ما 704 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ئەدیب نادر

ئێستا دەکرێ بڵێین چەرخ هەردەم بەرانبەر بە داهێنەرە ڕەسەنەکان چەپگەڕ بووە، بەڵام هەرگیز نەیتوانیووە ڕووناکیى ڕاستەقینەى داهێنان بشارێتەوە و لە درەوشانەوەى بخات، ئەگەر وایش نەبوایە و داهێنان شتێکى گەردوونیى و هەمیشەیى نەبوایە و داهێنەریش پێیەکى لە ناو ئاییندە نەبوایە ئەوا کێ پاش نیو سەدە(سەدرەدین عارف)ى بیر دەکەوتەوە؟

 

واقیع، سیمبول، پاڕادۆکس لە چیرۆکەکانى(سەدرەدین عارف)دا

ئەدیب نادر

پێموابێ لە سەرەتاى هەشتاکانى سەدەى ڕابردوودا بۆ یەکەم جار لە یەکێک لە ژمارەکانى گۆڤارى"ئەلسەقافە"، کە دکتۆر سەڵاح خاڵس سەرنووسەرى بوو، ناوى(سەدرەدین عارف)م بەرچاوکەوت. دیارە ئەو کات سەرپێییانە لە دەقەکەیم ڕوانیى و نایشزانم بۆ؟ یان با بەشێوەیەکى ڕاستتر بڵێم ئەو سەردەمانە پتر خاوەنى هەستێکى شیعرییانەى تاقانە بووم و سەرلەبەرى مەیل و خولیاى من ئەو ژانرە بەلاى خۆیدا پەلکێشى دەکرد و لە دنیاکەمدا ببووە چەق و خوێندنەوە و موتاڵاشم دیاریکراو و سنوورداربوو، بەو هۆیەوە زانینى بەهاى دەقى ئەدەبییشم لە ئاستێکى ئەوتۆدا نەبوو، بەڵگەنەویستیشە بۆ تیژکردنى لە زۆر لایەنەوە پێداویستییم بە گومان، یاخود سەرسامیى هەبوو تاکو لەبەردەم مەعریفە ڕێگام بۆ واڵا بکەنەوە و هاوکات"بۆرخێس"گوتەنى، پآ گەیشتنیشى پووچەڵبکەنەوە، چونکە پێگەیشتنى بێچەندوچوون دیاریکردنى کۆتاییەتى. ئیدى دابڕانێکى زەمەنیى دوورودرێژ کەوتە نێوانى من و ئەم نووسەرە تا ئەو کاتەى "سابیر ڕەشید"چیرۆکەکانى کۆکردەوە و لە نامیلکەیەکى قشتیلەدا لە پالڕ هەندآ زانیاریى لەسەر ناوبراو و لێکۆڵینەوەیەکى تێروتەسەلى خۆیدا بڵاوى کردنەوە، کە بێشک ئەم جۆرە کارانە جێگاى دەستخۆشیى و ستایشە کە زاتێکى لەخۆبوردوو ئاوا قۆڵى لێ هەڵماڵێت و جیددییانە لە خەمى ئەوەدا بێت ئەرشیفاندن بۆ چیرۆکى هونەرى کوردى و پێشەنگەکانى بکات. لەبەر ئەوەى بابەتى ئەدەبییش خاوەنى بەهاى مەعنەوییە وکارلێک لە نێوان دەق و خوێنەردا دێنێتەکایەوە، ئیتر مەراقى ئەم نووسینە لە کەڵکەڵەمدا سەریهەڵدا و بوو بە پڕۆژەى لێکۆڵینەوەیەک چاوەڕوانى بەدیهاتن، یان لەدایکبوون بێت، هەروەکو"ستانلى فیش"یش دەڵێ: تەنها ڕەخنەکار بەرپرسیارە لە کێشکردنى- بێگومان دەقى ڕەخنە- بۆ ناو بوون، چونکە بە بێ خوێندنەوە، کە ڕەهەندێکى گرنگ و پێویستى هەموو تێکستێکە، بە بۆچوونى(ئاندرۆ بێنیت و نیکۆڵاس ڕۆیلڕ)، دەق بەرهەم نایەتەوە، واتە بوونى نابێت.

ئەگەرچى لە داهێناندا "ئەدۆنیس" وتەنى مرۆڤ پڕۆژەیەکە بەرکەمال بەخۆیەوە نابینێ، دیارە لەبەر ئەوەى لە نووسین نەکەوتووە و بەردەوامە. بەرباسدانى ئەزموونى نوووسەرێکیش- لەڕاستییدا پڕۆژەیەکى بنبەستە، یانى تەواو بووە لەبەرئەوەى دەستى لە دنیاى نووسین کێشاوەتەوە- لە هەموو لایەنێکەوە کارێکى تاڕادەیەک سەخت و دژوارە، بەڵام لە بەسەرکردنەوەیەکى وادا دەشێ لایەنێک، یا چەند لایەنێکى ئەو ئەزموونە ڕووناکیى بخرێتەسەر و هەوڵى تێڕامانى بدرێت و بە کۆششێک لە قەڵەم بدرێت بۆ خستنەڕووى هەندآ پاڕادۆکسى ناو دەقەکانى و دەرخستنى ناتۆکمەیى گرێچن لە هەندآ شوێنیاندا و هەندآ لایەنى دیکەى وەکو ئەوەى ئاخۆ توانیووێتى واقیع لە زانیارییەکانى دانەماڵێت و پەردەپۆشى نەکات، کە ئەمەیش بەوە دێتەدى تێکستەکان لە کۆنتێکستى خۆیان دەربهێرێن تاکو بشآ خوێندنەوەیەکى پۆزەتیڤانەى ڕەخنەیى لێوە بێتەدى..خوێندنەوەیەک ڕابردوومان بێهێتەوە یاد و نەهێڵێت لەبیرى بکەین، ئەگینا، جۆرج سانتایانا گوتەنى مەحکووم دەبین بە دووبارەکردنەوەى، چونکە دەق بە پێى کاتى جیاواز و کۆنتێکستى جیاواز دەگۆڕێت و دیارە ئەوەى دەیگۆڕێتیش خوێندنەوەیە.

ڕاستە (سەدرەدین عارف) چیرۆکى زۆرى نەنووسیووە، ئەوەى نووسیوێتیشى، وێڕاى بەها مێژووییەکەى، بەهایەکى هونەرییانە و ئیستێتیکییانەیش هەڵدەگرێت. چونکە بەر لە زۆرێک لە کاراکتەرەکانى ناو دنیاى ئەدەبەکەمان درکى بە گۆڕانکارییەکانى سەردەمەکەى کردووە و زانیووێتى تەکنیکى ترادیسیۆنیی و شێوازە فۆلکلۆریى و تەقلیدییەکانى هونەرى گێڕانەوەمان چیدى پێیانناکرێت گوزارە لە پەیوەندییە تازەکانى بکەن کە لە گۆڕانێکى بێلێبڕدان، بۆیە پەناى بردۆتە بەر تەکنیکە تازەکان، کە بەر لە هەموو شتێک ئایدیاى ئەوە لە ئاوەزى وەرگر بەرجەستە دەکات کە بە شێوەیەکى ئاگامەندانە و شارەزایانە، بە پێچەوانەى زۆر لە نووسەرەکانى سەروبەندەکەى تەکنیکە مۆدێرنەکانى گێڕانەوەى بەکاربردووە، هەر لە گۆشەنیگاى کەسى یەکەمى تاک و کەسى سێیەمى تاک و جێگۆڕکێى سەرەتا و کۆتایى، مۆنتاجى کات و شوێن و فلاشباک و مۆنۆڵۆگ و دایەڵۆگ و تەداعى و مۆنتاج و گرتەى سینەمایى و داهێنانى دەق بە دیمەن و... تاد، دەکرێ بوترێ مەعریفەى تەواوى لەبارەیانەوە هەبووە و زانیوێتى کەى و لە چ بارێکدا بەکاریان دەبات و بەکەڵکى چ نیازێک دێن.

بێگومان لە ڕێگاى دەقەکانییەوە هەوڵى داوە ئەو ئاسۆ چەقبەستووە تێپەڕێنآ کە چیرۆکى کوردى ئەو سەروبەندە تێیدا گیرى خواردووە، لەبەر ئەوەى خاوەنى ئەزموونێکى ڕەسەنیش بووە تێیپەڕاندووە. لەڕاستییدا خاوەنى ئەزموونێک بووە سنوورى مەئلووفى تێپەڕاندووە، وەکو ئەوەى"ووڵفگانگ ئایزەر"دەڵێت، بۆیە کاریگەریى بەدواى خۆیدا جێهێشتووە و نووسەران و ئەزموونەکانى ترى والێکردووە بکەونە ژێر کارکردە قووڵەکەى، چونکە بەو گوێرەیەى دید و دنیابینیى جیاوازى هەبووە توانیووێتى شەقلڕ بە ئەدەبێکى جیاواز ببەخشێت و بەرهەمى بهێنێت و ڕەهەندەکان و ناوەڕۆکەکانى چیرۆک لە زمانێکى بێ زیادوکەم چڕ بکاتەوە و ئاستى واقیعیى و ئاستى خودیى تێدا کۆبکاتەوە، یانى خودێتییەکى بابەتییانەى پێببەخشآ. جا بۆیە- بۆ ئەوکاتە- خاوەنى دەقى جیاوازە و ئاسۆیەکى جیاوازیشى دەستەبەر کردووە و مەرگى چیرۆکى ترادیسیۆنیى ئێمەى ڕاگەیاندووە بەوەى بابەتییانە پراکتیزەى نووسینى کردووە و بۆ گەیشتن بە جەوهەرى شتەکانیش پەردەى لەسەر واقیع لابردووە و دەقێکى بەرهەمهێناوە تێیدا بە خوێنەر دەڵێت: تەنها پشت بە پێدراوەکانم مەبەستە و ئاگات لە دەرەوەى دەقیش بێت، چونکە دەرەوە هەمیشە هاوتاى بابەتییانەی دەقە و ئەدەبیش بۆ ئەوە بەرجەستە دەبێت ئاماژە بە دەرەوەى خۆى بدات، ئاماژە بە شتێک بدات کە لە دەرەوەى خۆیدایە. ئینجا یان بۆ ئەوەى ڕەخنەى لێبگرآ، یاخود بۆ ئەوەى بیگۆڕێت و پێشى بخات. زمانیش ئەگەرچى سێنتەرى دەق نییە و لەڕاستییدا مانا سێنتەرێتى و مانایش بابەت و فیکر شەقڵى پێدەبەخشن، بەگوێرەى"جاک دیریدا"یش بێت، دەستاوێژى گوزارشت کردنە دەربارەى واقیعێک کە بوونى هەیە، یانى واقیع بەر لە کارى ئەدەبى بوونى هەیە، هەر بۆیە دەبێتە سەرچاوەى یەکەمى دەق، بەڵام بە گواستنەوە نا، چونکە گواستنەوەى واقیع وەکو خۆى بۆ ناو ئەدەب، هەروەکو "ڕینآ ویلیک" بۆى چووە، جوانییەکى خراپ بەرهەم دەهێنآ، لەبەر ئەوەى ئەدەبیش داهێنانە و هەر شتێکیش بگوازێتەوە دەبآ دایبهێنێتەوە لەناو خۆیدا ئەگینا بە بآ ئەمە بەرکەماڵیى بەخۆوە نابینآ و نابێتە جێگا بۆ ڕامان لە ژیان و دنیا پڕکێشمەکێشەکەى..جگە لەوە لە ڕێگاى نووسینیشەوە ئەوەمان پێڕادەگەیەنآ کە مرۆڤ ناتوانآ پێبەپێى دنیابینیى فیکریى خۆى یۆتۆپیاى خۆى بنیاتبنآ، چونکە مەحکوومە بەو هەلومەرجەى خۆى بەسەردا دەسەپێنآ، بۆیە هیچ سەربەخۆ نییە لە بڕیاردان و پراکتیزەکردنى ئەو شتەى دەیەوێت، لەبەر ئەوەى بارودۆخە بابەتییەکان بەسەر تاکدا زاڵن و پێویستە بەگوێرەى ئەوە کاروبارەکانى لە قاڵب بدات.

چیرۆک، دیارە وەک شیعر نییە، واقیع ناشارێتەوە و دەریدەخات، ئاشکراى دەکات، دنیامان پێشکەش دەکات بۆیە "میشال بۆتۆر"وتەنى یەکێکە لەو بنەما سەرەکییانەى درکى حەقیقەتى پێدەکەین، گێڕانەوەشى- کە بەهاى مەعریفیى و دواجار بەهاى ئیستێتیکیى بنەمایەتى وەکو ئەوەى"حەمید ئەلڕوبەیعى"دەڵێت- ئەو ئانە دەبێتە کارێکى جیددیى کە ئامڕازە مەعریفییەکانى پێگەیشتبن، کە ئەمانەیش بە پلەى یەکەم بریتین لە پێگەیشتنى ئەزموونى ژیانییانەى نووسەر لە هەموو لایەنە ڕۆشنبیریى و دەروونیى و کۆمەڵایەتییەکانییەوە. کارى ئەدەبییش، هەروەکو"دەیڤد فۆرگاش"بۆى چووە مەعریفە سەبارەت بە دنیاى ڕاستەقینە پێشکەش دەکات، ئەمەیش دەمانباتە سەر ئەو قسەیەى هایدیگەر کە دەڵآ ئەرکى نووسەر مەزراندنى هەقیقەتە- بەدەربڕینێکى تر دەرخستنى ڕاستیى بوونە- لە دەقەکانیدا. خوێنەریش، بەوەى کە دوا وێستگاى دەقە، یان دوا ڕەگەزە کە دەچێتە ناو دەقەوە و شەقڵى یەکجارەکیى پێدەبەخشآ، بۆى هەیە بپرسێت: چیرۆک چ پەیوەندییەکى بە ژینگە سەردەمییەکەوە هەیە و چ پەیوەندییەکیشى بەو شوێنەوە هەیە کە تیایدا شەقلڕ دەگرێت؟ ئایا دنیابینیى و دیدێکى ئەوتۆى تێدا ڕسکاوە کۆمەکى ئەوەمان بکات دنیابینیى و دیدى خۆمان سەبارەت بە دنیاکەمان بڕسکێنین؟ نووسەریش، چ پرسیارێک لە خۆى دەکات؟ ئایا دەڵآ من بۆ دەنووسم؟ ئایا جەخت لەسەر کامە ڕاستیى دەکاتەوە و دەیەوآ کام ڕاستییە بە سەرکەوتوویى ببینآ؟ دەکرآ زۆرى تریش بخرێتە سەر ئەم پرسیارانە، وەکو نووسەر چ مەبەستێک دەپێکآ، ئاڕاستەى چیمان دەکات، چ دیدێکمان بەسەردا دەسەپێنآ، چ پرسیارێک لەبەردەم خوێندنەوەدا قوتدەکاتەوە؟ هى تریش کە قەت بە وەڵامێکى ڕوون ئاووس نابن، ئەوەى وەڵامیش دەداتەوە لەناو بڕگەکانى نووسینێکدا، هەر تەنها هەوڵێک دەدات- پێبەپێى بیروباوەڕ و ئەزموون و تێگەیشتنى خۆى- ڕووناکیى بخاتە سەریان..ئەم هەوڵەى خوارەوەیش یەکێکە لەو جۆرە، چونکە هەر داهێنەرێک کە دەبێتە بابەتى خوێندنەوەمان دەیان پرسیارمان لە بەردەمدا ئامادە دەکات، ئیدى هەڵسەنگاندنى ئێمەیش لەو بیرکردنەوەیەدا چڕدەبێتەوە کە بەر لە هەموو شتێک پێداویستییمان بە کآ هەیە بۆمان بنووسێت، دەقەکانى دەبآ چۆن بن و چى بن؟ ئاخۆ قبوولڕ دەکەین دەقەکانى کەمتر بن لە هەر هەموو دنیاکەمان؟ ئاخۆ ئەگەر دنیاکەمان لە هۆش و ئاگاییماندا ئامادە نەکات و ڕەهەندە مرۆییەکانى تێدا نەبێت، تەواوى ئەو کۆژان و موعاناتانە نەبێت کە سنوورێک گەمارۆیان نادات و هەمان ئاسۆیشیان نییە، یانى هەمان ئاسۆ دنیاکانیان لەگەلڕ هینەکەى ئێمەدا پێکەوە گرێنەدات ئەوا پڕۆژەیەکى ئەوتۆ نییە کەمالڕ بگرێتەخۆ بۆ ئەوەى ئێمە بە داهێنان لە قەڵەمى بدەین.

