شرۆڤە

دەروونناسیی مناڵان (٦)

لە سویدییەوە: رەسوڵ سەفەریانی

هاوبەشکردنی کەسێکی تر لە حەز و سەرنجەکاندا هەنگاوێکی گرینگی گەشە و پێشکەوتنە. ئەمە نیشانەیێکی ئاشکرایە و پێمان دەڵێت کە مناڵ لە وەزعیەتی دەروونی مرۆڤەکانی تر بە ئاگایە. باسکردن لە حەزەکان و راکێشانی سەرنجەکان بەرەو لای شتەکانی جێگەی حەزمان، جۆرێک لە پەیوەندی سازکردن وئەزموونکردنە لەگەڵ یەکترە. 

 

دەروونناسی مناڵان (٦)

لە سویدییەوە: رەسول سەفەریانی

 

لاسایی (تەقلید)

مناڵ هاوکات کە سەیری کرداری مرۆڤەکانی تر دەکات، لە بارەی پێوەندی هۆکارە دەروونناسییەکانیش، واتە رەبتی هۆکاری دەروونیی رەفتارەکان شت فێر دەبێت. توانای ئەوەی کە رەفتارو کرداری کەسانی تر لاسایی بکەیتەوە لە مرۆڤدا ئەبێتە هۆی دروستبوونی "وەک من"، یان لە من چوون. سیستەمی عەسەبی ئاوێنەیی و سێستەمە هاوتاکانی نێو مێشک تەنیا حەرەکات و کردارێک کە بە چاودەبینرێت پێکەوە وەسڵ ناکات، بەڵکو ئەم ئیتسالاتەش دروست دەکات کە دەڵێت "ئەوەی هەستی پێدەکەم، ئەوەیە کە دەیبینم". وا دیارە مناڵی ورد وای دادەنێت کە مرۆڤ هەدەفی لەکردارەکانی هەیە. کاتێ مناڵێک تێدەگات لە ئامانجی کەسێک، هەوڵ ئەدات رەفتارەکەی تەقلید بکات، تەنانەت ئەگەر لەو کارەشدا سەرکەوتوو نەبێت. نمونەی ئەوەیش تاقیکردنەوەیێک بوو کە پێشتر باسمان لێکرد ئەویش هەوڵی مناڵەکەیە بۆ ئەوەی ملوانکە مورووەکە بخاتە نێو ئەو قوتوەوە کە کابراکە نەیتوانیبوو بیکات. مناڵ  هەروەها دەتوانێت بە گوێرەی بارودۆخ و شوێنی ئەنجامدان بە شێوەیێکی هەڵبژاردە و تایبەت، لاسایی بکاتەوە. لە خوێندنەوەیێکی بەناوبانگ کە ئەنجامدراوە، مناڵان سەیری گەورەساڵانێکیان کردووە کە کارگەلێکیان ئەنجامداوە کە ئەو مناڵانە پێشتر قەت نەیانبینیبوو. ئەم مناڵانەیان دانا لە بەردەم چەند گەورەساڵ دا کە مێزێکی دار لەبەردەمیانا بوو. لەسەر مێزەکە سەفحەیێکی تیا بوو کە دوگمەی کۆمەڵێک گڵۆپی لەسەر بوو. گەورەکان بە جێگەی ئەوەی بە دەست گڵۆپەکان هەڵبکەن، دائەنەوانەوە و بە ناوچاویان دوگمەی گڵۆپەکانیان هەڵدەکرد. دواتر کە مناڵەکانیان بردە بەردەم پانێلەکە (سەفحەی کلیلی گلۆپەکان) هەموویان هەوڵیاندەدا کە دانەونەوە و بەسەریان گڵۆپەکان هەڵکەن. بەڵام هاوکات بەشێک لە مناڵەکان کە لەلای گەورەساڵێک دانرابوون کە دەستەکانی بە قوماشێک داپۆشرابوو و بە سەریش گلۆپەکانی هەڵنەکردبوو، ئەم مناڵانە ئیتر هەوڵیان نەدابوو بە سەر ئیش بە پانێلەکە بکەن، بەڵکو بە دەست بە پانێلەکە یاریان کردبوو و لامپەکانیان هەڵکردبوو. ئەم ئەزمونانە و ئەزمونەکانی تر ئاماژە بەوە دەدات کە مناڵانی ساواش پێش گەیشتن بە ئاستی فێربوونی زبانیش دەتوانن لە نەتیجەی دەروونناسانەی ئامانجەکان تێبگەن.

