ما 728 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ئەحمەد رەزا

 ڕووداوەکان لە بنەڕەتدا پەیوەنددار نیین و سەربەخۆن، بەمجۆرە وەک ئەبستیمێکی هۆکارگەریی تەماشا ئەکرێ، لەبەرئەوە گەر ڕووداوەکان بە تەنیشت یەکەوە یان دووبارە نەبن، ئەوا سەربەخۆن، بەڵام بە ئەبستیمی هەڕەمەکیانە ئەبنە پەیوەنددار.. بەو مانایەی ئەبستیمی هۆکارگەریی هەڕەمەکییانە خوێندنەوەی ڕووداوەکانەو ئەبستیمی هۆکارگەریی سروشتیی دەرەنجامە.

 

خوێندنەوەیەکی سیمیۆتیکی بۆ "لەبەر ئاوازێک نایەوێ ببێتە گۆرانی"

ئەحمەد ڕەزا

بەشی یەکەم

پێکهاتەی دەق بەرهەمی ڕێ و جێ دۆزینەوەیەی ڕێسایی زمانەوانیی و پێکهاتەیی و دەلالیی و دەماودەم پێکردنە واتە بەکارهێنانی.

 لە ڕووی ڕەوابێژییەوە، لە تیۆرە نوێیەکانی زمانەوانیدا، گوتاری بگۆ لەم سێ بارە بەدەر نییە:

ڕازی کردن بە هەڵە و ڕاستیی.

ڕازی کردن بە دادپەروەرو زۆردار.

رازی کردن بە سوودبەخش/ سەربەرزانە و زیانبەخش/ شەرمندە.

 شێوازگەریی لە بنەڕەتەوە پەیوەستە بە جۆری ڕەوانبێژییەوە، لەسەر ئەو گریمانەیەی ڕەوانبێژییەوە، وتاردەر ئەتوانێ شێوازی خۆی بدۆزێتەوە.

 لە وردەکاریی بابەتی ڕەوانبێژییەکەدا، نوسەر یان شاعیر بە جیا لە گوتاری سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیی، ڕێگەی تر شک ئەبا، بۆ ڕازیکردنێکی هەستیی، وا لە زەینی وەرگر ئەکا، بە جۆرێکی تر ڕەزامەندی لەسەر جیاکردنەوەی ڕەش و سپییەکان بدات، بەو شێوازە ئەدەبیی و شۆڕبوونەوەیە بە زمان و باری دەروونیی وەرگردا، لە ڕێگەی هەستکردن بە پێداویستییە سایکۆلۆژیی و ئیستاتیکیەکانی وەرگر.

  لەم سەرەتا تیۆرییەوە دەقەکانی ناو کتێبی شیعریی " لەبەر ئاوازێک نایەوێ ببێتە گۆرانی"ی شاعیری نوێخواز " تەڵعەت تاهیر" ئەخوێنمەوە، کە بە ڕای من خوێندنەوەی جیاوازی پێویستە.. بە زمان یان بە ئاخاوتنی هەمووان وێنەکان دائەڕێژێ و بەرەو پنتێکی جیاواز ئاراستەمان ئەکا.. ڕەنگە سەرسامیمان لە باری جیاوازدا لە پێکهاتەی زمانەوانیی و چنین لەو کەرەستانەوە بێ، کە لە بەردەستی هەموواندایەو خۆشڕەون، بەرامبەر بەوەی سەرنجی هەمووان ڕائەکێشێ بەرەو داهێنان، بەرەو نوێگەرییەک لە بەرهەمهێنانی ماناو بینینەوەی دیوێکی تری. کە ئەم جۆرە کارکردنە، دروست لە عەرەبیدا پێی ئەوترێ " السهل الممتنع" ئەو ئاسانەی دووبارە کردنەوەی ئاسان نییە.

