیندرا. کۆپتەرەکە لە پادگان نزیک بووەوە، لە پشت بیناکانی نێو پادگان خەریکی نیشتن بوو. لە ناکاو دەنگی گولەیەک هات، کێ بوو؟ ئێستاشی لە گەڵ بێت کەس نەیزانی و کەس خۆی نەکرد بە ساحەبی.

ئێتر دوای چەند چرکەیەک لە لایەن پادگانەوە و بە بیانووی تەقە لە کۆپتەرە، تۆپباران و خۆمپارەبارانی شار دەستی  پێکرد. هاوکات دوای دەستخۆشی لە دایکی هاورێ و خواحافیزی بەرەو ماڵی خۆمان ڕیکەوتین. هەمان ڕۆژ جەند کەس بونە قوربانی شەڕێکی نەخوازراو و داسپێنراو.

شەو درنگان و لەتاریکاییدا و دوای تۆزێک هێوەربوونەوەی تۆپباران، لە سەر ڵاڵانەوە و پاڕانەوەی بنەماڵە، لە شار دەرچوم، بەرو دێهات ڕێکەوتم...

- ئا پێم بڵێ بۆچی بەم ئێوارە وەختەو بە تەنیا بۆ گەیشتوویتە ئێرە؟

من کە نوقمی خەیالی خۆم بووم داچڵەکام و ڕوانیم لەو شوێنەی کە دەنگەکە هاتە گوێم.

ـ بۆ میرزا هاورێ؟ رەنگە بووی بە ئاغا یان کوێخای ئاوایی؟ ئەبێ بۆ هاتنی ناودێ ئیزن لە جەنابت وەربگرم؟

دایە قاقای پێکنین و لە سەر بانکە هات بەرەو پیرم.

 بەرەو دەرکەی مزگەوت بۆ خوێندنەوەی هەوالەکانی بەرەی شەڕ بۆ جەماوەری ئاوارەو گوندەکە ڕیکەوتین.

کەمتر لەهەفتەێک لە گەڵ هاورێ و چەند لایەنگریتر، لە دێیەک یەکمان گرتەوەو، لە ماوەی نزیک بە دوو مانگی شەردا، ئەرکی بڵاوکردنەوەی بەیانییەو ئێعلامییەی ڕۆژانە، بەتایبەت بۆڵتەنی هەواڵەکانی شەڕ، لە دێهاتەکانمان پێسپێردرا و رۆژانە هاتووچوی هەفت هەشت دێ مان ئەکرد و بە چسپاندن و خوێندنەوەی بۆڵتنەکان بە کوردی (ئاخر ئێعلامییەکان بە فارسی نووسرابوون)، خەڵکی ئاوارەو دەربەدەر و خەڵکی گوندەکانمان، لە بارو دۆخی شەڕ، بە پانتایی کوردستان ئاگادار ئەکردەوە.

شار و دەسڵاتی شار کەوتەوە دەستی حکومەت. شار و شەقام ڕەنگ و بۆی مردووی لێنیشتبوو. تەقەی شەوانەی تۆپ و خۆمپارە  بەرودەری شار و جارو بار هێرشی شەوانەی هێزی پێشمەرگە بۆ سەر بنکەکانی حوکمەت لە ناو شار، خەڵکی هەراسان کردبوو، خەوی لە چاوی دانیشتوانی شار بڕی بوو. ڕۆژانە بە دەیان کەس ئەگیران و ڕەوانەی بەندی خانە ئەکران. بەشێکیان دوای شەقخواردن و ئەشکەنجەیەکی زۆر ئازاد  ئەکران، هەندێکیان زیندان و تاک تکیش ناجوانمێرانە لە سێدارە ئەدران. بارو دۆخی شار هەتا ئەهات ئاڵۆزتر ئەبوو. زۆربەی خەڵک بەتایبەت لاوان و قوتابیان لە ژێر فشار و چاودێرییا بوون. لە گەڵ پەیا بونی هەندێ بەکرێگیراو و خۆفرۆش لە نێو جەماوەر و قوتابخانەکاندا، ئەم فشار و گوشارە زیاتر ئەبوو. لە گەڵ ئەوەشدا شانە نەهێنیەکانی سەر بە هێزەکان، خەریکی خۆرێکخستنەو چالاکی لە ناو شاردا بوون. هاوڕێش لەم فشارو پەلاماردانەدا بێبەش نەما.

