ما 238 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

غەفوور ساڵحی

 کاکە، کە تا ئەوکات ڕوو لە پەنجێری گەورەی هۆڵەکە، لەسەر مۆبلی بەرامبەری دانیشتبوو و گوێی بۆ خوشکی شل کربوو، هەستا چووە لای و باوەشی پێدا کرد. نەرگس بە کوڵی گریانەوە، سەری بە نیو شان و ملی کاکە سپارد. کاکە دەستی بە سەریدا هێنا:«دەزانم نەرگس گیان، من هەموو شتێک دەزانم و بگرە لەتۆ باشتر لەم مەسەلە ئاگادارم. منیش وەک تۆ، پێم سەیرە بۆچی خۆی کوشت... 

 

هەستی پووکانەوە

غەفوور ساڵحی

  «گوتی: (کە بیرت لەمردن کردەوە، ئەوە دەسپێکی مردنتە)؛ دوو جار ئەو قسەم لێ بیست. یەکەم جاریان کە ئەوەی پێگوتم، کاتێک بوو کە گەیشتینە جێ و پێمان نایە یەکەم کەمپی غەریبایەتی. ئەرێ برای خۆشەویستم، من هەمووم لە بیر ماوە. پێموانییە هیچ شتێکم لە بیر چووبێتەوە. ئەو کات، مەبەستی لەو ڕستە من بووم، نەک خۆی. ئەو خەمی منی بوو. بگرە لەوەی دەترسا کە شتێک بەسەر خۆم بێنم. ئاخر کاکە گیان خۆ بۆخۆت دەزانی و هەمووتان دەزانن، من بووم کە خەمۆک و داماو بووم نەک ئەو. من دەمزانی کە ئێوە لێتان ڕاسپاردووە کە ئاگای لە من بێ؛ ناحەقیشتان نەبوو. من لەوێش، کێشەی خەمۆکیم زیای کرد و کەمی نەکرد. بۆیە ئەڵێم کێشەی من زیای کرد، کە زینم لەوێ زۆرتر گوماناوی بوو. لە سەر زۆر شت ساخ نەدەبوومەوەو و زەین و ڕۆحم زۆرتر تووش ڕاڕایی و وازواز ببوو. ئەویش بەوەی دەزانی و ئاگای لێم بوو. ئەو بوو کە نەیدەهێشت نیگەرانییەکانم پەرە بستێنن. ئەو نەک وەک من کێشەی فکری و دەروونی نەبوو، بەڵکوو زۆر دڵ ئەستوور و بەجەرگ بوو. زۆر بە من ڕادەگەیشت. بۆ ئانێک لێم خافڵ نەدەبوو. ئەوەندە بە خەم منەوە بوو، بۆیە پێموایە لەبەر من ئاگای لەخۆی بڕابوو. دیارە لە ڕێگەی بەرەو هەندەران، هەتا لەشوێنێک جێگیر بووین و ئۆقرەمان گرت، گەلێ کێشەمان هەبوو. ئێمەش وەک هەموو کۆچبەرانیتر، سەختیمان زۆر کێشا. بەڵام ئەو زۆر ژیرانە بەشوێن کارەکانەوە بوو. هێندەی نەخایاند، هەموو شتێکی جێبەجێ کرد و کەمپمان جێهێشت و وەک پەنابەر وەرگیراین. تێکەڵی لە گەڵ خەڵک بوو و توانایی پێوەندی سازکردنی زۆر بوو. بۆیە ئەڵێم ئێمە لە چاو دیکەی کۆچبەرانەوە، کێشەمان کەمتر بوو. ئەو، بە لای منەوە، ئەو کوڕی ڕۆژە دژوارەکان بوو. ئەمانە و زۆر شتی تریش ببوونە خاڵی بەقەوەتی ئەو. کەچی! کەچی نازانم بۆ لە ناکاو وای لێهات؟ هەرچی بیری لێدەکەمەوە، سەری لێ دەرناهێنم! بۆ ئەوە ڕوویدا؟! نازانم! باوڕ کە نازانم بۆ! هەزار حەیف، من تەنها یەک لایەنی ئەوم دەناسی. ئەوم ئازاو چاو نەترس دەهاتە بەرچاو. هەر واش بوو. ژیانمان لەوێ خراپ نەبوو و سەرقاڵ بووین. من سەرقاڵی مامۆستایی خۆم بووم و ئەوێش کێشەیەکی ئەوتۆی نەبوو. بەرچاوتاریک و بێ ئومێد نەبوو. بە تایبەت ئەو بە هونەرەکەیەوە سەرقاڵ بوو. خوا دەنگێکی خۆشیشی دابوویەو لەگەڵ ئامێری مۆسیقاش ئاشنا بوو. دەی ناحەقمە کە دەڵێم سەرم لەو ڕووساوە سووڕ ماوە؟! کاکە نازانم بۆ وای لێهات! نازانم، نا! هەڵبەت ئێستا کە بیر دەکەمەوە، لەم دوواییەدا بەرەبەرە لە قسەکردنیدا هەستم بە گۆڕان دەکرد، تەنها لە قسەکردنیدا، نەل لە ڕەفتار و هەڵسوکەوتی. دەی خۆ من ئەو شتەم لە هەموو کۆچبەرەکاندا بەدیدەکرد. ئەرێ کاکە گیان ئەویش وەک هەمووان لەحنی گۆڕابوو. مەسەلەن لەبەر خۆیەوە دەیگوت:(بەرد لە جێی خۆی سەنگینە)، یان دەیگوت:(بەهەشتم نیشتمانەو بەس.) ئێستا کە بیری ئەو ڕۆژەی دەکەمەوە، تەزوێکی سارد دڵ و دەروونم دادەگرێ ڕۆژێک بوو وەک هەموو ڕۆژەکانمان. گرفت و کێشەیەکی تازەشمان بۆ پێش ناهاتبوو کە وا بڵێ، ئەو ڕۆژە گوتی: (ئەم غەریبایەتییە شتێکی پیسە. هەستێکی سەیر و ڕەمزاوییە. جۆرێکە. جۆرە هەستێکە نازانی بڵێی چۆنە. شتێکە وەک بێتاقەتی، بەڵام بێتاقەتییەکی بێ کۆتایی. دەی شت لەوە پیستر هەیە؟!) دەیگوت: (ئینسان کە پێی لە زێدی خۆی بڕی، بەرەبەرە هەست بە پووکانەوە دەکات.) سەرەتا ئەو جۆرە قسە کردنانەی، بۆم تازە بوو، بەڵام چون هەڵسوکەوتی هەر وەک جاران بوو، بە لامەوە ئاسایی بوو. بۆخۆشم ئەو هەستەم بوو. ئەو جۆرە قسەکردنە لە نێو پەنابەراندا بە وفوور و ئاسایی بوو. منیش هیچ عەقڵم بەوە نەدەشکا، ئەو قسانە لەوانەیە ڕۆژێ لە ڕۆژان، کەڵەکە ببن و بیبەن بەرەو بڕیارێکی ئاوەها ترسناک.»

