ما 727 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

وتووێژ لە گەڵ فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئەمە دەقەی لە بەردەستی خوێنەراندایە وتووێژێکە بەڕێز ئەورەحمان مارف لە گەڵ فەڕۆخ نێعمەتپوور سازی کردووە و، لە کتێبێک بە ناوی 'ئیستاتیکا و جیاوازی' لە هەولێر لە لایەن خانەی موکریانی یەوە چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

 

پرسی جوانی

ئەمە دەقەی لە بەردەستی خوێنەراندایە وتووێژێکە بەڕێز ئەورەحمان مارف لە گەڵ فەڕۆخ نێعمەتپوور سازی کردووە و، لە کتێبێک بە ناوی 'ئیستاتیکا و جیاوازی' لە هەولێر لە لایەن خانەی موکریانی یەوە چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

* جوانی یانی چی؟

ـ جوانی هەم پرسیارێکی فەلسەفییە و هەم پرسیارێکە خۆی لە چوارچێوەی ستاتیکادا واتە فەلسەفەی جوانناسی دا خۆی دەبینێتەوە (ئەم دووانە لێک جیادەکەینەوە چونکە ستاتیکا لە سەردەمی باومگارتن لەسەدەی ١٨ هاتە ئاراوە). یەکەم فیلسووف کە بە شێوەی فەلسەفی لە بەرهەمەکانی خۆیدا ئەم پرسەی خستە بەرباس، ئیفلاتون بوو لە کتێبەکەیدا بە ناوی 'جمهوری' کە لە فۆڕمی دیالۆگدا لەسەری دەدوێ.

جوانی لە راستیدا پەیوەندی بە هەستەوە هەیە. زۆرجار بیستوومانە کاتێک مرۆڤێک چاوی بە دیمەنێکی جوانی سروشت دەکەوێ یاخود شیعرێک سەرنجی رادەکێشێ، لە وشەی 'جوانی' بۆ وەسفی کەڵک وەردەگرێ. هەر لە نموونەی ئەم جۆرە مرۆڤەیش کەم نین کاتێک لێی دەپرسین جوانی چیە و بۆ ئەو دیمەنە یاخود ئەو شیعرە جوانە، لە وەڵامدانەوە دەمێنێتەوە و ناتوانن بەشێوەیەکی پێویست وەسفی سەرنج و بۆچوونەکەی خۆیان بکەن و بە شێوەیەکی شیاو لێکی بدەنەوە. ئەمە ئەو راستیە نیشان دەدات کە جوانی پێش ئەوەی رووداو یاخود دیاردەیەک بێت لە دەرەوەی زەینی مرۆڤ، پەیوەندیی بە خودی دەروون و هەستی مرۆڤەوە هەیە. واتە چونکە جوانی ئۆبیێکتی نیە و زیاتر ئۆبژێکتیڤییە ئیتر بۆ مرۆڤ دژوار دەبێ وەسف کردنەکەی. لێرەدایە گرینگیی فیلسووفەکان دەردەکەوێ. چونکە ئەوانن دەتوانن بە شێوەی ئەبستراکت باس لە بابەتێکی کۆنکرێت بکەن و فەلسەفیانە و بنەڕەتیانە لێکی بدەنەوە.

بەڵام  هاوکات لەگەڵ ئەوەی دەکرێ جوانی وەسفی فەلسەفی هەبێ، دەرکەوتەکانی لە کلتورێکەوە بۆ کلتورێکی دیکە جیاوازن. دەکرێ ئەو شێوە خۆڕازاندنەوە  و خۆجوانکردن لە کلتورێکدا پەسندە لە کلتورێکی تردا پەسند نەبێ و بە پێچەوانەوە تەوا رەد بکرێتەوە. یاخود دەکرێ ئەو بەرهەمە ئەدەبییەی لە سەردەمێکدا ترۆپک و نموونە بووە لە سەردەمێکی تر ئاسایی سەیری بکرێ. ئەمەیش دیسان نیشانەی ئەوەیە کە روانگە و پێناسەی مرۆڤ بۆ جوانی گۆڕانی بەسەردا دێت، واتە چونکە جوانی دیاردەیەکی کلتورییە بەگوێرەی کلتور بەرگی جۆراوجۆر لەبەردەکا. هاڵبەت نابێ ئەمە بەرەو ئەو شوێنەمان بات کە جوانی سەداسەد زەینی واتە ئۆبژێکتیڤییە. چونکە بەهەرحاڵ مەتریالێک هەیە کە لەدەرەوەی ئێمە بوونی هەیە و ئەم مەتریالەیە دەبێ بە بابەتی سەرنجی ئێمە بۆ ناولێنانی جوانی. بەواتایەک 'جوانی' میکانیزمێکی ئاڵۆزە لەکاتی بەریەککەوتنی ئۆبژە و ئۆبیێکت.

