ما 628 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

نووسینەوە بە کوردی: ئازاد کەریمی

 وادەنوێنێ ئەم سێ بەشە یەک لە دوای یەک هاتوون و زنجیرەی کات و سات ی پەیڕەو کردووە بەڵام لە بەشی یەکەمدا شێوازێ گێڕانەوە لە ڕابردووەوە بۆ ئێستای سەردەم دەستپێدەکات... هەروەک گێڕانەوەی چیرۆک لە زمانی کوردیدا وا لە پێشینانمانەوە بۆمان ماوەتەوە. بۆ نموونه: هەبوو نەبوو(کورمانجی)، یەکێ بوو یەکێ نەبوو (سۆرانی)، دەگێڕنەوە، ڕۆژێ لە ڕۆژان، جارێکیان، ساڵێکیان، ئای فەلەکا بێبەخت، ئای ڕۆژگاری نامراد.

فەرموودەکانی شا سوریجا

نووسینەوە بە کوردی: ئازاد کەریمی

 

پێش هەمووشت شەرەفمەندم بەوەی دەستم دا وەرگێڕانی ئەم دەقە و ئێستاش خوێنەری کورد بۆ یەکەم جار لە مێژوودا ئەم دەقە بە کوردی ئەخوێنێتەوە.

ئەم دەقە هی پێش لافاوی گەورەی دوازدەهەزار ساڵ پێش ئێستایە. ئەو کاتەی وا شاری کور- دیلمون پایتەختی کولتووری و ئابووری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو. سوریجا کوڕی شا کەوەسوارە و شای کور-دیلمون بووە. سوریجا به شێوەزاری کوردی ئەم سەردەمەیە و ناوی شوروپاک یان شوروپاگە لە دەقە سومەرییەکاندا.

 شوروپاگ کوڕی ئوباراتوتو ی شاهەنشایە... ئوباراتوتو یان گاوبارۆ ئێستا لە زاراوە جۆراوجۆرە کوردیەکاندا بەم ناوانە دەکوترێنەوە: ژاوەرۆ، گابار، زێبار، سارۆ، روسا، ڕوش، شاوەر، گەوەر، وەرزو، بەرزو، سوبارو، سومار و چەن وشەی تر کە لەم دەقەدا هێناومەتەوە.

ناوی باوک و باپیرانی شاسوریجا لە بەردەنووسە سومەریەکاندا ڕێز کراون و بە تێر و تەسەلی سەرجەلەی ئەم شاهەنشاهانەیان خوێندوەتەوە.

ئامۆژگاریەکانی شوروپاک یەکەم دەقی وێژەیی مێژووه. ئەم بابەتە به زمانی سومەری دوای لافاوی گەورە لە باشووری مەزۆپۆتامیادا نووسراوەتەوە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دوهەزار و شەشسەت ساڵ پێش زایین.

تا ئێستا سێ وەرگێڕاوەی ئەم دەقەم بە سێ زمانی فەڕەنسەوی، ئینگلیزی و عەرەبی بینیوە. دیارە من فەڕەنسەوی نازانم بەڵام دەقە ئینگلیزی و عەرەبیەکەم خوێندەوە و بڕیارم دا بە یاریدەی هەردوو دەق بابەتەکە بگێڕمەوە سەر کوردی سۆرانی سەردەم.

ئامۆژگاریەکانی شوروپاک دەقێکی هزرمەندانەیە یان به زمانی پاڵویی کۆن واته "خڕەیی" یە.

پێشتر ووتوومە پاڵوویی زمانی کوردی سەردەمانی پێش ئیسلامە و کۆنترین دەقەکانی بریتین لە دەورییەکەی قەڵایچی، بەردەنووسی بێستوون، گاتای ئاڤێستا، قەباڵەکانی هەورامان و بەردەنووسەکانی ئانۆ- بان- ئینی لە سەرپێڵ زەهاو. ئانۆبان ئینی بەواتای ئانۆی ئاناهیتایە. واتە ڕووناکایی ئاو. دواتر به مانی ووتراوەتەوە و ناوی پیەغەمەرێکی گەورەی کوردە و هەر لەو ناوچەدا لە سەدەی سێهەمی زایینیدا سەریهەڵداوە.

پاڵوییەکان خواوەند ئانۆ کە باوکی بنەماڵەی ئانوناکی خواوەندەگارە به سەرچاوەی زانایی دەناسن. بەو شێوەی وا بەردی سیای خڕەت بە گلێنەی چاوی ئانۆ ئەناسن. ئانۆ جامدار(ئاوێنەدار ومەیوان)ی خواوەند ئاڵاڵوس(لالوش)بوو. ئاڵالوس باوکی خواوەند کۆماربی یە. کاتێ ئاڵالوس لە دەسەڵات لادرا ئانۆ بوو بە دەسەڵاتداری ئاسمان. چاوی ئانۆ لەسەر زەوی بوو. چاوی ئانۆ ئاوێنە بوو. لەتێ لە گلێنەی چاوی ئانۆ کەوتە سەر زەوی و بوو بە سەرچاوەی هزری مرۆڤ. کاتێ ئینی (ئەستێر،هانە، ئاناهیتا) و مەردۆخ بڕیاری درووست کردنی مرۆڤیان دا ئەم لەتکە گلێنەی ئانۆیان لە مێشکی مرۆڤدا به کار هێنا بۆ بینین و هزر و بیر کردنەوە و پەیوەندی کردن بە سەرچاوەی هزرەوە واتە ئانۆ.

سومەریەکان ڕەگەزی خۆیان ئەگەیاندەوە بەم بەردە و بە ساگیگیا(سەنگی گنا) تۆماریان کردووە واتە بەردی ڕەش یان سەنگی سیا و بە خۆیان دەگوت هزرمەند. لەبەر ئەوەی ئەم بەردە بناغەی هزرمەندی مرۆڤە.

