شرۆڤە

ماجەرای دختۆر کاکۆی سەگەوان

دڵشاد کاوانی

ئەوەی کە دەبیبینن لە ژێر ناوی ماجەرای دختۆر کاکۆی سەگەوان، کە لە زۆربەی بابەتەکاندا ڕا و سەرنجەکانی نووسەر ئایرۆنین، هەرچەندە جەخار لە کوردی واتایەکی دیاریکراومان بۆ چەمکی ئایرۆنی نییە، لە کوردیدا وەک گەپ و گاڵتە و تەوس، بەتایبەتی بە شانۆی گاڵتەئامێزەوە گرێ دراوە.

 

 

ماجەرای دختۆر کاکۆی سەگەوان

قەندێک لە شەکرە داری فەرهادی

 

دڵشاد کاوانی ڕۆمانووس و ڕەخنەگر

 

کتێبی ماجەرای دختۆر کاکۆی سەگەوان کتێبێکی (١٧٤) لاپەڕییە، بە بەرگ و دیزاینێکی جوان و ناوازە لە ساڵی (٢٠٢٠) لە تاران چاپ بووە و لە کوردستان وەشێندراوە. لە نووسینی نووسەر و ئەدیبی دیاری کورد عەبدولڕەحمان فەرهادییە، کە لە (٣٣) بابەت و فەرهەنگیلەیەکی (١٣٧) وشەیی، لێکدانەوەی واتایی بۆ کراوە و غەریب پشدەری پێشەکیی بۆ نووسیوە.

 

سەرەتا:

 

ماجەرای دختۆر کاکۆی سەگەوان، کتێبێکی جوانکیلەی نایابی پڕ چێژ و بە زمانێکی پاراو و بێگەرد و خەوش، وەک ئەزموونیکی نوێ بۆ هەڵڕشتنی نیاز و ڕازی نووسین، خستنەڕووی گرفت و ئاریشە و چەمەسەرییەکانی ژیانی تاکی کورد و پەنجە خستنە سەر کەماسیی و دیاریکردنی کرێتی و ناجوورییەکانی ژیان، کە هەڵقووڵاوی ئاوی سازگاری ئەدەبی عەبدوڵڕەحمان فەرهادییە، بە شێوەیەکی تەنز و چیڕۆکیلە و یادەوەریی بە زمانێکی تایبەتی نووسەر نووسراوەتەوە.

 

فۆڕم لە ماجەرای دختۆر کاکۆی سەگەوان:

 

 تەنز لە ڕووی فۆڕمەوە تەنیا گاڵتە و گەپ و تڕیقانەوە نییە بە ڕووی دەق دا، ته‌نانه‌ت هەندێکجار دەشێت ڕەوشتی بێ مێشکانه‌ش له‌خۆ بگرێت، بۆیە چەمکی تەنز دیاریکراو نییه‌، ‌سروشتی وه‌ک ئامێری میوزیک وایه‌ که‌ ‌ده‌توانرێت بە چه‌ند ڕیتمی جیاواز بژەندرێت. سه‌ره‌ڕای بوونی ئه‌م فۆڕمه‌ ته‌قلیدییانه‌ی کە هەن، دەکرێت فۆڕمەلەی‌ جیاواز لە ناوخۆی مانیفێست بکات. 

شاراوە نییە، ئەدەبی تەنز ئامێز لە فۆڕمی جیا جیا وەک شیعر و پەخشان و چیڕۆک و ڕۆمان و بابەتی ڕەخنەیی و تاد... خۆی نمایش دەکات، ئەگەرچی کتێبی ماجەرای دختۆر کاکۆی سەگەوان، بە گشتی بە فۆڕمێکی تەنزی ئەدەبیی نووسراوەتەوە، لە هەموو بەشەکانی ناو کتێبەکەدا زمانێکی تەنز و تیتاڵی توانج و تێوەژەنانی ڕشقانجاڕی لای نووسەر دەبیندرێت، تا ئەندازەیەک نووسەر هەوڵی تەواوی داوە، کە بەم فۆرمە تیتواژییە زاڵبێت بە سەر فۆڕمی گشتی و تێیدا سەرکەتووبووە، لێ نووسەر بە هۆی دیارینەکردنی یەک فۆرمی و خۆیەکلانەکردنەوەی لە یەک بابەتیی کتێبەکەدا، هەرچەندە فەرهادی لێزانانە بارەتەقای دەق هاتووە، لێ هێزی فرە فۆڕمی دەقی تەنزی لە ناو خۆیدا دەغەر کردووە.

