باربارا

و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

به‌ بیرت بێته‌وه‌ باربارا

باران بێ پسانه‌وه‌

به‌سه‌ر(برێست)دا ده‌باری

‌ له‌ شه‌قامی (سیام) پێت گه‌یشتم

تۆ ده‌گڕژییه‌وه‌،

 منیش وه‌ك تۆ زه‌رده‌مسكه‌ ده‌بوومه‌وه‌

 

باربارا

 

جاك بریڤێر    

و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

 

به‌بیرت بێته‌وه‌ باربارا!

ئه‌و ڕۆژه‌ی باران بێ پسانه‌وه‌

به‌سه‌ر(برێست)(*) ێدا ده‌باری

تۆش خه‌نده‌لێو، دڵئاوا

 شاد و به‌ بارانێ ته‌ڕ ده‌ڕۆیشتی

 

به‌ بیرت بێته‌وه‌ باربارا

باران بێ پسانه‌وه‌

به‌سه‌ر(برێست)دا ده‌باری

‌ له‌ شه‌قامی (سیام) پێت گه‌یشتم

تۆ ده‌گڕژییه‌وه‌،

 منیش وه‌ك تۆ زه‌رده‌مسكه‌ ده‌بوومه‌وه‌

باربارا  له‌بیرت بێ

تۆم ‌ نه‌ده‌ناسی

تۆیش منت نه‌ده‌ناسی

به‌ هه‌ر حاڵ ئه‌و ڕۆژه‌ت به‌ بیر بێته‌‌وه

له‌ بیرت نه‌چێ‌

پیاوێك له‌ ژێر بانیژه‌وه‌ چاوه‌ڕوان بوو

به ‌ناو بانگی كردی: باربارا!

تۆش له‌ به‌ر بارانێدا دڵئاوا و شاد و ته‌ڕبوو

ڕاتكرد بۆی و خۆت به‌ باوه‌شی دا دا

ئه‌وه‌ت له‌بیر بێ باربارا

تووڕه‌ مه‌به‌ ئه‌گه‌ر بێ ته‌كلیف

 خۆییانه‌

بانگم كردی

من له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌ی خۆشم ده‌وێن

وا ده‌كه‌م

ئه‌گه‌ر نه‌یشیانناسم.

 

ئه‌و بارانه‌ هێمنه‌ هشیار و‌ به‌ختیاره

به‌ سیمای ‌ خه‌نده‌دارته‌وه ‌‌‌

به‌سه‌ر ئه‌و شاره‌ به‌ختیاره‌ت

 له‌بیر نه‌چێ. 

ئه‌و بارانه‌ی به‌سه‌ر ده‌ریاوه ، به‌سه‌ر به‌نده‌ره‌كه‌وه‌‌  

به‌سه‌ر  كه‌شتیی (ئۆبسان)(**).

 

ئای باربارا‌!

چ گه‌مژه‌ییه‌كه‌ شه‌ڕ

ده‌بێ ئێستا له‌ كوێ بێ

له‌ ژێر ئه‌و بارانه‌ ئاسنینه‌

ئاگری  پۆڵا و خوێن

داخۆ ئه‌وه‌ی ده‌بووایه‌ به‌ حه‌ز و شه‌یدایی

له‌ باوه‌شی دابی

مردبێ و ون بووبێ

یا هێشتا ماوه‌

 

ئای  باربارا

باران وه‌ك پێشان بێ پسانه‌وه‌

به‌سه‌ر(برێست)ێدا ده‌بارێ

لێ وێنه‌ی جاران نییه‌

 هه‌موو شتێك وێرانه‌

ئه‌وه‌ بارانی كڵۆڵی و ڕه‌شپۆشییه‌ ‌

نه‌ك زریانی پۆڵا و خوێن

ئه‌وه‌ به‌ ساده‌یی چه‌ند په‌ڵه‌ هه‌ورێكن

وێنه‌ی كسۆكان ده‌تۆپن

ئه‌و سه‌گانه‌ی له‌ ئاوی (برێست)ێدا

ون ده‌بن

 تا دوور، زۆر دوور

 له‌ (برێست)ێ

كه‌ هیچی لێ نه‌ماوه‌ته‌وه‌

بۆگه‌نی ده‌بن .

‌(*) برێست، شارێكی فه‌ڕه‌نسیه‌ به‌سه‌ر كه‌ناراوه‌كانی ئه‌تڵه‌سی

      كه‌ زۆربه‌ی له‌ شه‌ڕی دووه‌می جیهانیی دا وێران بوو.

(**) ئۆپسان ، ناوی كه‌شتییه‌كه‌ سه‌رنشینی له‌ نێوان برێست و دوورگه‌ی

        ئۆپسان ده‌گواسته‌وه‌  له‌ شه‌ڕدا تێكشكا .

له‌ ماڵپه‌ڕی گۆڤاری (نور)ـه‌وه‌ كراوه‌ به‌ كوردی .

بڕوانه‌:

http://nouron.blogspot.com/2018/08/blog-post_25.html