خڕە یان بەگومان بوون بناغه ی زانایی و حکمەت و هزرمەندی یە... لە زمانی هەندێ ناوچەی سۆرانیبێژەکاندا بەتایبەت لە شاری سەقز لەتکەڕستەیەک هەیە لەکاتی بەگومان بوون لە بابەتێک و ئەڵێن: بەخڕەدا چووم!... واته: شکم خست، گومانم برد، لە هزری خۆم کەڵکم وەرگرت.

خڕە، خڕەت، خڕەد له کۆندا بەواتای حکمتیاری و لۆژیک و وردڕوانی کەڵکی لێوەرگیراوە. دواتر به هۆی زاڵبوونی زمانی عەرەبی لە سۆرخ کۆلکەمەلا بۆرەکوردەکانەوە هەندێ وشەی عەرەبی کەوتە زمانی کوردییەوە و زمانەکەی ناشیرین کرد ...

کۆلکەمەلا لە نەریتی کوردیدا بەو مەلا هەڵە و هەرزانە دەڵێن وا چوار وشەی عەرەبی فێر دەبن و مێشکی سەری خەڵکی پێئەبەن، هەروەها بۆرەکورد یان کوردە بۆرە بە کوردانی خۆهەڵواس و بێبنەما و بێگانەپەرست دێ وا خانی خەڵکیان لە خانووی خۆیان پێخۆشترە.

دوکتور خەزعەل ماجدی کۆنەوارناسی عێراقی پێیوایه شوروپاک یان شوروپاگ له زمانی سومەریدا بەواتای شفاخانه و شوێنی چاک بوونەوە هاتووە و شوێنێکە له سی و پێنج مایلی باشووری نیپوری کەناری ڕووباری فراتدایە.

سایتێک به نێوی تەل فراه له پارێزگای قادسیەدایە وئەم شاره واته شوروپاک بۆ پەرستنی ستخواوەند نینلیل هاوسەری خواوەندی نەتەوەیی سومەریەکان ئنلیل خواوەندی کاروباری هەوا و با بەرپا کراوە. نینلیل ستخواوەندی دەخڵ و دان و زاوزێ یە.

دوکتور خەزعەل ماجدی لە وەرگێڕانی وشە ی دار دا بەهەڵەدا چووە، دار بە زمانی عەرەبی واتە خانوو یان ماڵ بەڵام لە کوردیدا بەواتای درەختی میوە دێ. کەواتە شوروپاک یان داری شوروپاک هەمان داری شوریاک، سوریاگ یان داری ئاسوریگ ە وا بۆ دوایین جار له سەرەتاکانی چاخی ئیسلامیدا نووسراوەتەوە و بابەتێکی هزرمەندانە و ئامۆژگارانەیە لە نێوان بزن و داری ئاسوریگ دا.

شوروپاک (شوریپاک، سوریتاک، ئاسوریگ، سوریاگ، سوریگاش، سوریاش، گائورە، ئاشورە، سوریجە، شا سوریجا، سوڵتان سوریجا) باوکی زی ئود سودرا دوایین فەرمانڕەوای شاری کور-دیلمون بوو لە کاتی لافاوی گەورەدا.

شوروپاک کوڕی ئوبارە توتو( باوەرە داد، باوەگەورە، باوەهەورە، گوپارا ،پارشیو، شویپار، شویتار، شویدار، شوریدە، دەروێش، گاوارە، زەوارە، سوارە، وازرە، وازر، زێبارە، سوبارو، شوبارە، تاتەسوارە، چاکەسوارە، گاوەسوارە، کاوەسوار، شا کەوەسوار).

دوکتور خەزعەل ماجدی پێیوایە ئوباراتوتو بە واتای هەوری خڕەتە یان گۆبەرە تاتە، هەوریداد، خورداد و نیشاندەری ئەو ڕاستیەیە شاری شوروپاک شاری هزر و خڕەتە و وادیاره خواوەندی خڕەتیان لەوێ پەرستووە.

هەر وەها ئەو پێیوایە لەوانەیە توتو هەمان توت خواوەندی مسری یە وا بەرەو مسر کۆچی کرد و بوو به خواوەندی هزرمەندی و خوێندەواری و نووسین بوو.... لەو سۆنگەوە پێداگرە لەم بابەتە لەبەر ئەوەی دەگوترێ: لە دەستپێکدا حکمەت و نووسین و شارستانیەت لە سومەرەوە گوازرایەوە بۆ مسر و لەوێدا به هزر و ئامرازی مسری درێژەی پێدرا. کەواتە شوروپاک شای هزرمەندی شاری دیلمون بووە پێش لافاوی گەورە. دوای لافاوی گەورە لە دیلمون و ئایتەمەکانی وێنەیان هەڵگرتووە و پازدە شار له سۆمەر بەرپا کراوە و شوروپاک سێهەم شارە.

شاری شوروپاک به ناوی شا شوروپاک ناوبانگی ڕۆییشتووە و ئەم شاره هەماری دەخڵ و دان بووە و کۆپی کراوی مەڵبەندی شوروپاکی شاری کور- دیلمون بووە و ڕووبەرەکەی ١٠٠ هێکتار بووە و لە سەردەمی جەمدەت نەزەردا واتە ٣٠٠٠ ساڵ پێش زایین دەسووتێ و کاول دەبێ و هەرچی لەوشارەدا بووە دەبێ بە ژێر دارو پەردوو و خۆڵەمێشەوە و لەم دواییانەدا دۆزرایەوە .

