شرۆڤە

دەروونناسیی مناڵان (٩)

لە سویدییەوە: رەسوڵ سەفەریانی

یەکێکی تر لە نیشانەکانی حافزەی ناروون ئەوەیە ئەو مناڵانەی وا پێشتر لە تاقیکردنەوەی "خۆ کێشان بۆ شت لە تاریکیدا' بەشدارییان کردبوو، بەلایانەوە ناخۆش نەبوو کە لە بەشی دووھەمی ئەو تاقیکردنەوەدا بەشداری بکەن. ئەمە لە حاڵێکدایە نیوەی مناڵانێک کە یەکەم جاریان بوو لە تاقیکردنەوەی 'خۆکیشان بۆ شت لە تاریکیدا' بەشدار بوون، لایان ناخۆشبوو لە ژووری تاریکدا بن و داوایان دەکرد لایان بەرن. 

 

دەروونناسی مناڵان (٩)

لە سویدییەوە: رەسوڵ سەفەریانی

حافزە و سەرنج

سەرەڕای ئەوەی کە لە روواڵەتدا وادیارە مناڵی ساوا زۆر ئاگای لە دونیای دەوروبەری نییە، بەڵام خاوەن توانایێکی روون و کارای بیرگا (حافزە) و سەرنجە. مناڵانی زۆر بچوک (بچوکتر لە شەش مانگ) لەوانەیە بۆیان زەحمەت بێت کە بە ئاگاھانە بە چاو دوای شتەکان بکەون، بەڵام  تەنانەت مناڵانی تازە لەدایکبویش دەتوانن سەرنجی شتەکان بدەن و شتەکەی بەرچاویان بە شێوەی گشتی دەبینن، (دیارە بە شێوەی ورد ھەموو تیشک و رەنگەکان نابینن و لێکی ناکەنەوە). مناڵی زۆر ورد حەزیان لەوەیە سەیری ئەو شتانە بکەن وا کۆنتراستی رەنگیان زۆر تیایە  و رەش و سپین، وەکو تەرحی  سەفحەی شەترەنج.  جا بۆیە زۆربەی تەلەفونە مناڵانەکان بە رەش و سپی دیزاین کراون. لەوانەیە وابێت کە ئەو شتانەی وا جیاوازیی رەنگیان زۆر تێدا بەکار ھاتبێت، بە شێوەی  تاریک و روون، بتوانێت لە باری پێشکەوتن و گەشەدا یارمەتی سیستەمی بینایی مێشک بدات بۆ گەشەی بینین.  توانای تێگەیشتن لە کۆنتراستەکان (تاریک و روون) و ھەروەھا جوڵە و حەرەکەت، بەشێکی ئێجگار گرینگ لە ئەندامی بیناییە بۆ ئەوەی بتوانێت کارا بێت و کارەکەی بە باشی بکات.

واقعییەتێک ھەیە لەسەر ئەوەی کە بڕێ لە مناڵانی ورد، جار و بار سەرنجیان دەچەقێتە سەر شتێک و ناتوانن چاوی لێهەڵگرن، زۆر جار ئەم مناڵانە دەکەونە گریان لەو حاڵەتەی وا تێیدەکەون. لە وەھا حاڵەتێکدا باشترین حەل ئەوەیە مناڵەکە ھەڵبگریت و بیگوێزیتەوە بۆ شوێنێکی ، بۆ ئەوەی چاوی لە شتکە نەبێت، نەیبینێت و ئیتر سەیری نەکات.

