شێعر و پەخشان

ئەو شتانەى لەبیر دەچێ و ناچێ

سەلاح شوان

هەندێ جاریش

لەپەرێزێکدا لە چۆڵێ

هێلکە قەتێی زۆرم دیوە

ویستوومە خێراکەم بچم

کڵاوەکەم بهێنم

پڕی هێلکە قەتێ بکەم

 

ئەو شتانەى لەبیر دەچێ و ناچێ

                                                    سەڵاح شوان                                              

                                                  

زۆرجار بووە 

دڵم لەلای کچێ داناوە بۆ ساتێ

بەڵام پاشان

بیرم چووە لێی وەربگرمەوە

ئێستایش

لەلای ماوە

***

جاریش بووە

خۆم و دڵم

میوانى شەوی ژنێک بووین

کە سبەینێ چاوم هەڵهێناوە

دیومە

هەرچیم هەیە

دڵم شەوێ لەگەل خۆیدا بردوویەتی

بەڕووتی لەوێ جێی هێشتووم

چەند جارێکیش

لە باخچەیەکی لاچەپدا

لە چاوەڕوانیى ژوانى ئافرەتێکا

خۆم لەبیر چووە ئێستاکەیش

لەوێدا هەر چاوەڕوانم

***

هەندێ جاریش

لەپەرێزێکدا لە چۆڵێ

هێلکە قەتێی زۆرم دیوە

ویستوومە خێراکەم بچم

کڵاوەکەم بهێنم

پڕی هێلکە قەتێ بکەم

لەخۆشییدا پێم هەڵنگوتووە و کەوتووم

لەترسان ڕاپەڕیوم

فریای پاروویەکی هێلکەی

بەیانییانیش نەکەوتووم

بگرە لەوانەى یەکەمیش دواکەوتووم

***

جارێکیش لە دوکانەکەی نزیک ماڵمان

شتێکی زۆر جوانم بینی

دام نابوو باوکم ئێوارە لە کرێکاری بێتەوە

پارەم بداتێ بیکڕم

بەڵام کە دیم بە دەست بەتاڵی هاتەوە

لێی بێدەنگ بووم

ئێستا گەرچی گەڕەکەکەیشمان نەماوە

بەڵام زۆرجار کە پارەم دەبێ دەمەوێ

بڕۆم ئەو شتە بکڕم

بەڵام داخەکەم نازانم

منداڵەکان چی پێ دەڵێن

***

کە مندال بووم

دیوارەکانى حەوشەمان

هێند بڵند بوو

نەیدەهێشت سەرەتاتکێیەک

لەگەل کچە بچکۆڵەکەی دراوسێکەماندا بکەم

بەڵام ئێستا هێندە نزمە

بەردەم هیچ گەردەلوولێکی

پایزانەم لێ ناگرێت

لە چاوى بەد و بەدکاران

نامپارێزێ

***

کە مندال بووم وام دەزانى

ئەم ژیانە لاپەڕەیەکی سپییە

هەرچییەکی تێدا بنووسم

وام دێتە ڕێ

کە فێربووم وشە بناسم

زانیم ژیان

دەفتەرێکی شڕی پڕ لە

شەڕە پشیلەی زەمانە

جێگاى تەنیا وشەیەکی خۆشەویستی تیا نەماوە

بۆیە منیش هەرچی خۆشەویستیم هەبوو

خستمە ناو شیعرێکی بێدەنگ و نەمنووسی