ما 871 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

هاوکار جمیل

هزر و مەعریفەلە ڕۆمانی بەڕێگاوە گەڕانەوەیە بۆ عیرفانییەتی و فەلسەفەی بوونگەراییی و دەروونشیكاری و قووڵبوونەوەیە لە خود و ڕۆماننووس شارەزاییەكی باشی لە ئایدیاكان هەیە، ئەم بیرکردنەوەیە لە ڕۆماندا وەک هەمان دەقی (سەعدی شیرازی)یە کە دەڵێت: دەبێت ئێمە بە ئاوی باران چاومان بشۆین چونکە ئاوی زەوی مرۆڤ پیسی کردووە. 

 

سیمۆلۆژیای ئاو لە ڕۆمانی بە ڕێگاوەی دڵشاد کاوانی دا

                           

نووسینی: هاوکار جمیل

ماستەر لە ئەدەبی کوردی

 

پێشەكی.

ئەدەب ئاوێنەی کۆمەڵگەیە، ئەم گوزارشتکردنە دەیەوێت ڕازیمان بکات کە ئەدەب دیاردەیەکی مێژووییە لە دەڕبڕین و کاردانەوەدا، هێزی سەردەم و دەرهاویشتەکانی، بۆیە وادەکات هێما و سیمۆلۆژیای ڕاستەوخۆ لە دەقەکان دەركەوێت، ئەمەش گەلێ گۆڕانکاری تێدا کراوە بە پێی پێشهاتە سیاسی و مێژووییەکان سەردەمەکان. لە ڕۆمانەکانی سەردەمدا ئەمە دەگوڕێت بە بەستنەوەی ڕووداوەکان، لەگەڵ کێشەی سەردەم، چونکە خودی ڕۆمان لەسەردەمی ژیانەوە (نهضة) پەیدابووە. بۆیە جێگەی سەرسوڕمان نییە كە دەقی ڕۆمانی لەم چواچێوەیە دەرچێت کە دەقێکی داهێنان بێت؛ بەڵکو گوزارشتکردنە بە ڕێگە جیاوازییەکانی بۆ پیشاندانی کۆمەڵگە، سەڕەڕای فەرامۆش نەکردنی داهێنانەکەی، ئەمە ڕێک ڕۆمانی بە ڕێگاوە ئەم ڕێگەیەی هەڵبژاردووە.

سرووشت لە ڕۆمانی بە ڕێگاوە.

ڕۆماننووس لە ڕۆمانی بە ڕێگاوە پێچەوانەی ڕۆماننوسانی دیكە زەمەنی ڕووداوەکانی فەرامۆش کردووە، هاتووە مێژووی ڕادەی تێگەیشتنی کۆمەڵگەی نوێ و ململانێکانی تاکەکان دەربخات، بگرە لە ڕێگەی دروستکردنی هەرێمەکانی نێو ڕۆمانەكە لەوانە ( فومەن، قەچوچان، نێرگزان، ئەشکەوت و چیاکان)ی دەرخستووە، کە هێمایەکن بۆ بوونی (ئاو، ئاگر، خۆل، هەوا) کە چوار ڕەگەزی بوونی گەردوونن، تەنانەت دەرخستنی شوێنیش لە ڕۆمانەکەدا گوزارشتکردنە لە واقعێکی کۆمەڵگە، ئەگەرچی شوێنەکان خەیاڵیشبن، بەڵام هەرێمەکان هێما و مەغزایەکن لە بوونی هەرێمی لەم جۆرە هەروەك خەیاڵی ئەفڵاتوون بۆ یوتوبیا و شاری نموونەییی (مدينة الفاضلة) یان مرۆڤی باڵایی فردیش نیچە.