چیروانۆکی لافاوی کولتوری ئاکاد به زی ئودسودرا دەڵێ ئاتراهاسیس و هاوپایەی ئوتناپیشتیم ی گیلگەمەش ی بابلی یە... لەوانەیە ناوی زی ئودسودرا نە زمانی ئاکادی بریتییە لە ئاتراهاسیس.

ئاتراهاسیس سەرنجمان دەداتە خڕەت و هزرمەندی، لەبەر ئەوەی واتای وشە دەبێتە هەستی ژووروو بە واتای هزرمەند دێ و گشت ئەم پەسنانە دەرخەری دەقی هزرمەندانەیە و سەبارەت بەوە دەکەوینە باسەوە.

خواوەندی هزرمەندی و زانیاری لە کولتوری سومەریدا که بە نێوی توت ەوە بەرەو مسر بار ئەکات قورسایی زیاتر ئەخاتە سەر ئەو گریمانە وا دەڵێ شارستانیەتی مسر ڕەگی لە کولتوری سومەریدایە.

توت یان دوت، جوت هەمان دوو بە زمانی کوردییە. زۆر لە سەر وشەی دوو و جووت و گووت نووسیومە پێشتر، بەڵام دوو هێمای دووانە و باڵانس و تەرازووه و نووسیومه که خڕەت و هزر لە سەر تەرازوو ڕاوەستاوە... باسی ئەوەشم کردووە کە چاوی ئانۆ لە هاوسەنگبوونی ئەم تەرازووەدایە . هەروەها باسم کردووە دووتا، بە واتای مرۆڤی بوێژە و هێماکەشی باڵندە ی طوطی یان بەبەغەیە.

ئەم دەقە هەروەک باسم کردووە پێشتر لە سۆنگەی کردارەوە برەو بە سەنگین بوون و گران بوون و مت بوون دەدا کە پەیوەندییان به کرداری ئاقڵانەوە هەیە.

فەرموودەکانی شوروپاگ بە سەر سێ بەش دا نووسراوەتەوە:

 

١- یەکەم بەش لە دێڕی یەکەمەوە هەتا دێڕی حەفتاوپێنج

 وادەنوێنێ ئەم سێ بەشە یەک لە دوای یەک هاتوون و زنجیرەی کات و سات ی پەیڕەو کردووە بەڵام لە بەشی یەکەمدا شێوازێ گێڕانەوە لە ڕابردووەوە بۆ ئێستای سەردەم دەستپێدەکات... هەروەک گێڕانەوەی چیرۆک لە زمانی کوردیدا وا لە پێشینانمانەوە بۆمان ماوەتەوە. بۆ نموونه: هەبوو نەبوو(کورمانجی)، یەکێ بوو یەکێ نەبوو( سۆرانی)، دەگێڕنەوە ، ڕۆژێ لە ڕۆژان، جارێکیان، ساڵێکیان، ئای فەلەکا بێبەخت، ئای ڕۆژگاری نامراد...

تایبەتمەندی ئامۆژگاریەکانی بەشی یەکەم و سێهەم بەدیکردنی ئامرازی لۆمەکردن و نەکەی کردنە لە دەقەکەدا و جەخت کردنە لە نەکردنی ئەو کردەوانە  وا ئاکامەکەی خەسار وپەشیمانییە.

 

٢-دووهەم بەش لە دێڕی حەفتاوشەشەوەیە هەتا سەت و چل و پێنج

هەندێ لە دێڕەکانی بەشی دووهەم بە هۆی شکاویی بەردەنووسەکەوە لە هەندێ شوێندا وون بوون و  سەرمان لێدەشێوێنێ، بەڵام لە دەقەکە وا تێدەگەین هەندێ ئامۆژگاری سەبارەتە به نەخواردنەوەی مەی و هەروەها بێویژدانی لەمەڕ دایینی هەقدەستی تووڵبڕ و سەوەتەچن و هەروەها لۆمەکردنی تەماحکاری و نەوس چڵێسی و هەروەها هزرمەندی لە بەڕێوەبەری کۆشک و ماڵ و کار و ژیرانە ڕوانینی ژیان. بۆ وێنە لە بەشێکدا دەڵێ: ئاسمان دوورەدەستە و زەوی هەرە گرانترینە!

 

٣- سێهەم بەش لە دێڕی سەت و چل وشەشەوە هەتا دێڕی سەت و هەشتا

لەم بەشەدا لۆمە دەکرێ لە کارکێشانەوە له خزمەتکار و هەروەها جەخت کردنەوەی گوێگرتن لە برای گەورە و خوشکی گەورە لەبەر ئەوەی وەک باوک و دایک وان و هەروەها جەخت کردنەوە لە ژن هێنان و شووکردن و هەروەها پارێزکردن لە کاری خراپە وپێداگری کردن لە هەڵسوکەوتی درووست لەگەڵ خەڵکدا.

هەندێ بابەتی ناو ئەم دەقە پیرۆزە ئەوەندە کوردانەیە که مرۆڤ شک ئەخا لەوەی کاتی ئەو گەورەپیاوانە تەواو نەبووە و ئێمەین کە هێشتا لە سەردەمی ئەواندا دەژین. بۆ وێنە باسی دەست شکاندن دەکا لەکاتی خەسار و لە دەسچوونەکاندا. دیارە لەو سەردەمەدا دەست شکاندن بەواتای ئازیەتباری و ڕەنجبەخەساری یە. بۆ وێنە ئێستاش ژنانی کورد کاتێ کەسێک ئەمرێ و ئەچن بۆ پرسە بە خاوەن پرسەکە ئەڵێ: دەستی شکاوم بۆ ئەو کۆسە وا لێتان کەوتووە!