ئەم چەشنە تاقیکردنەوانە ئەوەمان بۆ دەردەخات مناڵانی ساوا دەتوانن قەست و مەبەستی مرۆڤەکان لە کارەکانیان بخوێننەوە، جا بۆیە ئەوانیش لاسایی کردنەوەکەیان لە رووی مەبەستەکەی بەرانبەرەکەیان ئەنجام دەدەن. مناڵانی ساوا تەنانەت دەتوانن فەرق و جیاوازی دابنێن لە نێوان کارێک کە بە ئەنقەست دەکرێت لەگەڵ کردارێک کە بێ مەبەستە. ئەوان تەنیا لە کار و کردارێک تەقلید دەکەن کە قەست و مەبەستی تێدا بووبێت. بۆیە دەتوانن جیاوازی دابنێن لە نێوان ئەو کەسەی کە دەیەوێت ئەسبابی یارێێک لە قوتوەکە بۆ ئەوان دەربێرێت، بەڵام بۆی دەرنایەت، لەگەڵ ئەوکەسەی کە کەرەسەی یاریەکە دەردێنێت بەڵام بۆ مناڵەکە نێیە. یانی مەبەستەکان دەخوێننەوە. ئەمە ئاماژەیە بە تێگەیشتن لە وەزعیەتی شاراوەی ئەو رۆحییە کە کرداری گەورەکان دەخاتە ژێر کارکردی خۆیەوە. مناڵەکە لە هەر دوو حاڵەتی تاقیکردنەوەکەدا کەرەسەی یارییەکەی پێ نادرێت، بەڵام لەو حاڵەتەدا کە کابرا خۆی پێینادات مناڵەکە زۆرتر خۆی دەکێشێت بۆ وەسیلەی کایەکە و زۆرتر نائومیدانە و بێ دەسەڵات دەگری و دەکوتێت بە مێزەکەی بەردەمیدا، لە چاو ئەو حاڵەتەی کە کابرا بۆی دەرنەهاتووە. ئەمە نیشانی دەدات کە لە مناڵاندا بەشی ناسینەوەی هۆ رەوانییەکانی کردارەکان لە حاڵی گەشەکردندایە. ئەوەی کە مناڵ بتوانێت قەست و مەبەستی مرۆڤەکان بخوێنێتەوە زۆر گرینگە بۆ فێربوونێکی کاریگەر و چالاک لە مناڵدا. ئەگەر مناڵ تەنیا تەقلیدی کردار و رەفتارە عەمدییەکانی گەورەکان بکا دەبێتە هۆی ئەوەی  لەباری کلتورییەوە زۆر شتی بەنرخ و مانادار لە خۆیدا کۆبکاتەوە و فێریان بێت.

سەرنجی هاوبەش (دابەشکراو)

تاقیکردنەوەکان لەسەر تەقلید نیشانیداوە کە مناڵانی کۆرپە "زەین کوێر" نین، واتە وا نین وەزعییەتی رۆحیی ئینسانەکان نەبینن. مەبەستمان ئەوەیە کە بە نیسبەت بارودۆخی مرۆڤەکانەوە کوێر نین و دەیبینن. ئەوان زۆریش بێخەبەر و نائاگا نین لە هۆ دەرونییەکانی رەفتار و کردارەکانی مرۆڤەکان. هەر چەند بڕێک لە پسپۆڕان و پشکنینکاران ئەم باسە دەخەنە ژێر پرسیار، بەڵام  مناڵانی ساوا لە تاقیکردنەوەدا وایان پیشانداوە توانای بەدەروونی کردنیان هەیە، یانی ئەو بە ئاگایە لەوەی کە رەفتاری مرۆڤەکانی تر هۆی دەروونی هەیە. ئەوان ئەو کردارانە بە کرداری ئەنقەست لێکدەدەنەوە. مناڵ هەر لە تەمەنی ساواییەوە سەیری نیگاکانی مرۆڤەکان دەکات و بەدوایا دەچێت. وادیارە کە مناڵانی ساوا بە ئاگان لەوەی کە گەورەکان سەیری شتەکان دەکەن بۆ ئەوە زانیاری و تێگەیشتنی لێ وەربگرن. مناڵانێک کە کەوتوونەتە گاوەڵکێ، کاتێک دەبینن گەورەیێک سەیری شتێک دەکات کە لە مناڵەکەوە دیار نییە، هەوڵ ئەدەن بە گاوەڵکێ شوێنی خویان وا بگۆڕن کە چاویان لەو شتە بێت وا گەورەکە سەیری دەکات. لە تەمەنی ١٠-٨ مانگیدا کاتێ هێشتا مناڵەکە ناتوانێت قسە بکات هەوڵ ئەدات  بە ئاماژە سەرنجی گەورەکان بۆ لای ئەو شتە وا خۆی حەزی لێیەتی، رابکێشێت. ئەم ئاماژە بە دوو مەبەست ئەنجام دەدرێت. یەکەم بۆ شتێکە کە مناڵەکە حەزی لێیەتی و داوای دەکات، دووهەم بۆ ئەوەیە بەم شێوە سەرنجی کەسانی تر بۆ ئەو شتەی خۆی پیخۆشە رابکێشێت و، بەم شێوە ئەوان لەو شتە ئاگادار دەکاتەوە. جۆری دووهەمی ئاماژەکان کە لە تەمەنی ١٠ مانگ و سەرووتر زیاد دەکات و عادی دەبێت بە مەبەستی تەئسیردانان لە سەر باری نەفسی و دەروونی مرۆڤەکانی تر ئەنجام دەدرێت. سەرنجراکێش ئەوەیە کە نەبوونی ئەم توانا لە مناڵدا نیشانەیێکی زوودەرکەوتووی ریسکی ئاوتیسمە.