یەکێک لەو نمونە باشانەی کە بە جوانی توانای بیر و سەرنجی مناڵانی ورد پیشان دەدات، تاقیکردنەوەیێکە کە بە "تاقیکردنەوەی بە موبایل" ناسراوە. ھەروەک دەزانن مناڵی لەسەر پشت راکشاو زۆربەی کاتەکەی خەریکی لاقەفرتێ و قاچ حەوادانە. لەم تاقیکردنەوەدا مناڵەکە دەخەنە نێو تەختێکی مناڵان کە نەردەی ھەیە. تاقیکارەکە سەرەتا نەوارێکی باندی دەبەستێ بە قولاپەی مناڵەکانەوە و سەرەکەی تری دەبەستێ بە نەردەی تەختەکەوە. لەم بەشەدا تەنیا دەیانەوێت ئاستی لاقەفرتێ و قاچ حەوادانی مناڵەکان لە حاڵی عادی دا سەبت کەن و دەیکەنە بناخە بۆ ئەندازەگرتن. پاشان سەری نەوارەکە لە تەختەکە دەکەنەوە و گرێی دەدەن بە موبایلێکی سەرنجراکێشەوە کە لە سەرەوەی تەختەکە ھەڵواسراوە. موبایلەکە لەگەڵ قاچ حەوادانی مناڵەکە دەجوڵاوە و ملودیێکی بڵاودەکردەوە. مناڵەکان خێرا فێربوون و زانیان بۆ ئەوەی موبایلەکە زۆرتر مێلودی بلاوبکاتەوە دەبێت خێراتر لاقیان فڕێ بدەن. چەند رۆژ دواتر مناڵەکان دەخەنەوە سەر ھەمان تەخت  بە ھەمان موبایلەوە. سەرەڕای ئەوەی ئەمجارە موبایلەکە وەسڵ نەبوو بە لاقیانەوە، بەڵام مناڵەکان کە سێ مانگ تەمەنیان بوو لاقەفرتێکانیان خێراتر لە حاڵەتی عادی لێدەدا. ئەمە ئاماژەی بەوەیە کە مناڵەکان رابتەی نێوان ھۆ و ئەسەریان لە بیر بوو و دەیان زانی لاقلێدانی خێرا موبایلەکە دەخاتە کار.

مناڵەکان دوای دوو حەوتو تێپەڕبوون بەسەر ئەزمونەکەدا، بە خێراکردنی لاقەفرتێکانیان سەلماندیان کە ئەوەی پێشتر دیبویان و ئەنجامیان دابوو لەبیریانە. ئەوان بە بینینی موبایلەکە و بیستنی دەنگەکەی پێش ئەوەی بەنەکە بە قولاپەیانەوە ببەسترێت دەستیانکرد بە خێرا لاقلێدان، ئەمە پیشانیدا کە ئەوان لە پەیوەندی نێوان شتەکان تێدەگەن و رووداوەکانیان تا یەک مانگیش لەبیر دەمێنێت. لەم تاقیکردنەوەدا کە تەنیا یەک جار لەگەڵ مناڵەکان ئەنجامیان داوە و فیرکاریێکی تەنیا یەکجاری بووە، مناڵەکان بە بینینی موبایلەکە بیریان دەکەویێتەوە  و بە لاقەفرتێی زۆر ھەوڵ ئەدەن موبایلەکە بخەنە کار. بە دڵنیاییەوە مناڵ لە ژیانی رۆژانەی خۆیانا زۆر شت تەجروبە دەکەن و لەم رێگاوە سەر لە پێوەندی نێوان ھۆکارەکان و ئەنجامەکان دەردێنن.  ئەمە یانی توانای لەبیرمانی مناڵ زۆر بەھێزتر لەوەیە کە لەو تاقیکردنەوەدا نیشان دەدرێت.

یەکێک لەو ئەزمونانە کە بۆ پیشاندانی هەرمان بوونی حافزەی مناڵ ئەنجامدراوە، تاقیکردنەوەێیکی  بەقووەتە کە گروپێک لێگەڕی ئەمریکایی لەسەر ھەرمانی (ماندگاری) حافزەی مناڵان لە تەمەنی زۆربچوکییەوە ئەنجامیانداوە و قەناعەت پێھێنەرە بۆ ھەمیشەیی بوونی حافزەی مناڵان. لەم لێکۆلینەوەدا مەجموعەیێک مناڵی دوو ساڵ و نیوی تێدا بەشداریان بوو کە بڕێکیان پێشتر، کاتێک کە شەش مانگ تەمەنیان بوو لە تاقیکردنەوێکی تردا بە ناوی "دۆزینەوەی شوێنی دەنگ" بەشدارییان کردبوو. لە تاقیکردنەوەی "دۆزینەوەی شوێنی دەنگ" دا مناڵەکان لە ژوورێکی تاریک دا دایاندەنیشێنن و کەرەسەی یاری کە لە شکڵی باڵندەیێکی گەورەدایە لە بەردەمیاندا دایانناوە کە دەنگێکی تەقەتەق لە خۆی دەردێنێت. مناڵەکان خۆیان دەکێشن بۆ باڵندەکە وا دەنگی دێت. ئەم مناڵانە بە روونی دەریان دەخست کە بە شێوەی ناڕوون شتەکەیان لە بیرە. کاتێک پاش سال و نیوێک ئەم مناڵانە دیسان ئەو ژنە لێکۆڵەرە دەبینن. مناڵەکان دەبەنەوە ھەمان ژوور و لەوی چەند کەرەسەی یارییان لەبەردەم دادەنێن کە خۆیانی بۆ بکێشن. یەکێک لەوانە باڵندە گەورەکە بوو کە دەنگی لەخۆی دەردەھێنا. تاقیکردنەوەکە بە روونی پیشانیدا کە ئەو مناڵانەی لە ئەزمونی یەکەمدا بەشدارییان کردبوو لە چاو مناڵەکانی تر، زۆر  وردتر و دەقیقتر سەرچاوەی دەنگەکەیان دەدۆزییەوە و خۆیان دەکێشا بۆی. ئەمە لە لای ئەو مناڵانە تەنانەت باشتر و روونتریش دەبوو کاتێک دەنگی باڵندە زلەکەیان وەک بیرخەرەوە نیو سەعات پێش تاقیکردنەوەکە  بۆ ماوەی سێ خولەک بۆیان دەخەنەسەر و گوێیان لێدەبێت. لەم حاڵەتەدا لە ژوورە تاریکەکەدا خێراتر دەنگەکەیان ناسیەوە و خۆیان بۆ دەکێشا.