وا دەردەکەوێ لە کاتی دەسەڵاتدارێتی شاسوریجادا لە پێش لافاوی گەورە، دەست شکاندن بەواتای ئازیەتباری و ڕەنجبەخەسارییە.

یان لە شوێنێکدا شاسوریجا بە خدری زیندوو دەفەرمێ: کوڕی جووتیار مەچەوسێنەوە! ئەو ڕستە دەریدەخات کە کشت و کاڵ و یاساکانی لە کوردستانی پێش لافاوی گەورە هەمان یاساکانی ئاغا و ڕەعیەتی بووە. بۆ نموونە ئەم سیستەمە تەنیا شەست ساڵە لە ئێران وئێراقدا نەماوە!

ئەم فەرموودانە پێش هەموو دەقی هزرمەندانەی جیهان هاتووە. شێوازی سۆفیانە و ڕاسپاردەکردنی هەڵسوکەوتی دەروێشانە و شەرەفمەندانە لەم دەقەدا جیاوازە لە شێوازی فەرمانەکانی حامورابی.

با ئەوەش بزانین فەرموودە لەگەڵ فەرمان جیاوازە. فەرموودە و فەرمان لە لایەن دەسەڵاتدارەوە ئەخرێنە ڕوو بە جۆرێک فەرموودە بە مرۆڤ دەڵێ ئەمە چاک و خراپە بە گوێرەی ئەزمون جا تو ئازادی کامیان هەڵبژێری بەڵام فەرمان واتە تۆ ئازاد نیت لە کردەوەی دژ بە یاساکانی ئەم فەرمانە.

لە کۆتاییدا با وەبەرتان بهێنمەوە هەندێ لە وشەکان سوواونەتەوە یا خوراونەتەوە بۆیە نەتوانراوە بخوێنرێنەوە، ئەوەش هەندێ لە ڕستەکانی ناتەواو یان گوماناوی کردووە. من لە جیاتی ئەو شوێنانە، خاڵخاڵم داناوە.

شانازییە بۆ گەلی کورد وا خاوەن مێژوویێکی کۆن و ڕیشەدارە لە پانتای خاکی کوردستاندا کە لە کۆندا زۆر بەرینتر بووە لە ئێستا. من وەک نووسەری ئەم دێڕانە خۆم بە بەختەوەر دەزانم کە خەریکی خزمەتم بە فەرهەنگی ئەم گەلە مێژووییە و زمان و مێژوو و نەریت و ناسینەوەی ئایینە ڕەسەنەکانی باوک و باپیرانمان کۆڵەکەکانی کۆشکی ئەم فەرهەنگەن. خوا ئاگەداری کورد و کوردستان بێ!

 

بەشی یەکەم

(لە دێڕی یەکەمەوە هەتا دێڕی حەفتاوپێنج)