ئەگەر ئامانجە لە پێشینەکانى ئەدەب، وەکو ئەوەى"چێرنیشیفیسکى"دەڵێت، نواندنى واقیع بێت، واتا ئامانجى باشترکردن و جوانترکردنى نەبآ، بەڵکو تەنها پێشکەش کردنەوە و جێگاگرتنەوەى بێت، ئەوا"میشال بۆتۆر" پێچەوانەى ئەمە دەڵێت، ئەمە ڕەتدەکاتەوە و ئەدەب بە ئامڕازێکى بەجآ و باش دادەنێت بۆ دەستەبەرکردنى واقیع و گۆڕینیى..ئەمەیش دیارە بە لاسایى کردنەوە نایەتەدى، بەڵکو بە خوڵقاندنەوەى دێتەدى، خوڵقاندنەوەى لە ڕێگاى زمانەوە، کە تاقە ئامڕازێکە دەتوانآ پەیوەندى لەگەڵیدا ببەستآ و بیخوڵقێنێتەوە، چونکە واقیع ئەو شتەیە کە زمان، وەکو ئەوەى"ئیلیزابێس ڕایت"ئاماژەى پێدەدات، ئیشى لەسەر دەکات و هەمیشەیش پێش دەق دەکەوێت و خۆى لەسەر ڕووداو بنیات دەنێت، ڕووداویش دیارە واقیع لە بنیاتنانى بەرپرسە ، ئەرکى نووسەریش بە پلەى یەکەم خوڵقاندنە، خوڵقاندنەوەى واقیعە بە شێوە جیاوازەکانى. زمانیش، ئەگەرچى هەر کۆمەڵآ وشە و گوزارشت و وێنە نییە، ئەگەر ڕاى"حەمید ئەلڕوبەیعى"لەبەرچاو بگرین، بەڵکو ئامڕازێکە گوزارشت لە خودێکى پێگەیشتوو دەکات، زمانێک هەڵگرى هەموو ئەو هەڵچوون و داچوون و تێفکرین و هەست و نەستانەیە کە لەناو خوددا دەڕسکێن و پێدەگەن، ئەگینا ناتوانآ مانا دروست بکات هەر وەکو ئەوەى بونیادگەراکان دەڵێن، چونکە ئەگەر وابآ ئەوا دەکرآ بپرسین ئەى کەواتە ڕۆڵى فیکر و خەیالڕ چییە ئیتر؟ بێگومان ڕۆڵى فیکر و خەیالڕ و واقیعیش لە پڕۆژەکەى(سەدرەدین عارف)دا پۆزەتیڤن، چونکە بۆ ئەو نووسین خۆى پڕۆژەیەکى هاوبەشە لە نێوان ئەو سآ چەمکەدا، لە نێوانى خودى نووسەر و دنیادا، لەبەر ئەوەى سوور دەزانآ بە بآ دەستگیرۆیى خەیالڕ- بۆ نموونە- شتى تازە ناخوڵقآ، چونکە خەیالڕ، کۆڵیریدج وتەنى، ئەو هێزەیە کە ڕۆحى ڕاستیى ڕەها دەکات، دیارە ئەمە بۆ فیکریش هەر ڕاستە، بۆیە فۆکەس لەسەرێتى و دامەزراندنى بۆ دەکات، بەڵام لە شەقڵێکى جیاوازدا، بۆ ئەوەى بابەتگەلى تازە دەربخات و پەیوەندیى تازەیش کەشفبکات، وەکو ئەوەى"میشال بۆتۆر"دەڵێت، تاکو لە مانا نزیک بێتەوە، یان دایبهێنآ، لەبەر ئەوەى دەزانآ پابەندبوونێکى زیاتر بە شەقڵەوە دوورکەوتنەوەیە لە مانا، هەموو نووسینێکى دوور لە مانایش، نووسینێکى بآ شێوازە بەو پێیەى"ئەدۆنیس" ئاماژەى پێداوە، وێڕاى ئەوەی هەڵگرتنى مانایش نایکات بە نووسینێکى داهێنەرانە هەتا ماناکە جیاواز نەبێت، چونکە نووسین پڕۆسەى خوڵقاندنى ناوەڕۆکە وەکو"ڕەیمۆند فیدەرمان"بۆى چووە، نەک سەرلەنوآ پێشکەشکردنەوەى ناوەڕۆکێکى لەڕاستییدا ئامادە. ئەو ئەزموونەى چیرۆکیش بە هەموو وردەکارییەکانییەوە پێشکەشمانى دەکات پێشتر لە واقیعدا بە هەمان ئەو شێوەیە بەدى نەهاتووە کە نووسەر دەریدەخات، بەڵکو بە پڕۆسەى شەقڵگرتنێکى تازە دەڕسکێت و دەکرآ بڵێین گوزارشتە لە تاک، تاکێک کە لە گۆڕاندایە، تاکێک پتر لە ناوەوە، نەک لە دەرەوە، پەیوەستە بە کۆ، یانى ئەو تاکەى لە دەقدا قەتیسى کردووە، لەڕاستییدا تاک نییە، یان منى تاک نییە، بەڵکو خودێکى بابەتییانەیە و تەوزیفکراوە، چونکە(ئاندرۆ بێنیت و نیکۆڵاس ڕۆیلڕ)ئاماژەیان بەوە داوە کە ئێمە کاتێک لە بارەى کاراکتەرەوە دەخوێنینەوە و وێناى دەکەین، دەیخوڵقێنین، واتە کەسێک دروست دەکەین، فێرى ئەوە دەبین دانبەوەدا بنێین- کەسێتییەکە- سەرەنجام هەرگیز ناکرآ تاک بێت، بەڵکو هەمیشە کۆیە، لە ناوەوە تەماشاى گشت دەکات و هەرگیز ناتوانآ لێى دابڕێت..ئەو گۆڕانەی دەستەویەخەشى دەبێتەوە، بێگومان بەشێکە لە گۆڕانێکى گەورەتر کە گۆڕانى دەرەوەیە.

چیرۆک، وەکو وتمان واقیعێک ئاشکرا دەکات، کە دەشآ زۆربەمان ڕووکەشانە ئاشنایەتیمان لەگەڵدا هەبێت، بەڵام وردەکاریى و نهێنیى و نادیارییەکانیمان لێ هەڵەتە بێت، یاخود شاراوە بێت و لە ڕێگاى جەستەى دەقەوە پێمان بگات و پێى ئاشنابین. ئەو واقیعەى ئاشکرایش دەبێت لە لایەن دەقەوە فەزاى بەرهەم پێکدەهێنێت، لێ قاڵبێکى هونەرییانە دەیگرێتەخۆ، ئەگینا بەهایەکى فیکریى و ئیستێتیکیى نابێت. لە لاى(سەدرەدین عارف)یشدا، کە هەستێکى ڕاستەقینە گوزارە دەکات، واقیعێک پۆرترێتى فەزاى تێکست دەکات. مەبەست واقیعى پێدراو نییە، بەڵکو واقیعى خوڵقاوە کە ئەمیش لە واقیعى ڕاستەقینەوە سەرچاوە دەگرێت و دەتوانین بڵێین واقیعێکى شیعریى نییە خەیالڕ دروستى کردبێت، دنیاى دەرەکییە کە گێڕەرەوە وێنە سەرەتاییەکانى خۆى لێوە دەقۆزێتەوە و بە فیلتەرێکى داهێنەرانەدا تێیاندەپەڕێنێت و دەیانکات بە دەقى هونەریى. دەقى هونەرییش لە فەزاکەیدا مانا قەتیس دەبێت، مانایش، وەکو ئەوەى"هێرش Hertch"دەڵێت، تابیرى لێناکرێت ئەگەر مەبەستى ئەوە نەبێت ئاماژە بە شتێک بدات، بۆیە مانا سەرلەبەر پابەندە بە ئاماژەکردن بە واقیع، واقیعێک تایبەتە بە سەرزەمانێکى دیاریکراو- واتە کۆنتێکستێکى مێژوویى دیاریکراوى هەیە- کە لێرەدا واقیعى ڕابردوویەکە بۆتە واقیعى هەنووکەى دەق، یانى دوو واقیع لە دەقدا بوونى هەیە، واقیعێکى ڕاستەوخۆ و یەکێکى ناڕاستەوخۆ، بە دەربڕینێکى تر ئەوەى خوێنەر پەیوەندییەکى بابەتییانەى لەگەڵدا هەیە و ئەوەیش کە خودییانە لەگەڵیدا دەرگیرە. فەزاى دەقیش بێگومان بریتییە لەو شوێن و جێگایەى کردەى چیرۆکەکەى تێدا دێتەدى، یانى(شوێن+ کاراکتەر+ ڕووداو) ڕیتمى ڕێکوپێکى دەق بەرهەم دەهێنن. هەر تەنها ئەمەیش نییە، بەڵکو چەمکێکى زۆر لەمە بەربڵاوترە و ڕیتمى هاوسەنگیى ڕووداوەکە و گۆشەنیگاى پاڵەوانیش دەگرێتەخۆى. بۆیە"دکتۆر سەمیر ڕەوحیى فەیسەلڕ"وتەنى فەزا چەمکێکى گەلێک گشتگیرتر و شموولیى ترە لە چەمکى شوێن کە پێکهاتەیەکە لە پێکهاتەکانى چیرۆک. بۆ شەقلڕ بەخشینیش بە فەزایەکى کاملڕ و بە وەرگر گەیشتوو دەبآ ئاستە بونیادییەکان- هەر لە ئاستى دەلالیى و زمانەوانیى و ڕیتمیى و ئیستێتیکیى- لە گونجان و هاوڕێکییەکى ئەوتۆدا بن بۆ ئەوەى لە هەموو لایەکەوە دەقێکى سەرکەوتوو بڕسکێت. بێگومان لەم دەقە سەرکەوتووەیشدا دەلالە بونیاد دەنرێت، دەلالەیش یانى مەبەست، مەبەستى دەقیش یانى جیهانى دەق، دەقى بآ مەبەستیش دیارە بوونى نییە، یانى دەق و جیهان هەمیشە لە پەیوەندییدان و بآ یەک هەڵناکەن و بوونیان نییە. بەڵام ئایا مەبەست لە شتێکى دیاریکراوى سنوورداردا، وەکو پێشتر ئاماژەى پێدرا، قەتیس و ئاوقە؟ یان لە شتێکى دیارینەکراوى سنوورداردا ڕەها و بەرهەڵدایە؟ یانى مانا، داخۆ لە فۆرمێکى خۆجێییدایە، یاخود لە فۆرمێکى گەردوونییدایە؟ یانى گوزارشت لە دنیابینیى و دیدێکى ڕووکەش دەکات، یا یەکێکى قوولڕ و گەردوونیى و گشتگر؟ هەندآ لە ڕەخنەگرەکان دەڵێن: ماناى دەقێکى ئەدەبى زۆر بە سادەیى لەناو تێکستدا مەڵاسە و چاوەڕوانى خوێنەرە بێت و ناسنامەکەى دیاریبکات. بێگومان ئەمە خاڵى نییە لەڕاستیى، چونکە غیابى مانا، وەکو ئەوەى"جۆرج لۆکاش"دەڵآ، ئەدەب کورتدەکاتەوە بۆ وەسفێکى ئاساییانەى سرووشتیى. بەڵام وێڕاى ئەوەیش بێچەندوچوون لەگەلڕ ئەو ڕایەدا نابین و دەڵێین زەحمەتە مانا تەنها لە چوارچێوەى دەقدا قەتیس بکرێت، چونکە هەموو دەقێک ئاماژەگەلێکى فرەى تێدایە بەرەو دەرەوەى خۆى..کە زۆرجار بەبآ تێفکرین لەو ئاماژانە مانا لەنگ دەبێت و دەق هەڵگرى کەماڵێکى مانایى نابێت. دیارە دەق بەبآ دەرەوەى خۆى بێبەریى دەبآ لە هاوسەنگیى، هاوسەنگییش دەتوانین بڵێین بۆ تێکست کەمالڕ دەستەبەر دەکات و بابەتانەبوونیش بە خوێندنەوە دەبەخشێت. بۆیە لێرەوە دەبآ، یان پەنابەرینە بەر ئەو خوێندنەوە دینامیکییانەیەی خوێنەر لە ڕێگایەوە دەتوانآ خۆى ئەو کردەیەى ناو دەق بخوڵقێنآ کە تەمومژ دەورەى داوە، هەروەکو ئەوەى"ئیلیزابێس دیپلڕ"باسى لێوە کردووە، یان بۆ گریمانەکانمان هەنگاو بنێین، لەبەر ئەوەى ئێمە لە سەردەمێکى تەواو جیاوازدا کردەى خوێندنەوە بۆ دەقگەلێک ئەنجام دەدەین کە بۆ سەردەمێکى تر نووسراون و کۆدەکانیان دەشآ لەکرانەوە نەیەن، بەڵام بە پشت بەستن بەو گریمانانە دەکرآ دەروویەکمان لێبکرێتەوە و لە بنبەستەکانیان دەربازبین. یانى شتەکان لەبەر ئەوەى لە یادەوەریى دەقەکەدان، واتە دەقەکە لە دەرەوەى ڕوودانى شتەکان نووسراوە و لەناویدا ڕوونادەن، یاخود تەنها سێبەریان لەناو دەقدایە و خۆیان لە دەرەوەیدان، با بە جۆرێکى دیکە ئەمە بڵێین، ڕووداوى بەئاشکرا نین و پەردەپۆشن، واتە ڕوودەدەن، بەڵام لە شوێنێکى تر نەک لەناو دەقدا. گێڕانەوەیش ڕووکەش ڕەوتى خۆى دەگرێت و زانیارییەکى زۆر بەژێر لێوەوە دەکات و دەیشارێتەوە. ئا لەم جۆرە دەقانەدا خوێنەر پێویستە زۆرترین گریمانە بۆ نەووتراوەکان، یان شتەکانى دەرەوەى دەق بکات، ئەمەیش کارێکى وادەکات درزێک لەناو دەقدا دروست بێت، درزێک، پێویستى بە پڕکردنەوە هەیە، ئەمەیش گریمانە فەرز دەکات و کارێک دەکات خوێنەر لە بەخشینى کەمالڕ بە دەق بەشدار بێت. چونکە دەق پێویستی بە هاوسەنگیى هەیە و هاوسەنگییش لەم جۆرە بارودۆخانەدا تەنها خوێنەر دەتوانآ بە تێکستى ببەخشێت. لێرەیشدا ڕەنگە لە بۆچوونى"ووڵفگانگ ئایزەر"ەوە نزیکبین کە پێى وایە تێکست هەندآ کەلێن، یاخود بۆشایى بەرهەم دەهێنێت کە خوێنەر دەبآ هەوڵى پڕکردنەوەیان بدات. ئەمەیش وادەکات هەوڵبدرێت ماناى نەووتراو لێکبدرێتەوە. بۆیە خوێندنەوە زۆرجار دەق دەکاتە شوێنێک و بە ئاڕاستەى دەرەوە ڕێنمایى خوێنەر دەکات بە مەبەستى پڕکردنەوەى کەلێن و بۆشاییەکان و دۆزینەوەى نەووتراوەکان.