ئەمە بەڵگەیێکی باشە بۆ سەلماندنی ئەوەی کە حافزەی درێژخایەنی مرۆڤ ھەر لە یەکەم شەش مانگی تەمەنەوە دەست پێدەکات و، دروست دەبێت. مناڵیش وەک گەورەساڵ بە بیرخەرەوە و سەرەداو و ھەر زانیاریێک دەربارەی بیرەوەری بێت، بیرھاتنەوەکەی لا باشتر و بەھێزتر دەکات. یەکێکی تر لە نیشانەکانی حافزەی ناروون ئەوەیە ئەو مناڵانەی وا پێشتر لە تاقیکردنەوەی "خۆ کێشان بۆ شت لە تاریکیدا' بەشدارییان کردبوو، بەلایانەوە ناخۆش نەبوو کە لە بەشی دووھەمی ئەو تاقیکردنەوەدا بەشداری بکەن. ئەمە لە حاڵێکدایە نیوەی مناڵانێک کە یەکەم جاریان بوو لە تاقیکردنەوەی 'خۆکیشان بۆ شت لە تاریکیدا' بەشدار بوون، لایان ناخۆشبوو لە ژووری تاریکدا بن و داوایان دەکرد لایان بەرن. 

زانستی حسە جۆراوجۆرەکان و هەر لە زووەوە لە رەقەم تێگەیشتنن

مناڵانی ساواش تێگەیشتنیان لە حاڵەتە جۆراوجۆرەکانی شتەکان هەیە. ئێمەی گەورەساڵ بە عام کاتێک شتێک دەبینین دەتوانین هەر بەو چاوپێکەوتنە بڵێین کە ئەو شتە چۆن هەست پێدەکریێت. تووشی سەرسوڕمان دەبین کاتێک شتێک ببینین کە لە بەرد ئەچێت، بەڵام کە دەستمان لێدا بزانین ئیسفەنجە نەک بەرد. تەنانەت مناڵی یەک مانگەیش دەتوانێت پەیوەندی دابنێت لە نێوان حاڵەتە جۆراوجۆرەکانی هەستەکاندا. ئەم شتە لە رێگەی تاقیکارییەوە سەلمێندراوە. لەم تاقیکردنەوەدا بەڕێوەبەری تاقیکردنەوەکە مەجموعەیێک مەمکەمژەی هێنا کە بڕێکیان گرێگرێ و زبر بوون و ئەوانی تری ساف و بێگرێ بوون. بەڕێوەبەرەکە نەیهێشت مناڵەکان چاویان بە مەمکەکە بکەوێت وا دەیخستە دەمیان. پاشان وێنەی مەمکەکانی هێنا پیشانیانی دا. ئەو مناڵانەی وا مەمکی زبر و گرێداریان مژیبوو سەیری وێنەی ئەوەیان دەکرد و ئەو مناڵانەش وا مەمکە سافەکەیان بەرکەوتبوو سەیری سافەکەیان دەکرد. ئەمە نیشانیدا مناڵەکان کە هەر بە حسی لامسە مەمکەکەیان هەست پێکردبوو توانیان پەیوەندی لە نێوان هەستی بینایی چاو و لامسەدا دروست بکەن و بە چاو تەشخیسی بدەن کە ئەوەی لە زاریاندا هەستیان پێکرد، چ شکلێکی دەتوانێت ببێت.