لەناو ڕۆمانەکەدا کۆمەڵێک پێکدادان و کوشتن و تیرۆرکردن دەبینرێت وەک ئەوەی لە چوار پارچەکانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی هەبێت، هەر ئەمەش کۆمەڵێک لێکدانەوەی بە دوای خۆیدا هێنا، ڕۆماننووس ململانێی ئاینی و کۆمەڵایەتی و سیاسی باس کردووە. خوێنەری وردی ڕۆمانەکە نەبیت بە ئاسانی سیمۆلۆژیای دەق بەسەرت دەرباز دەبێت، چونکە ڕۆماننووس بۆ دەستەبژێر دەنووسێت، دەیەوێت ڕامانبێنێت بۆ ڕووداوێکی گەورەتر لەوەی ئێمە بۆی دەچین، ئەویش دەربازبوون لە کەلەپچەی ئایین و عورف و سیاسەت، کە مرۆڤ نەیتوانیوە لە مانای ڕاستی و کرۆکی هیچیان بگات، ڕۆماننووس هەوڵی داوە دەروازەی بیر بۆ مانا گەورەکە ببات کە مرۆڤبوونە!!

 

 

ئاو وەك سیمۆلۆژیا.

مرۆڤ لە ئەزەلەوە لەوەتەی هەیە بە پێی قۆناغەکانی مێژووی مرۆڤایەتی ململانێ لەگەڵ سروشت ئەنجام دەدات، ئەم پەیوەندییە لەگەڵ هێزی سروشتە، هەڵکشان و داکشانی بەخۆوە بینیووە بە ترسان، هەندێ جاریش بە شکاندنی دەسەڵاتی سروشت بەرامبەر مرۆڤ، ئەویش بە ناسینی زیاتر و نزیکبوونەوەی زیاتر و هەندێ جاریش بە کرنۆش بردن بۆی، وەک ئەوەی لە چاخەکانی ڕابردوو مرۆڤ ئەنجامی دەدا. ئاو بە گشتی و دەریاچە و لافاو و ڕووبارەکان بەتایبەتی تەوەری سەرەکی یان هێزی ڕادەبەدەرن لە ڕۆمانە نوێکاندا. خەیاڵ دروستکردن لە ڕۆماندا و بەستنەوەیان بە ئاو هەمیشە داستانێک یان تڕاژیدیایەک دروست دەکەن، جاروباریش ئیستاتیکا و ئارامبەخشی دەداتە مرۆڤ، وەک ئەوەی لە ڕۆمانە عیرفانییەکاندا دەبینرێت. (تەروادە و ئۆدیسە) دەریایەکی توند و بێڕەحم نیشان دەدات، بەڵام ئەگەر سەیری فینیقییەکان بکەین دەریا لە ئەدەبی ئەواندا هێمنە هەر میللەت و سەردەمێک بەپێی ژینگەی خۆی مامەڵەی لەگەڵ ئاو کردووە.

 

ئاو لە ڕۆمانی بە ڕێگاوە.

ڕۆمانی بە ڕێگاوە  لەگەڵ ئەوەی بە شێوە و تەكنیكێكی جوان و ناوەڕۆكێكی بە هێز و زمانێكی پاراوی كوردی نووسراوەتەوە، سرووشت بە گشتی و ئاویش بە تاییبەتی لە چەندین شوێن دەبێتە ڕووداو و دیمەن و هەندێك جاریش دەبێتە شوێن و كات و زەمەنی وەرزەكانی سرووشتش دیاری دەكات.لەگەڵ ئەوانەش دا لە ڕۆمانی بەڕێگاوە، ئاو بۆتە ڕەهەندی فكری و پێناسەی ئاییین و فەلسەفە و گۆشەنیگای ڕۆماننووس، بۆیە بە شێوەیەكی گشتی ئاو لە ڕۆمانی ڕێگاوە بەسەر دوو لایەن دابەش دەبێت.

 

ئاوی پیس و زەڵكاو  لە ڕۆمانی بە ڕێگاوە.