ئەگەر ئەدەبیش جۆرێک بێت لە مەعریفە لەبەر ئەوەى واقیع بەرجەستە دەکات، ئەوا"دەیمییەن گرانت"وتەنى، ڕوانینە واقیع وەکو ئەو شتە وایە کە گەیشتن پێى پێویستە، دیارە گەیشتن پێیشى پڕۆسەیەکى بەردەوامە، چونکە لەڕاستییدا واقیع بەردەوام لە گۆڕاندایە و هەرگیز لە شەقڵێکى دیاریکراودا جێگیر نابێت و چەمک و ماناکەشى بە هەمان شێوە یەک شەقلڕ و یەک قاڵب ناگرنە خۆیان. یانى سیفەت و خەسڵەتێکى خودیى هەیە و ئەمەیش سرووشتێکى دیارینەکراوى پێدەبەخشآ. لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە: ئەگەر واقیع هەمیشە لە گۆڕاندا بێت، ئایا لە لاى(سەدرەدین عارف): دەگۆڕێت، یاخود جێگیرە و دەبآ هەتاهەتایە تێیدا قەتیس بین؟ لەڕاستییدا ئەگەر تەماشاى کۆتایى دەقەکانى بکەین، ئومێدى گۆڕانیان لێ هەڵدەکڕێنین، بۆ نموونە لە(کوێرەوەرییەکى ژیان)دا دەڵێت: "هەموو شتێکم پێئەکرآ و چى ئەبآ، با ببآ"، یان لە(ڕازێک)دا، ئەگەرچى ئاماژەیەکى وانییە، بەڵام تێکست بە ڕووى گۆڕاندا کراوەیە..(تاکەى ئەمشەوە)یش بە هەمان شێوە پرسیارێکە سەرەنجام یەخەى گۆڕانکاریى دەگرێت..لە(ڕێبوار و ڕێگە)شدا دەڵێت:"وادیارە ئەبآ لە سەرەتاوە دەست پێبکەینەوە!"وێڕاى ئەوەی دەست پێکردنەوەشى تێدایە، کەچى بە لەبەرچاو گرتنى چەمکەکەى"هیراکلیتس"و ئەو باوەڕەى"نۆرسرۆپ فڕاى"کە دەڵێت گۆڕان بەردەوامە، ئەوا هەموو شتێک لە گۆڕاندایە و جارێکى تریش سەرەتا هەرگیز هەمان سەرەتا نییە..لە (سێگۆشەى باسێکى کۆن)یشدا دەڵآ:"کاغەزەکەم تووڕهەڵدایە ناو جۆگەلەیەکى ئاوەوە و یەکسەر کەوتمە گەڕ بۆ دۆزینەوەیان.."ئەمانە هێمان بۆ دۆخگۆڕینەکانى واقیع، وەلێ ئایا یەک واقیع بوونى هەیە، یان چەندین واقیع لەئارادایە؟ بێگومان(سەدرەدین عارف)بێئەوەى ڕاستەوخۆ قسە لەسەر بوونى واقیعى هەمەجۆر بکات دەقەکانى دەکاتە گۆڕەپانى سەلماندنى ئەم ڕاستییە بەڵگەنەویستە..و بە چەندین شێوە لە ڕووبەرى تێکستەکانیدا ڕووبەڕووى واقیع دەبینەوە، دەمێک واقیع واقیعێکى هەستەکیى منداڵانەیە وەک لە(باڵى شەوگار)دا، دەمێک واقیعێکى فیکریى پێگەیشتووە وەک لە (ڕازێک)دا، کە بونیادێکى تۆکمەى هەیە، دەمێکیش واقیعێکى خەیاڵییە وەک لە(گەشتێک)دا، کە فۆرمێکى دەرەکیى یەکگرتوو شکنابات، جگە لەمانە واقیعى شوێن و کات و ڕابردوو و ئێستایش تێدەپەڕێنآ بۆ ئەوەى بگاتە قووڵاییەکانى واقیعى ناوەوە، واقیعى خود.

کارى ئەدەبیى، بە پێى"میشال بۆتۆر"، دەبآ ئاوێنەى دۆخە مرۆییەکەمان بێت و خۆمانى تێدا ببینینەوە، یان مەرجى سەرەکیى بایەخداربوونەکەى دەبآ ئەوەبآ کە خۆمانى تێدا بدۆزینەوە، کارفەرماکەشى هۆش و ئاگاییمان بەرانبەر بە شتەکان بۆ بگێڕێتەوە، وەکو ئەوەى"حەمید ئەلڕوبەیعى"بۆى چووە، چونکە سەرەنجام درککردن و بەئاگابوونمان- دیارە لە شتەکان- خۆى لە خۆیدا ئامانجێکى ئیستێتیکییە. بۆیە دەتوانآ بیروباوەڕ و تێفکرینمان بشڵەقێنآ و بمانهەژێنێت..و مەوداى ئەزموونە مرۆییەکانمان پانوبەرینتر و بەرفراوانتر بکات و فێرى ئەوەمان بکات چۆن کەڵک لە ئەقلڕ و خەیالڕ وەربگرین، هەروەکو ئەوەى"کۆڵن ویڵسن"ئاماژەى پێداوە. ئەوەتا لە دەقى (کوێرەوەرییەکى ژیان)بێجگە لە خەیالڕ..واقیع و هەموو شتەکانى ناویشى- بە مرۆڤیشەوە- بەشدارن لە داهێنانى. هەر لە سەرەتاوە هەست بەوە دەکرێت لە مەبەستێک پتر هەڵناگرێت، یەک لێکدانەوە زیاتر نادات بە دەستەوە، چونکە ڕەمز جێگاى مانا دەگرێتەوە و ڕەمزەکانیش گەردوونیى نین و تەنها پابەندى یەک شوێن و سەردەمن- دیارە لاى ئێمە شوێن هەمان شوێنە و سەردەمیش دەکشآ- بۆیە خاوەنى هێزێکى ئەوتۆیە دەکرآ بوترآ دەتوانآ هزرێکى زۆر بدوێنآ. بیرکردنەوەکانى (سەدرەدین عارف)یش هێزى خۆیان لە واقیعەکەوە وەردەگرن، واقیعى ئەو شوێنەى سەردەمەکە ڕەنگڕێژ دەکات، لەڕاستییشدا بیرکردنەوەى ئێرە ئەبستراکت نییە و ئاوێتەى شیعرییەتێکى تەڕوبڕیش نییە، ڕاستە ئەو سازشى لەسەر زمانى شیعریى کردووە، وەلێ دیارە دەق لە وزەى شیعریى سەرئاسا خاڵى نییە و هەست دەکەین ڕووبەڕووى زمانێکى ترین، مەبەستم زمانێکە لەو زمانانەى"جوولیا کریستیڤا"دەڵێت شوێنە بۆ ململانآ..زمانێک وێنەیەکى تەواوى ئەو پەیوەندییە گەنگەشەئامێزەیە لە نێوان ئێمە خۆمان و جیهاندا، وەکو ئەوەى"میرلۆپۆنتآ"ئاماژەى پێداوە. یانى دنیاى بابەت بە خود و دنیاى خودیش بە بابەت دەگەیەنآ..و دەزانآ زمانى گێڕانەوە لەڕاستییدا گۆڕەپانێکە بۆ ڕوودانى ڕووداوەکان، بەتایبەتى ڕووداوە هەستەکییەکان و گۆڕەپانى ئەوە نییە وشەئارایى و ڕازاندنەوە و ڕەوانبێژیى تێدا بێت و شتە سەرەکییەکە کە ململانآ و ڕووداوە لەناویدا کاڵبووبێتەوە، یاخود هەر دیاریش نەبێت، وەکو ئەوەى لە بەرهەمى ئەدەبیى زۆرێک لە چیرۆک نووساندا دەردەکەوێت.

لەم چیرۆکە و تاڕادەیەک لەوانى تریشدا تەکنیکى جیاواز دەهێنێتە ڕووبەرى دەقەوە، ئەمە چى دەگەیەنآ، یانى خستنە قاڵبى هونەرییانەى بابەتێک، یاخود بەخشینى فۆرمێکى دانسقە و جودا پێى، ئەویش بە بەکاربردنى لایەنە جۆراوجۆرەکانى ئەم چەمکە لە کارى ئەدەبییدا. لێرەدا گۆشەنیگاى کەسى یەکەمى تاک لە ڕێگاى مۆنۆڵۆگ و فلاشباک و مۆنتاجى کات و شوێن و مۆنتاج و گرتەى سینەمایى گێڕانەوە دەخاتەگەڕ. سەرەتا جێگۆڕکێى لەگەلڕ کۆتاییدا کردووە و بەشێکیشە لە پڵۆتى دەقەکە- پڵۆتیش یانى چنین، کە بە وتەیەکى سادە چنینى وردەکارییەکانى ئەو دیمەنە پانۆڕامییەیە کە دەقەکەى لێ پێکدێت و ئەرستۆیش بە ڕۆحى هونەرى چیرۆک لە قەڵەمى داوە و دەڵآ ڕێکخستنى هەموو شتێکە(لەو چوارچێوەیەدا) بە شێوەیەکى گونجاو- کە بونیادێکى سادە پێکى دەهێنێت و سیماکانى بەرجەستە دەکات، دەرەوەى شتەکان بەدیار دەخات، واتە لە دەرەوەڕا گێڕانەوە بۆ شتەکان دەکات- دیارە بە نیازى بەرجەستەکردنى واقیعەکە- لە دەرەوە وێنەى کاراکتەرمان بۆ دەگرێت و هەڵوێستى ناوەوە، یانى فیکر و هەست و نەست کاڵە و بیرکردنەوەى پڕ بە پێستى ئەزموونەکەى خۆیەتى. دنیایەک لە ئاوەزیدایە، بەڵام ئەو دنیایە نییە کە ڕووبەڕووى دەبێتەوە، چاوەڕوانییەکانى دەشێوێنآ و ئیدى کۆتاییەکەى دەبێتە سەرەتاى نەخشەکێشانى دنیایەکى تر، چونکە خودى ئەم کاراکتەرە، وەکو ئەوەى"جاک لاکان"بۆى دەچێت، بوونێکى نوآ پێکدەهێنێت، لەبەر ئەوەى هۆشێکى تازە پەیدا دەکات. ئەوەى لەم چیرۆکەیشدا گرنگە بەرجەستەکردنى ئەوەیە کە مرۆڤ گیرۆدەى خەم و کەسەر و نیگەرانییە پێداگرەکانى دنیا و شوێنێکى دیاریکراوە و هەر شتێکى بەسەر بێت، تەنیایە و هاوسۆزی نییە، یان وەکو ئەوەى"ویلیەم هازڵیت"دەڵێت، جگە لە خۆى و گەردوون هیچ شتێکى تر نابینێت، بۆیە دەکرآ بوترآ ئەم دەقە بەدواى هاوسۆزییدا دەگەڕێت، لەوانەیە تاقە مەبەستى بێچەندوچوون دەستەبەرکردنى هاوسۆزیى بێت تا هەست بەو تەنیاییە یەکجارەکییە نەکات..(هەر چییەک ئەهات شانێکى لێئەدام..پاڵێکى توندى پێوە نام..) ئەم تاکوتەنیاییە تا نزیکى کۆتایى چیرۆکەکە درێژەى هەیە و کەس هەست بە کۆستەکەى و کوێرەوەرییەکەى ناکات و ئیشى نادەنآ و شانى لێدەدەن و پاڵى پێوە دەنێن، تەنانەت حەماڵێکیش کە دیمەنى دەستپێک بەرجەستە دەکات، تێى دەخوڕێت..کەچى پێدراوى نزیک کۆتایییەکە ئەوە ڕادەگەیەنآ کە(هەر ئێمە نین..خەڵکێکى زۆرى کە لە هەموو لایەک دووچارى کوێرەوەریى بووە...) پرسیارەکە ئەوەیە بۆ ئەم هەست و درککردنە هەر لە سەرەتاوە پەیگیر نییە؟ تەنها لەبەر گرتنى"نەژاد"ئەم هەست و درکە دێتەئاراوە بەبێئەوەى پاساو بۆ ئەم گرتنە هەبێت، یان کاراکتەر بیرى لێبکاتەوە و بپرسآ بۆ گیراوە- وەکو ئەوەى کەشێکى کافکاییشمان بەرچاو بخات و پێمان بڵێت هەموو کەسێک دەشآ دووچارى هەمان قەدەر بێت، چونکە، هەروەکو ئەوەى کافکا لە نامەیەکیدا دەڵێت، مرۆڤ، کە لە نووسیندا ئیلهامبەخشى نووسەرە، لەم سەروبەندەدا بآ سیمایە و دەکرآ بوترآ ئەم ئەتمۆسفیرە، ئەگەرچیش دەڵێین کافکایی، بەڵام ئافەریدەى خودى(سەدرەدین عارف) خۆیەتى، کە دیارە لەگەلڕ بارودۆخەکەى ئەو سەردەمەدا گونجاندوویەتى- و هەموو شتێکیش بزانێت، ئایا شتێکى هاوبەش لە نێوان ئەوەى بەسەر ئەو و کوڕەکانیدا هاتووە لەگەلڕ ئەم گرتنەدا هەیە یان نا؟ پرسیارێکى تر ئەوەیە لەڕاستییدا ئەم کاراکتەرە کێیە؟ کە حەماڵێک تێیدەخوڕێت و کەس فەرمایشتێکى پآ ڕەوا نابینآ لەبەر پەککەوتەیى و خاوەن ئۆتۆمبێلێکیش لێى تووڕە دەبآ..تاد و بەر پێى خۆى نابینآ، کەچى کتوپڕ دەبێتە پاڵەوانێک و دەڵآ: هەموو شتێکم پآ دەکرآ...کە نازانین ئەو هەموو شتە چییە کە پێی دەکرآ؟!

کە دێینە سەر قفڵى دەقەکەیش، ئەوا هەست دەکەین لەگەلڕ ناوەڕۆکى مەتنەکەدا پاڕادۆکس دێنێتە کایەوە، پیاوێک(پیر و پەککەوتە کەس ئیشى ناداتآ) کوڕێکى کوژراوە و کورێکى گیراوە، پیرێژنێک و دوو، یان سآ کچى هەیە و خێزان و منداڵەکانى کوڕە گیراوەکەشى لە ئەستۆدایە و کەچى دەڵێت:(هەموو شتێکم پآ ئەکرآ و چى ئەبآ، با ببآ)!! ئەم گوزارشتە زۆر ناڕوونە، یانى دەمەوآ بپرسم چى دەکات؟ خەیاڵى لەکاردا نییە وەکو دەردەکەوآ و خەیاڵیش، بەگوتەى"حەمید ئەلڕوبەیعى"، تواناى خوڵقاندنى ئەڵتەرنەتیڤى هەیە، تاقە ئومێدێکى هەبوو- نەژاد- ئەویش نەما، ئیدى ڕوو لە کوآ دەکات، یان ڕوو لە چى دەکات؟ یاخود چى دەکاتە ئومێدێکى دیکە؟ کە ئەو لەبەر هیچ بەدەستەوە نەمان و بێچارەبوون سەرى لە دێیەکەى هەڵگرتووە و ئەوەیش دۆخەکەیەتى لە شار..سەرکۆنەى دۆخەکە دەکات، یان چى؟!..

سەربارى ئەم قسانە و وێڕاى بەکارهێنانى تەکنیکى تازەى نووسینیش، کەچى (سەدرەدین عارف)لە دابونەریتى ترادیسیۆنیى ئەوەندە لاى نەداوە و گوزارە لە خۆشباوەڕیى و سەرپێییانە تێڕوانینی کاراکتەرى ئێمە و هەست لە هەڵچوونەوە ڕسکاو دەکات و سەبارەت بەوەى چى لەناو تێفکرین و هەستەکانى کاراکتەرێکى دیاریکراو دەگوزەرێت زانیارییمان پێشکەش ناکات، کە زانیاریش نەبەخشێت وەکو ئەوە وایە هەقیقەت بشارێتەوە، ئەمەیش لە گۆشەنیگاى "ئەفلاتوون"دا سەرەنجامى باشى لێناکەوێتەوە- بێگومان بۆ نووسەر- و کۆماربەدەر دەکرێت. گێڕەرەوەیش کە کەسى یەکەمى تاکە لێرەدا، ڕووانینى لە ناوەوەیە، خۆى بەسەرهاتەکە دەگێڕێتەوە، ئەم تەکنیکەیش لەبەر ئەوەى ڕووانین نییە لە سەرەوە، یانى گشتگیر نییە بۆیە پاڵەوان خاوەنى هەموو زانیارییەکان نییە و زۆر شت بە بآ ئاشکراکردن ماوەتەوە، یانى بەشێکى گرنگى واقیعەکە پەردەپۆشە و هەموو شتێک بە وەرگر ناگات و دەق دەیانشارێتەوە و پەردەیان بەسەردا دەدات.                          