    بێدەنگ بوو. لێوەکانی دەکرۆشت. سەری داخستە سەر کۆڵەکەی ئەو دەستانەی کە بێئاگا پەنجەکانی نەدەسرەوتن. قامکی قاچەکانیشی هەر بەرز و نزم دەبوونەوە. دووچاوی ڕەشی ئاو تێزیاوی، بڕییە ڕووکاری سپی میچەکە. وەک نزا بکات و بپاڕێتەوە. کاکە، بەسەبر لێی گەڕا هەتا بەدڵ بگری: «بگری نەرگس، بگری، گریان خراپ نییە، بەتایبەت لەم دۆخەی تۆدا.» نەرگس خۆی کۆکردەوەو و چاوە تەڕەکانی بە دەسماڵ کاغزییەک سڕی و: «بەڵێ کاکە گیان، خەڵکی زۆر قسەو قسەڵۆکیان لەسەر ئەم کارەساتە بۆ ساز کردووین. بە تایبەت بۆ من. بەڵام گوناحی من تەنها ئەوە بوو، کە عەقڵم پێ نەشکا و نەمزانی ئاوای لێ دێ. من لەخۆم دەترسام، بەڵام لەو دڵنیا بووم، دڵنیاااا، ئەوە بوو گەورەترین هەڵەی من!» گریان ڕێگەی پێنەدەدا، بەهاسانی بەردەوام بێ. بەدەم قڵپەی گریانەوە بەردەوام بوو: «جیابوونەوەمان بە ڕەزایەتی هەر دوو لا بوو. کە بڕیارمان دا لێک جیا بینەوە، کاتی خواحافیزی گوتی: (لەبیرتە کە گێشتینە یەکەم کەمپی کۆچبەران، چم پێ گوتی؟! ئاها گوتم کە بیرت لە مردن کردەوە، ئەوە دەسپێکی مردنتە)، کاکە گیان! ئەوە بۆ دووهەم جار بوو ئە ڕستە دڵتەزێنەم لێ دەبیست. کە وای گووت ڕاچڵەکیم؛ هێشتا من هەر وەمدەزانی بەخەم منەوەیە و لەگەڵ منیەتی. بەتایبەت کە قسەکەی خۆی ئەوا تەواو کرد: (بۆیە دەبێ ئاگات لەخۆت بێ)، دەی ئاخر من چۆن بزانم، ئەمجار لە گەڵ خۆیەتی، نەک لەگەڵ من!» وەک، لەرز گرتبێتی. خۆی دەڕاژاند:«ئەی خوایە، خۆ بۆ خۆت ئاگات لێبوو و، دەتزانی کە من ئەوم دەویست، ئەویش منی دەویست. ئەی بۆ هێشتت لێک بپچڕێین؟! بۆ لێکت کردین خوایەگیان؟! بۆ؟! بۆۆۆۆ؟!»

     کاکە، کە تا ئەوکات ڕوو لە پەنجێری گەورەی هۆڵەکە، لەسەر مۆبلی بەرامبەری دانیشتبوو و گوێی بۆ خوشکی شل کربوو، هەستا چووە لای و باوەشی پێدا کرد. نەرگس بە کوڵی گریانەوە، سەری بە نیو شان و ملی کاکە سپارد. کاکە دەستی بە سەریدا هێنا:«دەزانم نەرگس گیان، من هەموو شتێک دەزانم و بگرە لەتۆ باشتر لەم مەسەلە ئاگادارم. منیش وەک تۆ، پێم سەیرە بۆچی خۆی کوشت. من لە هەموو ئەو شتانەی تۆ باست کردن، ئاگادارم. بە ماڵی خۆمان و ئەوانیشم گوتووە. خوشکە جوانەکەم، گوێم لێبگرە و گوێی قسەی خەڵکی مەدەرێ. من دوای ئەوەش لێک جیا بوونەوە، پێوەندیم لەگەڵ ئەو، هەر نەپچڕا. پێکەوە قسەکردنمان نەک کەمی نەکرد، بەڵکوو زیاتر لە جاران زەنگی بۆ دەدام و زەنگم بۆ دەدا. منیش وەک تۆ یەک جاریش هەستم بەو مەترسییە نەکرد. ئەو هەر بە تەما بوو بێتەوە لات. ئەو دەیگوت:(نازانم بۆ جیابووینەوە.)