 لە شەوێکدا و بە هێرشکردنە سەر مالیان بۆ گرتنی یەکێ لە ئەندامانی بنەماڵەکەیان، ئەویان بەردەست کەوت و بێ هیچ لێکۆلینەوەیەک، پێش خۆیان دا و بە بنەماڵەیان ڕاگەیاند تا خۆبەدەستدانی ئەوەیتریان، وەک بارمتە لە بەندیخانە ئەمێنێتەوە. بەڵام گرتنەکەی ئەو بێسوود بوو. نە ئەو ئەندامەی بنەماڵەکەیان خۆی رادەست کرد، نە لە هاوڕێش هیچیان هەڵکراند. بە ناچار دوای ماوەیەک لە زیندان ئازاد کرا.

بەبۆنەی درێژەدان بە خوێندن، ماوەێک لە یەک دوور بووین. دەستم برد بۆ قەلەم و نامەێکم بۆ نوسی. لە کەمترین کاتدا وڵامی ئەوەلین و ئاخرین نامەکەمی بە هەست و سۆزێکی زۆر دایەوە. بۆ ئاخرین نامە؟ ئاخر رووداوە دڵتەزێنەکە لەوە زیاتر مەودای نەدا. لە ناوەرۆکی نامەکەیدا (پاش زیاتر لە ٣٧ ساڵ نامەکی هەر لام ماوە) بیری خزمەت بە هەژارانی لە یاد نەچو بوو. ئەمە بەشێک لە نامەکەی:

'هاوکار دۆستی دێرین، هیوادارم درێژە بە خوێندن بدەیت. کۆمەڵگای ئێمە نیازی زۆری بە مرۆڤی پسپۆڕ و شارەزا، هەلبەت بە ویژدان و شەرافەتمەند  لە بوارە جیاجیاکاندا بۆ خزمەت گوزاری هەیە. هیوادارم لەم رێگەدا هەنگاوی باش بنێیت و خزمەتی خەڵک و کۆمەڵگا بکەیت."

خۆی ئامادە ئەکرد کە لە کۆنکور و تاقیکردنەوە ساڵی داهاتو بەشداری بکات و ئەوجۆرەی کە ئارەزوی هەردووکمان بوو، لە رشتەی پزشکی وەر بگیرێ و بەم شیوە لە خزمەت گەل و نیشتمانەکیدا بێت.بەڵام بەداخەوە، زۆر بە داخەوە....

هوا ڕو لە تاریکی بوو. خۆر خۆی لە پشت کێوەکانی رۆژئاوای شار حەشار دا و وردە وردە ئەستێرەکان رۆخساری گەشی خۆیان لە سەر ئاسمانی ساف و بێگەردی شار و گۆرستانی شار دەر ئەخست وخۆیان ئەنواند. خووم بە تاریکی شەو گرتبوو، هێزی رۆشتن و جودابوونەوەم  لە گۆڕستان نەبوو...

سەر لە بەیانی بوو، لە هۆڵی نووستنەکەماندا، دەستەوئەژنۆ دانیشتبووم. جیی نووستنەکەمان یان خابگاکەمان، هۆڵێکی "دە لە دە " بوو بە دەورا تەختی دوو تەبەقە، سی وچوار کەسی تێدا دەژیاین. لە نانخواردنی بەیانی ببوومەوە و بیرم لە ئەزموونی ئاخری دەورە واتە ئاخری ترم ئەکردەوە. لەپەڕ و لە ناکاو، کاکی برام خۆی بە ژووری هۆڵەکەدا کرد. پاش چاک و چۆنی، پرسیارم کرد:

خێرە بەم بەیانییە زووە گەیشتووتە ئێرە؟ بە دەنگێکی نەوی و لەرزۆک، بە حوزن و ماتەمێکی زۆر و بە چاوی فرمێسکاویەوە، ئەوەی نەدەبا بمبیستایە بیستم. ئەوەی نەدەبا ڕووی بدایە ڕووی دابوو. هەواڵ تاڵ و ناخۆش بوو. هەواڵ هەواڵی رووداوێکی دڵتەزێن بوو.