لای ئیفلاتون جوانی وەک هەموو شتێکی تری دونیا لەبنەڕەتدا ئایدیایەکی کامڵە کە ئەو جوانیەی ئێمە لە دونیادا دەیبینین یاخود ئەزمونی دەکەین، تەنیا کۆپییەتی. بۆیە لای ئەو هیچ جوانیەکی کۆنکرێت جوانیەکی کامڵ نیە. ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە باسی جوانی هەمیشە باسێکی کراوە و تەم و مژاوی بێت و مرۆڤ قەت بە وەڵام و پێناسەی تەواو نەگات. لەراستیدا جوانی رەوتە، کە لەگەڵ گۆڕانی دۆخ و گەشەی مرۆڤ، گۆڕانی چلۆنایەتیی بەردەوامی بەسەردا دێت.

دژواریی پێناسەی جوانی دەبێتە هۆی ئەوەی بۆ پەیبردن بە جوانی دیاردە یاخود شتێک، مرۆڤەکان پەنا بۆ 'سەرسوڕمان' بەرن. واتە گەر دیاردەیەک ئەم هەستەی تیادروست کردین ئەوا لەبەرامبەر جوانیدا راوەستاوین و ئیتر پێویست ناکا لێی بکۆڵینەوە! ئەمە رای فورمالیستە رووسەکان لە سەردەمی سەرەتای سەدەی پێشوو بوو. لای ئەوان ئەم دەستەواژەیە پەیوەندیمان دەدا بە دەستەواژەیەکەی گرینگی تر کە ناوی 'پەرسیونیسم'ە. لە پەرسیونیسم دا هونەرمەند کاریگەرییەکانی دەوروبەر لەسەر خۆی دەنوێنێتەوە، نەک کتومت خودی دەورووبەر. جوانی زیاتر لەمە، سەرنجڕاکێشە، مەندمان دەکا، دەبێتە هۆی فریاد و قیژەمان، لەخۆ بێخۆمان دەکا و کتوپڕ دەتوانێ رێبازی ژیانمان پێ بگۆڕێ، رەنگە لە سەداسەد! جوانی دەبێتە هۆی ونبوونمان لە بوونێکی تردا. تاک لە بێکۆتاییدا بزردەکا. کەواتە جوانی لە دەرکەوتە ئەخلاقییەکانیدا دەتوانێ هەم جێگای مەترسی بێت و هەم دیاردەیەکی پۆزەتیڤ.

زۆر کەس زەرورەتی جوانی بۆ ناشیرینی خودی ژیان دەگێڕنەوە کە ئەمەیش دیسان پێناسەیەکی ئۆبژێکتیڤییە. جوانی ئەو وێستگەیە کە دەمانحەسێنێتەوە و شێوازی رووانینی جیهانمان دەگۆڕێ.

ئەو شتانەی دەتوانن لە خوڵقاندندی هەستی جوانیدا دەور بگێڕن بۆ نموونە دەتوانن ئەمانە بن: رەنگەکان، بێکۆتایی، خوو و خەدەی جوان، هەستی سێکسی و خۆبەخشین لە ئاست ئامانجە گەورەکاندا. 