لە چیرۆکى(ڕازیک)یشدا، دەستبەردارى گێڕانەوەى ئاسایى و باو بووە و لەهەمان گۆشەنیگاکەى پێشووەوە و بە بەکارهێنانى مۆنۆڵۆگ- کە لێرەدا لایەنە زیرەکانە و ئەقڵانییەکەى شەپۆلى هۆشە دەربڕینێکى ناوەکییانەى ورد بۆ ئەزموونى کاراکتەر دەکات، چونکە کردەى ناو چیرۆک لە واقیعەوە بۆ ناو ڕۆح دەگوازێتەوە- و جگە لەوەیش فلاشباک و جێگۆڕکێى کات و شوێن ڕاستەوخۆ دەگێڕدرێتەوە و زمانیش دوور لە تەمومژى شیعریى هەوڵى گەیاندنى مانا و مەبەست دەدات، چونکە گوزارە لە خودێکى ئاخێوەر دەکات و هاوبەشییەک لە نێوانى ئاخێوەر و وەرگردا دەهێنێتەدى، یانى تێگەیشتنى هاوبەش دەخەمڵێنآ و بەو شێوەیەیش  تێگەیشتن لەخۆ دەگرێت..مەبەست ئەوەیە هەوڵى داوە بەلاى خوڵقاندنى مانادا بڕوات و سازش لەسەر ئەو شێوە زمانە بکات کە جوانییەکى دەرەکیى دەگرێتەخۆ و کەمتر بە جوانییە جەوهەرییەکە ئاووسە کە جوانیى ناوەکییە، واتە مانا.. لێرەیشدا دیسان پیاوێکى بەساڵداچوو بەدواى هاوسۆزییدا دەگەڕێت، بەڵام لە کوآ پەیداى دەکات؟ دیمەنى گوند تاڵان و وێران کران لێرەیشدا دووبارە دەبێتەوە، ڕەز و باخ و بێستان و مالڕ دەسووتێنرآ، ناچار جێى دەهێڵآ و بەرەو شار بارگە تێکدەنێت، بێگومان لەگەلڕ "قالە"ى کوڕیدا، چونکە هیچ ئەڵتەرنەتیڤێکى تریان نییە و ناتوانن ئاڕاستەکەیان بگۆڕن و بەرەو ژوور بچن..ئیتر (لەو ڕۆژەوە)کە نازانین چەند بەسەر ئەو ڕۆژەدا تێپەڕیووە، عەوداڵى دواى زەردەخەنەیە و لەڕووى کەسدا بەدى ناکات، وەک بڵێى هەموو خەڵک، یان هاوبەشی خەمى ئەم بن، یاخود هەمان چەرمەسەریى و نەگبەتیى بەرۆکى گرتبن..تا ئەو کاتەى کابراى ئەفەندى ناو ئۆتۆمبێلەکە کەرەم دەکات و ئەو زەردەخەنەیەى بەڕوودا دەدات. لەو ڕۆژەوە، کەس وردەکاریى ئەو ڕۆژە نازانآ..دیارە زەردەخەنەیەک دەبێتە ورووژێنەرى فلاشباک و ڕۆژانى ڕابردووى دەهێنێتەوە یاد و دەرگاى ئاخاوتنى بۆ دەخاتە سەر گازەراى پشت. بەو ئومێدەى دایەڵۆگێک بێت، کەچى دوایى دەردەکەوێت ئەم هەر خۆى دەدوێنآ و ئەوى دیش بۆ ئەم لەو زەردەخەنەیە زیاترى پآ نییە. وێناچآ بوونى ئەم بە هەند وەرنەگرآ، یان وەکو ئەوەى خۆى پاساو بۆ وەڵام نەدانەوەى کابرا دەهێنێتەوە و دەڵێت: (هەقى بوو، منیش بوومایە دەنگم نەئەکرد)، بە گوزارەیەکى تر بەربەستێک لەئارادایە و هاوسەنگییەک لەو نێوانەدا دروست ناکات. پاسیڤێتیى ئەم کاراکتەرەیش لەوەدا دەردەکەوێت کە تەنها بە گێڕانەوەى ڕاز و دەردەدڵەکانى دەیەوآ چارەڕەشیى و خەموخەفەتى دڵى فەرامۆش بکات و بیرى لاى ئەڵتەرنەتیڤ نییە، یانى بەڕاستیى بیر ناکاتەوە، بیرکردنەوە لەلایدا بوونى نییە..تەنها ڕووخۆشییەک کە ڕەنگیشە لە دەمامکێکەوە بێت، هانى قسەکردنى دەدا و سەرومڕ دەبێت..بەڵام بەبێئەوەى بایەخێک بە وەڵام بدات، یان چاوەڕوانى بێت، دیارە ئەمەیش ئەوە دەسەلمێنآ کە ئەم کاراکتەرە چەند بەلایەوە گرنگە گوێى لە دەنگى خۆى بێت و بیر لە دەنگى ئەوى دى نەکاتەوە، یان لەڕاستییدا پێویستى بە دەنگى ئەوى دى نەبێت، بەڵکو تەنها دەرۆزەى هاوسۆزییەکەى بکات و هیچى تر..

ئەم چیرۆکە، کە بە شێوەیەکى واقیعییانەى بەجآ وێناى کراوە، ئەویش بەوەى زیادەڕۆیى ئەوەى تێدا نییە هەموو تاکەکان لە تاى یەک تەرازوودا دابنێت، ڕەنگە لەبەر ئەوەبآ ئەو شوێنەى تێیدایە تەنها خۆى لەوانى تر جیاوازە. نووسەریش کە درک بەوە دەکات خوێنەر بەرهەمهێنى کۆتایى دەقە، بۆیە لێرەدا ئەگەرچیش ئەفەندییەک دەدوێنآ، کە دەشآ نمایندەى دەسەڵاتێک بێت، سەرەنجام نایەوآ ئەم زمانەى ئەم فێر بێت، یان تێیبگات، یان هەر لە بنەڕەتەوە نایەوآ بیزانێت، بۆ ئەوەى دایەڵۆگێک بەرقەرار نەبێت، چونکە(ئەوى دى)ئەم بە هاوکووفى خۆى نازانێت تا دایەڵۆگى لەگەڵدا بکات، یان خۆى لەو بە بێهێزتر نازانآ تا ئەو چەمکى دایەڵۆگە بێتەدى و پێویستى بەو گفتوگۆیە هەبێت. بۆیە ئەوى دى دنیایەکى داخراوە بەرامبەر بەم و تەنها ڕێکەوت لە شوێنێکى وەکو ناو ئۆتۆمبێلێکدا کۆى کردوونەتەوە، لەبەر ئەوە ناشآ ئاشنایەتییەک لەو ناوبەینەدا ڕووبدات، بۆیە گفتوگۆکە یەکلایەنەیە، واتە بیزەنتییانەیە و ناگاتە ئەنجامێک، ئەمەیش مانایەکى ترى پێدەبەخشێت، ئەو چەمکەى هەمیشە دەڵێن( یان لۆجیک وادەڵآ)کە میکانیزمەکانى دى و بژاردەکانى دى بەجێترە بۆ گەیشتن بە چارەسەرى بەدحاڵییبوون. کەچى لێرەدا وەکو دوو جەمسەرى هاوشێوەى موگناتیسیى لێک دوور دەکەونەوە، بۆیە بە گوتن دەسەپێنرآ بەسەرتدا و بە کردەوە دەبآ ڕەتى بدەیتەوە، یانى بە کردار پێویستە بژاردەیەکى دیکە هەڵبژێریت و بەدواى میکانیزمى ترى چارەسەردا بگەڕێیت. بۆیە پرسەکەى ئەم کورتدەبێتەوە بۆ دەردەدلڕ دەربڕین و پاشان وازهێنان لەو دەردەدڵە، ئینجا بەدواى بەزەییدا نەگەڕآ، بەتایبەتى بەزەیى ئەو(ئەوى ترەى) نایەوآ بەرانبەر بەم بکرێتەوە، چونکە کرانەوەى سەرەنجامى نەگەتیڤى بۆى دەبێت. ئێمەیش دەبآ بە زمانى خۆمان هەوڵى نزیکبوونەوە لەو لەوى ترە بدەین، لەبریى ئەوەى گۆڕانکاریى لە خۆماندا بەدى بهێنین و هەر بە زمانى خۆى واى لێبکەین لێمان ڕامێنێت و تەنانەت واى دنە بدەین ئاتاج وحەوەجەى پێمان بێت، بۆش و بەتالڕ نەمانبینآ و وەکو داهێنەر تەماشامان بکات. لەڕاستییدا ئەم دەقە نەووتراوى زۆرى تێدایە و کلیلى زۆر شتیشمان پێدەبەخشآ و هەر تەنها ئاماژەکردنیش نییە بە بەدحاڵیبوون لە نێوان دوو کەسى جیاواز، بەڵکو هێندەى ڕەخنەیە لەوى دى، ڕەخنەیە لەخودى خۆیش، ڕەخنەیە لەو واقیعەى تاڕادەیەک بەدەستى خۆ و بەزەبرى بارودۆخێکى نەویستراو سەپێنراوە. ئەو پاشخانەى بونیادى فیکریى دەقەکە لێوەى تێهەڵدەچێت دەلالەیەکى ڕەگەزپەرستانە پەروەردە ناکات، بەڵکو بەخۆداچوونەوەیە، گەڕانە بەدواى میکانیزمى جیاواز بۆ بەرقەرارکردنى گفتوگۆیەکى یارمەتیدەر بۆ لێک تێگەیشتن و سەرەنجام چارەسەرکردنى کێشە و گیروگرفتە هەڵپەسێردراوە مێژووییەکانى میان ئەمى گۆکەر و ئەوى دى پاسیڤ (بێگومان لە ئێستاى چیرۆکەکەدا) و نەنوێنەرى هیچ حەماسێک بۆ بەتەنگەوە هاتن، تاکو پێکەوە ژیانێکى ئاساییانەیان لەبەیندا بێتەئارا.

دیارە ئەم دەقەیش دیسانەوە خاڵى نییە لە پاڕادۆکس، ئەوەتا لە شوێنێکدا دەڵێت: (پێنج شەش ساڵێک لەمەوپێش منداڵەکانم بەقیژە و هاوار و بە پێکەنینەوە پێشوازییان ئەکردم..) کەچى لە ئێستاى چیرۆکەکەدا پیرە، وەکو لەو گوزارەیەدا پەى پێدەبرێت کە دەڵآ: (ئەگەر نەگبەتیى و چارەڕەشیى نەبآ، کابرایەکى پێرى ڕیشسپیى وەکو من چى ئەکا لە بەغدا؟)، بیگومان ئەم دوو بڕگەیە یەکنایەنەوە. هەروەها لە شوێنێکى تردا دەڵێت: (کآ بە کێیە؟ بەخودا دنیا واى لێهاتووە، ئەگەر یەکآ ماڵى دراوسێیەکى سووتا، ئەڵآ: ئۆخەى ئاگرەکەى لە من دوورە!)ئەمەیش پێچەوانەى پێدراوى دەقەکەى پێشووە، لێرە تەنهایە، هەر خۆیەتى و کەس وەکو ئەم نییە و خەڵکى دووچارى کوێرەوەرییەکەى ئەم نین( وەکو ئەو زیادەڕەوییەى خستوویەتییە سەر دەقەکەى پێشووى- دەقى کوێرەوەرییەکى ژیان- کە تەواوى خەڵکى لەتاى تەرازوویەک داناوە). لە کۆتایى چیرۆکەکەیشدا ئایرۆنییەکى هێناوەتە ئاراوە، وادەکات خوێنەر لەوە تێبفکرێت کە چارەسەر زۆر سانایە، مادامەکآ ئەوى دى فێرى زمانەکەمان نابێت، با ئێمە ئەو ئەرکە بگرینە ئەستۆى خۆمان و لەو زیاتر تێبگەین، دیارە لە ڕێگاى زانینى زمانەکەیەوە- کە بێگومان زانین مەعریفەیە و مەعریفەیش هێزە. بەڵام لەڕاستییدا چارەسەر تەنها زمان نییە، زمانى دەردەدڵکردن- بێگومان- بەڵکو زمانێکە ڕێگە ڕاستەقینەکانى گفتوگۆ بدۆزێتەوە و بیسەپێنێت، مەبەست گفتوگۆى پارسەنگە، کە قسەکەر و گوێگر، گوێگر و قسەکەرى تێدا بێت و هەموو پاشخانى ئەو کێشەبەندییە بگرێتە بەرچاو کە ناهێڵآ ئەم و ئەوى دى لە سێبەریدا خودناسینیان بەرجەستەتر بێت و لە خاڵێکدا بگەنە یەک و وەکو دوو هاوسان مامەڵەى یەکتر بکەن.

کاراکتەریش، کە تابڵێى دوورە لەوەى خەیالڕ ڕسکاندبێتى، ئەو بنبەستەى ڕووبەڕووى بۆتەوە داواى پەیوەندییەکى جیاواز دەکات، جیا لە گفتوگۆ، بەڵام بێجگە لە گفتوگۆ چى بوونى هەیە؟ ئەوەى بوونیشى هەیە هەڵگرى کۆمەڵێک سەرەنجامى جیاوازە، بۆیە بەدواى ئاسۆى تردا دەگەڕێت، بەڵام بە تەنیا نایدۆزێتەوە، ئیدى ئەو دنیایەى تیایدا دەژى پێویستى بە بونیادنانەوەیەکى تر دەبآ، تاکو گفتوگۆ لەگەلڕ ئەوى دیدا بەرقەرار بکرێت، یانى شیاوى بەرقەرارکردن بێت. بەڵام ئەوەندە کەوتۆتە ژێر کاریگەریى مەسەلەیەکى جەوهەریى کە ناڕوونە و جگە لەوەیش ئەوەندە لە ژێر کارکردى سەروبەند و بارودۆخەکەدایە ڕەنگوڕووى خۆى تۆختر دەکاتەوە، لێ ئەمە بە سەردەمەکانى تر نامۆى دەکات، ئەگەرچى گرنگ ئەوەیە لەم ڕووبەرەدا ئەو پەیوەندییەى لەگەلڕ ئەوى دیدا هەیە گۆڕانکاریى بەسەردا دێت، چونکە پاڵەوان لەناوەوە گۆڕانکاریى بەسەردا دێت..بەڵگەنەویستیشە ئەگەر بە شێوەیەکى قوولڕ لەم دەقە ڕابمێنین، ئەوا پەى بەوە دەبەین کە ڕامانێکى ناوەکییانەى خود نییە، بەڵکو ڕامانێکى جیاوازە لە دنیا و لە پەیوەندى لەگەلڕ واقیعدا و بابەتێکى گرنگ دەخاتەڕوو، ئەویش نەبوونى دایەڵۆگە، نەبوونى دایەڵۆگیش کێشە و لێک حاڵینەبوونەکان بنبڕ ناکات، بەڵکو چەرمەسەریى و کڵۆڵییەکان کەڵەکەتر دەکات و دەبێتە هۆى هاتنەکایەى پەرچەکردارى جیددیى. ئەوى دیش کە بە ڕستەى لێکدابڕاوى(کوردى...ما ڕعرف) کۆتایى بە هەموو شتێک دەهێنآ، لەڕاستییدا دەروازەى کێشەکان بەتەواوى بەسەر خۆیدا ئاوەڵادەکاتەوە. ئەمەیش لێناگەڕێت تەنها لایەک باجى نەبوونى دایەڵۆگ بدات، بەڵکو وەک یەک بەسەر هەردوو لادا دابەش دەبێت.