دەرک و تێگەیشتنی فرە حسییانەی مناڵانی ساواە بە شیوەگەلی جوراوجۆر پیشاندراوە. یەکێک لەو تاقیکارییانە ئەوەیە کە مەجموعەیێک مناڵ دادەنێن لە بەردەم دوو فیلم کە لە یەکێکیاندا سەروچاوی دوو ژن دەبینرێت و لەوی تریاندا سێ ژن. ژنەکان بە لێو وشەی "سەیرکە" تەلەفوز دەکەن کە پاشان دەنگێک لە بلندگۆکەوە دەڵێت "سەیرکە". هەرکاتێ دوو دەنگیان دەبیست سەیری فیلمە دوو ژنییەکەیان دەکرد، ئەگەر سێ دەنگیان دەبیست سەیری سێ کەسییەکەیان دەکرد. ئەمە جیا لە پیشاندانی تێگەیشتنی فرە حسییانەی مناڵی ساوا ئەوەشمان پێدەڵێت کە مناڵ هەر لە ساواییەوە هەستێ ژمارەیان هەیە. لێرە مناڵەکان دەزانن کە سێ دەنگ زۆرترە لە دوو دەنگ و سەیری فیلمە سێ کەسیەکە دەکەن.

توانای تێگەیشتن لە تێعداد و ژمارە سیستەمێکی تری هزرییە لەسەر ئەو بڕوان کە بەشێکی زگماگییە. مناڵی ساوا کە تەنیا پێنج مانگ تەمەنیەتی لەوە دەچێت بۆ نمونە بتوانێت لە ئاستێکی نزمدا کۆکردنەوە (جمع) و کەمکردنەوە (تفریق) بکات. لە تاقیکردنەوەییکی ژمارەییدا مناڵەکانیان هێنا لە باوشی دایکانەوە سەیری نمایشێک بکەن. لەم نمایشەدا سێنێکی بەتاڵ نیشان دەدرێت، پاشان لە لایێکی سەحنەکەوە دەستێک دەردەکەوێت کە بووکەڵەیێکی مشکی پێیە و لە ناوەڕاستی سێنەکەدا دایدەنێت. لە پڕدا پەردەیێک بەردەمی مشکەکە دەگرێت و مناڵەکە نایبینێت. دواتر مناڵەکە دەستەکە دەبینێت کە بووکەڵەیێکی تری پێیە دەچێت بۆ پشت پەردەکە. دواتر کە پەردەکە لادەچێت، کاتێ مناڵەکان تەنیا بووکەڵەیێک دەبینن زۆرتر سەیری دەکەن تا ئەو کاتەی کە دوو دانە دەبینن. بەم شێوە مناڵەکان نیشانی دەدەن کە لایان سەیرە بۆچی بووکەکان نەبوون بە دوو دانە، واتە 1+1=2. عەکسی ئەم حاڵەتەش یان بۆ کەمکردنەوە، تاقیکردنەوە کراوە کە لەمەدا دوو بووکەڵە پیشان دەدرێت و پاشان لە پشت پەردەکەوە بە شێوەیك کە مناڵەکان بیبینن دەستەکە بووکێک دەردێنێت. دواتر مناڵەکان بەتەمای یەک بووک بوون کاتێ دووانیان دەبینی زۆرتر سەیریان دەکرد و لایان سەیر بوو. ئەم جۆرە نمونانە لەسەر "هەستی تێعداد" پیشانیدەدات کە سیستەمێکی مێشکی بە شێوەی زگماگی لە مرۆفدا هەیە بۆ عەدەدی بچوک. مناڵانی ساوا توانای باشیان لە تاقیکردنەوەکان لەسەر رەقەمەکانی ١و ٢ و ٣ پیشان داوە. دوای ئەوە دەچنە خانەی ژمارەی زۆر کە بە فرە دەناسرێن.  بۆ ئەمە لە سیستەمی تەقریبی کە لەسەر حەدس لێدان و رێژەیی دادەنرێت. ئەمە لە کاپیتاڵی پێنج دا باس دەکەین.

درێژەی هەیە...