ئاو لە ڕۆمانی بە ڕێگاوە لە زۆر شوێندا تڕاژیدیایە و نەهامەتییە، کە دەبێتە هۆی مردن و گیربوونی کارەکتەرەكان و نیشاندانی ڕووی كۆمەڵگە و ئازار و مەینەتییەكان و هەندێك جار تەواوی ئاو دەبێتە بەشیك لە پێكاهەتی ڕووداوی نێو ڕۆمانەكە، هەوەك لە بەشی گیرخواردنی (بێزۆی سیناوخۆر) لە ناو زێراب. گیرخواردن و مردنی منداڵێك بە ناوی (جیقۆ فشە ) كە دەنووسێت " من یەكەم كەس بووم لە بن بەستێنەوە، لە نێو قوڕاوگە ئەوم سەرەو قوون لە نێو قوڕ و لیتەدا بینییەوە، سەرەتا پۆتینە سەوزەكانیم دۆزییەوە لە قوڕدا " ، لێرەدا ئاو مەدلولی تری هەیە لە شێوەی لافاودا لای ڕۆماننووس شەڕانگێزییە وەک دزینی ڕۆحی کەسێک. هەروەها جۆگەی پیس و زێرابی ماڵان دەبێتە خۆراکی (بێزۆی سیناوخۆر) بەم چەشنە دەخاتەڕوو " ئەویش شێتی خواردنەوەی سیاناو چڵكاو بوو، ئەو ناوی خۆی بێزەواڵ بوو، چونكە سیاناوی ڕەشی وەك شیری سپی دایكی دەخواردەوە، ناویان نابوو بێزۆ سیاناوخۆر" وەک سیفەتێکی هەمیشەیی منداڵەکە (ڕۆماننووس هەوڵدەدات وێنەی منداڵێكی بێناز و ئاوێتەبوو لەگەڵ ئاوی پیس و سیاناو نیشان بدات، بۆ ئەوەی کاریگەرییەکانی پەروەردەیی لە کەسایەتی داهاتووی منداڵەکە بخاتە ڕوو)*، (امنة عبدالجليل) ئەم پیشاندانە وێناکردنی داهاتووە لەو ژینگەی ئەم منداڵەی لێ پەروەردە بووە، هەروەها نیشاندانی وێنایەک بۆ نەوەی داهاتوو.رۆماننووس هەمیشە هێزی باران و هێزی سروشتی تاقیکردۆتەوە کە بەرامبەر تاکی کورد ڕووە تۆقێنەرەکەی نیشانداووە. بەهەمان شێوە (بێزۆی سیناوخۆر) لە ڕێڕەوی زێرابی ئاوەڕۆی ماڵان ون دەبێت، دوای ئەوەی بە زیندووی دەگاتە لای دەستەیەكی چەتە هەڵدەگیرێتەوە و گەورە دەبێت و دەبێتە چەتەیەك و تەواوی ژیانی منداڵێك بە هۆی زێرابێكی سەر داخراەوە دەگۆڕێت. ئەمەش هێما و سیمۆلۆژیای ئاوی پیسی وەك پیسی ناخ و دروون دەكاتە سیناو و جەستەش دەبێتە زێراب لە پەرەوەردەی دەروونی مرۆڤ دا.یاخود لە بەشی (نارسیس) لە هەرێمی نێرگزان لەگەڵ (مێناز) بە لافاو و قوڕوا و لیتاوی ئاو دا دەچن و دەنووسێت " ئەو كاتەی دەستم لە نووسینەوەی ڕۆمانی ڕەش هەڵگرت هەمان ڕووبار و هەمان و شوێن، هەمان زریان كوتان بوو، من سەیری مێنازم دەكرد نیوەی لە قوڕ و نێوەكەی تری لە تیشكی ڕۆژ بوو، تاكو یاداشتكردنی ئەم بیرەوەر ییە تا ئێستا نازانم كتێبی ڕەش چی بەسەر هاتووە. كە خۆم لە قەرەی ڕووبارە بەتینەكە دا، تا ئەژنۆ پاشان تاكو ناو قەدم هات، هەر دوو دە ستم یەكەكیان مێنازی قوڕ و لیتە،" ئاو لێرە دەبێتە فیراق و دابڕان لە نێوان نارسیس و مێناز. ئەمەش گەڕانەوەیە بۆ لافاوەكەی نوح و لە دەستچوونی میژووی ڕابردووی مرۆڤایەتی و نووسینەوەی بیرەوەری یاداشتەكانی نارسیسە بۆ بونیادی شارستانییەتی نوێ.  