 *له‌به‌رامبه‌ر جوانی شتێك هه‌یه‌ ناوی ناشیرینی بێ؟

ـ بێگومان گەر بەشیوەی ئۆبیێکتیش ناشیرینی وجودی نەبێ، دیسان وێنا و تەسەوری 'جوانی' دەتوانی وێنا و تەسەوری 'ناشیرینی' مان تیا پێک بێنێ. دەزانی، یەکێک لە شێواز و میکانیزمەکانی بیرکردنەوەی مرۆڤ، شێواز و میکانیزمی دووالیستییە، واتە دووانەیی. لەم شێوازەدا دوو شت کە لە نێوەڕۆکدا دژی یەکن لەگەڵ یەک رێدەکەن. بۆ وێنە تاریکی و رووناکی، شەو و رۆژ، چاکە و خراپە و هتد. بە کورتی دەتوانین بڵێین ئەوەی جوان نیە، ناشیرینە، یان دەکرێ ناشیرین بێت (لەبیرمان نەچێ حاڵەتی نۆیتڕالیشمان هەیە، کە نە جوانە و نە ناشیرینە).

بەڵام دەکرێ ناشیرینی هەبێ (وەک دیاردەیەکی زەینی). بۆ وێنە کەسێک خەریکە دەخنکێ و تۆ ئاگات لێیە و کەچی هەوڵنادەی نەجاتی بدەی. ئەمە عەینی نەفسی خودی ناشیرینیە! هەر لەو کاتەدا کەسێکی تر دەتوانێ بێت و بڵێ کە نا ناشیرین نیە، چونکە ئەو کەسە کە خەریکە دەخنکێ، کەسێکی رەگەزپەرستە و لێی گەڕێ با بخنکێ!

کاتی خۆی سوهراب سپێهری شاعیری ئێرانی لە شیعرێکدا بە شێوەی پرسیار باسی ئەم پرسە دەکا. ئەو دەڵێ:

"من نمی دانم

که چرا می گویند اسب حیوان نجیبی است

کبوتر زیباست

و چرا در قفس هیچ کسی کرکس نیست

گل شبدر چه کم از لاله ی قرمز دارد

چشمها را باید شست جور دیگر باید دید"

ئەم شاعیرە دەپرسێ بۆچی دەڵێن کۆتر جوانە و لە قەفەسی کەسدا داڵ نیە. دواتر داوای گۆڕینی شێوازی تێڕوانینی مرۆڤ بۆ دونیا دەکا. ئەو ئەم دوایە دەکا چونکە دەزانێ کە پێناسەی جوانی پێناسەیەکی بگۆڕە.

 

* ده‌ڵێن جوانی رێژه‌ییه‌ و موتله‌ق نییه‌، ئه‌مه‌ یانی چی؟ به‌ ده‌ربڕینێكی دیكه‌ كۆمێنت و قسه‌ی تۆ له‌سه‌ر ئه‌م ده‌ربڕینه‌ چییه‌؟

ـ پێم وابێ لەسەرەوە ئاماژەم بەمە دا. بەڵام با تەئکید لەسەر ئەوە بکەمەوە کە هەندێ فیلسوف، وەک ئیفلاتون، جوانی رێژەیی نابینن. ئەمەیش بۆ شێوازی فەلسەفەکەی دەگەڕێتەوە. لای ئەو جوانی وەک ئایدیا (بە بۆچوونی ئیفلاتون ئایدیا بوونێکی ئۆبیێکتییە) بوونی هەیە و هەر دیاردەیەکی کۆنکرێتیی جوان، لەم دونیایەدا بەهرەیەکی لەو جوانە سەرەکییە وەرگرتووە (ئایدیا لای ئەم فیلسووفە بوونێکی فیزیکی هەیە). جا بۆیە جوانییەکان لە دونیای بەرهەستدا جۆراوجور و رێژەیی دەبنەوە، لەبەر ئەوەی هەر شتێک و لە ئاستێکدا و بە گوێرەی توانای خۆی بەهرەیەکی لەو جوانییە سەرەکییە وەرگرتووە.