، دەیگوت: (ئێمە لە چاو دیکەی کۆچبەران، کەمترین کێشەمان هەبوو.) دەیگوت: (نازانم بۆ لە وڵاتی خۆمان، بەو گشتە کێشەو قەیرانانەوە، کەمتر بیر لە لێکجیابوونەوە دەکەینەوە، کەچی کە هاتینە هەندەران، کێشە بچکۆلانەکانیشمان، وەها لێ دەبووە دێوودرینج، دەرقەتیان نەدەهایتین و بەسەر یەکدا دەمانگوڕاند.) دەیگوت: (مێشکی مرۆڤی پەنابەر، هێند کز و بەرتەسک دەبێتەوە، هێزی نییە بگەڕێت بۆ چارەسەر.) دەیگوت: (دڵی مرۆڤی کۆچەری، وەها بچووک دەبێتەوە کە جێگای خۆیشی نابێتەوە، چ بگا بە یەکێکیدی)، دەیگوت: (هەر بۆیەش زۆربەی پەنابەران، کە گەیشتنە جێ، کێشەکانیان لێ قوڵ دەبێتەوە و هێند لەسەر کێشەو ئاریشەکان زەق دەبنەوە، بیریان ناچێ بۆ چارەسەر و دەچنە دۆخێکەوە، مل دەدەن بە هاسانترین، بەڵام ترسناکترین بڕیار. بڕیاری جیابوونەوە و لێکترازانی بنەماڵەو ژیانە هاوبەشەکان. وەک ئەوەی ئەم جۆرە بڕیاردانە لە نێو پەنابەراندا، بووبێتە چاولێکەری.) ئەرێ خوشکی من! ئەو دەیگوت: (لە تاراوگە، دووری لە خزم و خێزان و ماڵ و منداڵ و  زێدی خۆت، دەتبات بەرەو هەست بە دڵتەنگی و تەنیایی و غەریبایەتی و، بەرەبەرە دەتڕووخێنێ. هەر بۆیەش جیابوونەوە بەلاتەوە هاسان و ئاسایی دەنوێنێت. جیابوونەوە دەبێتە مۆد و وەک ویرووسێک هەموو بنەماڵە کۆچبەرەکان دەتەنێتەوە)؛ ئەرێ خوشکی من، چاو کە! خۆ ئەو کارەساتە تەنها لە تۆ ڕووی نەداوە. ئەوەی ڕوویداوە، نە یەکم بووە و نە ئاخریش دەبێت. تۆ چاولێکە؛ سەرەڕای دەیان و سەدان و هەزاران بەسەرهات و ڕووداوی ناخهەژێن و ڕۆحتەزێن، کەچی ژیانەکان هەر بەردەوامن و ئێستا ئەوەی بووە، بووە و، تازە هیچی لەگەڵ ناکرێت.» دوای ئەوەی توانی هەندێک ئارامی بکاتەوە، دەستی برد هەر دوو شانی خوشکی گرت و ڕایژاند و دواجار هەستایە سەر پێ. بەرەو پەنجەرە بوو و، پەردەی لادا. تای ناوەڕاستی پەنجەرەی کردەوە و، هەناسەیەکی قووڵی هەڵمژی: «هەستە وەرە لام، وەرە قووڵ بڕوانە ئەو دەرەوە» نەرگس، هەستا و چووە لای. کاکە:«تماشا ئەو هەموو ماڵ و مەنزڵ و خانوبەرە چۆن تێکهاڵاون! لەو هەموو مەخلوقاتە ورد بەرۆ، کە وەک مێروە عەجەمە دەجمێن! تۆ وا دەزانی هەر ئیمە لێمان قەوماوە؟ هەر لە ناو ئەو حەشیمەتەدا زۆرن ئەوانەی زۆر کارەساتی جەرگبڕتر لەوەی ئێمەیان ئەزموون کردووە و کەچی وەک دەبینی، ژیان هەر بەردەوامە. خوشکی من، هۆکاری سەرەکی ئەو کارەساتانە، تۆ نیت، من نیم، ئێمە نین، کێ هەیە پێی خۆش نەبێ لە زێدی خۆی و لە ئارامیدا بژی. هۆکارەکەی ئەوانەن کە ئاوەکەیان لێڵ کردووە و قوڕاوەکەیان خەستتر کردووە و خەڵکی لێک دەکەن بە دوژمن و خۆشیان پاڵیان لێداوەتەوەو. ئەرێ خوشکی من، تۆ نەک خەتابار نیت، بەڵکوو بەو کارەی دوای مردنی هاوژینەکەت، کردت، نەک قسەو قسەڵۆکەکانت کاڵ و پووچەڵ کردنەوە، بەڵکوو بەشێکی زۆر لەو دڵانەی لێت دوڕدونگ و زیز بوون، وشیار و ئارام کردەوە. ئەو کارەی تۆ کردت، کەم کەس دەتوانێ بیکات. تۆ لەدوای جیابوونەوەشت، کارێکی گەورەت لە ئەستۆ گرت و بەڵێنی خۆت بردەسەر! بەو کارەت، گشت بوختانەکانت پووچەڵ کردنەوە خوشکی من!» نەرگس کە گوێی بە کاکی سپاردبوو و ئارام لەو دەرەوی دەڕوانی و هێشتا وردەهەنیسکەی دەهاتێ، گوتی: «کاکە بۆ من چیم کردووە؟» کاکە: «چیت کردووە؟! بۆ وادەزانی ئەو خەڵکە کوێرە و نابینێ؟! تۆ وادیارە چون لەو قسەو قسەڵۆکانە ئازارت دەچێژی، نازانی کە بە ڕاپەڕاندنی ئەو ئەرکە قورسە، بەوەی کە نەتهێشت کەس بە هێنانەوەی تەرمی هاوژینەکەتەوە ماندوو بێت، زەینی خەڵک و ئێمەو ئەوانیشت بەجارێک گۆڕی. دەزانی ئەوە چەن کارێکی سەخت و ئەستەمە؟! خۆت، تەنها خۆت، ئەو کارەت بە ئەستۆ گرت و لەوسەری دونیاوە مەیتێکت بە کۆڵی خۆت گەیاندە ئێرەو، خواستی دڵی هاوژینەکەت بەجێ هێنا و بە سڵیمانبەگت سپارد. ئەرێ دادەگیان، وەک ئەوە وابوو کە بە کۆڵی خۆت ئەوت گەیانبێتەوە زێدی خۆی.» نەرگس، ئارام ببوەوە. نەرم و لەسەرخۆ گوتی: «نا کاکە من کاریکی سەیر و سەمەرەم نەکردووە. من ئەوەم بۆ دڵی خۆم کردووە و بەس. ئێستا دەزانم، نەدەبوو ئێمە لێک جیاوەبین. نازانم بۆ ئەوانەی دەبنە پەنابەر، هەر کە نیشتەجێی تاراوگە بوون، هەستەکانیان دەگۆڕێت و لێک دەترازێن. پیم سەیرە کە، خۆشم دەویست و خۆشمی دەویست، کەچی بۆ وای لێهات؟! نازانم بۆ وا بە هاسانی و لەسەر هیچ، کردمانە چاولێکەری؟ ئەو بیرو بۆچوونە نەفرەتییەی (ئێمەش دەتوانین جیا وەبین، وەک هەموو ئەوانەی زۆر ئاسایی لێک جیا دەبنەوە، ئاوامان باشترە)، ژیانی هاوبەشی ئێمەشی لێکترازاند. دیارە کێشەمان هەبوو، بەڵام ئێمە نەگەیشتبووینە ئاخری خەت. ئێمە دەمانتوانی بەردەوام بین و لە خەم و خۆشییەکانماندا هەتا سەر هاوبەش بین. نانا من خەتابارم کاکە گیان! خەتابارم چون ئەوم نەناسی! ئەوێک کە وەک ڕەگی مل پێم نزیک بوو، کەچی نەمزانی دوور لە زێدو نیشتمان، تەنانەت، بەهێزترین و زاناترین کەسانیش، لە مەترسیدان. ئێستا دەزانم کاکە گیان! ئێستا دەزانم کە بۆچی خۆی کوشت. دەزانی بۆ؟! چونکا ئەو کە بێتاقەتی زێدی خۆی دەبوو، بۆنی بە منەوە دەکرد. من بۆ ئەو ببوومە نیشتمان و ئەگەر ئەوەم لەوە پێش زانیبا...