وەک هەمیشە، وەک ساڵانی رابوردوو، ئاشقی ئاو و چەم و ڕووبار و ماسی بوو. لە کەناری هەر چۆم و ڕووبارێک ئەگوزراین، حەزی ئەکرد خۆی لەئاوەکە هەڵکێشی و بۆ چەن ساتێک خۆی لە باوەشی ئاوی هەڵقولاو لە کوێستانەکانی نیشتمانەکی بخات و یەکتر لە ئامێز بگرن.

هاوڕێ، لە بەربەیانیێکی یەکەم مانگی هاویندا، لە ڕۆژێکی ناوەڕاستی مانگدا و لە گەڵ کەس و کاریا و بە ئامرازێکی کارەباوە، بەرەو گۆم و چەم رێ کەوتن. بە بزەی هەمیشەیەوە خواحافیزی لە دایکی کرد. دایکی بۆ یەکەم جار و دوا جار بە دڵنگەرانیێکی زۆر و لە رادەبەدەر، لێی ئەپاراوە و ئەیوت "ڕۆڵە خەوی ناخۆشم دیوە، مەچۆ بۆ چەم و رووبار، با تووشی کێشەو گیروگرفت نەبن،"

هاوڕێ بەدەم پێکەنینەوەو بەدەم ڕێەوە وڵامی ئەدایەوە ئەیگوت "دایکی ئازیزم دڵنگەران مەبە و ئەم جاریش وەکو جاری جاران بە سڵامەت دێینەوە."

هەر زوو، زۆر زوو خۆی لە گۆمەکە هاویشت. تا دەستی گەیشتە ئاو، تەزووی کارەبا بە گشت گیانیدا گەڕا. هاوارێک بەرز بووەوە. پڕ بە کویستانەکان قیژاندی و کوێستانەکانیش قیژەکەیان بۆیان ساندوە. کەس و کار لەو قیژە و هەرایە واق مابوون و بە تاسەوە ڕوویان لە شوێنی قیژەکە کرد. هەموویان چاویان بڕیبووە ناو چاوانی هاوڕێ. هەر هەموویان لە جێی خۆیان وشک ببوون و هێزی ئەژنۆیان نەبوو. هەموویان تلیسم کرابوون. وەک بڵێی تەزووی کارەبا ئەوانیشی گرتبێت. ئەویش بە تاسەوە  لەوانی ئەروانی. پەیتا پەیتا هاواری ئەکرد، بەڵام ڕەنگە گوێیەک بۆ بیستن نەبوو. هەموو گوێکان کەڕ ببوو. هاواری هاوڕی هەرکات ئەهات نزم و نزمتر ئەبوو، تا وای لێ هات دەنگی بە هیچ کەس نەئەگەیشت. دەنگی تەنیاوتەنیا بە ئاستەم لە نێو گەرووی خۆیدا خولی ئەخواردەوە. ڕەنگی نائومێدی لە چاوانیا خۆی نیشان ئەدا و کەم کەم بەرەو نوقەمبوون لەو گۆمە شومەدا ئەڕۆیشت، لە دواساتەکانی ژیانیدا ڕوو لە ئاسمان، ماڵئاوایی لە ژیانی پڕ لە خۆشی و ناخۆشی و هەموو ئاوات و ئارەزووەکانی کرد. ئێتر نە دەنگ ماو نە هەرا و هوریا. ئاو مەند و ئارام میوانێکی خۆشەویستی لە باوەش گرت.

هەمیشە ئەیوت: "من و ماسی، هیچکاممان بێ ‌‌ئاو ناژین. ئه‌گه‌ر ڕۆژێ له‌ رۆژان رووبارەکان تووشی وشکایی بێن، ئه‌وا من و ماسی دوچاری کاره‌ساتی مه‌رگی ناوەخت ئه‌بین."....

شەو دڕەنگانێک بوو. مانگە شەو بوو. مانگ لە ناوەڕاستی ئاسماندا ئەدرەوشایەوە. دەستم لە کێلی بەردا و بە یەک دنیا بیرەوەری و فکر و خەیاڵەوە ڕوم لە شار کردو بەرەو شوێنی نادیار رێکەوتم...

١٧/٤/ ١٤٠١