ڕۆژێ لە ڕۆژان# لە ڕۆژە ڕابردووە دوورەکاندا # لە شەواندا # شەوانی دووردا # ساڵان # لەو ساڵە دوورانەدا # لەو سەردەمەدا # زانایەک لە سەر زەویدا دەژیا # قسەزانێکی بلیمەت بوو# کوروپاگ( شا سوریجا وەچەی مرۆڤی بوێژ لە گیادا) وا پەندنامە ی لە باوکیەوە ئوپارا- توتو(شا کەوەسوار) پێگەییشت و ئەو کەسەیە وا ئەو پەندنامە دەگەیێنێتە کوڕەکەی واتە زی ئود سودرا( خدری زیندوو) # بێڵە با ئەم ئامۆژگاریانەت بکەم # لە سەرەڕێدا مووچە و کێڵگە درووست مەکەن، ڕێگە مەکێڵن # لە شوێنی کاردا چاڵ هەڵمەکەنن، دەبێتە هۆی برینداربوونی خۆتان و خەڵک # لە گۆڕەپان و مەیدانی گشتیدا ماڵ مەکەنەوە و خانوو درووست مەکەن لە بەر هەرا و جەنجاڵ وکۆبوونەوەی خەڵک # دژ بە کەس بە درۆ شایەتی مەدەن با مافی کەس نەکەوێتە ئەستۆتان # دوای خەڵک مەکەوە بۆ ئاتەو گرتن لەبەر ئەوە لافاو ئەیداتەوە بە ڕووتدا # مەڵێ شەڕ لە کوێ ڕوویداوە چونکە دەتبەن بۆ شایەتی #  شەڕ درووست مەکەن و مەکەونە ناو شەڕ و چەلەحانێی خەڵکەوە، لاشەڕ بن و لاڕێ بکەن لە شەڕ و شۆر # دزی مەکە # گێچەڵ بۆ خۆت درووست مەکە # مەکەوە ناو خانووی خەڵکەوە # پارەت خۆش نەوێ # دز شێرە بەڵام دوای ئەوە کەوتە داوەوە دەبێتە کۆیلە # کوڕم! دزی مەکە # خۆت بە تەور بریندار مەکە # باوک مەخە خوار کوڕەوە هەروەها کوڕەکەت مەخە لای سەرووی خۆتەوە # ژنی مێردداری جوان و جەحێڵ لە خشتە مەبە، کۆتاییەکەی بە خراپە دەشکێتەوە بە سەرتدا # ئاگادار بە کوڕم! بە تەنیا لەگەڵ ژنی مێردداردا لە ژوورێکدا دامەنیشە # شەڕ و پێکدادان درووست مەکە # خۆت سووک مەکە # درۆ مەکە ! # خۆت هەڵمەکێشە با قسەکانت بەرپرسیارت نەکەن! باش وایە درێژدادڕی نەکەی. ئەتوانی لە قورسایی نیگای سەرکۆنەکاری خەڵک ڕابکەیت؟ # لەگەڵ کەسدا خواردنی دزی مەخۆ # دەستی خۆت مەشکێنە و خۆت خەڵتانی خوێن مەکە! # بەم کارە ئەتەوێ پارێنە لە دەستچووەکە بگەڕێنیتەوە؟ # ئەتەوێ بەم کارە مێگەڵەکە بگەڕێنیتەوە؟ # بەهەڵەدا مەچۆ! ئەم کارە دەتوانێ ببێ بە داوێک و لە پێتەوە بئاڵێ # بڵاوە بە پاتاڵەکەت مەدە لە مەزرای خەڵکی نەناسیاگ دا # گای جووت بە کرێ مەدە # چاروای لەسەرخۆ بەواتای گەشتێکی هێمنە # لە شەودا مەچۆ سەر سەفەر لە بەر ئەوە خێر و شەڕ شاراوەیە # ئەو بەرهەمانە مەکڕن وا تا لای ئێوارە بڕ ئەکەن # لەگەڵ خزمەتکارەکەتدا دەست تێکەڵ مەکە، لەبەر ئەوە ئەیکات به ئامرازێک بۆ ئەوەی باجت لێبستێنێ # لە قووڵایی دڵەوە دۆعای شەڕ لە کەس مەکە و جوێنی خراپ مەدە با نەیێتەوە ڕێی خۆت # گۆزەی ئاوەکە مەنێ بە تاقی بەرزەوە با دەستت پێی بگات و تووشی ئاستەنگ نەبی بۆ داگرتنی # ............... # ڕوو وەرمەگێڕە لەو کەسەی وا پێی قەرزداری با نەبێ بە دوژمنت # لەگەڵ کەسی خۆگر و بەرزەدەماخدا خانوو درووست مەکە، لەبەر ئەوەی خۆی ئەکا بە خواجەوە بەسەرتدا و ئەتکا بە خزمەتکاری خۆی و تۆش هیچکوێ نییە پەنای بۆ ببەی و ئەویش ئەوەت لێئەقۆزێتەوە و هاوارت بەسەردا دەکا و دەڵێ : ئەوێ نا ! بڕۆین بۆ لایێکی تر! # دەست بۆ پەرژینی باخی کەس مەبە و تووڵێک هەڵمەگرە با پێت نەڵێن: ئا مەڕۆ! داینێوە! #  ڕێی کەسی نەناسیاو مەخە ماڵی خۆت بۆ نان خواردن، لەوانەیە تووشی شەڕت بکا، کە ڕێت کرد وریا بە! # کوڕم!  توند و تیژ مەبە # دەستدرێژی مەکە سەر کچی خەڵک، تووشی دادگە و یاسا ئەبی # ....... # پیاوی بەهێز مەتارێنن، مەیکەنە دوژمنی خۆتان # لە دیواری شکست خۆتان لادەن! # خۆت لادە لەو بوختانچییە چاوبەرەڵایانە وا بوختان بۆ خەڵک ئەکەن، مەکەوە ژێرکاریگەری ئەو کەسانەوە # لە مەیخانەکاندا وەک دەستبڕەکان لاف و گەزاف مەکە، کەس بڕوات پێناکات # کاتێ گەییشتیتە تەمەنی پیاوێنیەوە دەستپەڕ مەکە # شەڕوان کەسێکی ناوازەیە و زۆر کەس دێنێ # ئوتو(خواوەندی خۆر) تاقانەیە، بایەخی ئوتو بە تەنیا خۆی بەقەد بایەخی زۆر کەسە # لە ژیاندا هەمووکات ئامادەی بەرەنگاری بە # لە ژیاندا هەمووکات لایەنگری ئوتو بە # لە ژیانتدا هەمیشە جەنگاوەر بە # لە ژیاندا هەمیشە لایەنگری ئوتو بە # سوریجا ئەم فەرمانەی بە کوڕەکەی دا # شوروپاک(شا سوریجا) کوڕی ئوباراتوتو( شا کەوەسوار) ئەم فەرمانەی دا بە زی ئود سودرا(خدرشا)ی کوڕی.

 

بەشی دووهەم

( لە دێڕی حەفتاوشەشەوە هەتا سەت و چل و پێنج)