لە چیرۆکى(تاکەى ئەمشەوە؟)یشدا، جگە لە گۆشەنیگاى گێڕانەوە کە کەسى سێیەمى تاکە، یانى گێڕەرەوەى هەموو شتزان، یاخود دەکرآ بڵێین لە سەرەوە لە شتەکان دەڕوانێت و هەموو شتزانە، کەچى دیسانەوە بەتەواوەتى زانیارییەکانمان پێناگات، چونکە گیڕەرەوەى هەموو شتزانیش هەروەکو(ئاندرۆ بێنیت و نیکۆڵاس ڕۆیلڕ) بۆى چوونە، هەمیشە نهێنى پارێزە و سەربارى ئەوەى هەموو شتێکیش دەزانێت کەچى شت دەشارێتەوە و هەمووى ناگێڕێتەوە. لێرەیشدا هەمان ئەو تەکنیکانەى پێشووى لە گێڕانەوە بەکاربردووە..لەتانوپۆى ئەم دەقەیشدا هەندآ بڕگەى ئەوتۆى تێدایە، لەبەر بەدەستەوە نەدانى زانیاریى تەواو خوێنەر دەشڵەژێنآ. وەکو چارەنووسى(مام وەسمان)،(قالەى پوورە ئایشآ)...کە کەس نازانآ بۆ دەکوژرێن، یان چییان بەسەردآ؟ هەروەها هۆکارى تەقە و دەسڕێژەکان نادیارە، دەبآ خوێنەر خۆى بیربکاتەوە لە هۆکارێک..دەق جگە لە ترس، هیچ شتێکى تر ئاشکرا ناکات، پێویستیشە بۆ هاوسەنگ کردنى خوێندنەوە و تێگەیشتن پەنا ببرێتە بەر دەرەوەى دەق، لەوەشدا پێویستە باکگراوەندى ڕۆشنبیریى و سیاسیى و مێژوویى ناوچەکە فریادڕەس بێت تاکو بە دەرەنجامێکى ماقوولڕ و بەجآ بیگەیەنێت. نووسەریش، ڕاستە کە بونیادى ناوەکییانەى تێکستەکەى پەیوەندییەکى ڕاستەوخۆى بە واقیعەوە هەیە و تەوەرەکەشى پرسێکى سیاسیى ناڕوون هەڵدەگرێت، بەڵام خوێندنەوەیەکى هۆشمەندانە و خودئاگایانەى نیگەرانیى و ترسەکانى خەڵکى سەردەمەکەى کردووە و ئەو هەستانەى لەناو مەردوومدا پەى پێبردوون و موتوربەى ئەم دەقە و تاڕادەیەک ئەوانى تریشى کردووە و سنوور و تایبەتمەندێتییە تاکڕەوانەکانى بەجێهێشتووە و لەناو خەمى گشتییدا هەناسەى بە دەقەکەى بەخشیووە و ئەو شتانەى لە بۆتەیدا هاتووە ڕاستیى نکووڵى هەڵنەگرن و تابڵێى بە ڕاستەوخۆیى پێشکەشکراون. لەگەلڕ هەموو ئەمانەیشدا، جێى وتنە لێرەیشدا بەشێک لە واقیع دیسانەوە پەردەپۆشکراوە.. ئەمەیش دیارە لەبەر هۆکارى تایبەتیى بووە، بەڵام بۆ دواتر(یانى بۆ سەردەمێکى تر) لاسەنگ دەبێت و لەبەر نەبوونى زانیاریى تەواویش لەسەر شت و ڕووداوەکان بە زەرەر و زیان بۆ دەق کۆتایى پێدێت و خوێندنەوەیەکى تەواومان پێنابەخشآ..جگە لەوەیش پاڕادۆکسى ئەوە قوتدەبێتەوە کە ترس دەبێتە شتێکى تایبەت بە(شار)..وەکو ئەوەى ئەم هەستە هەر تەنها لە شاردا بوونى هەبێت و لە شوێنى تردا بوونى نەبێت. لەگەلڕ ئەوەى(ئەم خێزانە) خۆیشیان لە شوێنێکى ترەوە- لە گوندەکەیانەوە- هەڵبەتا لە ترسا کۆچیان کردووە بۆ شار و هەزارەها شەوى تاریکى وەک ئەو شەوەیان دیووە و ئەزموونیان کردووە. دەتوانین بڵێین: ئەوەى باڵانس بە هاوکێشەى پاڕادۆکسەکان دەبەخشآ، ئێپستیمۆفیلیایە، هەر وەکو ئەوەى(ئاندرۆ بێنیت و نیکۆڵاس ڕۆیلڕ) ئاماژەیان پێداوە، یانى تێرکردنى لاپڕەسەنیی، بە دەربڕینێکى تر، تێرکردن و ڕازى کردن و شکاندنى تاسەى ئەو حەزى زانیاریى بەدەست هێنانەیە کە خولیاى خوێنەرە، یان وەڵام بێت بۆ پرسیارەکانى کە لە دەق دەیانکات، بەڵام ئەو تاسەیە لێرەدا ناشکآ، چونکە هاوکێشەکان باڵانس بۆ خۆیان دەستەبەر ناکەن..ئەم کاراکتەرەیش بێگومان خاوەنى بیرکردنەوەیەکى سادە و ڕووکەشە..هۆى دوا کەوتن و درەنگهاتنەوەى( شەش حەوت سەعات پاش هاوڕآ کرێکارەکانى) مێردەکەى، دیسانەوە نادیارە، نازانین لەبەر چییە؟ یاخود دواى کار چى کردووە، یان بەچییەوە خەریکبووە؟ دووبارە بەخشینى زانیاریى کورتدەهێنآ و خوێنەر دەبآ بە گریمانەى خۆى و پشتبەستن بەدەرەوەى دەق بەدواى کەماڵى مانادا بگەڕێت. جگە لەمانە، کۆتایى ئەم دەقەیش زۆر کتوپڕە- هەر وەکو ئەوەى مۆپاسان لە نووسینى چیرۆکدا جەختى لێدەکاتەوە- بەڵام لێرەدا بە شێوەیەکە وەکو بڵێى بڕینێک بکەوێتە جەستەى دەقەوە. پاڵەوانیش جگە لە نزا و تکایەک خاوەنى هیچى تر نییە و بە جیددییش بیر لەوە ناکاتەوە لەو تاریکییە قورتاربێت و بۆ کۆتایى هێنان بە شەوەکەیش ئەڵتەرنەتیڤێک بدۆزێتەوە. 

وەکو دەڵێن بەبآ زمان ناکرآ خوێندنەوە بۆ جیهان بکرآ، بێگومان جیهانى ڕاستەقینەى چیرۆکەکانى(سەدرەدین عارف)یش زمانە، زمان ئەو جیهانەمان بۆ ئامادە دەکات، تاقە بوونێکی قابیلى تێگەیشتنیشە، هەروەکو ئەوەى"گادامێر"بۆى چووە. یانى بۆ گەیشتن بە جیهان وەسیلەیەکى باشتر نییە، بە پێى"دیریدا"تەنها زمان نەبێت، کەواتە دەتوانین بڵێین مادامەکآ ئەم زمانە دەقى ئافراندووە، دەق وەسیلەیەکە بۆ بەرجەستەکردنى جیهان و هەرچى چۆنێکیش بێت پەیوەندی لەگەڵدا بەرقەرار دەکات و هەرگیزیش لێکدابڕاو نین، بێگومان ئەگەر وەکو سیستەمى ئاماژە تەماشاى زمان بکرآ..هەر وەکو لە چیرۆکى(ڕاستى مەسەلەکە)دا بەشێوەیەکى تۆختر دەردەکەوێت. گۆشەنیگاى کەسى یەکەمى تاک ڕۆلڕ دەبینێت، یانى کەسێک کردەى گێڕانەوە دەجووڵێنآ کە خۆى کاراکتەرە لە دووتوێى دەقەکەدا، لێرەیشدا دایەڵۆگ یەکلایەنەیە، هەروەکو ئەوەى لە دەقى(ڕازێک)دا پەى پآ دەبرێت، دەکرآ بە تەداعییەکى مۆنۆڵۆگئاسا لەقەڵەم بدرێت، دیسان فلاشباک، کە بازدانێکى ئاڕاستە پێچەوانە و گەڕانەوەیە بۆ دواوە، ڕەوتى گێڕانەوە ڕاستەوخۆکە هێووردەکاتەوە، سەرەتا و کۆتاییش لە جێگاکانى خۆیان ترازاون و ڕووبەرى دەق بووەتە گۆڕەپانێک بۆ ئەزموون کردنى شتێکى تازە، بە وتەیەکى تر ئەزموون پێش ڕووداو دیاریکراوە، پاش ڕووداویش بەرفراوانتر بووەتەوە. ئەگەر بە گوێرەى ئەو قسەیەى"دیریدا"- کە دەڵێت: هیچ شتێک لە دەرەوەى دەقدا بوونى نییە- قسە لەسەر ئەم بەرهەمە بکرێت، ئەوا ئەم تێکستە بە بآ پەیوەندى بەستن لەگەلڕ کۆنتێکستێکى مێژوویى و سیاسیى و کۆمەڵایەتى دیاریکراوى سەردەمێک زۆر هەژار و دەستەوسان دەردەکەوێت، بەڕادەیەک دەکرآ بوترآ ڕووبەڕووى دەقێکى تەمومژاویى و نامەفهووم، یان یەکدیو دەبینەوە، یانى هیچى لێهەڵناکڕێنین، چونکە، سەربارى ئەوەى ئەم دەقە نمایندەى واقیعێکى دیارە و گێڕانەوە بونیادى دەنێت و بە ڕەمز بارگاوى دەکات و دەلالەش، کە زمان بەرپرسە لە خوڵقاندنى و بونیادێکى ڕووکەشیشی هەیە، کەچى بە ڕوونیى ئاماژە بە مانا دەدات، چونکە زمان خۆى جێگاى ماناى گرتۆتەوە، ئەو زمانەیش کە جێگاى مانا بگرێتەوە، یانى وێڕاى ئەوەى هەڵگرى خۆیەتى، ئاماژە بە دەرەوەى خۆیشى دەدات، ئەمەیش ئەوە دەگەیەنێت ئەو دەقەى زمان بە پلە یەک پێکى دەهێنێت هەر تەنها ئەو شتە نییە کە لە ڕوواڵەتدا گوزارەى لێدەکات..یانى خۆى کەشفدەکات و"ئیان مەکلین"گوتەنى جیهانى زەینیى نووسەریش ئاشکرا دەکات.

بێگومان کاراکتەر لەم دەقەدا جیاوازە، بۆیە پێویستیشى بە زمانێکى جیاواز هەیە، یان بەرەو زمانێکى تر دەمانبات، زمانێک لە بارگەکانیدا چەمکەکانى سەردەم هەڵدەگرێت، وەکو ئەوەى"حەمید ئەلڕوبەیعى"بۆى چووە، چونکە ئەم دەقانە ئاستە گوتارییەکەیان هەڵگرى یەک شتە، ئەویش گوتارى سیاسییە، کە دیارە بە شێوەیەکى ناڕاستەوخۆ و پەردەپۆش دەردەکەوێت، یان باشتر وایە بڵێین نووسەر لە ڕێگاى ڕەهەندە سیمبوڵییەکانەوە چارەسەرى ئەم بابەتانەى کردووە و لەوانەشە برەوسەندنى ئەو سیمبوڵییەتەى حەفتاکانى سەدەى پێشوومان ئەم سەرچاوەیە پێشەنگایەتى کردبآ و هەر بە کاریگەریى ئەم نووسەرەیش ڕەوایە بوترآ نووسەرى دیار"لەتیف حامید"ڕچەى چیرۆک نووسیى خۆى گرتووەتەبەر و بە شێوەیەکى کۆدئامێز دەقەکانى بەرهەمهێناوە. بەڵام ڕاگەیاندنى ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە دان بە شتێکى ئەرێنییدا دەنێین بۆ هونەرى گێڕانەوەمان، بەتایبەتیش بۆ ئەو ڕەمزییەتە داخراوەى ئەو سەروبەندە ڕەواجى پەیدا کردبوو، چونکە چەشنە دەقێک برەوى وەرگرت تەنها بەو کات و زەمانە تایبەتە و ڕەنگە نەتوانآ بە بآ کێشەوگرفت و بە سانایى سنوورەکانى ئەو دەیەیە ببڕێت، بەدیاریکراویش لەبەر ئەوەى ڕەمزییەتێکى گەردوونییش ناگرنەخۆ و بەسەر نەوەیەک و سەردەمێکدا داخراون و سنوورى ئەو سەردەم و نەوەیەیش نابڕن تەنها بەوە نەبێت کە چەمکى(بێشوماریى مانا)ى"ووڵفگانگ ئایزەر"بە هەند وەربگرین و کارى پێبکەین.

لەم دەقەدا- کە تەنانەت واقیعێکى ڕەمزیى واقیعە سیاسییەکەیش پەردەپۆشدەکات- یەکەمین شتێک کە دەیوورووژێنێت پرسیارى ئەوەیە بۆ کوشتن؟ بێگومان تەنها لەبەر ئەوەى کاراکتەرێک داواى خۆڕادەستکردنەوە لە پاڵەوانى قسەکەر دەکات، ئەمەیش مۆتیڤێکى لاوازە بۆ ئەو کردە جیددییە..بەڕاستیى لەم تێکستەدا کاراکتەر کە"شێرزاد"دەکاتە ناوبژیوان بۆ ئەوەى شەفاعەتى بۆ بخوازآ، هەر لە یەکەم ڕۆژەوە دانى بە کوشتنى(شەفەشەل)دا ناوە و ئیدى مەسەلە لەوآ کۆتایى هاتووە..بەڵام کەس لێى نەپرسیووە بۆ؟ کە ئەمە شتێکى سەیرە و پاڕادۆکس دەهێنێتە کایەوە، چونکە بە لۆژیک ڕێى تێناچێت کارێکى وا جیددیى ئەنجام بدرێت و کەس لە هۆکارەکەى نەپرسآ و ئەنجامدانیشى نەخرێتە ژێر پرسیارەوە! یانى لێرەدا لاپڕەسەنیى لە مرۆڤ سەنراوەتەوە(کە ئەمە شتێکى مەحاڵە بێگومان) و هیچ شتێکیش جێگاى نەگرتۆتەوە تا لە ڕێگایەوە سەنگوسووژ بکرێت. ئەوى ڕاستیى بێت زۆر لە شتەکان کتوپڕن..لەپڕێکا(شەفەشەل)بە تەواویى دەگۆڕێت و خەڵکەکەیش لێى دەتەکنەوە، بەڵام نازانین ئەم گۆڕانە لە کوێوە سەرچاوە دەگرآ؟ ڕەنگە پەى بردن بەمە بکەوێتە کۆتایى چیرۆکەکەوە، ڕاى خۆى گۆڕیوە و ویستوویەتى خۆى ڕادەست بکاتەوە و شتێکى ئاساییشە..لەوانەیە ئەم بڕیارەى(شەفەشەل) زۆر گرنگ نەبآ تا ببێتە مۆتیڤی کوشتنەکەى و هەروەها کێشانى جگەرەى گرێڤن و ئەفەندێتیى و خوێندەوار بوونیشى..ڕەنگە مەسەلەکە تۆڵە سەندنەوەیش نەبآ لە کەسێک کە تەسلیمى دەسەڵاتێک دەبێتەوە کەسوکارەکەیان تەفروتونا کردووە..ئەمە "مێرسۆ"ى پاڵەوانى ڕۆمانى(نامۆ)ى "ئەلبێر کامۆ"مان وەبیر دێنێتەوە کە لە خوت و خۆڕایى و بە بآ هیچ مۆتیڤێک و هەر لەبەر ئەوەى تیشکى ڕۆژەکە لە چاوى دەدات گەنجە جەزائیرییەکە دەکوژێت.