هاوبەشکردنی کەسێکی تر لە حەز و سەرنجەکاندا هەنگاوێکی گرینگی گەشە و پێشکەوتنە. ئەمە نیشانەیێکی ئاشکرایە و پێمان دەڵێت کە مناڵ لە وەزعیەتی دەروونی مرۆڤەکانی تر بە ئاگایە. باسکردن لە حەزەکان و راکێشانی سەرنجەکان بەرەو لای شتەکانی جێگەی حەزمان، جۆرێک لە پەیوەندی سازکردن وئەزموونکردنە لەگەڵ یەکترە. کاتێک مناڵێک ئاماژە بە شتێک دەکات و هەوڵ ئەدات سەرنجی کەسێکی تر رابکێشێت، ئەمە یانی مناڵەکە بە شێوەیێک قسە لە باری نەفسی خۆی بۆ ئەوکەسەی تر دەکات. ئەو دەڵێت من حەزم لەو شتەیە. واتە مناڵەکە بەم شێوە پیشانی دەدات کە بە ئاگایە لە نۆرمە رەفتارییەکان. وەک وایە بڵێت "ئەم جۆرە شتانە کە من حەزم لێیەتی لەو شتانەیە ئێمە گشتمان لە باری رەوانیەوە پێمان خۆشە، لەبەر ئەوەی هەموومان سەر بە گرۆپێکین."

هەن کەسانێک کە تەنانەت دەڵێن باسکردن لە سەرنج و حەزەکان بۆ کەسی تر بناخەی  "فێر بوون و راهێنانە" (تعلیم و تربیت) یانی سیستەمێکی کۆمەڵایەتیە بۆ فێر بوون کە زانیارییە کلتورییەکان دەگوازێتەوە. کاتێک گەورەساڵێک و مناڵێک سەرنجی یەک بۆلای شتێک رادەکێشن، بەم شێوە پەیوەندیێکی دوولایەنە لە نێوان ئەو دوو کەسەدا لە سەر ئەو بابەتە دروست دەبێت. لەو پەیوەندییە دوولایەنەدا زانیاری لەسەر ئەو شتە لە گەورەکەوە دەگوازرێتەوە بۆ مناڵەکە. ئەمە نمونەیێکی کردارییە لە ئەو شتەی کە باسمانکرد، واتە هۆشیار بوون و رەفتاری گونجاو و چاوەڕوانکراو لەگەڵ مناڵ کردن. بەم شێوە پەیوەندییە دوو لایەنەکە کە هەلی فێربوون دەرەخسێنێت، دەسپێدەکات. مناڵەکە عەلاقە بۆ شتێک پیشان دەدات و گەورەکە وەڵامی ئەو حەزەی مناڵەکەدەداتەوە. ئەوەی زۆر گرینگە کە دەسپێکی پەیوەندییە دوولایەنەکەمان بە شتێکەوە بێت کە مناڵەکە حەزی لێیەتی  لەبەر ئەوەی ئەم حەزە کارئاسانی بۆ فێربوونی مناڵەکە بە شێوەیێکی کاریگەر دەکات. کەسێکی داهێنەر و زیرەک ئەتوانێت بارودۆخەکە وەها برەخسێنێت کە مناڵان بە تەمەنی جوراوجورەوە حەز و خولیا پیشان بدەن بۆ ئەو شتەی کە ئەو دەیەوێت. بەم کارە فێرکارییەکە لەسەر بناخەی "یاری سەنتەری" (بازی محوری) دادەمەزرێت و دەتوانێت زۆر بەهێز بێت. کەرەسەی یاری نوێ و شتی تازە هەمیشە سەرنجراکێش و خۆشە بۆ مناڵ. زۆر شتیش هەیە کە تەنانەت لە لای گەورەکانیش هەمیشە سەرنجراکێشە و حەزیان لییەتی، ئەمانە بۆ مناڵانیش خۆشە و سەرنجی ئەدەن (وەک موبایل و سویچی یان کلیلی ئوتوموبیل).  