 

ئاوی سازگار و پاك  لە ڕۆمانی بە ڕێگاوە.

هەموو ئەمانە دەلالەتی بوون و ئایدۆلۆژی و ژیانن، بەڵام جیاوازی کردووە لەگەڵ ئەو بارانەی کە گۆڕی نێرگزانی بە جوانی نەخشاندووە بە گوڵ و گوڵزار و ئاو هەواکەی، ڕووە جوانەکەی  سروشتی ئەو دەمە جوان نیشان داوە کە هەرێمەکانی تر و ئایدۆلۆژیا و ئایینی تر پێیان نەخستبووە ناو هەرێمەکە، بۆیە نە کات کۆتایی دەهات، نە مردن هەبوو وەک بەهەشت بوو، تا ئەوکاتەی مرۆڤەکان  ڕەوشتی مرۆڤبوونیان لەدەستدا ئەو کاتە دۆڵی نێرگزانیش تێکچوو بووە بە تڕاژیدیا. بۆ نموونە (عەدە گرینۆک) حەزی لە خواردنی سیکۆتینە لە جیاتی هەڵمژینی ئاو و هەوای سافی دۆڵی نێرگزان، هەڵدانی (قۆیتاس) بۆ ناو ئاودا تیرۆرکردنێکی ترە لەناو زێدی خۆی لە هەرێمی (قەچووچان)  بەدەستی تاکەکانی هەرێمێکی تر. نیشاندانی کوشتن لە هەرێمی (فومەن) و سەرهەڵدانی نەخۆشییە دەروونییەکانی (نکرۆفیلیا، نکرۆفۆجیا) و سەهەڵدانی ماسۆنییەت و ئایینگەرایی، پێکدادانی شارستانی ئیسلامی و جولەکە لە ناوەندی هەرێمی (فومەن) هەوڵێکە بۆ زاڵبوونی بیری ئیسلامی سیاسی بەسەر ناوچەکەدا هەروەها خنکاندنی (کوڕیژگەی بەرانان) لە هەرێمی قەچووچان و شەرعیەتدان بە سێکس و حەزە سێکسییەکان ڕوویەکی تری نیشاندانی کاروباری هەرێمەکانە لە گوندێکی هەستێڵ و شڵپاو قوڕ و لیتەیە، کە یان لەبارەی (شێخی زەنەک) دەڵێت "ڕەنگە جگە لە من و شێخی زەنەك، كەسی تر پێدا تێپەڕ نەبووبێ، ئەوەی كە چووە و نەهاتۆتەوە، یان خنكاوە، یاخود داماوێكی وەك من بووە لە ترسی مەرگ هەڵاتووە، ئیدی بۆ ئاوایی نەگەڕاوەتەوە. كاتێ گەیشتینە ژێر تاڤگەكە، زەنەك خۆی دە بەرزایێ هاویشت و منیش لە دوای ئەو تا قووڵایی ژێر تاڤگەكە ڕۆچووین، دواتر بەسەر ئاوێك وەك دوو بۆق هاتینە دەرەوە" شێخی ناو ئاوە لەبنەوە ئاوێکی ساف و سازگارە ئەم شێخە لەوێ ژیان بەسەر دەبات لەبەشی چواری ڕۆمانەکە باسی لێوە دەکات لەوەسفی گوندەکەدا دەڵێت " ڕووبارێکی بە خوڕ و چەم و چۆمێکی پڕ لێڕەوا و چاڵاوی تێدا بوو، دەوروپشتی گوند، پڕ لە هەرزەگیا بوو هەموو لایەک هەستیل و زەنەک و شڵپاو بوو. گوندەکەمان هەر وەک سەری باوکم تەڕ و تووشبوو، کە دەبوغزا وەکو چڵم لە لووتی پلووسکەی دەکرد، چاوەکانی وەک چاڵاوی خوار ڕووبار فرمێسکی تێدەزا، دەم و لغاویشی دەبووە ڕووبار و لیکاو و ترشاوی دەردەدا" کاتێک (کوڕیژگەی بەرانان) شێخی زەنەک ڕۆڵی نەرێنی بینی لە ڕزگارکردنی ئەو مێر منداڵە! یاخود كاتێك (شێمرازی نورانی) لەپاڵ خوێندنی ئایینی لە گەرماوی (دژوون) لای (ڕەمۆی ڕووتەڵە) دەبێتە پشتشۆر لێرە ڕۆماننوس عیرفانیانە لە بوون دەڕوانێت و وەها دەپەیڤێت " شێمراز لە نێو حەمامدا بە پارەیەكی كەم ڕۆژانە پشتی خەڵك دەشوا و قڕێژ و چڵكی سەر پشت و ملان لا دەدا، ئەو پیاوێكی نوورانییە و هەمیشە بە دوای تێگەیشتن لە زانین و درككردنی حەقیقەتەوەیە. دوو شتی شێمراز ناكۆكن ڕۆح و حەقیقەت، ڕۆحی ئەو وەك ئەو جامە وایە كە بەسەر شان و باڵی خۆشۆرەكان دادەكا،." بەمەش چڵكی پیسی و وەهم و لەكە و پاشماوەی چێژ و غەریزە لە جەستەیاندا دەشۆرێنی، ئاو وەك پاكببوونەوەی ڕۆح و پاقژبوونەوەی ناخ و سەرچاوە بۆ ڕوونبینینی ژیان بەكاردێنێت.