دیارە پاڵەوانى دەقەکانى پێشوویش ناتوانن ئاڕاستەى شار هەڵنەبژێن و بەرەو ژوور بچن، کەسیش ئەو ڕێگایەیان لێناگرێت!! بێگومان لێرەیش واقیعەکە دیسانەوە تاریک کراوە و زانیارى لەسەر ئاشکرا نەکراوە. سەبارەت بە بەشدارى نەکردنى واقیعیش لە بەرهەمى ئەدەبى و پەردەپۆش بوونیشى تێیدا"ووڵفگانگ ئایزەر"دەخاتە سەر ئەو باوەڕەى بڵێت بەڵگەنەویستە دەقێک، با خەیاڵکراویش بێت، ئەگەر بێت و خاڵى بێت لە هەموو پەیوەندییەک بە واقیعى ناسراوەوە ئەوا ناڕوون و نامەفهووم دەبێت، چونکە دەقى ئەدەبیى تێکەڵەیەکە لە واقیع و جۆرەکانى خەیاڵکردن، بۆیە لە نێوان پێدراو و خەیاڵکراودا بێچەندوچوون کارلێک دێتە ئاراوە. پاڕادۆکسێکى تریش ئەوەیە کە ڕوودانى کوشتنەکە لەکاتى وەستانى شەڕدا ڕوودەدات، یان لەڕاستییدا بیرۆکەى خۆبەدەستەوەدانى(شەفەشەل)ئیدى لەو کاتەدا چى دەگەیەنێت؟ شەڕ لە گۆڕێدا نییە، با بڵێین ئیتر ئەو بڕیارە لەو بارودۆخەدا چ گرنگییەکى هەیە؟ هەموو شتێک لە دانوستاندا چەقى بەستووە و ئیتر دانانى ئەم ڕووداوە و کردنى بە ڕاستییەک لەناو تێکستەکەدا بە هیچ جۆرێک قەناعەت بەخش نییە!

دەقى(ڕێبوار و ڕێگە)یش کەموزۆر هەمان تەکنیکەکانى پێشوو شەقڵى پێدەدەن و هەر لە سەرەتاوە شێوازە ترادیسیۆنییەکەى نووسین تێدەپەڕێنآ و گۆشەنیگاى کەسى یەکەمى تاک دەیگێڕێتەوە و جەستەى دەق بە چەند گرتەیەک دەخاتە ناو چوارچێوەوە، ڕاستە بیرۆکەیەکى ئاڵۆزمان پێشکەش دەکات، بەڵام ڕووداو وکردەى چیرۆکمان لە توێیاندا بەرچاو ناکەوێت. ئەمەیش زیاتر بە هۆى تەوزیفکردنى ڕەمز و بەکارهێنانییەوەیەتى..لێرەیش: جێگۆڕکێى شوێن و کات، فلاشباک، دایەڵۆگ..تاد ئەتمۆسفیرەکەى دەخەنە شێوەیەکى هونەرییەوە کە دەتوانین بڵێین هەمان ئەتمۆسفیرى دەقەکانى پێشووە و دووبارە دەبێتەوە و لە خولگەیەکى کافکاییدا دەخولێتەوە. ئەمەیش دنیایەکى دەرەوەى دنیاکەى خۆمان بۆ ناڕسکێنآ و هەر ئەو شتە ئاساییە دێرینەیە، ئەو شتەى زمان وێنەى دەگرێت، زمان کە تواناى خوڵقاندنەوەى شتى هەیە، لێرەدا شتێکى نامەئلووفى ئەوتۆ ناخوڵقێنآ، یان بابڵێین مەئلووف نامەئلووف ناکات، چونکە تەنها وەسیلەیەکە بۆ وێناکردنى دیمەنێک..یان لە چوارچێوەگرتنى دیمەنێک..دیارە ئێمە لە ڕێگاى خوێندنەوەوە دەمانەوآ جیهان لەناو دەقدا بڕسکێنین و وەکو بوونێکى تۆکمە وێناى بکەین، کەچى لێرەدا بەهۆى ئەو تەمومژە و نەبوونى زانیاریى تەواوەوە ئەو جیهانە وەک بوونێکى تۆکمە وێنا ناکرێت تەنها بەوە نەبآ کە خوێنەر بە پاشخانە ڕۆشنبیریى و سیاسیى و مێژوویییەکەى خۆى کەلێنەکانى دەق پڕبکاتەوە تاکو لە شەقلڕ بەخشین بەو جیهانە بەشدارى بکات. دەکرآ بپرسین لەڕاستییدا چى لێرە ڕوودەدات؟ با بە دەربڕینێکى تر بڵێین لێرە کردار هەیە؟ ئەوەى ڕاستیی بآ تەنها زمان لەناو ئەم تێکستەدا دەکەوێتەگۆ، یانى زمان ڕوودەدات، ڕووداویش، دیارە پێشتر ڕوویداوە، واتە ئەو ڕووداوەى ئەم دەقە دەڕسکێنآ، ڕووداوى بەئاشکرا نییە و پەردەپۆشکراوە، یانى ڕوودەدات، بەڵام دیسانەوە لە شوێنێکى تر، نەک لەناو دەق، یاخود دەکرآ بڵێین لە باکگراوەندى دەق ڕوویانداوە و دەقیش لەڕاستییدا سەرەنجامى ئەو شتانەیە کە لە دەرەوەیدا بەرقەرار بوونە وکۆتاییان هاتووە..ڕەنگە بشآ بوترآ ڕووداوى ناو گێڕانەوەیە. زانیارییەکانیش دیسانەوە لە گەیشتن بە وەرگر کورتدەهێنن، لە شوێنێکدا دەڵێت: (باوکم گەلێ شتى ترى ئەزانى، بەڵام نەیئەویست دەریان بخات)- ئەو شتانەیش چین کە پاڵەوان زۆربەیانى لە خەڵکى گوندەکە بیستووە و بێخەم لەوەى خوێنەر نایانزانآ هەر بە نادیار دەیانهێڵێتەوە..ئەو ئیش و کارەیش چییە کە هاوڕێکەى بۆ چارەسەرکردنى ملى بۆ زۆرلا ناوە؟ ئەو پیاوە پیرەى بەڵێنى چارەسەرکردنى مەسەلە نادیارەکەشى داوە کێیە؟ ئەمە ڕەمزێکە، ڕەمزێکى تریش مردنى پیاوە پیرەکەیە، بەڵام دیسانەوە هیچ نادات بەدەستەوە، چونکە وەک لە دەقدا هاتووە:(کەس نەیئەزانى چۆن و لەبەرچى مردبوو)!! دیارە لێکدانەوە بۆ خوێنەر بەجێدەهێڵێت و دەیەوآ بیرى لێبکاتەوە، بەتایبەتى ئەگەر بێت و بەروارى بڵاوکردنەوەى بە هەند وەربگرێت و نەختێک لێى قووڵبێتەوە. کۆتایى لێرەیشدا هەر کراوەیە و کتوپڕ یەخەى دەق دەگرێت و گوتارە سیاسییەکەشى کورتدەهێنآ، چونکە خوێنەر لەوە حاڵینابێت پیرەمێردەکە بۆ کتوپڕ مردووە و هاوڕێکەشى، کە بۆ مەسەلەکەى بەدواى چارەسەردا عەوداڵە و لەبەر هۆکارى مردنى پیرەمێردەکە پەیداى ناکات، بۆچى هەست بە ناکامیى ناکات؟ بۆچى سێبەرى زەردەخەنە بەسەر لێوییەوەیەتى؟ ئایا ئەوەندە دڵخۆشە لە هەوڵێک نووشووستیى بهێنآ و بە سانایى لەسەرەتاوە دەستپێبکاتەوە؟ بێگومان نەک هەر ئەم دەقە، ئەوانى تریش پرسیارگەلێکى زۆر دەورووژێنن، بێئەوەى کەس بتوانآ هەر لەناو خۆیاندا وەڵامیان بۆ بقۆزێتەوە. جگە لەمانە، دیارە لە پاڕادۆکسیش خاڵى نییە..لاوێکى باڵابەرزى تێکسمڕاو- کە بێگومان(حەمەغەریب)ە گەڕاوەتەوە، بەڵام لە کوێوە هاتووە و سەربارى ئەوەى پانزەساڵیشە لەوآ نییە چۆن دەنگوباسى زۆربەى خەڵکى گوندەکە دەزانآ؟ ئەو قسە سەیر و سەرسووڕهێنەرانەیش چین کە بۆ خەڵکیان دەکات؟ بۆ نەیتوانیووە لە هیچ گوندێک ئۆقرە بگرێت؟ ئیشێکى بەدەستەوەیە ئەگەر تەواوبآ جۆرى ژیان و ڕابواردنى دەگۆڕآ! بێگومان ئەمانە هەمووى بەتاڵدەبنەوە کاتآ لە بەروارى بڵاوکردنەوەى ئەم چیرۆکە و پانزەساڵى دیارنەمانى کاراکتەر ڕادەمێنین..کە بە واقیعى ئەو سەروبەندەى ساڵانى شەستەکانیش بەراوردى دەکەین، تێگەیشتن ئەوەندەى تر مەحاڵدەبێت. دەق لە لایەک بە لاوە خوێنگەرمەکە ئاماژە بە پاڵەوان دەدا، لە لایەکى تریشدا دەڵێت: گەڕانەوەى(حەمەغەریب)ڕووداوێکى گەورەبوو لە گوندەکەمان!! جارێکى تریش ئێمە نازانین ئەو ڕووداوە چییە، پاشان گێڕەرەوە- کاراکتەر بۆ وا بە پەرۆشەوە دواى(حەمەغەریب)دەکەوێت؟ دەق ئەو تەنگوچەڵەمەیەى (حەمەغەریب) ئاشکرا ناکات، یان مەسەلەکەى کە ئەویش هەر نازانین چییە! ئەم شتانە ئاڕاستەى بیرى خوێنەر بە زۆر لادا دەبەن و شپرزەى دەکەن، چونکە دەقەکە وەکو مەتەڵێک دەبینآ پێویستى بە هەڵهێنان بێت، کە نایشتوانآ هەڵیبێنآ ئیتر گرنگترین ئەرکە ئیستێتیکییەکەى کە چێژبەخشینە لە کیس دەچێت.

بە هەمان شێوە و تەکنیکیش چارەسەرى (باڵى شەوگار) دەکات و گۆشەنیگا کەسى سێیەمى تاکە و گێڕانەوەیەکى ئاسایى دەگێڕدرێتەوە، واتە کەسێک پرۆسەى گێڕانەوەکە دەخاتەگەڕ کە لە دەرەوەى چیرۆکەکەدایە. بەکارهێنانى دیمەن لە پڵۆتدا، کە شێوازێکى جیاوازە و ئەو مامەڵەیەیشى کە لەگەلڕ زماندا دەیکات تا شەقڵێکى دەرەکیى جیاواز بە تێکست بدات، هەروەها دایەڵۆگیشى تێدا بەکاربردووە..ئەم دەقە بە سەرەتایەکى شیعریى جوان دەستپێدەکات، کەچى نووسەر بە شێوەیەکى فۆتۆگرافییانە دیمەنەکان دەگوازێتەوە، واتە دەرەوە دەهێنێتە ناو دەق.. لە بیرى(فەرهاد)دا کە منداڵێکە، ئەویش وەک ئێمەى خوێنەر خاوەنى هیچ زانیارییەکى ناو تانوپۆى دەقەکە نییە و نازانآ دەوروبەرى سرتەسرتى چییانە؟ تەنها یەک شت بۆ ئەم پاڵەوانە بەرجەستەیە ئەویش یاریکردنە، یانى دەیەوآ بچێتە دەرەوە، ئەو دنیایە بەجێبێڵآ کە دنیاى ئەو نییە، چونکە بیرى لاى دنیاکەى خۆیەتى، بیرى لاى ژیانکردنە و پێویستە سەربارى هەموو شتێکیش ژیان ڕەوتى خۆى بگرآ و بەردەوام بێت..ئەگەرچى لەناوەوە- لەماڵەوە- ژیانى باپیرەى کۆتایى هاتووە و چیدى بوونێک نییە لەم دنیایەدا، بەڵام ئەو هێشتا لە سەرەتادایە و دەبآ ئەو مەودایەى نێوان سەرەتا و کۆتایى- بوون و نەبوون- ببڕێت، چونکە بەوەناچآ ئەوانى پێشوو مشوورى دنیاى ئەمیان خواردبآ و بیریان لە ئامادەکردنى یۆتۆپیایەک کردبێتەوە بۆى. لێرەدا دوو دنیا دیارە، کە پەیوەندییەکى توندوتۆلڕ پێکەوەیان نابەستێتەوە، لەبەر ئەوەى دنیاى یەک نەوە نییە. لەم دەقەیشدا هەمان شتەکانى پێشوو دووپاتدەبنەوە، زانیارییمان بەتەواوەتى پێناگات و هەر تەنها ئەوەیە کە ئێمە دەزانین هەموو زیندوویەک سەرەنجام دەمرێت..و دواى ئەوەیش ژیان بەردەوام دەبێت. بێگومان گرێچن بەگشتیى لێرە و لەوانى تریشدا بەئاگایانە مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە و لە دەستپێکەوە کە بەشێکە لە چنینەکە و ئەویش وەکو لە شوێنى ترى ئەم نووسینەیشدا ئاماژەى خێراى پێکراوە، بە کورتى ڕێکخستنى زنجیرەى ڕووداو و بڕگە و جووڵەکانى ناو دەقە و بەدواى یەکدا هاتنى ئەمانەیە: دەستپێک- ململانآ و بەرزبوونەوەى کردار، یانى چڕوپڕبوونى ململانآ- چڵەپۆپە- نەوى بوونەوە و داچۆڕانى کردار، یان کرانەوەى گرآ و بەرەو کۆتایى چوون- ئینجا چارەسەر، یان قفلڕ، جوان بەرەو کۆتایى شۆڕدەبێتەوە، بەڵام سەرەنجام خوێنەر ڕووبەڕووى تێمایەکى ناڕوون دەبێتەوە، یانى بەدیقەت نازانین دەق چ پەیامێکى هەڵگرتووە. لەگەلڕ ئەوەشدا ئەگەر بەشێوەیەکى گشتگیر بڕوانینە دەقەکان، ئەوا چەندین تەوەرە و تێمەى یونیڤێرساڵمان ڕووبەڕوو دەبێتەوە، لەوانە ترس، نیگەرانیى و دڵەڕاوکآ، چارەنووسى ڕەش و ڕێکەوتێکى زۆر، کە بێچەندوچوون ئەو ئەتمۆسفیرە کافکاوییەیان پێدەبەخشن کە گەلێک تەمومژاوین، یاخود ناچنەوە سەر سەرچاوەیەکى لۆجیکى ئەوتۆ کە بتوانین لێکدانەوەیان بۆ بکەین.