 

ناوەڕۆک لە ماجەرای دختۆر کاکۆی سەگەوان:

 

هەموو دەقێکی ئەدەبی بێ ناوەڕۆکێکی بەهێز و زیندوو، جەستەیێکی مردوو و بێ ڕۆحە، بۆیە ناوەڕۆک چەقی سەرەدەرکردنی خوێنەرە و قووڵبوونەوەیەتی لە دەق، دیاریکردنی دەلالەتەکانی تێگەیشتن و مەعریفەی نووسەرە، کە لە دەلاقەی دەقەوە خوێنەر لە ناوەڕۆک دەڕوانێت. لە ئەدەبیاتی جیهانی و ئەدەبیاتی کوردیشدا، زۆرێک دەق دەبینرێن، کە لە ناوەڕۆکیکی تەنزیی و گاڵتەجاڕییەوە خۆیان دەردەخەن، هەرچی تەنز و تیتاڵی کوردییە، لە ناوەڕۆک وەک تەنزی جیهانی لە دەقدا قاڵ نەبۆتەوە.

‏لای نووسەرانی كورد ئەم چەشنە دەقە لە ئەدەبی كوردیدا، گرنگییەكی وای پێ نەدراوە، کەچی لە ئەدەبیاتی جیهانیدا بە تەواوەتی ڕەنگی داوەتەوە، لەوانە (بۆكۆڤسكی) لە چیڕۆك و ڕۆمانە تەنزئامێزەكانیدا، لە (ڕۆمانی بازاڕی) و کۆمەڵە چیڕۆکی (سۆزانی ١٣٥ کیلۆیی ) بە ڕوونی ڕەخنە لە دەسەڵات و بواری ئابووری و ڕامیاریی ئەمەریكا دەگرێت. ئەوڕووپا خاوەنی (مۆڕاڤیا)ی ئیتاڵی و لە ئەدەبیاتی ڕوسیایی سپیش (دۆستۆڤسكی و ئەنتۆن چیخۆف)، ڕۆژهەڵاتیش خاوەنی (عەزیز نەسین)ی تورکن. ئەم کەڵە نووسەرانە، لە بەرهەمە تەنزئامێزەكانیاندا، توانیویانە كۆمەڵگەی خۆیان بخەنە ژێر پرسیار.

هەڕچەندە لە ئەدەبیاتی کوردیدا ناوەڕۆکی دەقی تەنزئامێز کەمتر بەڕچاو دەکەوێت، لێ ئەدەبی کوردییش لە ڕێگەی هەجووی شیعریی شێخ رەزای تاڵەبانی و دەقی تەنزێئامێزی پەندەکانی پیرەمێرد و ڕشتەی مرواریی عەلائەددین سەجادی، لە دەلاقەی گۆشە ئەدبییەکانی سەر ڕۆژنامە و گۆڤارەکان، کوردیش لە ئەدەبی تەنز، بە تەواوی بێبەش نەبووە.

لێ ناوەڕۆک لە دەقی ماجەرای دختۆر کاکۆی سەگەوان، لە هیچیان ناچێت و بێ بەشیش نییە لە هیچیان. ناوەڕۆک لای فەرهادی لە دەقدا زۆر دەوڵەمەندە و ڕێچەکەیەکی سەربەخۆی هەیە و زۆر بە دیقەت و بە وردی تەنزی ڕیالیستی و پۆستمۆدێرنیی تیکەڵ بەهەم کردووە. توانیوییەتی لە ناوەڕۆکدا پەنجە بخاتە سەر برینەکانی کۆمەڵگە و کولتوور و ئایین و ڕامیاری، گەلێ بە جوانی ڕاڤەی کردووە و توانج و تیزی تێوەژەندووە و لێهاتووانە سەری مارەکانی بە کوتکی پەلار پانکردۆتەوە. دەتوانم بڵێم ناوەڕۆک لە دەقی تەنزییدا، لە ماجەرای دختۆر کاکۆی سەگەوان قەندێکە لە شەکرە داری فەرهادی، کە خۆی وێنا کردووە.