 

ئاو وەك بیر و هزر لە ڕۆمانی بەڕێگاوە.

هزر و مەعریفەلە ڕۆمانی بەڕێگاوە گەڕانەوەیە بۆ عیرفانییەتی و فەلسەفەی بوونگەراییی و  دەروونشیكاری و قووڵبوونەوەیە لە خود و ڕۆماننووس شارەزاییەكی باشی لە ئایدیاكان هەیە، ئەم بیرکردنەوەیە لە ڕۆماندا وەک هەمان دەقی (سەعدی شیرازی)یە کە دەڵێت: دەبێت ئێمە بە ئاوی باران چاومان بشۆین چونکە ئاوی زەوی مرۆڤ پیسی کردووە. ئەم دەقە پێمان دەڵێت کە مرۆڤ دەبێت تێڕوانینی بەرامبەر دەوروبەر بگۆڕێ و دەست هەڵگرن لە خراپەکاری دواتر شوێنێک نامێنی مرۆڤبوون تێیدا سەقامگیربێت. بۆیە سروشتی دۆڵی نێرگزان نەیتوانی بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی. بوونی چەمکی ئاو لە ڕۆمانی بەڕێگاوە چەندین ڕۆڵ دەگێڕێت، بۆ نموونە یەکێک لە خێزانەکانی (ئەمبێز بەگ) کە کچی جولەکەیەکی خمکێشە کاری ئەوەیە جلەکان لە خم هەڵکێشێ جارێکیتر ڕەنگیان بکاتەوە! لە دیالۆگێکی فەلسەفیدا (شێمراز) لە حەمام کاردەکات لە کاتێکدا فەقێشە هەموو جار لەگەڵ کارەکتەرێکیتر یەکتر دەبینن بە ناوی(ڕەمۆی حەمامچی ) خەڵک دەشوات، (میخۆ)ش ناو بەناو دەچێتە حەمام بۆ ئەوەی خۆیان بشۆن، ئەمەش یەکێکە لەو نموونانەی پاکبوونەوەی مرۆڤ بەئاو لە پیسی ڕۆژگاردا. 