" د. جمیل الحمداوي" ئەڵێ: ئێستە زانستی سیمۆتک دەق شی ئەکاتەوەو ڕاڤەی ئەکا، جا چ وتراو یان نوسراو بێ، لە ڕووی" کۆمەڵە پەیوەندییەکانی ناو زمان و گونجان و ئینتەرتێکست و ڕەوت و مەبەستگەرایی و کۆنتاکت و دینامیکی و هێرمنیۆتیکی و ئاوێتە بوون و زیرەکیی دەستکردو بەرهەمهێنان و گۆڕین و کات و ئاسۆگەو ژینگەو پێکداچوون و چنینی دەق و دیالۆگ و زاو و زێ و ململانێ و بونیادی دەق و بونیادی دەلالیی گشتیی و بابەتی دەلالیی و ئامانجگەریی و دەقی سەنتەریی و دەقی لق و چەشنەکانی دەق"

 کەواتە بۆ خوێندنەوەی دەقەکان کایەیەکی بەرفراوان لەبەردەستدایە، کە ئەکرێ هەر خوێنەرێک لە هەمان کایە، یان لە کایە جیاوازەکاندا، جارێکی تر بەرهەمی بهێنێتەوە، چون وەزیفەی وەرگر وەک ئیمبرتۆ ئیکۆ ئەڵێ:" تەنها پڕ کردنەوەی ئەو بۆشاییانە نییە، کە نوسەر بە جێی هێشتوون، بەڵکو بەرهەمهێنانەوەی ئەو چنینەیە کە دەقەکەی پێکهێناوەو دواتر بەشداریی کردنی لە نەوتراوەکاندا"

  لە دەقی " بە بۆنەی چۆلەکەیەک بەسەر شانی داهۆڵەوە" وێنا کردنی جیهانی " هانە"ی کچە چکۆلەی تەڵعەت ئەبینین، کە بگۆو لێدەرەوەو قسەکەرو وێناکار هەر خۆیەتی:

 بەدەم شیر خواردنەوەوە لە بەرگی کتێبەکانم دەڕوانێت و

داوای شمشێرەکەی جەنگیزخان دەکات،

بۆ دروستکردنی زەڵاتە

 

لە نهێنیی بوونی دیوار ناگات و

درزی گەچەکان بە نوکی قەڵەم تێ دەگا

کە دوای مێروولەیەک کەوتووە

  ئان ڕێبۆوڵ لە " وێک چوون و جیاوازیی لە نێوان مرۆڤ و نامرۆڤدا" ئەڵێ: هۆکارگەریی " السببیة" ڕۆڵی سەرەکیی هەیە لە نێوان زانیاری مرۆڤ و نامرۆڤدا.... ئایا هۆکار دەلالەت لە خودی ئەو شتە ئەکا لە نێوان مرۆڤ و نامرۆڤدا؟" مەبەستە سەرەکییەکەی ڕیبۆوڵ لە ئەقڵدایە.. کەواتە ئەوی عەقڵی ئەگەڕێ، بە هەمان هۆکار ناڕوانێتە دیاردەیەک یان شتێک و هۆکارگەرییان جیاوازە.

 لە دەقەکەدا بە دیدو تێڕوانینێکی شاعیرانەوە، وێنای لێکدانەوەکانی مناڵەکە کراوە، باوک هەر ویستێکی دەربڕینی نالۆژیکیی هەبووبێ، توانیویەتی بیگۆڕێت بۆ لۆژیک و بە زەینی مناڵەکە نیشانمان بداتەوە.

 لە نمونەی دووەمدا بۆ ئەوەی باسی گرنگیی و پێویستیی و بوونی دیوار بکات، باسی دیوارەکانی زیندان بکات و بیهێنێتەوە بەر زەینمان، بە وێناکردنێکی سەرسوڕهێنەری " هانە" دوای کۆنیی دیوارەکانی زیندانمان بۆ ئەکا کە درزی بردووە، کە لێرەدا ئەیەوێ ئاماژە بە مێژووی زیندانەکانی مرۆڤایەتی بکا.

 لە زۆرێک لە زیندانەکاندا وەک ئەوی ئەبوغرێبی بەغدا، کونە مێروولەیەک بەس بووە بۆ ئەوەی تەواوی زیندانیانی ناو ئەو دیواربەندە ئەشکەنجە بدرێن بە بینووی گەورە کردنەوەی کونی مێروولەکە بۆ تونێل و دواتر بۆ هەڵاتنیان.. ئەم چیرۆکە دەماودەمی زۆری پێکراوەو ڕەنگە تەڵعەت لەم وێنا کردنەدا بیەوێت ئەو چیرۆکەمان بیربخاتەوەو باسی نەبوونی قەڵەمیش بکا لە زینداندا.