 

ئارۆنییەت لە ماجەرای دختۆر کاکۆی سەگەوان:

 

ئەوەی کە دەبیبینن لە ژێر ناوی ماجەرای دختۆر کاکۆی سەگەوان، کە لە زۆربەی بابەتەکاندا ڕا و سەرنجەکانی نووسەر ئایرۆنین، هەرچەندە جەخار لە کوردی واتایەکی دیاریکراومان بۆ چەمکی ئایرۆنی نییە، لە کوردیدا وەک گەپ و گاڵتە و تەوس، بەتایبەتی بە شانۆی گاڵتەئامێزەوە گرێ دراوە. لێ ئایرۆنییەت واتە دەستکەوتنی حەقیقەت لە ڕێگەی جیاواز، یان کە نووسەر لەسەر ڕووداوێک و تەوەرێک دەنووسێت، بە تەواوەتی مەبەستی شتێکی ترە، یاخۆ ڕێک پێچەوانەکەی تەواوە، دوو نموونەی زەقی ئایرۆنی لە مێژوو دەبینرێت (جیۆردانۆ برۆنۆ) کەسێکی ئاییندار و بڕوادار بوو، کەچی وەک ئەستێرەناسێک خۆی دەناساند، کڵێسایش وەک بێ باوەڕێک سزای کوشتنینان دا. (مایکڵ ئەنجیلۆ) بە پێچەوانەی ئەو، کەسێکی بێ باوەڕ بوو، کەچی بۆ ڕازیکردنی کلێسا خۆی وەک کەسێکی باوەڕدار نیشان دەدا، بەم جۆرەش پیاوانی ئایینی کلێسای تەفرەدا و لەخشتەی بردن، کە لە بەرهەمەکانی بە ڕوونی باوەڕنەبوونی دەردەخات.

ماجەرای دختۆر کاکۆی سەگەوان لە پاڵ ئەوەشدا خستنەڕووی ئەزموون و کۆمەڵێک وتار و دید و بۆچوونی تایبەتیی فکری و مەعریفیی نووسەرە، لەسەر کۆی کایە جیاوازەکانی کۆمەڵگە کە بە زمانێکی ئەدەبیی چیڕۆکئامێزی قشت و تەوس نووسراوەتەوە.

 

پەیام لە ماجەرای دختۆر کاکۆی سەگەوان:

 

لەپشت هەموو دەقێکی ئەدەبی، بە گشتی و تەنز بەتایبەتی پەیامێکی شاراوە هەیە، دەبێت خوێنەری زیرەک بیدۆزێتەوە، لە ماجەرای دختۆر کاکۆی سەگەوان عەبدولڕەحمان فەرهادی لە هەموو بابەتێکی ناو کتێبەکەیدا پاشخانێکی مەعریفیی بەهێز هەیە، لە خۆرا فەرهادی خاڵی نەخستۆتە سەر پیتەکان، بەڵکوو زۆرترین پەیامی شاراوە و ئاشکرای لە خستنەڕووی بابەتەکاندا هەیە، دروستە عەزیز نەسین ئازا دەمانخاتە پێکەنین، لێ لە پشتی دەقەکان نووسەر پێمانئێژێ، ژیان تەنیا تریقانەوە نییە بە ڕووی مرۆڤ، ئازار، چەرمەسەری، نەزانی، دواکەوتوویی، نادادی کۆمەڵایەتی، نایەکسانی ڕامیاری، خراپەکاریی، ئیرەیی و لاسایی، دەروون نەخۆش و ڕووخاوی، دەستی ناوەتە بینایی تاکەکانی کۆمەڵگە و ئازارێکی قورسە نیشتیمان پێیەوە دەناڵێنێت.

 

گیڕانەوە لە ماجەرای دختۆر کاکۆی سەگەوان:

 

تەکنیک و گێڕانەوە لە کتێبی ماجەرای دختۆر کاکۆی سەگەوان، بە تەکنیک و شێوە و گەڕانەوە بۆ ڕابردوو، نیشاندانی داهاتووی ڕووداوەکان و کات و شوێن و کارەکتەرانی نێو ڕووداوەکان، هەبوونی پاڵەوان لە هەر گێڕانەوەی ڕووداوێکدا، شێوازی داڕشتن و گەمەکردن بە گێڕانەوەکان و دەستنیشانکردنی پەیام و بوونی گرێچن و سەرەتا و کۆتایی نێو بابەتەکان، بە تەواوەتی بنەماکان و بونیادی ڕەگەزی کورتە چیڕۆک و هەندێک جار چیڕۆکیلەی لێ دێتە دی. ڕاستە نووسەر لە ناونانی ژانرەکەی لە نێوان چیڕۆک و سەربردان و یادەوەری، خۆی یەکلایی نەکردۆتەوە، لێ بە ڕوانینی من، لە هەموو بارێکەوە ماجەرای دختۆر کاکۆی سەگەوان لە کۆمەڵە چیڕۆک نزیکترە، نەوەک یادەوەریی.