 

حەنچەیەک بەڕێدەکەوێ بەرەو شوێنێکی نادیار ڕووداوەکان لەم هەرێمە ڕەنگاو ڕەنگە دەبێتە پەیداکردنی هێز بۆ تۆڵەکردنەوە و کوشتن و خاوێنکردنەوەی شارستانییەتی جیاواز. دکتۆر (حسن حنیفي) دەڵێت: ئاو لە گێڕانەوەی بووندا لە تەوڕاتدا وێنەی هێزی ژیان نیشان دەدات، لە ئنجیلدا پاککردنەوەی ڕۆحە، لە قورئاندا ئاو لە ئاسمان دابەزیوە بۆ مەبەستی ژیانەوەی زەوی و دەرکروتنی بەروبووم بۆ سوودبینین، لێرەدا ئاو لە هەرسێ ئاییندا هێزی چاکە و باشەیە. لە ڕۆمانی بە ڕێگاوە ڕۆماننووس ئاو دەمەزرێنێ بە چەندین شێوەی جیاوازەوە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هەر مرۆڤێک بە جیاواز مامەڵە لەگەڵ هێزی سروشت دەکات. (ئیمی ئایتورانتا) لە ڕۆمانی پاسەوانی ئاودا دەڵێت: ئاو لە هەموو توخمەکانی گەردون زیاتر دەردەکەوێت، لەگەڵ مانگ دەڕوات و زەوی لەباوەش دەگرێت، لە سوتانی ئاگر ناترسێت، لە هەوادا ناژی، بەڵکو لە ناو چوارچێوەی هەوادا دەژی، لەگەڵ هەوادا وەکو هاوڕێ وان وەک پێستەکەیەتی، بەڵام ئەگەر بەهێزەوە لێی بدەی ئەوا یەقەت دەگرێ. ئەمە ڕێک مامەڵەی ڕۆماننووسی ڕۆمانی بە ڕیگاوەیە لەگەڵ ئاودا. زۆرێک لە ڕۆماننووسانی ڕۆژئاوایی بەتایبەتی (ئیمی ئایتورانتا) پێی وایە، کە ئاو هەستی هەیە لە زاکیرەیدا هەموو ڕووداوەکان تۆمار دەکات و پێشی مرۆڤیش بێتە سەر زەوی، ئاو دەزانێ جولەی گەردوون چۆنە، دەشزانێ کەی زەوی کاری پێدەبێت، کەی کەم دەکات و کەی دەچێتە ناخی زەوی و دواتر ڕێڕەوی خۆی دەگۆڕێ و توڕە دەبێت.