چیرۆکى(گەشتێک)یش وێنەى دنیایەکى تاریکى دیکەمان بۆ دەکێشێت و پرسیارى ئەوەمان لا زەقدەکاتەوە کە لەڕاستییدا لە کوێوە بۆ کوآ؟ لە هەمان شوێنەوە بۆ هەمان شوێن؟ ئایا هیچ گۆڕانێک لە ڕووبەرى ژیانێکدا ڕوونادات؟ بێگومان ئێمە وەڵامى  ئەمانە شکنابەین! ئەم چیرۆکەیش بە گۆشەنیگاى کەسى یەکەمى تاک نووسراوە و فلاشباک، مۆنۆڵۆگ، دایەڵۆگ، پاشوپێشخستنى دەستپێک و کۆتایى، مۆنتاجى کات و شوێنى تێدا بەکاربراوە. لێرەیش هەروەها کێشەى زانیارییمان هەیە و پێمان ناگات، ئەمەیش بێگومان کۆسپە و ناهێڵآ لەو سەردەمە تێبگەین کە ئەم دەقەى بۆ نووسراوە. بەر لە هەموو شتێک نازانین بۆ کاراکتەرى ناو ئەم فەزایەى گێڕانەوە واى لێهاتووە، دابڕاوە لە خۆى، ژیانى بابەتێکى لەبیر چووە، مەحکوومە بە نەگەیشتن بە زانیاریى تەواو لەبارەى دنیاکەیەوە..تاد. ئەمەیش لەڕاستییدا پرسێک، پرسێکى ڕەوا لە هزر و ویژدان و ئاگاییماندا زیندوو دەکاتەوە، دەیژێنێتەوە، تاکو هەمیشە لەگەڵماندا بێت و قەتاوقەت لەبیرى نەکەین و دەستبەردارى نەبین. لێرە نازانین بۆ کاراکتەر لە"مامۆستا دڵشاد"پەستە، بۆچى"قالە"گیراوە و کێیە و چ پەیوەندییەکى بە پاڵەوان و دەقەوە هەیە؟ یان "مەلا پیرداود"، کێیە و لەسەر چى هەوڵى کوشتنى دراوە و چۆن هەوڵەکە شکستى هێناوە؟ پاڵەوان بۆچى بەرەو خوار هاتووە و لە سەرەوە، لەو شوێنە خۆشە(سەکۆکەى مەلا پیرداود)نەماوەتەوە؟ بۆچى گوندەکەیان هەر چەند کەلاوەیەکە و هیچى تر؟ پیاوە سوورە کورتەباڵاکە بۆ هەر گوزارشتى(بە نامووست وانییە؟- بە نامووستان وانییە؟) ى پرسیارئامێز دووپاتە دەکاتەوە؟..دەتوانین بڵێین کاراکتەر لەم تانوپۆیەدا دوو چاوى تیژى هەیە و ئەوەى دەیبینآ دەیگێڕێتەوە، ئەوەى دەیبینآ تێهەڵکێشى گێڕانەوەکەى دەکات..جگە لەمانەیش خۆى و هاوڕێکەى بە چ مەبەستێک لە مەیخانەکەوە دەردەچن و چەند کۆڵانێک دەکەن و دەگەڕێنەوە هەمان شوێن و دەچنەوە ناو هەمان مەیخانە؟ چ مەبەستێکى هەیە؟ هیچ نادات بەدەستەوە تاکو شتێکى لێبقۆزینەوە و پارچەکانى پەزڵەکە پێکەوە بلکێنین..گرێچن هەندآ شتى لاوەکیى تێدەکەوآ نازانین ڕۆڵیان چییە لەناو دەقەکەدا؟ بۆ نموونە سوورەى کورتەباڵا، دوو منداڵە بچکۆلەکە کە نازانین بۆچى بەو درەنگە شەوە لە دەرەوەن و هەروەها فاڵچییەکەیش..خۆ ئەگەر ئەمانە بە تەداعییش هاتبنە ناو تێکستەوە هەر دەبآ ئەرکێکیان پآ سپێردرابآ، بەڵام هەست دەکەین ئەرکیان نیوەچڵە، چونکە نووسەر ناهێڵآ ڕستەى فاڵچییەکە ڕەوتى خۆى وەربگرێت و تەواو بێت یەکسەر دیمەنەکە دەگوازێتەوە، یان دەیقرتێنآ و سەربارى ئەوەیش دەپرسین بۆ چ مەبەستێک لەناو دەقدا قوتکراوەتەوە؟ ڕەنگە هەر تەنها بەکارهێنانى شەپۆلى هۆش بێت، لێ بەبێئەوەى بزانین لە چییەوە سەرچاوەى گرتووە، یاخود هەر وەکو شتێکى زیادە تێى ئاخنراوە بە بآ ئەوەى وەزیفەیەکى دیاریکراو ببینێت. پاشان خوێنەرى وردبین هەست بەوە دەکات ئەتمۆسفیرێکى ڕووکەشانەى کافکایى لەم دەقەیشدا خۆى دەنوێنآ، دەڵێین ڕووکەشانە چونکە سەرکەوتوو نییە لەوەى بابەتێکى تەواو کافکاییمان پێشکەش بکات، لەبەر ئەوەى هۆکارەکانى ئەو دنیا کافکایییە لەم چیرۆکەدا ڕوون و ئاشکرانین. (سێگۆشەى باسێکى کۆن)یش بە گۆشەنیگاى کەسى یەکەمى تاک لە ڕێگاى جێگۆڕکێى سەرەتا و کۆتایى، دایەڵۆگ، مۆنتاجى کات و شوێن و..تاد دەگێڕدرێتەوە. دەتوانین بڵێین ئەتمۆسفیرێکى کافکایى لەم ڕووبەرەیشدا ئامادەییەکى پێداگرى هەیە، هەر بۆ نموونە پیت لەبریى ناوى کاراکتەر بەکاربراوە کە(س)ە و ناوى بەڕێوەبەرەکەش (ک)ە. پەى بەوە نابەین بۆچى کاراکتەر خاوەنى هەستی ئەوەیە کە ژوورەکەى بۆتە زیندان- بێگومان بەبێئەوەى هۆکارێک دنەى ئەو هەستە بدات- بۆچى هەست بە بەندکراویى دەکات، ترسى لە چییە؟ بۆ بە بینینى ئەم، خاوەن ژوورەکە و ژنەکەى قاقا دەکێشن؟ ئەمانە هەموو نادیارن، چونکە وەسف لە بونیادى دەقدا بەشدار نییە، جگە لەمەیش کەمترین زانیاریى بەدەستەوە دەدات. نایشزانین ئەم پاڵەوانە کێیە و چى کردووە وا ئەو نامەیەى بۆ دێت کە تیایدا ئاماژە بەوە دراوە کە ئەم بۆ شارەکە هەڕەشەیە و بڕیارى لەناوبردنى دراوە..سەیر ئەوەیە داواى لێدەکەن شێوەى مەرگەکەى خۆى هەڵبژێرآ، کە ئەمە ئایرۆنییە و پرسیارێکى نامۆ ڕوواوڕووى وەرگر دەکاتەوە، ئەویش ئەوەیە بۆچى؟ کەى لەڕاستییدا بکوژ مافى بە قوربانیى داوە بژاردەى هەبێت؟ یانى بکوژ کەى مافناس بووە؟ نازانین بۆ..ئەم کاراکتەرەیش لە شوێنێک ئیش دەکات نە کەسى لێ دەناسآ و نە کەسیش ئەو دەناسآ! تەنانەت ناوى بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتییەکەشى نازانآ، کە بە (ک) هەواڵى لە پاسەوانى دائیرەکە دەپرسێت بەوە وەڵام دەدرێتەوە کە دە دوانزە ساڵە مردووە، واتە بە کورتى ئەم کابرایە ئاگاى لە هیچ نییە و پەیوەندیشى نە بە دنیاوە هەیە و نە بە هیچ شتێکییەوە. ئەمەیش وادەکات ئەم کاراکتەرە لە خۆى تێنەگات، چونکە هەوڵى تێگەیشتنى دنیا نادات تاکو پتر لە خۆى بگات، هەروەکو ئەوەى "تزڤیتان تۆدۆرۆڤ"دەڵآ، لەڕاستییدا هیچ هەڕەشەیەکیش نییە بۆ سەر شارۆچکەکە، ئیدى پرسیارەکە ئەوەیە بۆچى هەڕەشەى لێکراوە بە کوشتن؟ نازانین..ئەمەیش دەربڕى ئەوەیە ئەم دەقە بیرێکى لۆجیکییانە بۆ هەموو چنینیى نەکراوەتەوە و بونیادى گرێچنێکى ناتۆکمە بەرجەستەى کردووە، واتە لە کاتێکدا کە دەبآ هەموو بڕگەکانى توندوتۆڵانە هاوپەیوەندبن، کەچى وانییە و ئەم هاوپەیوەندییە نابینرآ. پاڕادۆکسى ڕاستەقینەى ناویشى ئەوەیە بکوژ لەگەلڕ قوربانییدا وشەکانى( تکایە..و ببوورە..) بەکاردەهێنآ..پاشان ئەمیش، واتە بکوژ، فەرمانى پێکراوە و نایشزانآ بۆ ئەم فەرمانەى پێکراوە، بەڵام دەبآ هەر ئەنجامى بدات. نووسەر ئەم دەقەشى نوقمى دیدێکى زۆر ناڕوونانەى سیاسیى کردووە و تاکو لوغزئامێزتریش بێت ناهێڵآ زانیارییمان پێبگەیەنێت، ئیتر خوێنەریش هەست دەکات زۆربەى بڕگەکانى تێکست شفرەیە و پێویستە هەڵیان بهێنآ و بیاندۆزێتەوە..ئەمەیش لەڕاستییدا ئیش و ئەرکى خوێنەر ئاڵۆزتر و دژوارتر و تاقەتپڕووکێنتر دەکات، چونکە درکى ئەوەى تیژدەبێتەوە کە بۆ زەفەر بردن بە تێکستەکە پێویستیى بە زانیاریى تر هەیە، بەتایبەتى سەبارەت بەو بارودۆخە مێژووییەى تێیدا بەرهەم هاتووە، هەر تەنها ئەمەیش شەقلڕ بە بنەمایەک دەبەخشێت بۆ تێگەیشتن لە دەق، هەروەکو(ئاندرۆ بێنیت و نیکۆڵاس ڕۆیلڕ)ئاماژەیان پێداوە. دیارە لەلایەکەوە نەگەیشتنى زانیاریى و لەلایەکى تریشەوە بە کۆد تەنرانى دەقەکە، چیرۆکەکە زۆر بآ ڕەواج دەکات. پاشان خۆهەڵواسینى کابراى خاوەن مالڕ کە نازانین بۆ بەم کارە هەڵدەستێت چى دەخاتە سەر ناوەڕۆکەکە؟ لەم تانوپۆیەدا هەست بەوە دەکرێت هەموو شتێک ڕێکەوت دەیجووڵێنێت، بۆ دەچێتە کۆڵان و تیایدا دەمێنێتەوە و ناگەڕێتەوە ماڵآ، پارچە کاغەزەکە هەڵدەگلۆفآ، سەرلەنوآ دەریدەکات و دەیخوێنێتەوە، ئینجا بەخۆى دەڵێت:( چۆن تا ئێستا تێبینى ئەم وشەیەم نەکردووە؟) دەشآ مەبەستى وشەى "کوشتن"ەکە بێت..سەیرە ئەم کاراکتەرە دەجار نامەکەى خوێندووەتەوە کەچى هێشتا لە ناواخنەکەى بێئاگایە!! ئیدى بەڕاستیى نازانین بۆ ئەو نامەیەى پێدەگات و دواجار بۆ گۆڕانکارییەکى ناکاوانە ڕوودەدات و یەکسەر دەکەوێتە گەڕان بۆ دۆزینەوەى نووسەرانى نامەکە، دیارە بەبێئەوەى ناویان لە نامەکەدا نووسرابآ..لەڕاستییدا ئەم چیرۆکە ئەگەر ڕەمزییش بێت ئەوا تەنها نووسەر لەکاتى نووسینیدا زانیووێتى مەبەستى چییە و بەڵگەنەویستە کە لەوانەیە ئێستا ئەویش وەک ئێمە نەزانێت سەبارەت بە چییە! ڕاستە زۆرجار دەق ماناى ناڕوون لەخۆیدا حەشار دەدات و ئەرکى خوێندنەوەیە پەردەى لەسەر لابەرێت، کەچى خوێندنەوەیش زۆرجار لە بەرانبەر ئەم دەقانەدا کورتدەهێنآ و ناگاتە دەرەنجامێک لەگەڵیاندا و ڕاستییەکانیان دەستەبەر ناکات، چونکە بونیادێکى دەلالیى لێکترازاو شەقڵییان پێدەبەخشێت، بۆیە خوێنەریش ناتوانآ هیچیان لێ هەڵێنجێنآ و چێژێک لەو مانایانە هەڵکڕێنآ کە خۆى کەشفیان دەکات.

دوا چیرۆکی(سەدرەدین عارف)یش- شۆڕبوونەوە- یە. دەکرآ ئەمە و ئەوانى پێشوویش بە(دەقى کراوە)دابنێین، وەکو ئەوەى"ئەمبێرتۆ ئێکۆ"دەڵێت، چونکە لێرەیشدا خوێنەر فڕێدەداتە نێو گومان و دڵنیانەبوون، لەبەر ئەوەى چارەسەر لەناو دەقدا نایەتەدى، بۆیە وەرگر دەشآ ماوەیەکى درێژتر لەبارەیانەوە تێبفکرێت، یان لە چەند گۆشەنیگایەکەوە لێیان ڕابمێنێت و بیانخوێنێتەوە و سەرەنجامیش کرانەوەکان دابخات، یانى چارەسەر بدۆزێتەوە، کە ڕەنگە ئەمەیش یەکێک بێت لە لایەنە پۆزەتیڤەکانى ئەم جۆرە دەقانە. دیارە ئەم چیرۆکە بە گۆشەنیگاى کەسى سێیەمى تاک لە ڕێگاى دایەڵۆگ و دیمەن و مۆنتاجى کات و شوێن و گرتەى سینەمایى دەگێڕدرێتەوە. لەم دەقەدا زمان ڕیتمئامێز و چڕوپڕە و نووسەر خۆى لە شیعرییەت بواردووە و هەوڵیشى داوە ئەتمۆسفیرێکى کافکاییمان پێشکەش بکات، بەتایبەتى لە هەڵسوکەوت و وتەکانى پیرەمێردەکەدا..ئەمیش هاوشێوەى دەقەکانى تر کەمیى زانیاریى بەربینى پێدراوەکانى گرتووە و ڕەمز و تەمومژ دەمودووى پیرەمێردەکەى گەمارۆداوە. دەیەوآ شتێک ڕووبدات، بەڵام چى؟ بێگومان نازانآ..دیارە ناڕوونییەکەى ئێرەیش لەبەر ئەوەیە کە ڕەمز تێهەڵکێشى بووە، جیاوازییەکەیش تەنها ئەوەیە لێرەدا بە یارمەتى(کاتى بڵاوبوونەوەى چیرۆکەکە)دەکرآ ئەو ڕەمزە نەختێک ڕوونبکرێتەوە، یانى دەستەبەرکردنى زانیاریى سەبارەت بەو بارودۆخە مێژووییەى تێیدا بەرهەم هاتووە..لەڕاستییدا ئەتمۆسفیرى کافکایى لەو بڕگەیەدا زۆر چڕدەبێتەوە کە لە کاراکتەر دەپرسن بۆچى لەوآ وەستاوە و ئەویش دەڵآ:(بۆ لاى کاک هیوا هاتووم..)کەچى نە"هیوا"یەک لەوآ هەیە و نە کەسێکى ئەوێیش ئەو هیوایە دەناسآ، چونکە شوێنەکە دەستاودەستى کردووە و تاقمێکى تر ئەوێیان بەدەستەوەیە، کاغەزەکەیش لەبەر ئەوەى ئەوەندە وەختە چاوەڕوانیى ئەو دیدارەى"هیوا"بووە داهێزراوە و نووسینەوەکەشى کاڵبووە و ناخوێنرێتەوە. لێرەدا پەى بە دوو واقیع دەبرێت، واقیعى ڕابردوویەکى نزیک و واقیعى هەنووکە.. پاڕادۆکسى ئێرەیش ئەوەیە ئایا ئەم کاراکتەرەیش وەکو کاراکتەرى چیرۆکى(سێگۆشەى باسێکى کۆن)ئاگاى لە دەوروبەر و دنیاکەى نییە و نازانآ گۆڕانکاریى تێدا ڕوویداوە؟ جگە لەمە ئەو کە جحێڵە و باوکى منداڵى بەرمەمکانە چۆن قسەى(عەیب ناکەیت بە ڕیشى سپییەوە درۆ دەکەیت)ى بەڕوودا دەدرێت؟ کاراکتەر بەو پارچە کاغەزەوە دەکەوێتەڕآ، بە ئومێدە، بیر لەوە دەکاتەوە کە کەسێک دەیناسآ و دەبێتە فریادڕەسى، بەڵام پاش گۆڕانکاریى لە کەسەکان، ئایا ئەو هەستە هەر وەکو خۆى لەلاى پاڵەواندا دەمێنێتەوە؟ ئایا ئەو شوێنە هەر هەمان شوێنە بۆ ئەو؟ ئایا لەم کەینوبەینانەدا ئەو خاوەنى ناسنامەى خۆیەتى، خۆى پآ کەشف دەکرێت و بارودۆخەکە باشتر تێدەگات؟ ئەمانە هەمووى پرسیارى خوێنەرن کە هەر دەبآ خۆیشى بەدواى وەڵامیاندا بگەڕێت، چونکە دەق دەستگیررۆیى ناکات و لەبریى ئەوەى وەڵامەکانیشى بۆ ئامادە بکات دەیانشارێتەوە. پاشان ئەوەى گرنگە ئەوەیە ئەم کاراکتەرە و ئەوانى دییش چ پەیوەندییەکمان لەگەڵیاندا دەبێت و چۆن دەبنە بەشێک لە ئێمە ئەگەر لێیان تێنەگەین؟ چۆن لە ڕێگایانەوە لە خۆمان زیاتر تێدەگەین و دەبنە بەشێک لە کەسایەتییمان و گۆڕانکارییمان تێدا دروست دەکەن؟ ئایا دەتوانن هەروەکو(ئاندرۆ بێنیت و نیکۆڵاس ڕۆیلڕ) دەڵێن: پێشنیازى وەڵام بۆ پرسیارى من کێم بکەن، نەک هەر بۆ خۆیان، بەڵکو بۆ ئێمەیش؟ چونکە تێگەیشتن و درک بەخۆ و بە خەڵک کردنیش، لە ڕێگاى زمانەوە پێدەگات و دێتەئاراوە..بەڵام لێرەدا ئەمە ماناى ئەوە نییە هەموو جۆرە بەکارهێنانێکى زمان ئەمەى لێدەکەوێتەوە، نەخێر، زمانێک کە هێزى گەیشتنى هەبێت، وزە بە خوێندنەوە بدات، بەهاى مەعریفیى هەڵبگرێت کە سەرەنجام دەبێتە بەهاى ئیستێتیکى، هەر وەکو ئەوەى"حەمید ئەلڕوبەیعى"بۆى چووە و ئەمەیش بناغەى ئەدەبى گێڕانەوەیە.. زمانێک کە بتوانین ئەودیوى ببینین و لێکیبدەینەوە، نەک ئەودیوەى تاریکییەکى بێئامان بیتەنێتەوە و ئێمەیش کەوتبینە پێش سەردەمى پڕۆمیسیۆس تیایدا. بەمەیش کاراکتەر یەکڕەهەند دەردەکەوێت، یانى وەکو ئەوەى"ئى. ئێم. فۆرستەر"دەڵێت: فلات، واتە یەکڕوو و یەکئاست. دواجار کاراکتەر ژیانکردووئاسا نەبێت و پێوانەى نەبێت بۆ ڕەفتارى خۆى و نەزانێت بۆچى بەو شێوەیە هەڵسوکەوت و گوفتار دەکات، ئەوا گێڕانەوەیش لۆژیکێکى قەناعەتبەخش پێشکەش ناکات.