بۆ جاری دووهەم شوروپاک کوڕی گەوباروتوتو(گۆمەرت، کەوەسوار، مەردوخ) ئەم ڕاسپاردانە دوبارە دەکاتەوە لە زی ئود سودرای کوڕی:# کوڕم! داوات لێدەکەم گوێڕایەڵم بی بۆ جێبەجێ کردنی ئەم ئامۆژگاریانە: # دەبێ ئاگادار بی، زی ئودسودرا # با وشەیەکت بۆ باس بکەم # دەبێ وریا بی لە بڕیارەکانی من نەخافڵێی # قسەم پێمەبڕە کاتێ قسە دەکەم # ئامۆژگاریە بەنرخەکانی ئەم پیرەپیاوە دەبێ پەیڕەو بکرێن: # دەم مەدە لە مەی ئازیزەکەم # ئەو دەمەی وا ئاوجۆی پێئەخورێتەوە هەموو جۆرە قسەیەکی لێ دێتە دەرەوە # #...........# ........# ..........# ........# ........# وامەکە ژێردەستەکانت لە مافی خۆیان ببوورن بۆتۆ # قامیشەڵان چۆن ئەتوانێ بوختانی بوختانچی بشارێتەوە؟ # کۆشک وەک جۆگەیەکی بەرینە وا گاڕان لە ناوەڕاستیدا ڕائەبرێن و ئەوئاوەی وا پێیدا دەڕوا قەت پڕی ناکاتەوە و ئەو ئاوەی وا لێی ئەڕوا قەت ناوەستێت # کاتێ نان لەبەر دەستدا بێ ووتنی دەتدەمێ ئاسانە بەڵام کاتی وەرگرتنەکەی لەوانەیە بگاتە ئەوپەڕی ئاسمان، بۆ وێنە ئەگەر بچی بۆلای یەکێ وا پێشتر پێی گوتوویت نانت دەدەمێ ئێستا لە وەڵامی داواکاریەکەتدا بڵێ ناتوانم! لەبەر ئەوەی نان نەماوە! # ئەوەی وا هەمە دەکرێ زیاد بکرێ بەڵام هیچ شتێک بەقەد ئەو تۆزەی وا هەمە ناهێنێ # زمانی نەرم وشەی جوانی لێ دێتە دەرەوە، دەمی هەراش دەچێتە بەردەم دادگە، دەمی شیرین بەرهەمی شیرین کۆ دەکاتەوە # چەنەبازسەوەتەیەک نان بکاتە دەمی بە خۆی نازانێ، پیاوی بەرزەدەماخ سەوەتەی بەتاڵی نان پڕ دەکات و دەمیشی پڕ لە لاف و گەزاف ئەکات # دەواخ وا پێستە و چەرم دەواخی ئەکا لە ئاکامدا پێستی خۆیشی( لە گۆڕدا) دەواخی دەکرێ # مرۆڤی چالاک دەتوانێ لە دەست هەموو کەس هەڵبێ #  کابرای شێت لە کاتی خەودا دەکەوێتەوە بیری چی لێ وون بووە و هاوار ئەکا مەمگرن با بگەڕێم بەدوای شتە وونبووەکەمدا و ئەپاڕێتەوە بێڵن با نەمرم! # لە شوێنێکدا بە ئەقڵ کارێکی چاک کراوە، یەکێکی دەمەوەر دەڵێ : من شیاوی ڕێزم! # هاوسەری لاواز وەباڵی چارەنووسە # ئەگەر کرێکارێکت دامەزراند وا سەوەتەت لەگەڵدا هەڵئەگرێ و لەگەڵتدا لە سەر هەمان سەوەتە نان بخوا و هێورانە خزمەتت بکا و پێت دەڵێ دەمەوێ بە شتێکی دیکەوە سەرقاڵ بم، ئەو خزمەتکارە دەبێتە خزمەتکاری کۆشکی شاهانە # بە کوڕەکەت ئەڵێی وەرە ماڵەوە ، بە کچەکەت ئەڵێی بڕۆ بۆ لای ژنان! # لە کاتی مەی خواردنەوەدا کاری دادوەری مەکەن # پەژارە داتان نەگرێ بۆ ئەو شتانەی وا لە ماڵەوە لە کیستان ئەچێ # ئاسمان دوورە، زەوی گرانبەهاترین دیاردەیە، بەڵام لە ئاسمان و زەویدا ئەتوانن توانای خۆتان دووبەرانبەر بکەن و هەموو وڵاتە ناوازەکان بکەونەژێر ڕکێفیەوە #  وەرزی دروێنە بەفێڕۆ ئەڕوا#  وەک کارەکەرێک ئامادەی فەرمانە خۆت ساز بکە بۆ کار# کوڕم ! وەک شا بیگوزەرێنە ، وەک شا نان بخۆ و کارەکەر و خزمەتکار بگرە و ئەوە هەمان شتە وا دەبێ لەگۆڕێدا بێ # دەمڕووت دەمی خۆی ئێشێنێ # چاوی تەماح مەرگی لەگەڵدایە # فرمێسکی درۆزن جل ئەخووسێنێ، ئامۆژگاری کردنی بەدکاران کەی ئەکەوێتە کار؟ # بە دەمارەوە قسە کردن وەک وەرهەم وایە، ئەڵێی بایێکە و تووشی ژانەزگت ئەکا# ...#  وارتە و ویرەی دۆعای خێرم پیت و بەرەکەتی پێوەیە، ئافەرەم کردنی پەروەردگار ئاوێکی ساردە و دڵڕفێنە# قسەی نەشیاو و جوێن تەنیا خەڵکی پێ سەرقاڵ ئەبێ # شوروپاک ئەم دەستوورانەی بە کوڕەکەی داوە# شوروپاک (شاسوریجا) کوڕی باوەگەورە( شا کەوەسوار) ئەم دەستوورانەی دا بە زی ئود سودرا ( خدرشای زیندوو)ی کوڕی#

 

بەشی سێهەم

( لە دێڕی سەت و چل و شەشەوە هەتا سەت و هەشتا) 

لە قۆناغی سێهەمدا ، شوروپاک کوڕی گەورە تاتە ئەم ئامۆژگاریانەی دا بە زی ئودسودرای ڕۆڵەی خۆشەویستی:

ڕۆڵە گیان! با ئەم دەستورانەت پێبدەم، ئاگات لێبێ، زی ئودسودرا! با ئامۆژگاریەکت پێبدەم، تۆ دەبێ وریا بی، لە ئامۆژگاریەکانم مەخافڵێ، کاتێ قسەت بۆ ئەکەم، قسەم مەبڕە و گوێڕایەڵی قسەکانی من بە:

کوڕی وەرزێر تاڵان مەکە کاتێ بەنداو و کەنداوی بۆ درووست کردوویت # ژنەخراوە مەکڕە، لەمۆزێکە و گەزە دەگرێ # کارەکەرێ مەکڕە وا لە ماڵاندا زاوە و زۆڵی خستووە، وەک گیامارانە وایە و هەناوت تێکدەدا # کرێکاری بێگار مەخە سەر کار، دیوارت لێئەڕووخێنێ # کارەکەری کۆشک مەکڕە، فێرەکاری ماڵان نیە، بنی پوتەئاوەکە قەوزە دەیگرێ وئەویش خاوێنی ناکاتەوە #