 

زمان لە ماجەرای دختۆر کاکۆی سەگەوان:

 

ئەوەی کە بەلای من جوانترین بەشی نێو کتێبەکەیە و زۆرترین سەرنجی منی بۆ خۆی قاو داوە، بەرزی و لێهاتوویی و زمانزانیی نووسەرە، کە کتێبەکەی بە زمانێکی زۆر تایبەتی نووسیوەتەوە، دەتوانین بڵیین: عەبدولڕەحمان فەرهادی لە ماجەرای دختۆر کاکۆی سەگەوان، زمانی لە هیچ کەس ناچێت، بەڵکوو زمان لای فەرهادی لە بەرزترین ئاستی زمانزانی دایە و زۆرترین وشە و ئیدیۆم و زاراوە و شێوەزمان، سەرزمان و بنزمانی بەکاربردووە. زمان لە ماجەرای دختۆر کاکۆی سەگەوان، نە زمانی ستانداردی گشتییە و نە زمانێکی خۆجێییە، بەڵکوو زمانێکی تێکەڵە و تایبەتە بە خۆی، لە هەر جێگاییەک ئەم زمانە لە نووسین دەناسرێتەوە.

هەرچەند فەرهەنگۆکێکی بچووک لە دوا لاپەڕەکانی کتێبەکە دا هەیە، لێ ژمارەی ئەو وشانەی ئاخێندراونەتە نێو فەرهەنگەکە، لە چاو دەوڵەمەندیی و زەنگینی وشەسازیی ناو بابەتەکان، جەخار ئێجگار کەمە، پێویست بوو نووسەر سەرجەم وشە نائاشناکانی ڕاڤە بکردایە و زۆرتر گرنگیی بە فەرهەنگۆکەکە دابوایە، نەوەک وا بەسانایی لە کۆڵ خۆی بکردایەتەوە، چون چەندین وشەی خۆجێیی هەولێریان و گۆتە لەبیرکراوەکانی کۆنی هێناوەتەوە سەر زمان و زیندووی کردوونەتەوە. ھەروەھا لە هەندێ شوێن فەرهادی خاوەنی وشەسازیی خۆیەتی.

ئەوەی کە زۆر نیگەرانی کردم لەگەڵ ئەم هەموو توانایە لە بن نەهاتووەی نووسەر، بە هیچ کلۆجێک خۆی لە وشە و زاراوە بیانی و عەرەبییەکان نەپاراستووە، بە تایبەتی لە ناونیشانی کتێبەکەی یەکەم وشەی بە ماجەرا کە بە شێوەزاری هەورامی واتە ڕووداو، هەرچەند نووسەر لە فەرهەنگۆکەکەی دا، بردوییەتە سەر ما جری ی عەرەبی، لێ دەکرا بیکات بە سەربردەی دختۆر کاکۆی سەگەوان، کە زۆر کوردی و جوانتر دەبوو. جگە لە وشەکانی ئیسراحەت، ماسیحە، عەمۆ، عادی، عەیب، سەعات، یەعنی، وەزع، زروف، سەفەر، عیلاج، عەسکەر، مەعادن، کەعبولعالی، عەمەل، مەحەلئومییە، مەرحەلە، فەقیروفوقەرا، ئەشراف، تەکلیف، فایدە، تەجنید. مەکتەبلی، ڕاستە دەمێکە لە ناو کورد بەکاردێت، وەلێ مەکتەبلی ڕەگەزی وشەکە، پێکهاتەی هەردوو بەشی یەکەم: مەکتەب عەرەبییە و پاشگری لی تورکییە، بەداخەوە کە نووسەر توانایەکی باشی لەوە هەیە، کە زاراوە و واتای هاوتا کوردییەکانی دەزانێت، لێ بێ هەواڵ لەوەی کە نووسەرانی گەنج و نەوەی دوای خۆی بەکاری دەبەن و زمانی کوردی هەر بە شێواوی بە بێنازی دەمێنێتەوە. هەرچی نووسەر نایشارێتەوە کە باوەڕی بە پەتی بوونی کوردی نییە و هەبوونی وشەی بێگانان لە زمانی کوردی بە ئاسایی دەبینێت، بۆیە لە بەشی تۆفیق پەتپەتۆک، لە لاپەڕە (١٠٧) دا، سەرزەنشتی تۆفیق دەکات کە لەتامی بردۆتە دەر، هەر کەسێک وشەیەکی بێگانانی بەکار هێنابا، تۆفیق ڕقی هەڵدەستا و جنێوی تێ دەسرەواند، بۆیە دەنووسێت: ئێ خۆ لە خەبات و تێکۆشان کەمی نەدەکرد. شیمانە ئەمە بۆ خەباتی سیاسی ڕاست بێت و هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت، لێ بۆ زمان ڕێک پێچەوانەیە، هەر وشەیەکی بێگانە، جێگا بە وشەیەکی کوردی لەق دەکات و وشە کوردییەکە ون دەکات.