 لە وێناکردنی یەکەمیشدا، جەدەلێکی مرۆڤدۆستانە ئەبینین لە نێوان چەک وەک هۆکارێکی زەبرو زەنگ و کتێب وەک ئاوەدان کردنەوەی فیکر. لەم وێنەیەشدا گەمەیەکی جوانی گۆڕینی زاراوەکان و وێنا کردنمان بۆ زاراوەکان کاری تیا کراوە.

 پاڵپشتی زانستیمان بۆ شیکردنەوەو ڕاڤە کردنەی ئەو دوو وێنە شیعرییە، ئەم سەلماندنەی "پریماک و هیۆم" و چەندین لێکۆڵیاری ترن لەسەر ڕووداوەکان..

 ڕووداوەکان لە بنەڕەتدا پەیوەنددار نیین و سەربەخۆن، بەمجۆرە وەک ئەبستیمێکی هۆکارگەریی تەماشا ئەکرێ، لەبەرئەوە گەر ڕووداوەکان بە تەنیشت یەکەوە یان دووبارە نەبن، ئەوا سەربەخۆن، بەڵام بە ئەبستیمی هەڕەمەکیانە ئەبنە پەیوەنددار.. بەو مانایەی ئەبستیمی هۆکارگەریی هەڕەمەکییانە خوێندنەوەی ڕووداوەکانەو ئەبستیمی هۆکارگەریی سروشتیی دەرەنجامە.

 بەو پێیە بەستنەوەی ئەو هزرە پێکەوە لەو دەقەدا، ئەوە دیدی مرۆڤێکی هۆشمەندە کە دەتوانێت سەربەخۆ شتەکان یان زاراوەکان بە یەکتر بچوێنێ، نەک مناڵێکی خاوەن ئەبستیمی هەڕەمەکیی.. چواندنی ئەو هەموو گونجاندنە پێکەوەو سەپاندنی بەسەر وێناکردنی "هانە"دا، ئەو سەلمێنراوەی سەرەوە، بە سەربەخۆ کردنی ڕووداوەکان لە ئەقڵدا پاڵپشتێکی گرنگن لە تەئویل کردندا، چوون ئەو ڕاستییەی کە هەیە، جێی گفتوگۆ نییە، بەڵام کە بە دیدێکی زانستی خوێندمانەوە، گەیشتینە ئەو دەرەنجامە.

بەراوردکاریی سسیمیۆتیکی بۆ ئەو دوو کۆپلەیەی سەرەوە، وەک لە حاڵەتی یەکەمیندا بەراوردکارییەکی ڕوکەشی دەقەکەو دواتر بەراورد کردنی بە فۆرم و دواتر لە ئاستی ناوەوەی دەقدا، واتە قوڵتر لە مانای دەقەکەو سیستمە دەلالییەکەی دواین. ئەو جۆرە بەراوردکارییە لە زانستی سیمیۆتیکیدا بە بەراوردکاریی سیمیۆتیکی ناودەبرێت.

 بەدەم شیر خواردنەوەوە لە بەرگی کتێبەکانم دەڕوانێت و

داوای شمشێرەکەی جەنگیزخان دەکات،

بۆ دروستکردنی زەڵاتە

"ئامانجی زانستی دەلالەت دۆزینەوەی تێگەیشتنە، بۆ ئەوەی تێگەیستن هەبێت، ئەبێ نادیارەکان پەیوەست ببنەوە بە زانراوەوە، تەمومژاوییەکان بە ڕوونەوە، لێتێکچووەکان بە دەرکەوتووەکانەوە- ئانا فیارزیبیکا"

لەسەر ئاستی دەلالەتە یەکەمینەکان، ئێمە ناتوانین هیچ گەمەیەکی تیا بکەین، ئەوەی ئەمێنێتەوە، خوڵقاندنی مەدلولە لە سیستمێکی دەلالیدا، کە ئەتوانین بە ئاسانیی پێناسەیان بکەین.

 بۆ نمونە لەم دەقەدا  دەلالییە یەکەمینەکانی وەکو:" شیر، کتێب، شمشێر، زەڵاتە" ناتوانین هیچ گەمەیەکی لەگەڵدا بکەین، تەنها ئەوەندە نەبێت کە پێناسەیان بکەین بە پێی فەرهەنگەکان. بەڵام لە گەمەیەکی دەلالیدا بە هۆی بونیادی ئەو پێناسانەوە کە هەر یەک لەو زاراوانەوە، کە هەیانە، ئەتوانین مانای نوێ بخوڵقێنین.