کاتێکیش ئاو مێر منداڵێک ڕاپێچ دەکات ئەوا جولەی ناتەندروستی مرۆڤە لە مامەڵەکردن لەگەڵ سروشتدا توڕەیی ئاوە، بۆچوونی ئەم ڕۆماننووسە فیلەندیە تەمەنی نزیکی تەمەنی (دڵشاد کاوانی)یە، ژیانی مرۆڤایەتی داهاتووەکەی نادیارە بۆ گەڕان بە دوای ئاوی شیرین بۆیە ئەشکەوتێت دەدۆزنەوە بە نهێنی بۆ خوادنەوەی ئاو نەوەک دەسەڵات پێی بزانێ دواتر سەرباز بنێرێ بۆ ئەو شوێنە، ڕۆمانی بە ڕێگاوە باسی هەمان داهاتووی نادیاری هەرێمەکان و ئایینەکان و مرۆڤەکان دەکات لە دۆزینەوەی نەوایەکی ئارام بۆ ژیانکردن، بە هەمان شێوە شەڕی ژیان ئامانجی دانیشتوانە، بەڵام ژن لە ڕۆمانی (پاسەوانی ئاودا) بەرگری لە مانەوەی زەوی دەکات بە سروشتی خۆی، بەڵام لە (بە ڕێگاوە) ژن ئەو هێزە نییە بەرگری لە خۆی بکات هەمیشە پیاوەکان دەسەڵات و بیرکردنەوەیان زیاترە. (فرانسوا-رينيه دو شاتوبريان)یش لەسەر شعرییەتی دەریا دا پێی وایە دەنگێکی ترسناکی هەیە و ڕەنگێکی تاریکی هەیە دەڵێت: دەریا پێناکەنێت. کاتێکیش منداڵێک ڕاهاتووە لەسەر خواردنی ئاوی زێراب ئەوا داهاتووەکەی هەر مردنە بەم زێرابە. ڕۆماننووس ڕوویەکی تر دەردەخات کاتێک مامەڵەی دروست لەگەل سروشت دەکرێت، ئەوا نەمردن دەبێت نە کات! هەموویان فریشتە ئاسا بەیەکەوە دەژین، کاتێکیش ئایینەکان تیژ دەبنەوە لە پەیامەکەیان لادەدەن توندوتیژی دروست دەکەن. ئەم پرسیار کردنانەی کە دروست دەبن لە ڕایەڵی ڕووداوەکان ڕۆماننووس سیمائییەتی دەقەکان بە چەندین شێوە نیشان دەدات لەوانە: دەسەڵاتداران زۆرترین چەوساندنەوە دەکەن بەرامبەر کپکردنی دەنگ و ژیاری تاکەکانی کۆمەڵگە. بەرپەرچدانەوەی پیاوانی ئایینی بەرامبەر کوشتن و دیاردەی نامرۆڤانە لەناو کۆمەڵگەدا. توندوتیژی تاکەکانی کۆمەڵگە بەرامبەر هەبوونی شارستانییەتی جیاوازدا، کاتێکیش مرۆڤ لە بوونی خۆی دوور دەکەوێتەوە لە مێشکی مرۆڤەکان، ئەوا مرۆڤ پەلدەکێشێت بۆ ئەنجامدانی عەبەسیەت، ئەوەی لە ئەمڕۆماندا دەبینرێت پیسترین دیاردەی مرۆڤایەتییە ئەویش دیاردە چێژ وەرگرتنە لە کوشتنی مرۆڤ.

لە کۆتایی ڕۆمانەکەدا دەقەکان وا نیشان دەدەن کە سروشت دەگۆڕێت لە وانەیەکی فیزیایی بۆ وانەی دەروونی و فسیۆلۆژی لە ڕوانگەی سروشتی ئادەمیزادەوە. ئەویش بە دوو گۆشەدا، یەکەمیان ئەسلی بڕواداری (فطرة الایمانیة)لەلایەک، ئەسلی سێکسی لەلایەکی ترەوە، ئەمەش پێکدادان دروست دەکات لە سەرئاستی کۆمەڵایەتی، کەچی لە ڕەسەنی خۆیاندا هەر لە خودی دانیشتوان و ژینگەی ئەوانەوە ئەم ئەسل و نەسلە دروست بووە. ڕۆماننووس لە ڕۆمانەکەیدا لە نێوان چەمکەکانی (فطرة) و (سروشت) دا نیشانی داوە کە هەموویان دەستی مرۆڤە دەستکاری ڕەسەنی چاکە و خراپە دەکات، ئەگەر سزا ئایینی و مەزهەبیەکان هەر رێگرییەک بکەن، دەتوانن چاکی بکەن و خراپیشی بکەن. هەوڵی نووسەر بۆ ئەوەیە دەرخەری بیرکردنەوەکان بێت، نەک بڕوابوون بە شوێنی ڕوودانی ڕووداوەکان.