 * ئه‌رێ ره‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وت یان سیما و روخسار مرۆڤ جوان ده‌كه‌ن؟

ـ ئەم بەشەیش لەوە پێش باسم لێکرد. سەبارەت بە هەڵسوکەوت تەنیا ئەوەندە زیاتر کە جوانی ئەوندە پانتاییەکی بەرینە کە دەتوانێ موڕاڵ واتە ئەخلاقیش بگرێتەوە. جوانی لە ئەخلاقدا پەیوەندی بە تەواوی ئەو خەسڵەتانەوە هەیە کە هاوکاری و پەیوەندی و یارمەتیی نێوان مرۆڤەکان بەرجەستەتر دەکەنەوە. هەڵبەت لەبیرمان نەچێ کە فیلسوفێکی وەک نیچە ئەم خەسڵەتە موڕاڵییەیان وەک ئەخلاقی مەسیحی پێناسە کرد و لە دژی راوەستا.

کاریگەریی سیما و روخساریش لە سەر جوانی کە بوارێکی ترە و جیاوازە لە بەشی رەفتار و هەڵسوکەوت، بێگومان بەخشێنەری جوانیە. بەڵام پێوەرەکانی ئەم جوانیە دیسان دەتوانن جێگای قسەوباس بن. جاری وایە 'دەگمەنی' دەبێتە هۆیەک بۆ جوانی. بۆ وێنە لای مرۆڤی ئەفریقی، مرۆڤی سور و سپی و زەردی ئەورووپی یەکجار جوانن و لای مرۆڤی سکاندیناڤیایش، ئینسانی رەش پێست سەرنجڕاکێشن.

 * سه‌باره‌ت به‌ رۆح و جوانی

ـ رۆح کە لەبنەڕەتدا وشەیەکی دڵخواز و جێگای سەرنجی رۆمانتیستەکانە، رۆڵی سەرەکی لە ئەو جوانییەدا هەیە کە رۆمانتیستەکان مەبەستیانە. فەلسەفەی هیگل فەلسەفەی گەڕان و گۆڕانی رۆحە و لە ئەساسدا ئەوە رۆحە کە بە گوێرەی قۆناخی گەشتەکانی، بەرگی جۆراوجوری وەک زانست و فەلسەفە و هونەر (جوانی) پەیدا دەکا. لای رۆمانتیستەکان، ئەوە رۆحە دەرفەتی پەیوەندی لەگەڵ خەیاڵ و ئیلهام و نبوغ (هەڵکەوتەی) دا هەیە. بۆیە رۆح دەروازەی سەرەکیی جوانییە. گەر سەیری نووسەر بلیمەتە رۆمانتیستەکانی وەک ڤیکتۆر هۆگۆ بکەین، دەبینین کە چلۆن قارەمانی سەرەکیی داستان و رۆمانەکانی، مرۆڤێکە خاوەن رۆحێکی گەورە کە لە هەموو مرۆڤەکانی تر جیای دەکاتەوە (سەیری کەسایەتیی 'ژان واڵژان' بکە لە رۆمانی بێنوایاندا).

 * جوان نووسین

ـ جوان نووسین بە رای من دوو بوار دەگرێتەوە، بواری شێوازی داڕشتن و بواری چۆنیەتی نووسین. یەکەمیان پەیوەندی بە زمانەوە هەیە و دووهەمیان پەیوەندی بە نێوەڕۆکی نووسینەوە. هەرچەند هەردووکیان لە نووسینێکی باشدا وەها لێک دەئاڵێن کە بە دژواری لێک جیادەکرێنەوە، بە تایبەت لە ئەدەبدا.

 * چیت سه‌باره‌ت به‌ جوانی خوێندۆته‌وه‌ یان بیستووه‌؟

ـ سەبارەت بە جوانی گەلێک شتم خوێندووەتەوە، بە تایبەت لە فەلسەفەدا کە پێم وابێ لە کاتی وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی سەرەوەدا بە جۆرێک دەردەکەون. هەموو ئەم خوێندنەوانەیش منیان بەو ئاکامە گەیاندووە کە جوانی هێشتا دیاردەیەکی وەڵام نەدراوە و هێشتا مرۆڤ عەوداڵی ناسینی پتریەتی. ئەمەیش تایبەتمەندیی هەموو ئەو چەمک و مانایانەیە کە پەیوەندییان بە دەروونی مرۆڤەوە هەیە. بەڕای من 'نەدۆزینەوەی' دووا مانا و دووا پێناسە بۆ ئەم چەمکە، یاریدەدەرە و دیاردەیەکی باشە! چونکە رەنگە هەر ئەمە بێت بووەتە هۆکاری ئەوەی کە ئێمە بتوانین خاوەنی ئەو هەموو رەنگاوڕەنگییە لە بواری ژانرەکانی ئەدەب و هونەردا بین، هەر وا لە بوارەکانی تردا.