 لەم قۆناغەی ئێستەی خوێندنەوەکەدا، بە سوود وەرگرتن لە تیۆری" لابردنی ئەفسانە"ی فەیلەسوفی فەرەنسی پۆل ڕیکۆر" ١٩١٣- ٢٠٠٥" جۆرێکی تر دەقەکە بەراورد ئەکەینەوە بەو ژینگەیەی کە زاراوەکانی تیا ئەژین و بەمەش نزیکایەتییەکانی سیمیۆتیکیی دەق لە زانستی سیمیۆتیک دەست پێ ئەکەین، کە نزیکایەتی زمانەوانیی پێکهاتەییە. ئەو نزیکایەتییەی کە "هاریس" بۆ گوتارو دەقی کردووە، بە بە پێی میتۆدی سیمیۆتیکی دابەشکاریی، بە بەکارهێنانی پێکهاتە ڕاستەوخۆو ناڕاستەخۆکان.

 لە سەرەتاوە ئەوە ئەزانین "هانە" بیانووەیەکی هەستییە بۆ دەربڕین لە زمانی ئەوەوە،  بەرەو دەقەکە ئاراستە کراوە.. گەر "هانە" کچە چکۆلەو تەواوی وێنا کردنەکانی لە دەقەکە بسڕینەوە.. ئەو کاتە ڕاستەوخۆ ڕوبەڕووی گوتاری کارتیاکراو ئەبینەوە. ئەوەی ئەمێنێتەوە بەمجۆرەیە، دوای ئەوەی بیانوەکەو وێناکەیمان لە دەقەکە کردە دەرەوە:

بەرگی کتێبەکانم

شمشێرەکەی جەنگیزخان

زەڵاتە

بۆ ئەوەی ئەم وشە هەڵڕێژراوانە کۆبکەینەوە، نزیکترین ڕوونکردنەوەیان ئەدەینێ:

لە بەرگی کتێبەکانمەوە

شمشێرەکەی جەنگیزخان دیارە

شیاوە بۆ زەڵاتە دروستکردن.

بە گەڕانەوە بۆ نزیکایەتی فەلسەفی کە پۆل ڕیکۆریش سەر بەو میتۆدەیە، نزیکایەتی فەلسەفیی لێ ئەخوازین بە بەکارهێنانی دێڕبەندیی و دۆزینەوەی گوتار لە دێڕەکاندا.

ئێستە گوتاری گوتراوی ئەم دێڕە " شمشێر بەکاردێت بۆ دروستکردنی زەڵاتە" گوتارێکی گاڵتەجاڕییەو ڕەنگە خوێنەری سادە بە دوو جۆر ئەم دێڕە شی بکاتەوە:

  • گاڵتەکردن و بە چەک و سوکایەتی پێکردنی.
  • پێکچواندنی شێوەی شمشێرو چەقۆ، بە یەکتر.

 بەڵام بە پێی ئەو گونجاندن و  بەداوی یەکدا هاتن و دابەشکردن بەسەر یەکەکان و چڕیی گێڕانەوەسازیی و بەردەوامییە وەسفییە بێ، ناکرێ بە ئاسانیی بچینە ژێرباری شیکردنەوەیەکی ئاوا ئاسانەوە.

 جەنگیزخان سیمبۆلی خوێنگەرایی و کوشتوبڕ، شمشێرەکانی لە تاقەکانی مێژوودا نیشانەی سەرە بڕراوەکان و هەنجن هەنجن کردنی جەستەی سەربازە نەیارەکانە..

 دروستکردنی پەیوەندیی لە نێوان جنینی جەستەو سەر پەڕاندنەکان  بە شمشێری جەنگیزخان و قنچک کردن واتە سەرپەڕاندنی کەرەستە بەشدار بووەکانی زەڵاتە، یەک کردارە.. سەبارەت بە باری دەرونیی بکەریش، کوشتنی زۆرترین و هەستی سەرکەوتن، بەرامبەرە بە دروست کردنی زەڵاتەیەکی جوان لەلایەن بکەرەکەیەو بەدەستهێنانی چێژی سەرکەوتن.. یەکەمینیان بەراورد بە مێژوو لە ڕووی قەبارەوە، دووەمینیشیان بەراورد بە لێپرسراوێتیی و کارامەیی. بەیەکگرتنی ئەو دوو هەستە بێپەروایە بەیەکتر، لە جوانترین داڕشتنەوەدا ئەوەیە، لە دیدی مناڵێکەوە " ناعەقڵگەریی" ببینرێتەوە.