ڕۆماننووس واینیشان داوە تابلۆیەک لەسەر بیرکردنەوەی خەڵک و ڕۆڵی ئاین و ئایدۆلۆژیا و سروشت لە لێخوڕینی بە حەنچەیەک بۆ داهاتووی نادیار، ئەگەر بەرنامەیەکی رێک و پێک بۆ مرۆڤەکان دەستنیشان بکرێت ڕەنگە پلانی کەوتنە ڕێگای حەنچەشبە ئامێری سەردەم ڕۆشنتربێت وەک GPS ڕێگاکەی ڕۆشن بکاتەوە، بەڵام کۆمەڵگە بێبەرنامە دەبێتە گوێڕایەڵی تەوژمە هزرییەکان و کلتورە چەوتەکان، خۆیان دەدەنە دەستی قەدەر، هەر بۆیەشە قەدەر داهاتوو نادیار نیشان دەدات. 

ئەنجام:.

لە كۆتایی لێكۆڵینەوەكەمان گەیشتینە ئەو دەرئەنجامەی كە ڕۆمانی بە ڕێگاوە، شەن و كێوكردنی ئاسان نییە و تێگەیشتن و لێكدانەوەی جودا هەڵدەگرێت و دەكرێت لە چەندین ڕوانگەی جیاوازەوە لێی بڕواندرێت. ڕۆمانێكی فرە ڕووداوە، دیمەن و وەسف و زمان تێیدا گەمەیەكی شعرییە و سرووشت پێكهاتەی سەرەكی ڕۆمانەكەیە، ئاویش تێیدا ڕۆڵێكی باڵایی هەیە بۆ یەكلاكردنەوەی ململانێی فكری ناو ڕۆمانەكە و  خستنە ڕووی گۆشەنیگای ڕۆماننووس دەردەخات. ئاو بە چەندین جۆر و شێوازی جیا جیا خۆی دەنوێنێت وەك بارن و تۆڤان، یاخود قوڕ و لیتە، چ وەكوو ڕەنگ و خم و خوێن و شەڕاب، ئەمەش دەرخستەی ئەوەیە كە ڕۆماننووس لەم ڕۆمانەی دا هەڵگری فەلسەفەی بوونگەراییە و سرووشت بە سەرچاوەی بوون دەزانێت و ئاو وەكو ژیان و ئافات دەبینێت، لە هەندێك شوێن ئاو دەبێتە ڕەخنەی فكریی و یاخی بوونە لە ژیان  و لە هەندێك شوێندا داناپێدانە بە درووستكراوی بوون، یاخود وەستانەوەیە لە دژی مرۆڤكوژی لە ژێر هەرناوێك و دید و ڕوانین و ئایدیایێك بێت. ئەوەی مەبەستە لە ڕۆمانی بەڕێگاوە زۆر بە لێزانی ئاو وەك سیمۆلۆژیا بۆ حاڵی بوونی خوێنەر لە گۆشەنیگای ڕۆماننووس بە كارهاتووە.  

 

سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە:

- دڵشاد کاوانی، (ڕۆمان)بەڕێگاوە، چاپخانەی چنگڵ(تاران)، چاپی یەکەم، 2020.

- امنة عبدالجليل سليمان القواسمة، رسالة ماجستير، جماليات الوصف في الرواية سليمان القوابعة، جامعة مؤتة، 2014.

- د. الرشید بو شعیر، المیتا سرد في الروایة الخلیجیة، "سلسلة كتاب مجلة دبي الثقافية- 73، 2012، دبي.

- ایمي ایتورانتا، حراس ماء،ترجمة علاء الدین ابو زینة، دار المنی، السوید، 2014.

- منى بت جبراش السليمية، عن كتاب "الطبيعة في الرواية العمانية"مجلة "القباب" الثقافية الجزائرية. عدد 8. ديسمبر 2014م

www.aljazeera.net/news/cultureandart/2014/8/13

www.noonpost.com