ئێستا دەکرآ بڵێین چەرخ هەردەم بەرانبەر بە داهێنەرە ڕەسەنەکان چەپگەڕ بووە، بەڵام هەرگیز نەیتوانیووە ڕووناکیى ڕاستەقینەى داهێنان بشارێتەوە و لە درەوشانەوەى بخات، ئەگەر وایش نەبوایە و داهێنان شتێکى گەردوونیى و هەمیشەیى نەبوایە و داهێنەریش پێیەکى لە ناو ئاییندە نەبوایە ئەوا کآ پاش نیو سەدە(سەدرەدین عارف)ى بیر دەکەوتەوە؟ ئەگەر چیرۆک نووسیش،"میشال بۆتۆر" گوتەنى، هەر لە هەمان دنیاوە سرووشى بۆ بێت کە پەیدەرپەى لە گۆڕاندایە، ئەوا(سەدرەدین عارف) بە پلەى نایاب کوڕى دنیا و سەردەمەکەى خۆیەتى، چونکە ئەدەبەکەى ئەگەرچى دەقاودەق پۆرترێتى خۆى نییە، بەڵام بە ڕەنگەکانى خۆى ڕەنگڕێژى کردووە و بە مەسەلە و پرسێکى گرنگ بارگاوى کردووە و بەرەو ئاسۆ بەرفراوانترەکانى داهێنان بردوویەتى، بۆیە ئەدەبێکى دیار و بەرجەستە و کاریگەرە، بەڵام داخەکەم لە دنیاى کۆک و پێکەوە گونجاوى ناپاکیى و گەندەڵییدا هونەرى ڕەسەن،"جیانى ڤاتیمۆ"وتەنى، هەر تەنها بە بێدەنگیى دەدوێت و سەروسەدا دەرناکات، بەڵام سەربار توانیووێتى ئەو وێنە بەهادار و تاهەتاییە بخوڵقێنآ کە هەموو کارێکى داهێنەرانە ئاتاجى بە خوڵقاندنى هەیە..ئەگەر ئەدەبیش باشترین بەش بێت لە ژیان، بە مەرجێک ژیان باشترین بەش بێت لە ئەدەب، وەکو ئەوەى"واڵاس ستیڤنس"ئاماژەى داوەتآ، ئەوا مادامەکآ ئێمە مەحکوومین بە ژیان، پێویستە ماناى پێببەخشین، پێویستە جوانیى پێببەخشین، مانا و جوانییش تەنها داهێنان بە ژیانى دەبەخشن..هەموو داهێنانێکیش پاساوى ژیان و مانەوەى لەگەلڕ خۆیدا هەڵگرتووە، ئەگەر لەم پاساوانە خاڵى بێت ئەوا هیچ شتێک دادى نادات، نەدەتوانآ بژى و نەیش دەتوانآ بەرگەى گۆڕانکارییەکانى زەمەن بگرێت و بمێنێتەوە. بۆیە بەر لە هەموو شتێک دەکرآ بڵێین ئێمە بە نووسین مەحکوومین، چونکە هاندەرە بۆ ژیانکردن بە شێوەیەکى جوانتر، بە شێوەیەک کە بێهوودەیى و نائومێدیى و ڕۆتینەکانى هەڵکردن کەمتر بکاتەوە و شایانى ئەزموونکردنێکى مرۆییانە بێت و پێى بکرآ بیروباوەڕ و تێفکرینمان بشڵەقێنآ و ئاشناییمان بە شتەکان نائاشنا بکات و بمانهەژێنآ، یان بتوانین بڵێین بمانگۆڕآ! دیارە ئەدەبیش هەر بەوە پێناسە دەکرێت کە نائاسایى کردنى ئاساییە، هەروەکو"ڤیکتۆر شکڵۆفسکى" بۆى چووە، واتە بەخشینى ڕازئامێزیى و سەیروسەمەرەیى بە ئاسایى و بەرزکردنەوەى بۆ ئاستى سەرسووڕهێنەر و کردنى هەموو سەرسووڕهێنەرێکیش بەئاسایى، وەکو ئەوەى "حەننا عەببوود"دەڵێت. ئەدەبەکەى(سەدرەدین عارف)یش لەبەر ئەوە بایەخدارە، چونکە ئەم پێناسەیە هەڵدەگرێت و پرسیار دەورووژێنێت و ئاماژە بە شتێکى گرنگ دەدات کە ئەویش ئەوەیە ژیان بآ مانا نییە و جگە لەمەیش پێبەپێى ئەو ئامانج و ڕەهەندانەى لەخۆى دەگرێت سنوورى ئاسایى تێپەڕاندووە و تیایدا نائاساییتر بووە و ئەو چێژەیش بە خوێنەر دەگات کە لە کەشفکردنى ئەو نائاساییەدا دەستەبەرى دەکات. یان بەگوێرەى ئەوەى "برێخت"بۆى چووە، هێزى نائاسایى کردنى ئەدەب بە شێوەیەکى گشتیى لەو توانایەیدا بەرقەرارە کە دەمانگۆڕێت و هاوکات دنیاى دەوروبەریشمان دەگۆڕێت..لەڕاستییشدا خوێنەر ئەزموونکەرى ئەم هەستە دەبێت، چ لە خۆیدا و چ لە دنیاى دەوروبەریشیدا و پەى بە گۆڕانکاریى دەبات و باوەڕیش بەوە دەهێنآ کە مامەڵە لەگەلڕ شتێکى جیاوازدا دەکات. پێبەپێى ئەمە زمانیش تاڕادەیەک ڕێگاى نائاسایى خۆى دەگرێتەبەر و دەبێتە هەڵگرى مانایەکى ڕووکەش کە ئەمەیش"ووڵفگانگ ئایزەر"گوتەنى ئاماژە بە مانایەکى ناواخنیى دەدات و دەکرآ لە خودى خۆیشى جیاواز بێت و ئاماژە بە شتێکى تر، یان شوێنێکى تر بدات، بەگوێرەى ئەوەى(ئاندرۆ بێنیت و نیکۆڵاس ڕۆیلڕ) جەختیان لێکردۆتەوە، بەڵام بێگومان لێرەدا- لەم ئەدەبەدا ئەمە دەوڵەمەندە و ئەو زمانە تەقلیدییەى پێش خۆى نییە، بۆیە دایەڵۆگى لەگەلڕ نەوەکان و سەردەمەکاندا بەردەوام دەبآ و لە چوارچێوەى کاتێکى دیاریکراویشدا قەتیس نابێت و لە زەمەنە جیاوازەکانیشدا دەبێتە خاوەنى مانا و دەلالەتى جیاواز..دواجار دەشآ دەقیش، وەکو ئەوەى"ووڵفگانگ ئایزەر"بۆى چووە، لە بارودۆخە مێژووییە جیاوازەکاندا خاوەنى(مەدلوول) ى جیاوازیش بێت.

سەرەنجام ئەگەرچى خوێندنەوە و شرۆڤەکردن، بە پێى"شلایەرماخەر"، هونەرى خۆپاراستنە لە بەدحاڵیبوون، کەچى  دیارە ئەم دەستەواژە گرنگە ڕێژەییبوونى خۆى بەرجەستە دەکات کاتآ لەگەلڕ بەرهەمەکانى(سەدرەدین عارف)دا هاوپەیوەندى دەکەین و لەوانەشە ئەم کارە لە بەدحاڵیبوون قورتارمان نەکات، چونکە خوێنەر، هەروەکو ناوبراوى پێشووترى ئەم پەرەگرافە دەڵآ، دەیەوآ سەرلەنوآ بەو ڕووداوە دەروونییەدا گوزەر بکات کە نووسەر پێیدا تێپەڕیووە، بەڵام ئەمەیش یارمەتیدەر نابێت بۆ حاڵیبوون، لەبەر ئەوەى ماناى بابەتییانە لەکارى ئەدەبییدا، بە گوتەى"لوسیان گۆڵدمان"، زۆرجار بۆ خودى نووسەر خۆیشى ناڕوونە..بۆیە پاش ئەم خوێندنەوەیە و پاش ئەم دواندنەى دەقەکان، دەشآ بوترآ: ئەگەرچیش ئێمە وا هەست دەکەین هەر تەنها بۆ سەردەمێک نووسراون و بە هەموو کات و سەردەمەکان تایبەت نین، بەڵام، لەگەلڕ ئەوەیشدا دەکرآ لەگەلڕ فۆرمالیستەکاندا هاوڕابین کە دەڵێن دەقە ئەدەبییەکان سەر بە کات و سەردەمێکى دیاریکراو نین و گەردوونیین و دەکەونە سەرووى مێژووەوە و لەڕاستییشدا هێز و کواڵیتیى بەرگەگرتنى زەمەنیان تێدایە، جگە لەوەیش تواناى گۆڕانیش شکدەبەن، هەڵبەتا مەبەست گۆڕانە لە ئاماژە دەلالییەکان، کە دیارە هەموو نەوەیەک هەوڵدەدات بۆ خۆى و سەردەمەکەى دیاریى و تایبەتمەندى بکات.                                      

                                                               ئابى 2019: هەولێر- تشرینى دووەمى 2019: لەندەن

*سەرچاوەکان:

1- سابیر ڕەشید- سەدرەدین عارف- نوێکارى چیرۆکى کوردى- دەزگاى چاپ و پەخشى سەردەم- سلێمانى 2018

2- حاتم الێکر - ترویچ النێ - دراسە للتحلیل النێى فى النقد المعاێر - اجراْ  ات.. و منهجیات - الهیئە المێریە العامە للکتاب - 1998.

3- جیروم کلینکوڤتز- فن الروایە ڕلامریکیە- ترجمە: سمیرە مێگفى ڕحمد- دار المعارف- القاهرە 1988

4- د.سمیر روحى الفیێل- الروایە العربیە- البناْ  والروْ  یا- مقاربات نقدیە- منشورات اتحاد الکتاب العرب- دمشق- 2003

5- میشال بوتور- بحوپ فى الروایە الجدیدە- ترجمە: فرید ڕنگونیوس- منشورات عویدات- بیروت- باریس- الگبعە الپالپە- 1986

6- حمید الربیعى- سرد بوێفە شغفا- عن الروایە وافاقها- الموسوعە الپقافیە- العدد 162- الگبعە ڕلاولى- بغداد- 2017

7- موسوعە المێگلح النقدى- الواقعیە- تڕلیف: دیمین گرانت- ترجمە: دکتور عبدالواحد لوْ  لوْ  ە- دار الرشید للنشر- بغداد- 1980

8- کولن ویلسون- چیاع فى سوهو- نقلها الى العربیە: یوسف شرور و عمر یمق- دار الاداب- الگبعە الرابعە- بیروت- 1979

9- دکتور عبدالواحد لوْ  لوْ  ە- ڕلوان المغیب- دراسات و ترجمات نقدیە- الموْ  سسە العربیە للدراسات و النشر- الگبعە ڕلاولى- بیروت- لبنان- 2009

10- فولفغانغ ایزر- التخییلى و الخیالى من منڤور ڕلانگربولوجیە ڕلادبیە- ترجمە: د. حمید لحمدانى- د. الجلالى الکدیە- الدار البیچاْ  - الگبعە الاولى- 1998

11- ڕدونیس- موسیقى الحوت ڕلازرق- الهویە، الکتابە، العنف- دار التکوین للتڕلیف و الترجمە و النشر- دمشق- 2018

12- جیانى ڤاتیمو- نهایە الحداپە- الفلسفات العدمیە و التفسیریە فى الپقافە مابعد الحداپە(1987)- ترجمە: د. فاگمە الجیوشى- دراسات فکریە 37- منشورات وزارە الپقافە- دمشق- 1998

13- حنا عبود- من تاریخ الروایە- دراسە- منشورات اتحاد الکتاب العرب- دمشق- 2002

14- على حسین- فى ێحبە الکتب- مقالات- دار ڕپر للنشر و التوزیع- المملکە العربیە السعودیە- الگبعە الاولى- 2017

15- موسوعە المێگلح النقدى- الحبکە- تڕلیف: ڕلیزابپ دپل- ترجمە: دکتور عبدالواحد لوْ  لوْ  ە- دار الرشید للنشر- بغداد- 1981

16- ویلیس بارنستون- مع بورخیس- مساْ  عادى فى بوینس ایرس- ترجمە: د.عابد اسماعیل- دار المدى- الگبعە الپانیە- 2014

17-        An Introduction To Literature، Criticism، And Theory- ANDREW  BENNETT And NICHOLAS ROYLE- Pearson- Longman- Fourth Edition- G.B 2009

18- TZVETAN TODOROV- Hope And Memory- Reflections On The                Twentieth Century- Atlantic Books- London- 2003