لە نهێنیی بوونی دیوار ناگات و

درزی گەچەکان بە نوکی قەڵەم تێ دەگا

کە دوای مێروولەیەک کەوتووە

لەم کۆپلەیەی تردا، گریمانەیەکی تر وەرئەگرین، بۆ سەلماندنی شیکارییەکە، ئەویش بە سوود وەرگرتن لە تیۆری " هاوبەش و ناوچە چالاکەکان"ی "جۆرج کڵایبار".

  کڵایبار پێی وایە " هاوبەشەکان، نەک هەر نابێ لێکۆڵینەوەی سیمیۆلۆژیی لەسەر نەکرێت، بەڵکو بە پێچەوەنەوە ڕەگەزێکی بونیادیی زۆر گرنگن تەنانەت لە زمانی سروشتیشدا." لەبەر ئەوە گرنگیی هاوبەشەکان پێویستە سەرەتا لە ڕێگەی ناوچە چالاکەکانی گوتارەوە بدۆزینەوە، گەر لەسەر تیۆرەکەی ڕیکۆر جێبەجێی بکەین، ئەوا لە ڕستەکانەوە دەست پێ ئەکەین.

 لەو وێنەیەی سەرەوەدا ناوچەیەکی چالاکی ڕۆشن وەک" خواروخێچیی درزی دیوارەکە " ڕەش"، خواروخێچیی هێڵی قەڵەم بە دەستی مناڵەکەوە " ڕەش"، ناڕێکیی ڕیزی مێروولە " ڕەش". ئەم سێ ناوجە چالاکە لە وێنەکەدا ئەبینین، کە هەم هاوبەش و هەم بە پێی سروشتی زمانەوانیی خۆیان دەلالین.. گەر وێنەی ڕاستەوخۆی دوای ئەم وێنەیە لە دەقە شیعرییەکەدا وەربگرین، ئەوا مانای ئەم ناوچە چالاکە ڕوونتر ئەبێتەوە:

بێ ئاگایە لە غەدری مرۆڤ لە ئاست ئاسندا

کاتێک دەکرێتە قفڵ یا زنجیر.

 ناوچەیەکی چالاکی تریش دێتە سەر سێ ناوچە ڕۆشنەکان، کە ئەویش زنجیرە.. لێکچوونی تەواوی ئەم چوار ناوچەیە، هاوبەشییەکەیان دەرئەخا، ئەویش لە ڕووی ماوەو ناڕێکیی یان خواروخێچیی و ئەو ئیمەیجەوە کە دەرئەکەوێ.. پێشتر دیوارمان بە دیوارەکانی زیندان چواندو ئێستەش بە ڕوونی لە ڕێگەی سیستمی ڕێکخراوی مەدلولەکانی زمانەوە، مانا بەرهەم هات.

 تا ئێرەی لێکدانەوەو تەئویل کردنمان بونیادگەرانەیە، لە ڕووی بەرهەم هێنانی مانا لە ڕەوتی سیستمی زمانەوە.

 دواتر لە کۆپلەی یەکەمدا، دوو جۆری تر ناوچەی چالاکمان هەن، کە ئەمانبەنەوە سەر تەواوکاریی ماناو دروستیی لێکدانەوەکە:

یەکەمینیان: نهێنیی و تێگەیشتن.

دووەمینیان: دواکەوتن " ملاحقة" و لە وێنەی دوای ئەویشدا " غەدر".

یەکەم: نهێنیی و تێگەیشتن:

کڵیبار ئاماژە بەوە ئەکا، کە هاوبەشی ئەوتۆش هەن، ڕاستەوخۆ هاوبەشییەکەیان دەرناکەوێت، بەڵکو پێویستی بە نزیک کردنەوەیەک هەیە.

لە سەرەتای وێنەکەوە ئاماژە بە تێنەگەیشتنی " نائەقڵگەرایی" ئەدا، بەوەی کە لە نهێنییەکانی بوونی دیوار تێ ناگا.. بەو پێیە ئەم دوو چەمکە دەرئەکەون:

أ-هەڵە تێگەیشتن+ نهێنیی.