لە هەندێک شوێن، فەرهادی دەکەوێتە هەڵەی ڕستەسازییەوە، وەک لە بابەتی چۆن بووم بە حەمید ڤانکۆخ، لە لاپەڕە (٧٦)دا دەنووسێت: خەڵک ئەو ساڵانە بە لێشاو لە کوردستان هەڵدەهاتن و سەرەڕۆیانە بەرەو ئەوڕوپا ڕێی هات و نەهاتیان هەڵدەبژارد و تێیان دەتەقاند. لێرەدا نووسەر وشەی سەرەڕۆ بۆ کۆچی کوردان بەکاردەهێنێت، سەرەڕۆ بۆ کەسانی بەڕەڵا و بێکەڵک و لادەر بەکاردێنێت، مەرج نییە هەموو کۆچبەرێک سەرەڕۆ و بەڕەڵابێت، بەتایبەتی ئەو کاتانەی لە کوردستان هەژاری و برسییەتی و کوشتن و بڕین هەبوو، زۆربەی ئەوانەی کۆچییان دەکرد لە ناچارییان بوو، نەوەک لە سەرەڕۆییان بێت.

لە بەشی پرێمزچی، لە لاپەرە (١٠٢)، دبیژێت: تاهیرە فەندیم ئێستا کە بە ئینگلیزی دەدوێ دەڵێی حەیرانان دەخوێنێتەوە. بێ ئاگا لەوەی کە حەیران دەگوترێت، نەک دەخوێندرێتەوە، ڕەنگە ئەمەی لەسەر زاران وەرگرتبێت، هەروەک زۆرێک ئێژن: مەولوودێکم بۆ وەخوێنە. ئەمە ڕێی تێ دەچێت، ڕاستە مەولوودنامە ئەزبەر دەکرا، لێ مەولوودنامە نووسراوەتەوە و خوێندەوارەکانیش دەیانگوتەوە، کەچی حەرانبێژان زۆرینەیان نەخوێندەوار بوون و حەیرانیش گۆتراو بووە، نەوەک نووسراو، بۆیە بە هیچ پێیەک خوێندنەوە بۆ حەیران ناگونجێت.

 

ئەنجام:

 

کتێبی ماجەرای دختۆر کاکۆی سەگەوان، ژانرێکی ئەدەبیی بێ ناونیشان وەک بابەت، هەنووکەییە و ناوەڕۆکێکی فرەچەشن و فرەڕەهەند و مەعریفەیەکی بەهێزی نووسەر دەردەخات، هەروەها لە دەقدا قووڵبوونەوەیە لە گرفت و ئارێشەکانی کۆمەڵگە. زمان تێیدا زۆر کارایە و جگە لەوەی کە خۆی وەک چیڕۆک و تەنزە چیڕۆک دەناسێنێت، لێ ئیسکلۆپیدیایێکی زمانەوانیی ناوچەیی و هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی مێژووی ژیانی کوردەواریی چەند دەیەیەکی قۆناغەکانی ڕابردووە، وەک بیرهێناوەیەک بۆ خوێنەر خۆی دەنوێنێت. دەتوانم بڵێم کتێبی ماجەرای دختۆر کاکۆی سەگەوان یەکێکە لە باشترین کتێبەکان، خوێنەر بۆ خۆی پەلکێش دەکات و شایانی خوێندەوەیە و خۆی دەرگای خوێندنەوە بەسەر خۆیدا دەکاتەوە.