لە رێگەی تاقیکردنەوەی جۆراوجۆروەوە تواندراوە بیسەلمێنن کە مناڵ خاوەن تێگەیشتنە لەسەر باری دەروونی مرۆڤەکانی تر و هەروەها خوێندنەوەی هەیە لە گەورەکان و مناڵانی تریش، کاتێک کە لە دوی نیشانە دەگەرێت بۆ زانینی رەتفێعلیان لە بەرانبەر شت یان دیاردەی نوێدا. ئەم دیاردە سەلمێندراوە بە "سەرچاوەی کۆمەڵایەتی" (مرجع اجتماعی) ناوزەد دەکرێت. لە چەندین تاقیکردنەوە لەسەر ئەم بابەتە بەڕێوەبەرانی تاقیکردنەوەکە لە روبۆتی "مایکی جادوگەر" ( Magic Maik) کەلکیان وەرگرت. بە دایکەکانیان وت کە بۆ پیشاندانی ترس و خۆشی لە وشەگەلێک کەڵک وەربگرن کە زۆر لە رواڵەتدا لەیەک نزیک بن و لەیەک بچن بۆ ئەوەی وشەکە لە لای مناڵەکە نامۆ بێت. بە دایەکانیان وت بۆ ترس بڵێن "چ دڵتۆقێنە" و بۆ خۆشی بڵێن " چ دڵرفێنە"، بۆ ئەوەی تاقیکاران بتوانن تێگەیشتنی مناڵەکان لە رەتفێعلی دایکەکانەوە ببینن و هەڵیسەنگێنن. بە دایکەکانیان وت ئەتوانن لەگەڵ دەرکەوتنی رۆبۆتەکەوە رەتفێعلی خۆیان پیشان بدەن و تۆنی دەنگیان بە گوێرەی ترس یان خۆشی بگونجێنن. کاتێ دایکەکان بە بینینی روباتەکە ترس و داچڵەکاندنیان لە خۆ پیشاندا و وشەی دڵتۆقێنیان بەکار هێنا، مناڵەکەش ترسا و نەیوێرا بچێت بۆ لای روباتەکە. بەڵام کاتێ دایکەکە بە  خۆشی یان بە شێوەی خەمساردی و بێهەستانە روانییە رۆبۆتەکە، مناڵەکە لە هەر دوو حاڵەتدا وەک یەک رەفتاری کرد و چوو بۆلای رۆبۆتەکە و یاری پێکرد.

یەکێک لە خوێندنەوە هەرە ناسراوەکان لە سەر "سەرچاوەی کۆمەڵایەتی" دەروونناسی مناڵان لە دەیەی ١٩٦٠ دا دەستی پێکرد و ناسراوە بە "بینایی لێژدار" کە وێنەکەی دەبینن لە لاپەڕەکەی تردا. لەم خوێندنەوەدا مناڵێک کە دەتوانێت گاوەڵکێ بکات، دەیخەنە سەر مێزێک کە بە رەش وسپی تەرحێکی چوارخانەی شەترەنجی  کێشراوە و رووەکەی بە وەرەقێکی شوشەی پلاستیکی داپۆشراوە کە شوشەکە بڕێک لە لێوارەکانی مێزەکە دەرچووە. بۆ ئەوەی قوول بینی دیدی مناڵەکە تووشی هەڵە بکەن، چوارخانە رەش و سپیەکە بە قەست وا دروستکراوە کە ئەندازەکەیان دەگۆردرا و یەکسان نەبوون، ئەم حاڵەتە هەستێکی وا دەبەخشی بە مناڵەکە کە لەپڕدا خۆی لە لێوار و کۆتای مێزەکەدا دەبینی. چوارخانەکە تەنانەت لەسەر عەرزەکەش دەبیندرێت. مناڵە گاوەڵکێکەرەکە کە دەگاتە لێواری مێزەکە سەیری دایکی دەکات، ئەگەر دایکەکە ترسی پیشان بدایەت ئەوا زۆربەی مناڵەکان ئیتر رادەوەستان و نەدەهاتنە پێشەوە.

 درێژەی هەیە...