کۆیلەت هێنا بۆ کار، لە خەڵکی چیانشینەوە یان شوێنی بێگانەوە بیهێنە # لەبەر ئەوەی کوڕم! کە خۆر هەڵدێ ئاو بەدەستتدا ئەکا و لەپێش تۆدا ئەوەشێتە کار# خێزاندار نیە تاکوو بگەڕێتەوە بۆ لایان # شارێکی نیە سەردانی بکا # تا دەرگاکەت لێنەکوتێ بۆی نیە بێتە ژوورەوە # ناتوانێ.... # ناتوانێ ملەملەت لەگەڵدا بکا و تووشی کێشەت بکا # کوڕم ! ڕوومەکە ڕۆژهەڵات و ئەو کەسەی وا زانیاریت بۆ کۆ دەکاتەوە نابێ.... #  پیتی ناوی شوێنەکان سواری یەک دەکرێن، باخەگیاکان نابێ لەسەر یەک کەڵەکە بکرێن #  کەناری چۆمی ڕزگاری خزە ئاگات لێبێ تووشی هەڵخلیسکان نەبی # برای گەورە وەک باوک وایە و خوشکی گەورە وەک دایک # هەرگاوایە گوێ لەبراگەورەت بگرە وەک چۆن گوێ لە باوکت دەگری و گوێ لە خوشکەگەورەت بگرە وابزانە دایکتە # وانەبێ هەر پشت بە چاوت ببەستی # ئاگات لێبێ هەر بەدمی و زارەکی داراییەکانت زۆر نابن # کەسی خوێڕی دەبێتە هۆکاری لەناوچوونی بنەماڵەکەی # برسیتی وات لێدەکا بە گژ کێودا بچی و تووشت بێ بە تووش خەڵکی چەتە و نەناسیاگەوە لەو کاتەشدا برسیتی کەسانێک وا لێئەکا لە شاخ شۆڕ ببنەوە بۆ دەستکەوتنی شتێک بۆخواردن # قەڵای بچووک خێرا ئامادە دەبێ و قەڵادارەکەی سەرسام ئەکا # شاری گەورە شوورە به دەور خۆیدا بەرپادەکات بەڵام خافڵاوە لەوەی خانوویێک لەناو شار خەریکی نانەوەی کەتنە # دارا پارێزراوە، نەدارا هەموو جۆرە گرفتاری و ناسازگاریەک دەگوازێتەوە بۆ دارا # پیاوی ژندار خەنییە، پیاوی زگورت پێخەوەکەی لە کادێندا ڕائەخات # هەر کەس بیەوێ خانوویێک وێران بکا ئەیکات! هەر کەس بیەوێ بایی خانووەکە گران بکا ئەیکات # ئاوێزانی ملی کەڵەگایێکی ئەستووربی لە ئاوی چۆم ئەپەڕێیتەوە # کوڕم! هەر ئاوا چۆن لەگەڵ پیاوەکانتدا به گاشەبەردەکاندا هەڵئەگەڕێی، ئەتوانی سەرکەوتنەکانت دەستەبەر بکەیت # کاتێ کچێکی ناسکۆڵەت پییە و بە پرزەی یاڵاندا گەشت دەکەی هەم چاکە هەم خراپ# چاکە لە دەستدا و خراپە لە دڵدایە # نەکەی! مەهێڵە ئەوەی لە دڵتدایە بەرەو خراپە بڕوا و تۆش بکەویتە تەکی # خراپە کادێنی ئامادەیە بۆ گڕگرتن# ..... ....# ... .... # ئاخۆ ڕووبار گەمی شکاو قووت ئەدا؟ # ئاخۆ ئاودێری گۆزە لەشان سەر ئەدا لە بیابان؟ # دڵی ئەویندار شەپۆل ئەدا لە خەم، دڵی حەسوود خانوو وێران ئەکات # بۆ بەهێزبوون، بۆ ئەوەی ئامانجەکانت بپێکی خفتانی پۆڵایینی خواوەندەکان لەبەر بکە #  دەبێ بە ڕێزگرتنی خەڵکەوە دەست پێبکەی # پێش ئەوەی بەهێز بی دەبێ خاکینە و خۆڵینە بی # هەروەها کوڕەکەم! دەبێ زیندوو بمێنی و بەرپەرچی بەدکاران و ئاژاوەگێڕان بدەیتەوە # لە بۆنە و میوانیەکاندا ژن پەسەند مەکە بۆ خوازتن، لەبەر ئەوەی لە ناوەوە پووچەڵە و دەرەوەیشی ساختەیە و دەستکاری کراوە. ئەو زێڕانەی وا کردوویە بە خۆیدا زڕن و پیرۆزە و گەوهەرەکانی سەر جلوبەرگەکەی  بە قەرز هێناویەتی # جلەکانیشی بە ئامانەت هێناوە، کراسە کەتانەکەی بەریشی ئامانەتە# پاکی ئەوەی پێیەتی زڕن و هی خۆی نین # گای جووتی کارکردوو مەکڕن # گایێک وا نیڵ و ئامورکراوەتە ملی نابێ بیکڕی# زاخەی گاڕان بگەڕێ و گایێکی باش بکڕە # ژنێکی جێ متمانە، ماڵ پێکەوە دەنێ # نابێ گوێرێژ بکڕی لەکاتی خەرمان هەڵگرتندا، لەبەر ئەوەی لەگەڵ کەریتردا خەریک خواردنە # ئەو گوێرێژەی وا پەتیان کردوەتە ملی وەک پیاوێک وایە کە کەلەبچەیان کردووەتە دەستی # کوڕم! خۆت بپارێزە لە ژنێ وا بە دوڵەمەندیەکەوە خۆی ماڵخراپ ئەکا # مەزرای پیاوی مەست کەوتوەتە سەر ئاو # ژنی دز وەک پەیژەی دۆزەخ وایە، هەروەک مێش ماڵەوماڵ ئەکا # ئەو جۆرە ژنە وەک کەری بێخاوەن وایە وا بەرەڵا کراوە # ئەو جۆرە ژنە لە سەرەڕێدا شیر ئەدا بە منداڵەکەی # و لە جیاتی ئەوەی خوری بڕێسێ ، بە تەشیەکەی لە خۆی ئەدا و زێڕوهۆڕ ئەکا # و بەردەوام پێتئەڵێ بڕۆ دەرەوە! # سەرەڕای ئەو هەمووە پەردە و پەرژینە هەر خەریکی چلوچۆیی کردن و قوتەقوتە و بە دوای قسەوەیە # و لە نێو هەموو شەڕ و مارەکەدایە # ..... .... # ... ... # کوڕم! ئەو جۆرە ژنە هەناوی پڕە لە ڕق و سۆ# ... ... # ... ...