ب- دیوارناسیی.

أ-هەڵە تێگەیشتن:

هەڵە تێگەیشتنێک، لە " نائەقڵگەرایی"ەکەدا هەیە، بەوەی وەک زەوی لێی ئەڕوانێ و دروست بە هێڵکێشان تێی گەیشتووە.

محەمەد سۆفی لە کتێبی " ڕاگەیاندنی تەلەفزیۆنیی و ڕوودانی کارە سروشتییەکان"دا بە مجۆرە پێناسەی هەڵە تێگەیشتن ئەکا:

" بە هۆی زانیاری هەڵەوە، یان تەمومژاوییەوە دروست ئەبێت و ئەبێتە هۆی دەرکردنی بڕیاری هەڵە."

کە نهێنیی بوونی هەبێت و نهێنیی دیوارەکان بێت، زۆر ئاساییە، نا ڕوونی و تەنانەت نەگەیشتنی زانیارییش بە " نائەقڵگەرایی" هەبێت، بەو پێیەی تەمەنی نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی زانیاریی وەربگرێت، کەواتە بە هەڵە تێگەیشنەکە خۆڕسکەو فسیۆلۆژییە هەیە.

بەڵام بۆ "هانە" نەنێرراوە، بەڵکو بۆ وەرگر نێرراوە، کەواتە ئاراستەکە ڕووەو وەرگرە نەک "هانە"، بەوپێیە دەستنیشانکردنی " نائەقڵگەرا" گۆڕانی بەسەردا دێت و چەند بوعدێکی تازە بۆ وەرگر دێتە ئاراوە.

 بەمجۆرە نهێنییەکان، تەنها نهێنیی سروشتی دیوارەکە نییە، بەڵکو ڕۆچوونە بە ناو دیوارەکانداو لە خۆڕا زاراوەی نهێنیی خۆی نەپەڕاندووەتە ناو دەقەکەوە.

 ئەمجۆرە گۆڕانکارییە، لە کەرەستە زمانەوانییەکەو بیانوو دروستکردن بۆ بنەڕەتی ڕووداوەکان، تەنها بە مەبەستی تێگەیشتنی وەرگرە لە بنەڕەتی ماددە کار تیاکراوەکەدا.

ب-  دیوارناسیی:

 لە ڕووە زانستییەکەیەوە، چ کارمان بە کەرەستەو ئامرازەکان و میکانیزمی دروستکردنی دیوارەوە نییە، بۆ گەڕان بە دوای هاوکێشە شیعرییەکەدا. بەڵکو ئەوەی جێی مەبەستی کارەکەیە، ناسینی هۆکارەنی دیوار دروستکردنە.

 لە سەرنجی سەرپێی مرۆڤەکاندا، دیوار بە پێی پێداویستییە وەزیفییەکەی ئەگۆڕێ. بەڵام بەردەوامیی بارە دەروونیی و سیمیۆلۆژییەکەو ڕەوتی  ڕیزبەندیی مەدلوولەکان، ئەوە دەرئەخەن نهێنیی دیوارناسیی لەوەدایە، کە چۆن بۆ کۆت و بەند کردنی مرۆڤ بەکار ئەهێنرێ و چی لە چوارچێوەی ئەو دیوارانەدا ئەگوزەرێ. لە کاتێکدا ئەوانیتر کەمتر سەرنجیان بۆ ئەم بەکارهێنانە دژوارەی دیوار ئەچێ. کەواتە داخواز ئەوەیە کە تێگەیشتنی تەواو لە چەمکی دیوار هەبێت و بەمجۆرەش تێگەیشتن ڕووئەدا.

 لەم شیکردنەوەیەدا ئاستی ڕاستکردنەوەی نەزانراو یان بە هەڵە تێگەیشتنەکە، یەکتر بڕە لەگەڵ ئاستی ناسینی وەزیفیی دیواردا.. بەوجۆرەش نهێنیی و تێگەیشتن ئەبنە دوو ناوچەی چالاکی بەیەک گەیەنراو و لە هەمان هەردوو ناوچەکە یەکتر بڕو هاوبەشن لە بنەڕەتە، کە مەبەست سەرکیمان بەرهەمهێنانی ئەو مانایانەن، کە ئەکەونە دیوی ژێر ڕووکەشی دەقەکەوە.

دووەم: دواکەوتن و غەدر.