*تێڕوانینی ته‌مه‌ن به‌رامبه‌ر جوانی له‌ چاوی پیرێك و منداڵێك وه‌ك یه‌كه‌ یان جیاوازه‌؟ له‌هه‌ر حاڵه‌تێكی وه‌ڵامه‌كه‌تدا: بۆ؟ چۆن؟

ـ بێگومان جیاوازە. بۆ ئەوەی لەم جیاوازییەیش بگەین واباشە سەیری جیاوازیی چیرۆکی منداڵان و چیرۆکی گەورەساڵان بکەین. ئەمەیش ئاساییە چونکە دەرکی مرۆڤ بۆ جوانی دەرکێکی تەنیا زگماکی نیە و بگرە زیاتر سەرچاوەی لە کلتور و لە پێگەیشتن و لە ئەزمونەکاندا هەیە.

بۆ منداڵێک کە هێشتا لەسەرەتای ئەزمونکردنی ژیاندایە و یەکجار تامەزرۆ و چاو و رۆح تینووە، زۆربەی ئەزموونە نوێێەکانی بەتوش ئەو سەرسوڕمانەی دەکەن کە فۆرمالیستە رووسەکان باسی لێدەکەن. بەڵام بۆ مرۆڤێکی خاوەن تەمەن کە ئیتر رووداوەکانی ژیان لای دەبن بە تیکرار و دووپاتبوونەوە، تا رادەیەکی زۆر لەم هەستی 'سەرسوڕمانە' دووردەکەوێتەوە و کەمتر کاردانەوەی دەبێ. بۆیە تەمەن دەکرێ یەکێک لە هۆکارەکانی جۆراوجۆریی سەرنج بۆ جوانی بێت. بەڵام با ئەوەیش لەبیر نەکەین کە مرۆڤی بەتەمەن چاوەڕوانییەکان قوڵتر دەبێتەوە و، بۆیە رەنگە دیاردەیەک دەبێ یەکجار جیاواز بێت بۆ ئەوەی بتوانێ لای ئەو خەسڵەتی جوانی وەربگرێ.

دیارە هەمووی ئەمانە باسم لێکردن، موتڵەق نین.  

 *دوا شت خودی خۆت سه‌باره‌ت به‌ جوانی ده‌ڵێی چی؟ جوانی له‌ چیدا ده‌دۆزیته‌وه‌؟

ـ من کە زۆرتر بە نووسینی چیرۆکەوە سەرقاڵم، پێم وایە جوانی بریتیە لە:

ـ هارمونی،

ـ دیتنەوەی ئەو شتە بەڕواڵەت گچکانەی کە لە راستیدا دەتوانن شتە هەر ئەساسی و بنەڕەتییەکان بنوێننەوە،

ـ دیالێکتی تاک و گشتی،

ـ باوەڕ بە رای فۆرمالیستەکان لە بابەت 'سەرسوڕمان'

ـ گەمەی قوڵی ژیان لەو کاتەیدا قەت خەیاڵ و راستیی مەرگی لێ ون نابێ،

ـ سەرئەنجام جورئەتی جۆرێکی تر بیرکردنەوە و نووسین، ئەگەرچی دونیا تۆیان لا وەک شێت و خائین بێتە بەرچاو!

سەبارەت بەوەی کە جوانی لە چیدا دەدۆزمەوە، دەبێ بڵێم کە من بە درێژایی ژیانم جوانیم لەم چەند شتەدا دۆزیوەتەوە، لە چیرۆک و رۆمان، لە خەباتکردن بۆ ژیانێکی باشتر، لەجورئەتی سەربەخۆبوون، لە جورئەتی رێگا نوێ بینینەوەکاندا و سەرئەنجام لە کاتەکانی تەنیاییدا بە مەرجێک ئاوسی بەرهەمێک بن!