# ... ...# ... ...# ئەو دڵەی وا پڕە لە شادی کوڕم! # تۆ ئەبێ هەمووکات بەخشندە بی کوڕم ! # خزمەتکاری شت و مەک مەبە با ئەوان خزمەتی تۆ بکەن # نابێ دانەوێڵەی زۆرهەڵبگری بۆ پاشەکەوتی خێزان # نابێ مەڕ بغەزرێنی دەنا بەرخی مێ ئەزێ # چرا بۆ ڕووناکی ڕێگەیە مەیخە سندووقی پارەوە # ... دەنا کوڕت ئەبێ # ژن ڕەدوو مەخە با نەیکا بە قیژە و هاوار، شوێنی هەڵگرتنی هاوسەر... # با خڕ ببینەوە و بڵێین ئای پێم! ئای ملم! # با بە هێزەوە یەکبگرین وببین بە کەوانێکی بەهێز # کەس مەکوژە، ئەوەی وا ئەیکوژی منداڵی خەڵکە # نابێ یەخسیری شەڕ بکوژی، نابێ پەتی بکەی # ژنە مەیوانەکان چارەنووسی پیاوانی خاوەن دەسەڵات ئەخەنە دەستی ژنانی مێگێڕی مەیخانەکەیانەوە # لەگەڵ دایکتدا بە پۆز و دەمارەوە قسە مەکە و خۆت لە بەرچاو دایکت مەخە، نابێ قسەکان و بیروبڕواکانی دایکت بخەیتەوە بۆ درۆدا# دایک پیاوێکی وەک خواوەند ئوتو( تاو،هەتاو)ی زاوە# باوک وەک خودا ئوتوی ڕووناک کردووە # باوک وەک خودا وایە وا قسە و ووتەکانی جێگەی متمانەن # ئامۆژگاریەکانی باوک دەبێ ڕەچاو بکرێن# شاری بێ شوورە و حەسار ، ناوەند و مەیدانی نیە # کوڕم! مووچە و مەزرا و کێڵگەی ژێر کۆگاخۆڵەکان چ تەڕ بن چ وشک دەستمایە ی ژین و ژیانە # ئەوەی وا لە هزردا ناگونجێ خەفەتی لە دەستدانی شتێکە بۆ هەتاهەتا # شاری کور- دیلمون شاری خواوەندەکانە # سەگ مۆتەمۆتی دوای شتی وونبووی پێناخۆشە بەڵام پیاو پێی هیلاک ئەبێ # شوێنی نەناسیاگ جێی ترسە # شەرمەسارییە بۆ سەگ ئەگەر ئەوەی ئەو بە دوایدا سۆکەی هاتووە کەسی دیکە بیدۆزێتەوە # لە کەرەرێی سەرکێواندا ئەهریمەنانێک دەژین وا مرۆڤ دەخۆن # ئەو ژنە وەک خەڵکی تر خانوو درووست ناکات # ئەو ژنە وەک خەڵکیتر شار بەرپا ناکات # .... # شوانی بێ دەسەڵات دەستی لە دۆزینەوەی مەڕی وونبوو ئەشوا و گۆلەگۆل مێگەل ئەکاتەوە بە تەویلەدا # جووتیار دەستی لە جووت هەڵگرت # ......# جوانە ئەگەر دێیتە نێو کۆشکەوە بە قسەی خۆش و زمانی نەرم ببیتە هۆی دڵخۆش کردنی دانیشتووانی ناو کۆشکەکە # جوانە ئەگەر چەند ووشە بۆ ئافەرەم و ڕێزگرتنی ئەستێرەکان پێشکەش بکەیت # ئەمانە ئامۆژگاریەکانی سوریجای کوڕی کەوەسوارە وا لە خواوەندەکانەوە پێی گەییشت. ئەو خواوەندانەی وا تۆمارە گەورەکەیان نووسیوەتەوە # کۆتایی مانگی ئاوزین(سنبلە)، ئەو شوێنەی وا سوریجا کوڕی کەوەسوار ئامۆژگاریەکانی پێشکەش کرد#.

 

سەرچاوەکان:

1- Raymond Jestin, Rare. Mémoires de l’Institut français d’archéologie de Stamboul publiés sous la direction de M. Albert Gabriel, tome III. E. De Boccard, Paris, 1937. First edition. In-4, 73 pages, 183 plates. Original softcover, slightly rubbed on edges, a very good copy. Language: French. Relevant subjects: Mesopotamia. Language: French.

2- Andreas Leitz, Vedicreligion Institute of Vedic Reserch and Publications.

3- Dr. Khaz’al Majedi , Wesaya Shrubak