شێعر و پەخشان

گەڕان ٨

ناڵە حەسەن

تۆ لە هەڵمی

نێو کەفوکوڵی

سەر مەنجەڵە شیرێکی کوڵاو دەچیت

لە چاوتروکانێکدا ون دەبیت

 

گەڕان ٨

                                 

 ناڵە حەسەن

(باران، میهر، ڕەشبوونەوە، تابلۆ، وەهم، دۆزەخ، ئومێد، سروشت، ونبوون، کۆڵنەدان، مردن، بەرائەت، ئەبەدی، یادەوەری، عەشق، نائومێدی، ئەشقیا، دابڕان، ناتەبا، هاوڕێ، کەوتن...)

١

(...)

 

ژیانمان / دۆزەخ

مێژوومان / دۆزەخ

ئایندەمان / دۆزەخ

لەنێو ئەم نائومێدی و مردنە کوشندەیە

ئیدی گەلۆ /

بەهەشت چ درۆیەکی گەورەیە ...!

٢

 (...)

تۆ لە هەڵمی

نێو کەفوکوڵی

سەر مەنجەڵە شیرێکی کوڵاو دەچیت

لە چاوتروکانێکدا ون دەبیت

تۆ تەنها / لەنێو رووبەرە نادیارەکان و

ونبوون بوونت هەیە / ئەی شۆخ...!

٣

(...)

تۆ یەکێک لە پەرییەکانی خودا و

ڤینۆسە سەوداسەر و سەرمەستەکانی منیت

لەنێو پەرستگە ڕووناکەکانی

نێو خەون و شیعرەکانم دەژیت...!

٤

 (...)

تۆ لەو دڵۆپە بارانە دەچیت

کە هەمیشە

لێوی پنجە گیاکان تەڕدەکەیتەوە

سەوزایی بە سروشت و

هەناسەش بە قەڵەمەکەی من دەبەخشیت...!

٥

من لەمەودوا

یەکێک

 لە کتێبە شیعرییەکانم ناو دەنێم

 تۆی / خەونی من ...!

٦

(...)

لەنێو چاوەکانت مردنی خۆم و

لەنێو نیگاکانت جەستەی شیعرەکانم و

لەنێو دڵۆپە فرمێسکەکانیشت

گۆڕستانی خەونەکانم دەبینم

لەگەڵ ئەوەش

من پڕم لە جوانییەکانی تۆ

بەڵام هەموو ڕۆژێ

لە بناری مەمکۆڵەکانت

نائومێدییە گەورەکانی خۆم دەنووسمەوە

٧

(...)

تۆ دڵت هی خۆتە

بەڵام من نا

منیش خەونەکانم هی خۆ من

بەڵام تۆ نا

جیاوازییەکانی ئەو دونیاشمان

دۆزەخ بۆ من و

بەهەشتیش بۆ تۆ...!

٨

(...)

١/ (بۆت نووسیبووم

وا لەنێو دەریای ماڵئاوایی

بلق بلق دەخنکێم ... ! )

٢/ چیت بۆ بنووسم ئازیز

هەموومان دەمێکە

لەنێو ڕووبارە لیخنەکانی نائومێدی

خنکاوین

هەر دەڕۆین و

 پەنجەرەیەک نادۆزینەوە بۆ ڕوانین

 ڕووناکییەک نابینین بۆ ئارامبوونەوە

هاوڕێ / دەمێکە دەمێک

بە دەستاڕی دڕندەیی یەکتری دەهاڕین

کاتژمێری خەونەکانیشمان

چک چک چک

جار جار دەوەستێ و

جارجاریش

بە لینگە قووچی دەسووڕێتەوە

٩

(...)

منداڵیم لە نێو مندا

نەک هەر نیشتیمانم

هەموو گەردوونی داپۆشیوم

هەربۆیە ئێستاش

بە خەیاڵەکانی منداڵیم / خەون دەبینم

لەنێو شیعرەکانیشم

 بە زمانی منداڵیم قسە دەکەم و

بە دەستە پاستیلێکیش

لەسەر دەفتەر ڕەسمەکەم

خەتخەتۆکەی ڕەنگاوڕەنگ دەکێشم...!

 

تێبینی: خوێنەری خۆشەویست ناونیشانی ئەم وردە شیعرانە لەو وشانەی سەرەوە هەڵبژێرن، هەندێکیان زێتر لە ناوێک لەخۆدەگرن. خۆتان ئازاد و سەرپشک بن لە دانانی ناونیشانەکان...!

 

 

                                                    دیسەمبەری ٢٠٢١